Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كورتەیەك لەپێشەكى راپوَرتى ساڵانەى تایبەت بە بازرگانیكردن بەمروَڤ بوَساڵى 2007

كورتەیەك لەپێشەكى راپوَرتى ساڵانەى تایبەت بە بازرگانیكردن بەمروَڤ بوَساڵى 2007

Closed
by January 21, 2008 گشتی

 ئا/ محەمەدى مشیر….
 هەروەك لە پێشەكى ئەو راپوَرتەدا هاتووە كە لە 17/11/2007 دەرچووە، بە پێى یاسا پێویستە لەسەر وەزارەتى دەرەوەى ئەمریكا ساڵانە راپوَرتێك بوَ كوَنگرێس بەرزبكاتەوە لە بارەى ئەو هەوڵانەى كە لە لایەن حكومەتە بیانییەكانەوە ئەنجام دەدرێن بوَ لەناوبردنى هەموو شێوەكانى بازرگانیكردن بە مروَڤ، ئەم راپوَرتەى ئێستاش شەشەمین راپوَرتى ساڵانەیە كە لەبارەى بازرگانیكردن بەمروَڤەوە بەرزبكرێتەوە.
 مەبەست لەم راپوَرتە هەروەك لە پێشەكییەكەیدا ئاماژەى بوَكردووە بەرزكردنەوەى ئاستى هوشیارى جیهانی و تیشك خستنە سەر ئەو هەوڵانەیە كە بەمەبەستى قەڵاچوَكردنى بازرگانیكردن بەمروَڤ دەگیرێنەبەر، هەروەها بوَ ئەوەشە كە حكومەتە بیانییەكان هانبدرێن تا رێوشوێنى كارا بگرنە بەر بوَ رووبەڕوو بونەوەى هەموو شێوەكانى بازرگانیكردن بەمروَڤ. بەپێى یاساى پاراستنى قوربانیانى بازرگانیپێكردن كە لە ساڵى 2000 لە ئەمریكا هەمواركراوە ئامانج لە قەڵاچوَكردنى بازرگانیكردن بە مروَڤ سزادانى بازرگانەكان و پاراستنى قوربانیان و قەدەغەكردنى بازرگانیپێكردنە.هەروەك لە پێشەكى راپوَرتەكەدا هاتووە مەبەستى سەرەكى حكومەتى ئەمریكا لە ئامادەكردنى ئەو راپوَرتە رزگاركردنى ئەو كەسانەیە كە لە هەلومەرجێكى نزیك لە كوَیلایەتییدا ژیان بەسەردەبەن. هەروەك ئاشكرایە بازرگانیكردن  بە مروَڤ مەترسییەكى هەمەلایەنە و خەڵك بێبەش دەكات لە ماف و ئازادییەكانیان و مەترسى تەندروستیش لە سەراپاى جیهاندا زێتر دەكا وهەروەها زەمینەى گەشەكردنى تاوانى رێكخراویش خوَشتردەكات. بازرگانیكردن بە مروَڤ كاریگەریەكى وێرانكارانەى هەیە بەسەر قوربانییەكان و زوَرجاران دووچارى ئازارى جەستەیى و دەروونى و لاقە و هەڕەشەكردن لە خوَیان و كەسوكاریان و دزینى كەلوپەل و بەڵگەنامەكانیان و تەنانەت مردنیش دەبنەوە.
 
 كورتەیەك  لەو زانیارى و داتایانەى لە نێو اپوَرتەكەدا هاتوون
 1- بەپێى مەزەندەى رێكخراوى كارى نێودەوڵەتى (ILO) نزیكەى 12.3 ملیوَن كەس لە هەلومەرجى زوَرەملێیانە یان سوخرەكاریدا كاردەكەن یا بەكویلەكراوى سێكسین یاخود منداڵن و بەزوَركاریان پێدەكەن، بەڵام بە گوێرەى هەندىَ سەرچاوەى دیكە مەزەندەدەكرىَ ئەم ژمارەیە  لە 4 تا 27 ملیوَن مروَڤ بگرێتەوە.
 2- بەپێى لێكوڵینەوەیەك كە لەژێرچاودێرى حكومەتى ئەمریكادا ئەنجامدراوە و لە ساڵى 2006 كوَتایى هاتووە، ئاماژە بەوەدەكات كە هەر ساڵێك نزیكەى 800.000 كەس لە رێگەى  سنوورەكانەوە بازرگانیان پێدەكرێت، جگە لەوانەى  لە نێو سنوورى وڵاتەكانیان بازرگانیان پێدەكرێت و 80% ئەو قوربانیانەى لە دەرەوەى وڵاتن ژن و كچن و نزیكەى 50% یشیان ناكامن.زوَرینەى قوربانییەكان ئەو ئافرەتانەن كە بازرگانى سێكسیان پێدەكرێت.
 3- بەسەربازكردنى منداڵ یەكىَ لەو دیاردە هەرە دەگمەن و دڵڕەقانەیە لە بوارى بازرگانیكردن بە مروَڤ دا كە راپوَرتەكە ئاماژەى بوَ كردووە و دەڵىَ:بەشێوەیەكى ناڕەوا و بەزوَر یا تەزویر یان زوَرەملێیانە منداڵان ناچاردەكرێن بە سەربازى و  وەكو كوێلەى سێكس رەفتاریان لەگەڵدا دەكرێت بە تایبەتیش لەو ناوچانەى ململانێى چەكداریان تێدا هەیە. ئەو جوَرە رەفتارە ناڕەوایانە لە لایەن هێزەكانى حكومەت یا رێكخراوى نیمچەحكومى یان لە لایەن گرووپە چەكدارەكانەوە پێِڕەودەكرێن. بە پێى مەزەندەى یونیسیف ئێستاكە پتر لە 300.000 منداڵ لە ژێرەوەى 18 ساڵیدا، لە 30 ململانێى چەكدارى لە جیهاندا بەكاردەهێنرێن، لە كاتێكدا زوَربەیان تەمەنیان لە نێوان 15تا 18 ساڵیدایە و هەندێكیشیان تەمەنیان لە نێوان 7تا8 ساڵیدایە.هەندىَ لەو منداڵانە دەڕفێنرێن تاوەكو وەك جەنگاوەر بەكاریان بهێنن، هەندێكى دیكەشیان بەشێوەیەكى ناشەرعى ناچاردەكرێن  تا وەكو بارهەڵگر یا چێشت لێنەر یا خزمەتكار یا پەیامنێر یا سیخوڕ كاربكەن.
 4- ساڵانە پتر لە 2 ملیوَن منداڵ لە سەرتاسەرى جیهاندا لە بازرگانى سێكسى بازرگانیدا بەكاردەهێنرێن سەربارى ئەوەى كە سەرجەم بەڵگەنامە و پرتوَكوَلە نێودەوڵەتییەكان بەكارهێنانى منداڵ بوَ بازرگانیكردنى سێكسى بە تاوان دادەنێن.
 5- لێكوَڵینەوەكان بەدیارى دەخەن كە توندوتیژى و بەدرەفتارى دوو كوَڵەگەى بازرگانیكردنى لەشفروَشین. بە پێى یەكێك لەو لێكوَڵینەوانەى  لە ساڵى 2006دا بوَ ژنان ئەنجامدراوە بەدیاردەكەوێت كە ئەو ژنانەى بەمەبەستى لەشفروَشى بازرگانیان پێكراوەو رەوانەى یەكێتى ئەوروپادا كراون رێژەى 95% یان قوربانیانى توندوتیژى و ناچارى سێكسى زوَرەملێیانەكراون و پتر لە 60% یشیان باسیان لە هیلاكى و ئاسەوارى نارەحەتى دەروونى و كێشەكانى دەزگاى هەرسكردن و پشت ئێشەو نەخوَشى ژنانەیان كردووە.یەكىَ لەو لێكوَڵینەوانەى  لە ساڵى 2001دا ئەنجامدراوە بەدیاریخستووە كە رێژەى 86% ى ئەو ژنانەى لە نێو  وڵاتەكانى خوَیان بازرگانى سێكسیان پێكراوە و رێژەى  85% لەوانەى لە رێگەى سنوورە نێودەوڵەتییەكانەوە بازرگانیان پێكراوە دووچارى بارگرژى هاتوون.
 6- نزیكەى 42 ملیوَن كەس لە سەرتاسەرى جیهاندا هەڵگرى ڤایروَسى  ئایدزن و بازرگانیكردن بە مروَڤ روَڵێكى كاریگەرى هەیە لە بڵاوكردنەوەى ئەو ڤایروَسەدا. راپوَرتى ساڵى 2005 ى نەتەوەیەكگرتووەكان لە بارەى ئایدز  دەڵىَ:" پەتاى ئایدز لە ئاسیادا لەوێوە سەرچاوە دەگرىَ و تەشەنەدەكات كە ماددەى سڕكەر لە رێگەى سرنج بەكاردەهێنرێت و سێكسى بازرگانیش لەوێدا بەربڵاوە". كەواتە لەشفروَشى و بازرگانیكردن بە سێكس دوو هوَكارى بەشدارن لە بڵاوبوونەوەى پەتاى ئایدز.لە سەر ئاستى جیهانیشدا ئەو ژنانەى لەشفروَشى دەكەن یان ئەوانەى لە پێناوى سێكسدا بازرگانیان پێكراوە رێژەیەكى زوَریان دووچارى تووشبوون بە ڤایروسى ئایدز دەبنەوە. بوَنموونە رێژەى تووشبوون بە ئایدز لە نێو ئەو ژنانەى لە شفروَشى دەكەن لە (نیپال) دەگاتە 20%، لە باشوورى ئەفریقیا رێژەیان دەگاتە 70.4%، سەربارى ئەمەش بەپێى كوَنگرەى جیهانى بەرهەڵستكار بە سێكسى بازرگانى لە نێو منداڵاندا ئاشكرابووە كە لە باشوورى خوَرهەڵاتى ئاسیادا رێژەى نێوان 50 تاكو 90% ئەو منداڵانەى لە ماڵەكانى لەشفروَشى دەربازكراون تووشى ڤایروَسى ئایدز هاتوون.
 هوَكارەكانى بازرگانیكردن بە مروَڤ
 بەپێى ئەو راپوَرتە هوَكارەكانى ئەم دیاردەیە زوَرن لەوانەش: هەژارى، گەڕان بەدواى ئاستێكى بەرزترى بژێوى لە وڵاتانى دیكە ، كەمى دەرفەتى كار و دامەزراندن، گەندەڵى گشتى و تایبەت، تاوانى رێكخراو، توندوتیژى لە دژى ژنان و منداڵاندا، نائارامى سیاسى و ململانێى چەكدارى، دابڕانى منداڵ لە قوتابخانە.یەكىَ لەو هوَكارە رەمەكیانەى بازرگانیكردن بەمروَڤ لە نێوان سنوورە نێودەوڵەتییەكان بە جیهانى بوونى بازاڕەكان و هێزەكانى كارە.بوَنموونە پارساڵ :
 – كوَمەلێك كچى تازەپێگەیشتوو بەمەبەستى بەكارهێنانى سێكسى لە زمبابوَى گوێزراونەتە ئایسلاندا.
 – چەندین منداڵى ڤیتنامى بە شێوەیەكى زوَرەملێیانە گوێزراونەتەوە بەریتانیا بەمەبەستى بازرگانیكردن بە ماددە سڕكەرەكان .
 – چەندین ئافرەتى چینى بە مەبەستى بەكارهێنانى سێكسى گوێزرراونەتەوە ئەفغانستان .
 – چەندین  قوتابى روسى بە مەبەستى كارى زوَرەملىَ و فروَشتنى موَتا گوێزراونەتەوە ئەمریكا.
 * سەرچاوە: ئینتەرنێت
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.