Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
كىَ دەبێتە (ماندێلا) كورد…… موحسین ئەدیب

كىَ دەبێتە (ماندێلا) كورد…… موحسین ئەدیب

Closed
by November 8, 2008 گشتی

 كىَ دەبێتە (ماندێلا) كورد…… موحسین ئەدیب
 
  بەگوێرەى سەرچاوەكانى هەواڵ فەلەكەدین كاكەیى وەزیرى رۆشنبیرى حكومەى هەرێم بەرەسمى داواى لە ئەنجومەنى وەزیران كردووە نیڵسۆن ماندیڵا بانگهیشتى كوردستان بكات، ئەمە هەنگاوێكى دبلۆماتى زۆر باشەو دەبوو حكومەتى هەرێم زوو بیرى لە هەنگاوێكى لەم جۆرە بكردایەتەوە، هەرچەندە ئاشكرا نییە ماندێلا دێت یان نا، بەڵام بێگومان هاتنى زۆر بەسود ترە لە نەهاتنى.
 دەبێت بپرسین: ئەو مونتەلەقە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت كە بانگێشتى كەسایەتیەكى ئەفسوناوى وەك ماندیلا دەكات؟ لەبەر ئەوەیە، كە شۆڕشگێرێكى مەزن بووە؟ خۆ شۆڕشگێڕى دیكە لە جیهاندا ژمارەیان زۆرە، لەبەر ئەوەیە كە نوێنەرایەتى میللەتێكى چەوساوە دەكات؟ خۆ میللەتى دیكەى چەوساوە لە جیهاندا زۆرن.. ئەشىَ ئەم دوو هۆكارەو هۆكارى دیش رۆڵیان هەبیت لەم بانگهێشتكردنەدا، بەڵام بەڕاى من هۆكارى سەرەكى ئەوەیە كە ئەو زاتە خاوەن كەسایەتیەكى كاریزمایى جیهانى بێوێنەیە.
 پرسى سەرەكى ئەوەیە بۆچى ماندیلا خاوەن ئەو كەسایەتىو ناوبانگە جیهانییەیە؟ لەبەر ئەوەى27 ساڵى لە كونجى زینداندا ژیا؟ لەبەر ئەوەى خاوەنى 46 ساڵ خەباتە؟
  بێگومان ئەمانە هەمویان هۆكارن بەڵام هۆكارى سەرەكى بریتییە لەو بینشەى كە لە پشت ئەو خەباتە دورودرێژو نەمرەوەیە، ئەو بینشەى كە شۆڕش وەك بازرگانیكردن نابینێت،بەمانا دوێنىَ هیلاك بوەو ئەمڕۆ بەرەكەى بەهەزار قات دەخوات، دوێنىَ بەهۆى شۆِرشگێڕیەكەیەوە لە خوێندن بێبەشكراوەو ئەمرۆِ بڕوانامەى ساختە بۆخۆى دروست دەكاتو وەك خەلاتیش دابەشى دەكات بەسەر دەستوپێوەندەكانیدا، دوێنىَ بەهەژارى ژیاوەو ئەمڕۆ دەبێت خاوەنى دەیان ڤێلاو كۆمپانیاو پۆستى جۆراوجۆر بێت، دوێنىَو لەسەردەمى شاخدا بەرپرس بووەو ئەمڕۆش لەسەردەمى شاردا هەر دەبێت بەرپرس بێت!
 كەسایەتى ئەفسوناوى ماندیلا لەوێوە دێت كە بڕواى بە نەمرى ئەو رۆحەیە كەلە پشت شۆِرشەوە كار دەكاتو زۆر بەلایەوە گرنگە نەمرى ئەو رۆحە بپارێزێتو بەكۆمەڵێك ئیمتیازو دەسكەوتى مادى نەیدۆڕێنێت، ماندیلا لەوە گەیشتوە كە شۆڕش قوربانیدانە، دوكاندارى نییە، شۆڕش بۆ ئەوە نییە نەوەیەك بیكاتو هەمان نەوە بیخواتو ئەوانى دى لێبێبەش بكات.
 ماندێلا لەم روانگانەوە لەگەڵ شۆِرشدا مامەڵەى كرد بۆیە دواى ئەو هەموو خەباتو چەرمەسەریانە لە 2004 دا وازى لە هەموو پۆستێكى سیاسى هێناو ئیدارەدانى وڵاتى دایە دەستى نەوى نوىَ و بەزمانى حاڵ ووتى من دوێنىَ كردم، ئەمرۆِش ئێوە بەردەوامى پێبدەن، دوێنىَ شۆڕش منى ویست ئەمڕۆ وڵات پێویستى بەئێوەیە، من لە شۆِرشگێریدا دەستێكى باڵام هەبوو، بەڵام مەرج نییە لە دەوڵەتدارى وەك ئێوەم پێبكرێت،… ماندێلا بەوازهێنانى لە پۆستى سەرۆكى وڵاتەكەى زۆر شتى ووت.. هەر بەوەش توانى سەربەرزىو سەرفرازى بۆ خۆى و بنەماڵەكەىو هاورەگەزەكانىو نیشتیمانەكەى تۆمار بكاتو لێرەشەوە بویە كەسایەتیەكى جیهانىو دۆستو دوژمن رێزى لێدەگرن.
 هیوادارم بانگهێشتكردنو هاتنى ئەو زاتە وێستگەیە بێت بۆ بەخۆداچونەوەى شۆِرشگێرانى كوردستایش، چونكە لەهەموو شتێك گرنگتر كورد پێویستى بەكەسایەتیەكى وەك نیڵسۆن ماندێلا هەیە، بابزانین چ یەكێك لە سەركردەكانمان ئەو شەرەفە بۆ خۆىو نەتەوەكەى تۆمار دەكات؟
 muhsinadib@yahoo.com  
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.