Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كورتیلە چیرۆك……عومەر كەریم بەرزنجى

كورتیلە چیرۆك……عومەر كەریم بەرزنجى

Closed
by January 26, 2009 ئەدەب

 كورتیلە چیرۆك
 عومەر كەریم بەرزنجى

 گۆڕ
 بەر لە وەى بۆ هەمیشە چاوەكانى لەیەك بنێت، لانەیەكى ئارامى شك نەدەبرد هەر رۆژەو لە جێگەیەكدا ساتە تەماوى و ئاڵۆزەكانى تەمەنى بەڕىَ دەكرد لە ناو ماڵەكەیاندا هیچ كەس چاوى پێى هەڵ نەدەهات، دایك و باوك و خوشك و براكانى چاوەڕێى ئەو رۆژەبوون لە كردەوە بەدوو قێزەونەكانى رزگاریان بێت، وەلىَ كە مرد گۆڕەكەیان كرد بە باخچەیەكى رازاوە بە گوڵ و گوڵزار و كێلەكەیان دەگرتە باوەش.

 یادگە

 هەر كە چاوى بە ئەلبوومى یادگارییەكانیدا دەگێڕا، نیگاى لە سەر چەرچەفى خوێناوى ژورى نوستنەكەیان دەگیرسایەوە خوێنى جەستەى ئەتك كراوى ئەو كیژەى لە یەكەم شەوى بووكێنیدا بۆى ئاشكرا بوو كە شەرەفى ئەمى فڕىَ داوەتە زبڵدانى رابردووەوە، ئەم پێى وابوو چەندساڵ خۆشەویستى جگە لە رواڵەتێكى فریودەرانە هیچى تر نەبووە بۆیە دەبىَ بە خوێن ئابڕووى خۆى بكڕێتەوە، وەلىَ كاتێك پزیشكى دادوەرى لاشەكەى دەپشكنن بۆیان ئاشكرا دەبێت كە هێشتا كچەو پەردەى كچێنى لە دەست نەداوە.

ماڵئاوا گوڵى مەریەم
 
 بەر لەوەى عیسا لەدایك بێت مردن مانایەكى دیكەى هەبوو، مرۆڤ ماناكانى خوێنڕێژى بەبەرگریكردن راڤە دەكرد، شمشێر ماناكانى شەرەفمەندێتى دەنووسیەوە، خاچ هیچ مانایەكى نەبوو، لەناو دڵى جەلادەكاندا بتى خواوەندەكان فەرمانڕەوایى ژیانیان دەكرد، ئەوان لە حەرەمسەراى ژیاندا كەنیزەكە ناسكەكانى خۆشبەختیان لەناو كورەى شمشێرسازەكاندا دەتاواندەوە ئەوان باخچەى خەونەكانى خۆشبەخیان بەخوێن ئاودەدا لە نیگاكانیاندا خوێن دەبارى مەسیح هات و راڤەى مەرگ و ژیانى بۆ كردین مەسیح هات و ویستى گوڵەكانى ئومێد لە فنجانى دڵى جەلاددا بڕوێنێت وەلىَ ئەو هات و مەرگى بۆ راڤە كردین ئەو هات و ماناكانى ژیانى بۆ شى كردینەوە سەرلەنوىَ ژیانى بۆ خستینە رستەوە سەرلەنوىَ چاوەى كانى بەفرمێسكى میهرەبانى شۆردەوە ئەو هات و مردنى بۆ خستینە جوملەوە لاى ئەو مردن دەشىَ سەرەتایەك بێت بۆ بەئاگا هاتنەوە لە ژیان بۆ راڤەكردنەوەى خەونەكان وەلىَ خاچ هات و باخچەكانى ئومێدى پڕكرد لە زووقمى نەفرەت  و باخچەكانى لێوان لێوكرد لە گوڵى بێمروەت.
 
 گردى عاشقان
 
 لە وەرزى بەهاردا گوڵ و گوڵزار سەرتاپاى گردەكەى دادەپۆشى، بەشێكى زۆرى گوڵاڵە سوورەبوو كە جوانییەكى بێوێنەى بە گردەكە بەخشیبوو، حیكایەت گەلێكیان لە بارەى ئەو گردەوە دەگێڕایەوە، كە هەموان سڵیان لەوە دەكردەوە پێ بنێنە ناو ئەو گردۆڵكەیە كە پێیان وابوو هەركەسێك بچێتە نێو ئەو گردەوە و گوڵێك بپلیشێنێتەوە لە جێى خۆى وشك دەبێت و دەبێتە گوڵێك لەو گوڵجارە، سەرەتاى سەرهەڵدانى ئەو حیكایەتەیان دەگێڕایەوە بۆ ئەو دەمانەى كچ و كوڕێكى عاشق شوێن بزر دەبن و هیچ كەسێك سەروو سۆراخیان نازانێت، ئەو دوو عاشقەى كە كەوتبوونە بەر نەفرەتى بنەماڵە كانیان و نەیان دەهێشت بەیەكتر بگەن، لە بەر هەڕەشەى پیاوە چەقۆ وەشێنەكانى خێڵ سەرى خۆیان هەڵگرت،بە دیارنەمانى ئەوان لەو گردەدا كە پێشتر خاكێكى شینكى و وشك و بێ كژووگیابوو وەلىَ دوو گوڵى سوورى گەشاوەو جوان لە لوتكەى گردەكەدا سەرى هەڵدا، تا دەهات گردەكە جوانترو رازاوەتر دەبوو بە گوڵ و گوڵزار هەر بۆیە ناویان لێنا گردى عاشقان.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.