Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

كه‌ هاتنه‌وه‌……نه‌وزاد به‌ندی

Be First!

كه‌ هاتنه‌وه‌

شیعری : نه‌وزاد به‌ندی

كه‌ هاتنه‌وه‌ 
له‌به‌ر جانتا و كۆڵه‌ پشت دیار نه‌بوون
هه‌موویان یه‌ك پێكه‌نین و
یه‌ك گریان
یه‌ك جۆر تاقمی ددانیان هه‌بوو
هه‌موویان یه‌ك لیستی هه‌ڵبژاردن
یه‌ك مۆدێلی ئوتومبیل
یه‌ك جۆر ته‌زبیحی قه‌زوانیان هه‌بوو
من جاران دڵشادترین كه‌س بووم
كه‌ گوێم له‌ ده‌نگی ئیزگه‌ی گه‌لی كوردستان ئه‌گرت
له‌ زانكۆی موسڵ
به‌و هه‌موو سترێس و ته‌شویش  و كه‌ند و له‌نده‌وه‌
ئه‌و هه‌موو تاسه‌ و ئه‌وینه‌ی پێ‌ ده‌دام
ئێستا ئه‌و هه‌موو كه‌ناڵ و ڕادیۆ دیجیتاڵه‌
نه‌ك ته‌زووم تیا ناڕوێنن
به‌ڵكو هه‌ستی ڕاكردنم تێدا دروست ده‌كه‌ن
ڕاكردن له‌ ئه‌ده‌ب
له‌ هونه‌ر
له‌ سیاسه‌ت
له‌ كولتوور
له‌ قه‌ڵه‌م
له‌ كاغه‌ز

كه‌ هاتنه‌وه‌
هه‌موویان بۆنی یه‌ك جۆر كه‌بابیان لێده‌هات
هه‌موویان مه‌تر و شه‌ست سانتیمه‌تر بوون و
بیست وچوار كیلۆیان له‌ ئۆمه‌تی محه‌مه‌د زیاتر بوو
هه‌موویان حه‌زیان له‌ كچی سیانزه‌ ساڵ بوو
له‌ناو جانتا و عه‌تر و شت و مه‌كدا دیار نه‌بوون
به‌ ئوتوی پانتۆڵه‌كانیان
شه‌ڕه‌ شمشێرت بكردایه‌
به‌ قوتوی ته‌راشه‌كانیان
شارێكت بینا كردایه‌
چه‌ند زۆر بوون .. بێ‌ چاوێنی بن ، چه‌ند زۆر بوون
به‌سه‌ر یه‌كتریدا دابه‌ش ده‌بوون به‌ بێ‌ مانه‌وه‌
ئه‌مانه‌ ڕووبه‌ر پێوی ووڵات بوون
مه‌تر و زه‌ڕه‌بینیان دامه‌زراند و
زه‌ویه‌كانیان دابه‌ش كرد
هه‌ر كه‌سه‌ی سنووری خۆی جیاكرده‌وه‌ و
هه‌ر ده‌سه‌ی
نینۆكه‌كانی خۆی ڕه‌ش كرد
هه‌موویان چاویان شین بوو
هه‌موویان زاریان هه‌نگوین بوو
چی تریشت به‌ خه‌یاڵدا دێت بینووسه‌
ئه‌م شیعره‌ هی ئێوه‌یشه‌

 

Previous
Next

Leave a Reply