Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كورسی و گەندەڵی …. د. توانا فازل سالح

كورسی و گەندەڵی …. د. توانا فازل سالح

Closed
by March 18, 2013 گشتی

 

 

بەدەست هێنانی “كورسی دەسەڵات” لەوانەیە تامێكی خۆشی هەبێت، بەڵام ئەوەش سەیر نییە هەردەم خەڵك بۆنی گەندڵی لێدەكات. پرسیار ئەوەیە، ئایا هەموو كورسیەكی دەسەڵات گەندەڵە یان گەندەڵ ئەو كەسەیە لەسەری دادەنیشێَ؟ یان هەموو ئەوانە تەنها بیرۆكەی خراپن و بە مێشكی ئێمەدا گوزەر دەكەن؟! ئەگەر گەندەڵییش نەبێت خەڵك ئییرەیی بە دەسەڵاتداران دەبەن و ناهێڵن لە خۆشی بەكارهێنانی كورسی و ئەدای كارەكانیان بەباشی  چێژ وەرگرن؟! بەڵام پرسیارە گرنگەكە بە مانایەكی روونتر ئەوەیە، ئایا “كورسی دەسەڵات” گەندەڵی دروست دەكات؟ یان مرۆڤەكان خۆیان گەندەڵن و بە گەندەڵی دەگەنە دەسەڵات. 

زۆر لە كۆمەڵناس و دەرونناسان پێیانوایە گەندەڵی لە بنچینەدا لە ناخی هەموو مرۆڤێك دا هەیە، بەڵام شارەوەیە هەتا ئەو ڕۆژەی لەسەر كورسی دەسەڵات بەدەستدێنێ‌، دەروونناسان دەڵێن هەموو مرۆڤێك حەزی لە سامان و فرەژنی و خوش گوزەرانییە بۆخۆی و منداڵەكانی. كەواتە دوورنییە تەنانەت ئەو شۆڕشگێڕە خوێنگەرمانەی ئێستا خەبات دەكەن لەدژی ئەو گەندەڵی و خۆشگوزەرانییە زۆرەی كە دەسەڵاتداران وبەرپرسەكان بۆیان فەراهەم بووە و هاوڵاتیانی ئاسایی لێی بێبەش كراون، رەخنە دەگرن لە هەر هەڵسوكەوتێك یان شێوازە ژیانێك كە ئەوان هەیانبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا جێی پرسیارە ئایا هیچ كەسێك لەوانە رۆژێك لە رۆژان لەخۆی پرسیوە ئەگەر منیش لە هەمان پێگەی ئەوان بم و  هەمان پایە و دەسەڵاتم هەبێت، وەكو ئەو بەرپرسانەی من هەموو رۆژێك و لە هەرشوێنیك بۆم بكرێت رەخنەیان لێدەگرم گەندەڵ نابم و حەز بەو هەموو خوشگوزەرانییە ناكەم و بۆ خودی خۆم بەڕەوای نازانم و بە ئەزموونی ئەواندا تێپەڕنابم؟! 

بەشێكی دیكە لە توێژەرانی دەروونی پێیان وایە مرۆڤ بەگەندەڵی لەدایك نابێت، بەڵام حەزی بەدەستهێنانی دەسەڵات و لەززەتەكانی ئەو ژینگە نوێیە مرۆڤەكە گەندەڵ دەكات.  زۆر لەوانە بەر لە گرتنەدەستی دەسەڵات كەسانێ پاك و خوێنگەرمن، هەردەم دژی گەندەڵكاری دەوەستن و ئەو بۆچوونە لای دەوروبەریان دروست دەكەن كە ئەگەر ئەو كەسانە بەرپرسیارەتی بگرنە ئەستۆ لەوانی پێش خۆیان زۆر جیاوازتر دەبن، بەڵام هەركە دەسەڵات بەدەست دێنێت شێوازی ژیانی دەگۆڕێت. بە شێوەیەك كە خۆی پێشتر بیری لێنەكردۆتەوە. چونكە ئێستا ئیتر دەبێت لە ئاستێكی دیكەدا بژێت. ئەو ژینگە نوێیە بێگومان پێویستی بەبوونی داراییەكی زۆر هەیە بۆ پێگەیشتنی، بۆ بەدەستهێنانی ئەو داراییەش ناچار دەبێت دەست  بۆ سەرچاوە ناشەرعییەكانی وەدەست هێنانی سامان ببات. دوورنیە ئەوكات پاساویش بۆ ئەو گەندەڵییە بدۆزێتەوە و بڵێت من زۆر ماندوو بووم تا گەیشتم بەو ئاستەی ئێستا، بۆیەپێویستە پاداشتێك وەربگرم و خێزان و بنەماڵەكەشم پێش هەموو كەس شایستەی ژیانێكی خۆشترن، ئەو كات بۆ ئەو كەسانە پاساو هێنانەوە بۆ گەندەڵیەكانیان لەچوارچێوەی فرۆشتنەوەی رابردوو بە نەوەی نوێ‌ زۆر ئاسانە. چونكە پێشتر ئەو یەكێك بووە لەو كەسانەی هەمیشە ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆی دەگرت. هەروەها زۆر  بە كارایی و وریایی تێدەگات رەخنەكان چۆن دروست دەبن و بنەماكانی لەكوێوە سەریانهەڵداوە، بۆیە هەوڵدەدەن  بە هەر پاساوێك بێت خۆیان لەتوانج و پەلاماری نەیارە نوێیەكان بپارێزن…ئەونەیارانەی كە تا دوێنێ‌ دۆست و هاوڕێ‌ بوون .

نوسەری ئەمریكی جۆن ستاینباك  “پێیوایە دەسەڵات گەندەڵی دروست ناكات، بەڵكو ترسە گەندەڵی دروست دەكات، ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات مرۆڤی دەسەڵاتدار دەكات بەگەندەڵ”. كەواتە زۆر  لەو كەسانەی پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنەدەست كەسانێكی ڕاست و پاك و دروست بوون، بەڵكو دوای وەرگرتنی دەسەڵاتیش هەروا دەمێننەوە، بەڵام دوای ئەوەی تامی خۆشییەكانی دەسەڵات و باڵادەستی و ڕێز و پایەی كۆمەڵایەتی دەكەن ترسێك دایاندەگرێت لەوەی ئەگەر  ئەو دەسەڵاتە لەدەست بدەن ئایا دەتوانین دوای ماوەی دەسەڵاتداری بگەڕێنەوە بۆ باری كەسانێكی ئاسایی و سەر لەنوێ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات جاریكی دیكە بێنەوە گۆڕەپانی خەباتكردن. بێگومان ئەو ترسە زۆر دەرگای لەبەردەم واڵا دەكات، بۆئەوەی ئەو كورسییە بپارێزێت و ماوەی دەسەڵاتەكەی درێژبكاتەوە. زۆر لەو ڕێگایانەی كە دەیانگرێتەبەر رەنگە نایاسایی بن. كاتێ یەكەم سەرپێچی یاساییشی كرد دواتر زۆر ئاسان دەبێت سەرپێچی گەورەتریش بكات. لێرەوە گەندەڵكارییەكانی دەستپێدەكات. 

كەواتە نە مرۆڤەكان لە بنەڕەتدا گەندەڵن و نە بەگەندەڵیش لە دایك دەبن. نە كورسیەكانیش گەندەڵن تا مرۆڤەكان گەندەڵ بكەن. بەڵكو ئەو سیستمەی كە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و كورسی دەسەڵات رێكدەخات و ژینگەیەكی ئەوتۆ دروست دەكات كە بۆ هەموو مرۆڤێك ئاسان نییە خۆی لە ئاكامەكانی بپارێزێت. ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە پێویست ناكات هەموو كات رەخنەكان ئاراستەی مرۆڤەكانی سەر كورسی دەسەڵات بكرێن. بە گۆرینی كەسانی گەندەڵكاریش تەنیا ناوی گەندەڵكاران دەگۆڕدرێت. هەموو كۆمەڵگەیەك كاتێك دەیەوێت گەندەڵكاری بنبڕ بكات،پێویستە سەرەتا ئەو سستەمە بگۆرێت كە پەیوەندی نێوان كورسی دەسەڵات و دەسەڵاتداران دیاردەكات.    

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.