Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

كوچه‌کانی مه‌نفا

Be First!
by January 6, 2008 ئەدەب

هاوڕێ عوسمان……

له‌باوه‌شی ئه‌و گوناهانه‌دا
غه‌رق بووم
که‌سه‌ر تاپا غه‌ریبیان.. لێده‌چۆڕێت
به‌ر له‌ ئاگابوون…
له‌گه‌ڵ سۆزێکی نه‌ویستراودا
گوزه‌ر ده‌که‌م و…
له‌گه‌ڵ عه‌یامێکدا.. ئه‌دوێم
به‌ر له‌ من تێپه‌ڕیوه‌و به‌ر له‌ من
به‌سه‌ر چووه‌…
یاخیبوون…
 گشت پانتایه‌کانی گیرۆده‌ کردووه و
ڕێگه‌ نادا.. گوڵ
خه‌ون به‌ په‌پووله‌وه‌ ببینێ و
ڕێگه‌ نادا.. دڵ
به‌سانایی خۆ به‌ ماڵی عه‌شق داکا
که‌ گومان.. هێند مه‌زن بێ و
باڵای سۆز تیایدا.. گه‌شه‌نه‌کات
کام دڵۆپی شه‌ونم هه‌یه‌.. بتوانێ
به‌ هێمنی گه‌ڵاکان چێبهێڵێ و نه‌هێڵێت
تاریکی شه‌و پێی بیزانێ…
کام گزنگی پاش کازیوه‌ هه‌یه‌
به‌رله‌ خه‌و هه‌ستانی ئاورینگه‌کان.. بتوانێ
نیگای ڕژاوی گوڵه‌کان.. کۆکاته‌وه‌
که‌ هه‌موو گومان.. تیاماندا بژی و تاراوگه‌..
دوا وێستگه‌ی قه‌ده‌رمان بێت
ئیدی نه‌وڕه‌سه‌کان.. چون به‌هانامانه‌وه‌ دێن و..

 

شیرینه‌کانی نیشتیمان
چۆن قه‌یره‌بون لێیان ده‌گه‌ڕێت
ئه‌مه‌ ئه‌و کوچانه‌ی مه‌نفایه‌
که‌به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌فه‌ر
خه‌ونامه‌ی گه‌لێک مان بوو
ئه‌مه‌ پاداشتی.. ئه‌و مه‌نفایه‌یه‌
که‌ ڕۆژانه‌ له‌هۆشماندا.. وروژابوو
ئێستا له‌ نێوانی خه‌ون و بوون دا
له‌ نێوانی نیشتیمانی و تاراوگه‌ بووندا
کام هاوکێشه‌ سه‌نگینه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون
کام خه‌ون واڵاترین.. گوزارشته‌ بۆ به‌ ئاگا بوون
کام ده‌لیل.. ڕاستگۆ ترین
 ده‌لیلی دونیانه
خۆمانی بده‌ینه‌وه‌ ده‌ست و جارێکی دی نه‌مان باته‌وه‌
به‌رده‌م وێستگه‌کانی په‌شیمانی

‌hawre_osman@hotmail.co.uk

 

Previous
Next

Leave a Reply