Skip to Content

Friday, January 15th, 2021

كه‌وانه‌یه‌ك بۆ ناوی له‌بیركراوه‌كان

Be First!
by May 9, 2011 ئەدەب

ئه‌ی هه‌قیقه‌ت من باجی تۆم
تاج ئیره‌ییم پێ‌ ده‌با
شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له‌ دووره‌وه‌ هاتووم و نه‌زرم له‌ خۆم گرتووه‌
نیشانه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ بناسم
به‌یانییه‌كی دڵخۆشه‌ بۆنی باڵی باڵنده‌
پیت و فه‌ڕ ده‌ڕژێننه‌ پێده‌شت و بنار
به‌ دڵا تكات لێ‌ ده‌كه‌م
ئه‌ی هێزی دیدار و ئه‌فسوونی ڕووناكی خودا
دڵا و گیان پڕن له‌ به‌خته‌وه‌ری
ئه‌مڕۆ له‌ سپێده‌وه‌ دڵا و گیانم سه‌رڕێژن
له‌ هێزی دیدار و ئه‌فسوونی ڕووناكی خودا
پاژنه‌ی چاوڕوونی روخسار سارد و نیگا مردووان
چووزه‌ره‌ی موتربه‌كراو ناشكێنێته‌وه‌
هه‌رچیش ڕووبدات
پێویستم به‌ هیچ ده‌ست به‌پشتگرتن و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك نابێ‌
خودایه‌ك دڵا و گیانی پاراو كردووم
روخسارم ئه‌فسوونی ڕووناكی خودایه‌ و دڵم هاتووه‌ته‌ سه‌ر لێوانم
دڵا له‌سه‌ر لێو نه‌خشی ناوچه‌وانی به‌رد و پشتی ده‌ستی خدری زینده‌یه‌
ئه‌وانه‌ی له‌ باخ و بێستانی ئه‌مه‌كدا ده‌ركه‌وتوون
ئاشنا و كه‌س و كار و هێزی ناوشانی منن
ئه‌ویان بانگی ئه‌وی تریان ده‌كات
خوان خۆشحاڵه‌ و پێ‌ له‌ جه‌رگ و دڵی یه‌كتر نانێن
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
چاوی ماتی سروشت به‌ خۆشی به‌هار ده‌بریسكێته‌وه‌
حه‌زده‌كه‌م ماچی بكه‌م
حه‌زی ئه‌و ماچه‌ له‌ دڵی هه‌موو ڕووه‌كێك لێده‌دا
گه‌وره‌م نه‌شونما ئه‌گه‌ر به‌ درۆ ماچ بكه‌م
خودا سزام ده‌دا
چاوی ماتی سروشت دیارییه‌كی نایابی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كه‌ تابلۆی ئه‌زه‌ل ده‌نووسێت
دڵا له‌ بن په‌راسوو ده‌رده‌هێنێ‌ و ده‌یهێنێته‌ سه‌ر په‌راسوو
بێ‌ په‌رواش بریسكه‌ی چاوی هه‌ڵده‌دا
ئه‌ی سروشت هێشتان قسه‌كانی تۆم له‌ گوێ‌ گرتووه‌
دوور له‌
ئه‌ڵقه‌ی داو و
كولله‌ی ڕه‌شكه‌ و پێشكه‌ كه‌ر به‌چاو و
باوێشكی په‌ستی و
دووربینی ژه‌نه‌ڕاڵا
به‌ دڵنیایی و بێ‌ شه‌رمی كوشنده‌ و دڵا له‌ دڵدان
گه‌شه‌ به‌ به‌روبوومت بده‌
چاوڕوونی ڕوخسار سارد و نیگا مردووان له‌ خه‌وی دێودایه‌
دێوی مه‌مك شۆڕ و شیر جادوو
گه‌شه‌كردن ڕۆژانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌
زه‌وی به‌تاسه‌ی سه‌وزبوون سووتاوه‌ و چاو ڕوون ده‌كاته‌وه‌
ڕێوڕه‌سمی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ سووتان نهێنییه‌كه‌ی لێره‌یه‌
تریفه‌ و ئاو تێكه‌ڵی یه‌كنابن
مانگ ده‌ستی نزایه‌ هه‌ڵفڕیوه‌
له‌ تریفه‌ی خۆی زیاتر كه‌سی نییه‌
له‌ كانییه‌كیش ده‌پێچێته‌وه‌ كه‌ هیچی له‌ باره‌وه‌ نازانێ‌
كانیش له‌ ئاست جۆگه‌ی دامێنی خۆی
كه‌ڕ و
لاڵا و
كوێره‌
بوڕكان ده‌نگی هه‌ناسه‌ هه‌ڵكێشانی زه‌وییه‌
زه‌ویش له‌ناو گڕی تاو له‌رزدا ده‌سووتێ‌ و وڕێنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ به‌ مانگه‌وه‌ ده‌كات
مانگ ده‌ستی ده‌فژه‌نه‌ و هه‌ڵفڕیوه‌
ده‌فژه‌ن ڕۆشنایی سه‌ر په‌نجه‌كانت ده‌ركه‌وتوون
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
تریفه‌ش هه‌ناسه‌ی گه‌رمی له‌سه‌ر ئاوی مه‌نددا جێده‌هێڵێ‌
به‌ دیار زه‌وییه‌كی خه‌واڵوو و بێ‌ بڕ ئازار دڵا و گیانی لوولداوم و ڕایده‌وه‌شێنێ‌
پاشان چای داخ ده‌خۆمه‌وه‌
له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌نگ و گیتاری حه‌كایه‌تخوان و ته‌رمهه‌ڵگر ورد ده‌بمه‌وه‌
ته‌رمهه‌ڵگر به‌م نزیكانه‌دا تێده‌په‌ڕی
نزیك ماڵی من
كه‌پر و
كوخ و
خانوو و
باڵه‌خانه‌
نووسینێكی سه‌ر دیوار ده‌بینێ‌
بێده‌نگیش كۆتایی هه‌یه‌
جه‌ژنی كۆچی باڵندانه‌ و تاسه‌ی دیدار
گرانایی بایان له‌سه‌ر باڵی لاده‌دا
باڵنده‌ی كۆچكردوو
چۆن بوو خۆت به‌بای په‌ڵه‌ نه‌سپارد و بۆ ئێره‌ گه‌ڕایته‌وه‌
هێلكه‌ت له‌ ته‌نیاییدا هه‌ڵنه‌هێنا
كه‌ كۆچت كرد
هه‌موو شتێكمت له‌ باڵی خۆت به‌ستا
له‌ هاتنه‌وه‌شتدا هه‌موویانت له‌ كێڵگه‌ی شه‌كر دانان
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
ترپه‌ی دڵم گوێ‌ له‌ مێشكم ناگرێ‌ و شوێنپێی ناناسرێته‌وه‌
كۆمه‌ڵێك مردوو مۆمیان له‌سه‌ر ده‌ستیان ڕاگرتووه‌
ده‌موچاویان ته‌واو سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و ئه‌و ڕازه‌ ده‌دركێنن
په‌پووله‌ بڕوا به‌ ڕووناكی چرای دزانیش ده‌كات
په‌پووله‌ به‌ره‌و ماڵی خۆت بڕۆ ده‌گه‌ی
شیله‌ی ماڵی خۆت گه‌رمه‌
چاوڕوونی روخسار سارد و نیگا مردووان
دره‌ختی بنه‌ماڵه‌ی په‌پووله‌ی وێنه‌ كێشاوه‌
ڕۆژانی پشوو له‌ناو خۆیدا گه‌شه‌ی پێده‌دا
ده‌توانم باوه‌ڕ به‌و هه‌موو شتانه‌ بهێنم كه‌ بینیومن
چونكه‌ هه‌موویان خه‌ونبوون
له‌ به‌یانییه‌كی دڵخۆشدا كه‌ بۆنی باڵی باڵنده‌
پیت و فه‌ڕی ده‌ڕژانده‌ گه‌ڕه‌ك و شار بینیمن
هه‌ست ده‌كه‌م له‌ شاری خۆمدا وه‌ك له‌بیركراو و زیندانییه‌ك نامه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌نووسم
ئه‌ی هه‌قیقه‌ت من باجی تۆم
تاج ئیره‌ییم پێده‌با
شیعر ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا
گوتی له‌ دووره‌وه‌ هاتووم و نه‌زرم له‌ خۆم گرتووه‌
نیشانه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ بناسم
ئه‌ی نیشانه‌ی زیندووكردنه‌وه‌ له‌ناو پاراوی ئه‌و خوێنه‌دای
كه‌ لێدانی دڵا خێرای ده‌كات
به‌ باڵی
په‌ڕ و
شه‌مێ‌ و
شیعر
له‌ گه‌رمی خۆر نزیك بوومه‌ته‌وه‌
بۆ فڕین و توانه‌وه‌ هاتمه‌ جیهان و چوومه‌ ناو هه‌قیقه‌تی دڵا
پێغه‌مبه‌رێك ڕووه‌و ماڵی خۆی ده‌ڕوا
دڵی به‌ خێرایییه‌كی سه‌یر لێده‌دا
كه‌روێشكێك ڕووه‌و ماڵی خۆی ده‌ڕوا
دڵی به‌ خێرایییه‌كی سه‌یر لێده‌دا
نه‌هه‌نگێك ڕووه‌و ماڵی خۆی ده‌ڕوا
دڵی به‌ خێرایییه‌كی سه‌یر لێده‌دا
له‌بیركراوێك ڕووه‌و ماڵی خۆی ده‌ڕوا
دڵی به‌ خێرایییه‌كی سه‌یر لێده‌دا
ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ماڵی خۆی ڕۆیشت گه‌یشت
نانی ماڵی خۆت چه‌ند گه‌رمه‌
هه‌ست له‌ناو خۆیدا شه‌مێی توانده‌وه‌
پاشان دایه‌ من و سروشت
هه‌ستی سروشت ڕێگا به‌ خۆی ده‌دا نازناوی به‌خشنده‌یی ئاسمان هه‌ڵگرێ‌
به‌نه‌رمی ناوچه‌وانت ماچ ده‌كه‌م ئه‌ی به‌خشنده‌یی
له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا جوانی هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ جوانی بكوژێ‌
له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا وشه‌ هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ وشه‌ بكوژێ‌
له‌سه‌ره‌تادا ته‌نیا به‌خته‌وه‌ری هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ به‌خته‌وه‌ری بكوژێ‌
له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نیا نه‌مری هه‌بوو
نۆره‌ی كێیه‌ نه‌مری بكوژێ‌
جوانی و
وشه‌ و
به‌خته‌وه‌ری و
نه‌مری
ده‌ستی بكوژ چرچ و لۆچ و په‌ڵه‌ی تێكه‌وتووه‌
ناتوانێت خه‌ونببینێ‌ كه‌ په‌پووله‌یه‌
په‌پووله‌ بڕوا به‌ ڕووناكی چرای دزانیش ده‌كات
دڵی خودا له‌ ئه‌فسوونی ڕووناكی دروست بووه‌
دڵی منیش له‌ پیت و فه‌ڕی ڕووناكی
نازی دارباوی گوڵكردوو له‌گه‌ڵا چاوڕوونی گه‌شتیاراندا
هاتووه‌ته‌ ناو شاری پڕ تاسه‌ی جوانییه‌كان
زانیم سكاڵایان به‌ده‌مه‌وه‌یه‌ و بیر له‌ هێزی مانه‌وه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌
پاژنه‌ی چاوڕوونی روخسار سارد و نیگا مردووان
هێشتاش به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه‌یه‌
نه‌خشه‌ی گۆی زه‌وی هێلكه‌یه‌كه‌
قازێك له‌ نزیك گۆمێكی لێڵدا كردی
مامۆستایه‌كی سیاسیش له‌ سه‌كۆ و بان بۆ ئێمه‌ی ده‌سووڕێنێ‌
زێرابی ته‌قیوی شار كه‌ف به‌ولا و ئه‌ملادا هه‌ڵده‌دا
ئه‌ی ئه‌شقی دڵگه‌رمی دێرین
به‌خێربێی بۆ گۆڕستانی به‌خشنده‌یی
كه‌ شاری پڕ تاسه‌ی جوانییه‌كانه‌
شه‌پۆل په‌لاماری ڕاوچی ده‌دا
ئاسنگه‌رێك ئاگری سوور له‌ چه‌كوشه‌كه‌ی ده‌ڕژێ‌
تریفه‌ش ده‌ڕژایه‌ سه‌ر سندانه‌كه‌ی
بزانه‌ كووره‌ی ئاسنگه‌ر ده‌روونی چه‌ند خه‌واڵووه‌
تریفه‌ش چه‌ند له‌ ئاسكێكی دووگیان ده‌چێ‌
به‌ نه‌رمی پێ‌ هه‌ڵده‌گرێ‌
ناڵی ئه‌سپ له‌قبووه‌ و سروشت تووڕٍه‌ و دڵخراپه‌
ئه‌ی هێزی دیدار و ئه‌فسوونی ڕووناكی خودا
فه‌رمان به‌ دڵم بده‌ خراپه‌ ده‌ركات
له‌ناو شه‌رمی ڕووناكیدا بمرم
پێغه‌مبه‌ران
مووسا
عیسا
محه‌مه‌د
له‌ شه‌رمی ڕووناكیدا مردن
هه‌میشه‌ یه‌كه‌م بارانی ساڵا دڵخۆشم ده‌كات و دوا بارانیش ده‌مترسێنێ‌
نازانم بۆ ناتوانم ته‌واو له‌باران نزیك ببمه‌وه‌
یاداشتنامه‌یه‌كی توند و تیژم داوه‌ته‌ یه‌كه‌م بارانی ساڵا
نه‌رم ببارێ‌
نان نه‌رم ئاو پرژێن ده‌كرێت
شانه‌ی هه‌نگوینیش به‌نه‌رمی پڕ ده‌بێت
گژوگیای خۆڕسكی زه‌ویم له‌ مۆم موتربه‌ كردووه‌
مۆمێك تازه‌ لێوی له‌ كوڵمی تاریكی كردبووه‌وه‌
هه‌وری ڕاهاتوو به‌ ژیانی دووباره‌
متمانه‌ی به‌ دڵۆپه‌ نه‌ماو لێی ڕاخوڕی
ڕوخساری ساردت لێره‌ بزركه‌
ئێره‌ چوارده‌وری به‌ لافاوه‌ و نابێته‌ تابلۆی ئه‌زه‌ل
هه‌وریش بێ‌ په‌روا
ئه‌فسوونێك به‌سه‌ر دڵۆپه‌دا تێده‌په‌ڕێنێ‌
ئاوازێكی داخورپێنه‌ر له‌ ده‌نگی بارین دروست ده‌بێ‌ و ده‌ڕژێ‌
ئاسمان له‌ ده‌مودووی هه‌ور
پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌
باران یان به‌فر
ته‌رزه‌ یان شه‌خته‌
ئێمه‌ی دروست كرد
كتێبێك له‌ ئومێدی خۆیدا دڵی داینه‌وه‌
شوێنیشمان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌
ئه‌گه‌ر هه‌شمانبێت گه‌مه‌یه‌كی ئاگربازییه‌
تیشكی سووتێنه‌ر شه‌مێی توانده‌وه‌
پایزیش سووكایه‌تی به‌شكۆی دره‌خت ده‌كات
وه‌ك عه‌لیشیشی فیكه‌ بۆ كێشراو
ده‌ممان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌
بڕوام وایه‌ قووڵایی خۆم و ماڵی هه‌میشه‌یی
ده‌بێ‌ به‌شه‌وچه‌ره‌ و چلچرای خودایی ئاكار گه‌رم و په‌رژین دار بێ‌
شاری مردووان ئاوی دڵۆپێندراوی تاسه‌یه‌
تاسه‌ی دیداری خودا و مردن
له‌ ماڵی هه‌میشه‌ییدا
كێل ده‌رگایه‌ یان په‌نجه‌ره‌
مردن نیوه‌گیانم و له‌ ده‌رگا یان په‌نجه‌ره‌ مێوانداریم ده‌كه‌یت
ده‌نگم له‌ گه‌رووی كه‌ڵه‌بابدا
دوودڵه‌ له‌وه‌ی گوند به‌خه‌به‌ر بهێنێ‌
به‌په‌یژه‌یه‌كی نووستوو هه‌ڵده‌كشێمه‌ ناو تاریكی و ڕووناكی
په‌یژه‌ ته‌نیایی و ترس و واقوڕمانه‌
تاریكی لێوی له‌ كوڵمی ڕووناكی ده‌كاته‌وه‌
كێ‌ خۆی به‌ تاریكی و ڕووناكی ده‌چوێنێ‌
دژیشی ده‌وه‌ستێته‌وه‌
زه‌مین ناوچه‌وانێكه‌ له‌ تاریكی و ڕووناكی
هاواری له‌ گه‌رووی كه‌ڵه‌بابدایه‌
هاواری خنكێندرا
گه‌رووی كه‌ڵه‌باب داگیرسا
ئه‌و له‌بیركراوه‌ی هه‌موو شتێكی له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ له‌بیره‌
قووڵایی خۆی له‌ سپێده‌یه‌كی پڕ ته‌زووی سۆز و یاد ڕاده‌خات
سه‌رم له‌ تاریكی و ڕٍووناكی سووڕماوه‌
كامیان له‌به‌ر كامیان هه‌ڵدێن
هیچ كامیشیان له‌سه‌ر سه‌بر و وه‌فای ئه‌ویتریان ناوه‌ستن
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
دووپشكێك ئاگر شاڵاوی بۆ هێنا
خۆی تار و مار كرد و گوتی ئاگر هه‌مووی ئه‌فسانه‌یه‌
ئه‌فسانه‌ی وه‌ك ئاهێكی خه‌ست هه‌ڵكێشا و فریای كه‌وت
له‌م ئاهه‌دا هه‌رچی ده‌یزانی هاتنه‌وه‌ یادی و دڵگه‌رمیانكرد
سبه‌ینه‌یه‌كی ژیانییه‌
كۆچه‌ری ڕێوبانان ناوچه‌وانیان له‌ ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی شار ده‌سوون
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
كیسه‌ڵا كه‌ سه‌ری ده‌باته‌وه‌ ناو قاوغی
له‌ قووڵایی خۆی ده‌ڕوانێ‌
ڕێگای چاوه‌ڕوانی خز و دڕ و به‌ناویه‌كدا چووه‌
به‌هاریش ته‌ڕه‌ و ئاو گه‌یشتووه‌ته‌ خڕخاڵی نازداران
گوڵدان
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
لامپا
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
دیوان
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
شه‌می
له‌سه‌ر لێوی په‌نجه‌ره‌
قاوه‌جۆشیش له‌سه‌ر ئاگر بڵق ده‌دا
ڕێوڕه‌سمی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ سووتان نهێنییه‌كه‌ی لێره‌یه‌
ڕۆژی پشووه‌
گوڵدان و
لامپا و
دیوان و
شه‌مێ‌ و
منداڵه‌كانم
چوارده‌وری سۆبه‌یان داوه‌
ژوورێكی چ ئارامه‌ به‌ هێزی دیدار و ئه‌فسوونی ڕووناكی خودا
هه‌موو شتێكی له‌ دڵدا ده‌بینین
پێویستیشمان به‌ هه‌موو شتێك هه‌یه‌ بیزانین
باڵنده‌ به‌ چه‌ند په‌ڕ ده‌فڕێ‌
كه‌ ڕووناكی ده‌می له‌ كوڵمی تاریكی ده‌كاته‌وه‌
ئه‌فسوونێكی تایبه‌تی له‌ دڵا و گیانی پشوو ده‌دا
میوه‌ ته‌ڕ و بۆندار ده‌بن
ڕووناكی هێز و ڕه‌نگی له‌هه‌موو ڕه‌نگه‌كان وه‌رگرتووه‌
كلك و باڵی ماسی له‌رزه‌یه‌ك له‌ ئاودا جێ ده‌هێڵن
ستایشی ڕووناكیش ده‌كه‌ن
كه‌ له‌ناو هه‌موو ڕه‌نگه‌كاندا ده‌یاندره‌وشێنێته‌وه‌
مردووێكیش دره‌ختێك ده‌بڕێته‌وه‌
له‌ ژیانیدا له‌ سێبه‌ری نووستووه‌ و خه‌ونی به‌ ته‌مه‌نی درێژی لاولاوه‌وه‌ بینیوه‌
دره‌خت نموونه‌ی ده‌ست و ده‌روون پاكی به‌ ڕه‌گیه‌وه‌ شۆڕ كردووه‌ته‌وه‌
ئه‌رێ‌ دره‌خت بۆ ڕه‌گی به‌ ده‌ره‌وه‌ نییه‌
زمانیش له‌ناو ده‌مدا شاردراوه‌ته‌وه‌
ژووره‌وه‌ش ده‌مه‌ و مرۆڤـ له‌ناویدا زمانن
له‌ دڵی نه‌رمی خودادا هه‌تاوی گه‌رم
له‌ گوڵی مافووری ژووره‌وه‌ ده‌دات
منداڵێكیش له‌ناو هه‌تاوی سه‌ر مافووره‌كه‌دا
وێنه‌ی گوڵێكی ده‌م گه‌رم ده‌كێشێ‌
كه‌ هه‌وای خۆشی بۆ سییه‌كانی
گوڵدان و
لامپا و
دیوان و
شه‌مێ‌ و
دایك و
باوكی هێناوه‌
دایك و باوك خۆ ڕێكپۆش ده‌كه‌ن
خه‌نه‌ی كلك و بژی ئه‌سپ ده‌شۆن
ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ دوای ئه‌سپ
چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێكن
چ هه‌واڵێك
بۆنی باڵی باڵنده‌ پیت و فه‌ڕ ده‌ڕژێنێته‌ سه‌ر پشتی
ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ماڵی خۆی ڕۆیشت گه‌یشت
پشوودانی ماڵی خۆت چه‌ند هێورت ده‌كاته‌وه‌
له‌ سێبه‌ری دار قه‌ڵه‌متۆزی گه‌ڵاپڕدا
بیر له‌ خێزان و شه‌ش  منداڵه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌
واته‌ بیر كردنه‌وه‌ له‌وانه‌ی خودا باڵی لێ‌ ڕوواندوون
باڵێك چاو و دڵی هه‌موومانی ڕوون كرده‌وه‌
ئه‌ی باڵبه‌خش فه‌رمان به‌دڵم بده‌ خراپه‌ ده‌ركات
له‌ناو شه‌رمی رووناكیدا بمرم
پێغه‌مبه‌ران له‌ شه‌رمی ڕووناكیدا مردن
خوداش به‌ له‌یه‌كتر ڕوانینی نه‌رمونیان خه‌ڵاتی كردن
براده‌ران بێ‌ بایه‌خن ئه‌و به‌ردانه‌ی بۆ مل شكاندن ده‌یهاوێنه‌ به‌ر پێی یه‌كتری
مانگ له‌ ئاسماندا ته‌نیایه‌ و گۆرانی هه‌مووشمانه‌
هه‌موو شتێكیش له‌ ڕوخساری پڕ ستایشیدا وێنه‌ی شادمانی و بریقه‌ی ڕووناكین
ته‌نانه‌ت من و ئێوه‌ش
ئیتر فه‌رمان به‌دڵتان بده‌ن خراپه‌ ده‌ركات

ئاداری 2011 هه‌ولێر

Previous
Next

Leave a Reply