Skip to Content

Thursday, February 25th, 2021

كوردستان لەماڵى میللەتەوە بۆماڵى حیزب

Be First!
by November 8, 2008 گشتی

 كوردستان لەماڵى میللەتەوە بۆماڵى حیزب
 ( ئەو حیزبەى دوێنىَ بۆنیشتیمان تێدەكۆشا, ئەمڕۆ كاولی دەكات )
 پێشڕەو حەمید

 بەهۆى سیاسەتى چەواشەكارى و دەسەڵاتخوازى سیاسییەكانى ئێمەوەلە ماوەى حەڤدەساڵى ڕابردواد و بەهۆى دوبارەكردنەوەى چەندین هەڵەى سیاسى و ئیدارى پارتى و یەكێتەیەوە , كاردانەوەیەكى نێگەتیڤى لاى مرۆڤى كوردى دروستكردو گیانى نیشتمان پەروەرییانى بەرەو هەڵدێربرد و نەمانى ئەوڕۆحیەتەش هۆكارێك بو خاوبونەوەى قوربانى دان لەپێناوى نیشتماندا و لەبرى نەتەوەیەك بۆقوربانى دان تەنها چەند كەسێك ئامادەبون لەپێناو نیشتمان بمرن  ؟چونكەكوردستان لەماڵى میللەتەوە بووەماڵى حیزب و ئێستاش ( حیزب ) خاوەنى یەكەمى نیشتمانە ؟! ئەوە نەك لەبەرئەوەى كەخەڵكى كوردستان هەر لە ئەزەلەوە هەستى نیشتمان پەروەرى لەڕۆحیاندانەبوەو بێباكانە لەسەر خاكەكەى ژیاون , بەڵكوئەو خەڵكەى كەهەمیشە قوربانى دەستى سیاسەتە چەوتەكانى حیزبى كوردى بوون لەدواى ڕاپەڕین و شەڕى نەگریسى ناوخۆوە , بەوەیان دەزانى كە كوردستانى ئەوان بوەتە نیشتمانى حیزبەكان و نیشتمانى گەندەڵكاران  كوردستانى پڕلــەناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و سایسى و دیوەخانى بازرگانەكانى شەڕو چەتەو لەیاسا گەورەترەكان و تد .
 لاوازبونى هەستى نیشتمان پەروەرى لاى خەڵك , نوقسان بونى خەیاڵى نەتەوەیە و نەتەوەش بەرپرسیارى یەكەمى ناهۆشیاریەكانى خۆیەتى و تموحاتە نامۆراڵیەكانى دەسەڵاتى كوردیش هەمیشە هۆكارى نـائامادەگەى ئەوخەیاڵەبووەو هەرگیز نەهێشتوە بۆتەنها جارێكیش بەرژەوەندییەباڵاكانى میللەت بخاتە پێش بەرژەوەندیە بچوكەكانى خۆیەوە .
  هەستى نیشتمان پەروەرى بەرلەڕاپەڕین وپێش شەڕى ناوخۆ مانایەكى گەورەى هەبو , بەڵام لەدواى ڕاپەڕین و گەمەى ناو سەنگەرەكانى شەڕى حیزبەكان و بەپرۆژەكردنى گەندەڵى و بچوككردنەوەى ( یاسا ) لەبەردەم بەرپرسەگرگنەكاندا مانایەكى ترى بەخشیە ئەو هەستەو شوناسێكى ترى بۆدیارى كرد ؟ چونكە لەوەى یەكەمیاندا ( كوردستان ) بەدەستى سیاسەتى عارەبە شۆڤینزمەكانەوە ئەتك ئەكراو بەناوى پارستنى سەروەرى عێراقى عروبەو بەكافر ئەژماركردنمان هەزارانیان لێى ئەنفال كردین و بەناوى دەستێكەڵاوكردنمان لەگەڵ بیگانەدا شارەكانیان كیمیابارن دەكردین و بەناوى لەخۆگرتن و خزمەتكردنى ( تێكدەرەكان ) بە پێناسەى خۆیان , گوندەكانیان دەسوتاندین و شەرەف و موقدەساتەكانمانى ئیغتیساب دەكرد !! بەڵام لەمەى دوهەمیاندا ( كوردستان ) بەدەستى ئەو كەس و تاقمانەوە كاول دەكرا كە پێشتر ئامادەبون لەپێناوەیدا بمرن ؟! بەرلە ڕاپەڕین سیاسەتەدوژمونكاریەكانى بەعس و هەوڵەنەزۆكەكانى بۆ قركردنى تەواوى خەڵكى كوردستان , چەكى بەرگرى كردنى پێهەڵدەگرتین و دەچوینە چیاكان بۆ پاراستنى شەرەف و پیرۆزییەكانمان , بەڵام لەدواى ڕاپەڕین سیاسەتى حیزبى كوردى و  پەروەردەناتەندروستەكانى حیزبى كوردى وتموحاتە نائەخلاقییەكانى دەسەڵاتى كوردى ناهۆشیارى سیاسى و مەعریفەى میللەتیان ئیستیغلال كردو فێرى دوبارە چەك پێهەڵگرتنەوەى كردینەوە , بەڵام ئەمجارەیان بۆگیانى خۆمان وبۆ سوتاندنى هەولێرو سلێمانى شارەكانى ترى كوردستان.
 ئەگەر بەهێزبونى گیانى نیشتمان پەروەرى و پچێەوانەكەى  لەو دووقۆناغەى دا كەباسكران و بەوشێوەیە خۆى بەرجەستەكردبێت كەچەند ئاماژەیەكى كورتى پێدرا , ئەوادەبێت ئەوڕۆحییەتە تۆراوەى ( نیشتمان پەروەرى ) لەم قۆناغەدا لاى مرۆڤى كوردى چۆن بێت كە قۆناغێكى تەواو جیاوازە لە هەردو سەردەمەكەى پێشخۆى ؟ دیارە جیاوازبونى ئەم قۆناغەش بەماناى ئەوەنا كە پارتى و یەكێتى وازیان لەعەنتەریاتى خۆیان هێنابێت و بەتەواوەتى تێكەڵاوى خەڵك بونەتەوە و پەیوەندەى یەكى تەندروستیان لەتەك تەواوى كۆمەڵگاى كوردیدا دروستكردو وەتەوە , بەڵكو جیاوازى ئەم قۆناغە بۆمیللەت لەوەدایە كە هۆشیاریى یەكى سیاسیانەى هەیە و لە تەواوى گەمەكانى دەسەڵاتى كوردى بەئاگاهاتووەتەوە و بەئاسانى مژدەو گوتارە سۆز ئامێزەكانى دەسەڵات فریویان نادات .
 نەتەوەى كورد لەباشورى كوردستان دواى ئەو هەمو ماڵوێرانیەى كە لە ئەنجامى جەنگەكاندا بەسەرى هات و دواى وەدەستخستنى هۆشیارى سیاسى و كولتورى لەسەر گۆڕانكاریە خێرایەكان لە ناوخۆ و بەئاگابونى لە پێشهاتە سیاسیەكانى ناوچەی و نێودەڵەتى , لەهەوڵى ئەوەدایە كە لەڕێگەى بایەكۆتكردنى هەڵبژاردن و هاتنەدەرەوەى تاكەكانى لەناوكایەجیاجیاكانى حیزب و سزادانى ( یەكێتى و پارتیى ) وە , جارێكى تر نیشتمان پڕبكاتەوە لە ئەخلاق و خەیاڵ و ئەقڵیەتى سیاسیانەى تەندروست .
 ئێستا نیشتمان لەنێوان حیزب و نەتەوەدا لەبازنەى ململانیدایەو حیزب دەیەوێت بۆهەمیشە كوردستان بۆخۆى بێت , كە دەسەڵاتى كوردى تائەم ساتەش نایەوێت لەنێوان خۆى و خەڵكدا پەیوەندیى یەكى مۆراڵى و سیاسانەى دورلە فریو دان دروستبكات و بۆ هەربڕیارێك میللەت بكاتە تاكە مەرجەعى بڕیاردانى , تەنها ئەوكاتانە نەبێت كە دەكەونە هەڵەى سیاسى و بۆڕاستكردنەوەى هەڵەكانیان پەنادەبەنەبەر سۆزى میللەت و دەخوازن لە نێوان شەڕى بەرژەوەندى ناو  باڵەجیاجیاكانى ناوخۆیاندا سەرلەنوىَ گیانى شۆڕشگێرى بەرەو پوكانەوە ببەن و مودیلێك بەناوى ( تڕۆكردن ) ەوە , وەك گەمەیەكى ترى بێتامى حیزبى ئاوێزانى شەقامى سیاسى كوردیى بكەن و ئەدەنگەدەنگە نوساوەیش كە دەیەوێت لەناو بازنە داخراوەكانى حیزبدا شتێك بڵێت كە حیزب ناوى لێناوە ( بڤە ) بخنكێنن و بەشێوەیەكى تر مەوداكانى ئازادى بەرتەسك بكەنەوە , بەڵام میللەت دەیەوێت (  نیشتمان ) بەتەواوەتى لەحیزبەكان وەربگرێتەوەو حیبزبەكان بكاتەوە بەحیزبى نیشتمانى و نەتەوایەتى تەواوى پانتایى كوردستان پاكبكاتەوە لە خیانەتكردن و گەندەڵى و نــا عەدالەتى كۆمەڵایەتى و سیاسى و كولتورى و فەرهەنگى و …تد, سەرەڕاى فریاد ڕەسى میللەت هێشتا حیزبەگەورەكانى كوردستان  دەیانەوێت هەستى نیشتیمان پەروەرى گیانى شۆڕشگیڕى تاك بەتاكى كوردى تەنها لەنێو دێرەشیعرەكاندابێت و بەهەڵكردنى ( ئاڵا ) تەعیبرى لێبكات !؟ بەڵام میللەت دەیەوەێت شەقامى سیاسى و ئەخلاقیمان پڕبێت لەو هەستەو پێكەوە ئامادەبین بۆ قوربانى دان لەپێناوى پاراستنى ئەو دەسكەوتانەى كە بەخوێنى ڕۆڵەكانى بەدى هاتو وەو ئیستا حیزبەكان موزایەدەى پێوەدكەن .
 تێبینى / ئەم وتارە لە رۆِژنامەى ( ئــاوێنە ) ژمارە ( 146 ) ى ڕۆژى ( 4/11/2008 ) لە  لاپەڕە ( 13 ) دا بڵاو كراوەتەوە
 
 
 
 
  
 

Previous
Next

Leave a Reply