كۆتایهاتن به خه‌یاڵ…. كارزان ره‌حمان
ئه‌وه‌ى ده‌یخوێنیته‌وه ته‌نیا به‌شێكه له ره‌خنه‌كان چونكه ره‌خنه‌كان یه‌كجار زۆرن, ئه‌مه‌ش وا ده‌كا, نووسینێكى درێژى” كه بۆ بڵاوكراوه‌كان ناشێ” لێ ده‌ربچێ و خوێنه‌رانیش بێزار ده‌كا. ئه‌مجۆره ره‌خنانه بۆ كتێب باشن. به‌داخه‌وه منیش پاره‌ى چاپكردنى كتێبم نییه”بۆههم بێ؟”, به دڵنیاییه‌وه ده‌زگاكانى چاپ و بلاوكردنهوهش بۆمى چاپ ناكه‌ن, چونكه له وان نیم, یانى ئه‌گه‌ر یه‌كێك كتێبى له‌م ده‌زگا حیزبى و حوكمییانه چاپ ببێ, ده‌بێ له‌وان بێ یان هیچ نه‌بێ ده‌بێ هۆكارێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانى كۆبكاته‌وه.
هیوادارم ره‌خنه‌كانی تر نه‌نووسمه‌وه.
یه‌ك
خراپترین نووسه‌ر ئه‌وه‌یه كه چاوه‌رێى ئه‌وه بێ له باره‌یه‌وه بنووسرێ و خوێنه‌ره‌كانى شاگه‌شكه بن به نووسینه‌كانى. له جیات خه‌ریكبوون به نووسینى ده‌قى جوان, خه‌ریكى خوێنه‌ر”یان جه‌ماوه‌ر” زیادكردن بێ.
چیرۆك گێرانه‌وه‌یه نه‌وه‌ك جێگه‌ى گله‌یی و قسه‌وتن به وانیدى. نووسه‌رى خراپنووس هه‌ر كات تواناى گێرانه‌وه‌ى نه‌ما, روو ده‌كاته لایه‌نێكی تر كه په‌یوه‌ندى به چیرۆكه‌كه‌وه نییه, كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور له چیرۆكى”1985″ كه له گۆڤارى رامان بڵاوبۆته‌وه, ده‌نووسێ:
“هه‌رچه‌نده ده‌زانم هه‌ر ئه‌مه واى كردووه به‌شێكى زۆر له خوێنه‌ران لێم تێنه‌گه‌ن,بگره سێ چوارێك له‌وانه‌ى دوور و نزیك ئاگایان له ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى نییه,نووسینه‌كانم به ورێنه بزانن,له كاتێكدا هه‌ر ئه‌وانه به بالاى چیرۆكنووسدا ههلدهلێن كه بابهتهكامیان زۆر ساده‌ن و هه‌ر كاتێ بمه‌وێت,ده‌توانم به‌و شێوازه بنووسم.”
بۆچى ده‌بێ ئه‌وانه ئاگایان له ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى نه‌بێ, كه چیرۆكى تۆیان به‌لاوه جوان نییه؟ ئه‌وه كارى چیرۆك نییه ئاوها راسته‌وخۆ باس له ده‌وروبه‌ر و هێرش بكاته سه‌ر هه‌ندێك كه‌س, چیرۆك جێگه‌ى دژایه‌تى كردن نییه. به لایه‌نى كه‌مه‌وه ده‌یتوانى له وتارێكدا ئه‌م قسانه بنووسێت. بۆچى ده‌ق بكرێته ئامانج؟ ئه‌گه‌ر نووسین دووركه‌وتنه‌وه نه‌بێ له پیسى و پۆخڵه‌واتى ده‌بێ چیتر بێ؟ له پشت ئه‌م چه‌ند رسته‌وه رقێكى گه‌وره هه‌یه به‌رابه‌ر هه‌ندێك كه‌س, كه خوێنه‌رن, یان ره‌خنه‌گرن. یان ئه‌وه‌ى باسى ده‌كا كه؛ هه‌ندێك كه‌س له چیرۆكه‌كانى تێ ناگه‌ن. من نازانم ئه‌مه‌ى له كوێوه هێناوه. ده‌شێ له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه وه‌ریگرتبێ و به‌هه‌ڵه لێره‌ى نووسیبێت! روونتر بیلێم بۆچى ده‌ق وه‌كوو شتێكى ترسناك بناسرێ, كه‌س نه‌توانێ ده‌ستى بۆ به‌رێ. ئه‌مه رێك وه‌ك ئه‌و دۆزه‌خه وایه كه دین باسى لێوه ده‌كا. ئه‌رستۆ له كتێبى”كاتیگۆرییه‌كان”دا ده‌لێ:
“له‌وانه‌یه هه‌ندێك واتێبگه‌ن, كه زۆر پچێهوانهى كه‌م و گه‌وره پێچه‌وانه‌ى بچوكه, ئه‌مانه پێچه‌وانه نیین, به‌ڵام چهندهكیین و په‌یوه‌ندییان به یكدییهوه هه‌یه.”
هه‌ر وه‌كوو ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتن و تێنهگهیشتنهكهى كاك كاروان باسى ده‌كا و دنیا به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بكا. ئه‌و به‌ره‌یه‌ى لێ تێده‌گه‌ن و ئه‌ویتریان لێ تێناگه‌ن! حه‌یف نییه نووسه‌رێك له ئه‌وروپا بژى و ئه‌مه بیركردنه‌وه‌ى بێ, هێشتایش له چه‌ندایه‌تى و چۆنایه‌تى و پێوه‌ندییه‌كان حاڵى نه‌بووبێ! حه‌یف نییه وه‌ك نووسه‌رێكى ئازاد خۆى ناساندووه و ژانسنیسمانه بیربكاته‌وه!
ئه‌م پارچه نوسینه‌ى سه‌ره‌وه و چه‌ندانى تریش زمان و ناوه‌رۆكیان زیاتر له بابه‌تێكى رۆژنامه‌وانى ده‌چێ, خۆ میلان كۆندێراش زۆر جار له رۆمانه‌كانیدا به زمانی رۆژنامه ده‌نووسێ, به‌ڵام له خزمه‌تى رۆمانه‌كه‌دایه و نایێت به‌رگرى له نووسهرێتى خۆى بكا.
له پێشه‌كى كۆمه‌ڵه چیرۆكى”سه‌ده‌ى یه‌كه‌مى خه‌یاڵ”دا ده‌نووسێ:
“هه‌ر تێكستێك لێى تێنه‌گه‌ن…”
بۆ ده‌بێ وا بیربكاته‌وه كه خوێنه‌ر یان ره‌خنه‌گر له تێكست ناگه‌ن, یان چۆن زانى كه لێى تێناگه‌ن؟ یانى ده‌بێ خوێنه‌ر بۆ نمونه رۆمانى “حه‌سار و سه‌گه‌كانى باوكم”ى شێرزاد حه‌سه‌ن نه‌خوێنێته‌وه, یان له چه‌ند لاپه‌ره‌ى سه‌ره‌تاوه واز له خوێندنه‌وه‌ى بهێنن. من ئه‌وه باش ده‌زانم خوێنه‌ر له ده‌ق ده‌گا, ئه‌گه‌ر نووسه‌ر خراپ نه‌نووسێ!
دواجار؛
خوێنه‌ر حه‌قى خۆیه‌تى بپرسێ: ئه‌رێ ئه‌م كاكى چیرۆكنووسه چى له من ده‌وێ؟
دوو
كاروان عومه‌ر له پێشه‌كى كۆمه‌ڵه چیرۆكى”سه‌ده‌ى یه‌كه‌مى خه‌یاڵ”دا ده‌نووسێ:
“هه‌رگیز نه‌مویستووه لاسایى واقیع بكه‌مه‌وه, چونكه واقیع لاى من چیرۆكنووسێكه و هه‌موو ساتێ چیرۆكه‌كانى خۆى ده‌نووسێ,بۆیه من وه‌كو چۆن نامه‌وێ لاسایى هیچ چیرۆكنووسێكى دى بكه‌مه‌وه, هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش نامه‌وێ لاسایى واقیع بكه‌مه‌وه.”
ئه‌گه‌ر پێى وایه چیرۆك به‌رهه‌مى خه‌یاڵه”كه ئه‌و وا له خه‌یاڵ تێگه‌یشتووه” و نایه‌وێ واقیع بنووسێته‌وه بۆچى ناوى كاره‌كته‌ر و شوێنه‌كان واقیعین. بۆیه ئه‌وه به‌راست نازانم بلێین ئه‌مه ده‌قێكى خه‌یالییه یان واقیعى. پرسیاره گرینگه‌كه ئه‌مه‌یه:
ده‌قێكى جوانه یان نا؟ ئه‌مه ئهسلى مه‌سه‌له‌كه‌یه و هیچیتر.
ئه‌رێ ئه‌م ناوانه‌ى كه دایناون له چیرۆكه‌كانى, ده‌توانین ناوه‌كان بگۆرین و ده‌ق گۆرانكارى به‌سه‌ر دا‌نێت؟
كافكا و ساموئێل بێكێت زوو فێربوون ههڵهوهسته بكه‌ن و كاره‌كته‌رى بێ ناو بخولقێنن. ئۆرهان پامۆكیش به كاریگه‌رى كافكا ناوى كاره‌كته‌رێكى ناونا”كا”, نه‌جیب مه‌حفوز و جۆرج ئۆروێلیش به هه‌مان شێوه به‌ڵام ئى ئه‌وان به كه‌مێ جیاوازتر, ناوه‌كان مێژوویى و دینین. له هه‌ر دوو رۆمانى مه‌زراى ئاژه‌ڵان و منداڵانى گه‌ره‌ك. به‌ڵام خۆ ئه‌میش ده‌یتوانى هیچ نه‌بێ لاسایى ئه‌وان بكاته‌وه, ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده پێ داگیرى ده‌كا له‌سه‌ر”ده‌قى خه‌یاڵى”. ئه‌رێ سه‌یداوه و سێتاقان واقیعى نین؟ كه ئه‌و زۆر له چیرۆكه‌كانى ناویان دێنێ.
چیرۆكنووس له كۆتایى چیرۆكى”ئه‌ستێره”دا, له كۆمه‌ڵه چیرۆكى”ئه‌سپیدیلۆن”دا تێبینییه‌ك ده‌نووسێ:
“كوشتنى ئه‌و دوو مرۆڤه رووداوێكى راسته‌قینه‌یه, له به‌هارى سالى 1970 له گه‌ره‌كى “سه‌یداوه”ى شارى هه‌ولێر روویداوه.”
له كۆتایى چیرۆكى “خێو”دا, له كۆمه‌ڵه چیرۆكى”ئه‌سپیدیلۆن”دا تێبینیه‌ك ده‌نووسێ:
“هه‌مووى ئه‌و قوتابیانه‌ى له به‌شى ناوخۆى ژماره 15دا بوون, وایان ده‌زانى خێوى تێدایه.. به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى یه‌ك دووانێكیان دیان و بوورانه‌وه و نه‌خۆشكه‌وتن. ئه‌م رووداوانه هه‌وێنى نووسینى ئه‌م چیرۆكهن.”
گوایه ئه‌گه‌ر ئه‌و نایه‌وێ واقیع بنوسێته‌وه ئه‌ى ئه‌مانه چین؟ نه‌كا بلێ ئه‌مه ته‌كنیكه و ئێوه لێى تێناگه‌ن! له‌مه‌ش گه‌رێ كه چیرۆكنووسهكهمان هێشتا باوه‌رى به خێو هه‌یه!
به‌شێكى زۆرى ئه‌گه‌ر نه‌لێم هه‌مووى, چیرۆكه‌كانى كاروان باسكردنى ساڵى هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانه. ئه‌مه یانى؛ به جێ‌مان له نێو رابردوو. نه هاتنه داهاتووه. كاره‌كته‌رى چیرۆكه‌كانى كاروان هه‌ر له هه‌ولێرن”ره‌نگه زیندانی كرابن” ئه‌وپه‌رى تا به‌غداد ده‌چن. ئه‌مه‌یه”خه‌یال”ه‌كه‌ى ئه‌و. ئه‌م هه‌موو ساڵه به جێ‌مان له رابردوودا واتاى ئه‌وه‌یه؛ چیرۆكنووس له نێو یاده‌وه‌رییه‌كانى ده‌ژى. یاده‌وه‌ریه‌ك كه كۆمه‌كى ئێستاى ناكا. له كتێبى”مندالیم ئاسكێك بوو…”زۆر روون ئه‌مه دیار ده‌كه‌وێ. بۆیه كاتێ دێ باس له ئێستاى هه‌رێمى كوردستان ده‌كا. به‌هه‌مان بیركردنه‌وه‌ى دوێنێ قسان ده‌كا. كاروان ئه‌وه‌ى له دواى 17ى شوبات گوتى هیچ نه‌بوو, جگه‌له گوتنه‌وه‌ى هه‌ندێ قسه. به كاریگه‌ریى”گروپى ره‌هه‌ند”ئه‌وانه‌ى جگه‌له ته‌عریب كردنى زمانى كوردى هیچیان پێ نه‌بوو, كه چیرۆكنووسێك له ژێر كاریگه‌رى ئه‌مانه دابێ, چاوه‌رێى چى لێ ده‌كرێ؟
سێ
چیرۆكى” ژنه ناسكه‌كه‌ى سه‌ربه‌ست فهریادى”له كۆمه‌ڵه چیرۆكى”سه‌ده‌ى یه‌كه‌مى خه‌یاڵ”دا, باس له شاعیرێك ده‌كا كه شیعرى”ژنه ناسكه‌كه” ده‌نووسێ. دواى بڵاوبوونه‌وه, ره‌خنه‌گرانى نێو چیرۆكه‌كه قسه له‌سه‌ر شیعره‌كه ده‌كه‌ن, به‌ڵام كاك كاروان له‌به‌ر بێ توانایى و كه‌م وردبینى و په‌له‌په‌لى دا, توشى هه‌ڵه‌ى زه‌ق بۆته‌وه. بزانن ره‌خنه‌گرانى نێو چیرۆكه‌كه چۆن ده‌رباره‌ى ئه‌م شیعره”نادیاره”ده‌نووسن:
“ژنه ناسكه‌كه‌ى فهریادى ئه‌وه نییه,كه هه‌ندێ كه‌س پیایدا هه‌ڵده‌ڵێن,زۆر فشه‌ڵه و له‌شێكى داهێزراوى هه‌یه”
كاك كاروان”له‌شێكى داهێزراوى” به‌هه‌ڵه له‌وێدا داناوه, چونكه شیعر له‌ش نییه, تا داهێزارو بێ. وشه‌یه, زمانه, فۆرمه. كاروان ویستویه‌تى وا پیشانبدات كه؛ شیعرى ژنه ناسكه‌كه و ژنى سه‌ربه‌ست فهریادى, له چه‌ند رسته‌یه‌كى ره‌خنه‌گره‌كان تێكه‌ڵ بكا , به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
یان:
“فهریادى خه‌یالى خاوه به هۆى ژنه ناسكه‌كه‌یه‌وه, خۆیمان له سه‌ر بكات به شاعیر و ناوبانگ په‌یدا بكات”
ئه‌رێ ئه‌مه ره‌خنه‌یه یان قسه‌ى بازار؟ رهخنهگرهكانى نێو ئه‌م چیرۆكه, به چه‌ند رسته‌یه‌ك ره‌خنه‌یان گرتووه, هیچیش ئه‌وانه‌ى به‌ناوى ره‌خنه‌وه دانراون, په‌یوه‌ندیان به هونه‌رى ره‌خنه‌گرتنه‌وه نییه. هه‌ر كه‌سێك ته‌نیا رۆژنامه‌ى خوێندبێته‌وه ده‌زانێ ره‌خنه چۆن ده‌نووسرێ! نه‌شمزانیوه ره‌خنه‌ى”تاك رستهیى” هه‌بێ, ته‌نانه‌ت له رووى شێوازى گوتنیشه‌وه زیاتر له ئێس ئێم ئێس ده‌چن, نه‌ك ره‌خنه.
چوار
له چیرۆكى”جیهان له فنجانى قاوه‌دا”دا, له كۆمه‌ڵه چیرۆكى”ئه‌سپیدیلۆن”دا ده‌نووسێ:
“هه‌رچى هونه‌ر و فێلى یارى تۆپتۆپێن هه‌یه له خه‌یاڵ فێربوو..كتێب و سفره‌ى نانخواردن و نوێن و هه‌موو شتێ له‌به‌ر چاوى ئه‌مدا ده‌بوون به گۆره‌پانى یاریى.. له ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌مدا به‌چاكترین یاریكه‌ر ناسرا.له سه‌رتاسه‌رى وڵات‌دا باس باسى ئه‌و منداڵه موحجیزهیه بوو..”
ئه‌مه نه‌خه‌یاڵه نه واقیع. ئه‌مه ئایه‌تیش نییه, تا بلێین: كارى خوایه!
ئه‌مه ئهتارییه. ئهتارییه گواستراوه‌ته‌وه نێو نووسین, ئه‌مه‌یه كاریگه‌رى ته‌كنه‌لۆژیا به‌سه‌ر ئهدهبهكهمانهوه! به‌شێكى زۆرى منداڵى كورد ئه‌م شتانه له ئه‌تارى فێربووینه به چه‌ند خوله‌كێك كامه یاریزانیان خۆشده‌وێ بیكه‌ن به گۆڵكار و باشترین یاریزان. مادام وه‌رزش به جه‌سته ده‌كرێ و چه‌ند ساتێكیش پێویستیت به‌وه هه‌یه تاكتیك بۆ خۆت دروست بكه‌ى, هه‌ر شتێك به خه‌یاڵ بكرێ ئه‌وا بۆ وه‌رزش مه‌حاڵه. تۆ به پێ شووت ده‌كه‌ى نه‌ك به خه‌یاڵ. به ده‌ست ده‌یگریته‌وه نه‌ك خه‌یاڵ. ئه‌مه‌ى كاك كاروان ویستوویه‌تى هه‌وڵى ئه‌وه بدا وه‌رزش بخاته نێو چیرۆكه‌كه‌یه‌وه یان بڵێم به هونهركردنى وه‌رزش”به مانا فراوانه‌كه‌ى”, به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. باسكردنى ئه‌م یاریكاره له‌م چیرۆكه رێك وه‌كوو ئه‌وه وایه باسى شاعیرێك بكه‌یت. كێشه‌ى سه‌ره‌كى چیرۆكنووسانى ئێمه نه نه‌خوێندنه‌وه‌یه, نه بیرنه‌كردنه‌وه‌یه.به ڵكو هه‌ر كاره‌كته‌رێك به خۆیان یان ئه‌و شتانه‌ى لهكنیانه, یان حه‌زیان لێیه, نه‌ك ئه‌وه‌ى كه پێویسته له ده‌قدا له شوێنى خۆیدا بنووسرێ, وه‌سف ده‌كه‌ن. چاره‌سه‌ركردنى ئه‌مه‌ش ته‌نیا وازهێنانه له نووسین چونكه نووسه‌رى به توانا ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تاش خراپ ده‌ست پێ بكا, ئه‌وا دواجار ده‌بێته ئه‌و نووسه‌ره‌ى ساڵانێكه له ناخى ده‌ژى.
پێنج
عه‌تا نه‌هایى له شوێنێك زۆر جوان باس له‌وه ده‌كا, كه هه‌ندێ چیرۆكنووسى كورد هه‌ن له جیات گێرانه‌وه خه‌ریكى فه‌لسه‌فاندن ده‌بن. ئه‌م بۆچوونه؛ یانى خۆ خهریكردنى چیرۆكنووس به رسته‌ى عه‌نتیكه وهه‌ندێ جاریش جوان نه‌وه‌ك گێرانه‌وه. كه له چیرۆك پێویست نین.
له چیرۆكى”1985″دا ده‌نووسێ:
“نازانم ئاخۆ من له‌م رووه‌وه له‌گه‌ل بۆچوونى(شۆپنهاوه‌ر)م,یان دژیم.”
“_تۆ رۆمانى 1984ى جۆرج ئۆروێلت خوێندۆته‌وه و ده‌زانى كه ویستوویه‌تى به‌شێوه‌یه‌كى میتافۆرییانه باس له حزبى ده‌سه‌لات بكات.”
یان له چیرۆكى “لاكێ”دا, له كۆمه‌ڵه چیرۆكى”سه‌ده‌ى یه‌كه‌مى خه‌یاڵ” ده‌نووسێ:
“مریشك و كه‌ڵه‌شێره مۆدێرنهكانى…”
له كاتێكدا ئه‌م رستانه‌ى نووسیوه, كه هیچ پێوه‌ندیان به چیرۆكه‌كه‌وه نییه. زۆر ئاساییه ده‌توانى ئه‌م رستانه لابه‌یت به بێ ئه‌وه‌ى هیچ كاریگه‌رى به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌وه هه‌بێ. من خۆم ئه‌م چه‌ند رسته‌یه‌م لابرد و هیچ له چیرۆكه‌كه گۆرانكارى به‌سه‌ر دا نه‌هات, جگه‌له‌وه‌ى پوخت و جوانتر بوو. نه‌ك ئه‌م چه‌ند دێره چه‌ندانى تریش جگه‌له دریژدادرى هیچى تر نین.
خوێنه‌ر حه‌قى خۆیه‌تى بلێ: ئه‌گه‌ر من حه‌ز له فه‌لسه‌فه بكه‌م”ههلبهته ئه‌گه‌ر ته‌نیا زمانى كوردى بزانێ” ده‌چم حه‌مید عه‌زیز و د.محه‌مه‌د كه‌مال ده‌خوێنمه‌وه.
ئه‌رێ بۆچى قه‌ت له شانۆكانى سارته‌رمان نه‌خوێنده‌وه خه‌ریكى فه‌لسه‌فاندن بێ به‌و راسته‌وخۆیه‌ش؟ بۆیه باسى ئه‌و ده‌كه‌م چونكه باوكه گه‌وره‌ى بوونگهرایییهكانه. هۆگۆیهكى تایپێستمان بۆ ده‌خولقێنێ. نه خه‌ریكى لێكۆلینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه‌یه. نه ده‌یكاته هۆكار تا؛ وهلامى ئه‌وانه بداته‌وه كه ره‌خنه یان جنێو به رێبازى بوونگه‌رایى و خودى سارته‌ریش ده‌ده‌ن.
شه‌ش
یه‌كێ له لاوازییه‌كانى چیرۆكه‌كانى كاك كاروان درێژدادرییه. بۆ نمونه له چیرۆكى”گوڵباران و پیاوه بۆگه‌نه‌كان”دا, كه‌له گۆڤارى رامان ژماره”161″بڵاوبۆته‌وه. ئه‌م چیرۆكه له 160 لاپه‌ره‌ى ئه‌م گۆڤاره‌دا. بیست‌ودوو لاپه‌ره‌ى گرتووه. ئه‌م چیرۆكه پێشه‌كییه‌كى دوو ستوونیشى هه‌یه. گوایه پێوه‌ندى به چیرۆكه‌كه‌وه هه‌یه. جگه‌له‌مه‌یش بۆئه‌وه‌ى چیرۆكه‌كه زیاتر بێ؛ كاروان عومه‌ر هاتووه له نێوان دوو رسته یان چه‌ند رسته‌یه‌ك سێ نوقته‌ى به دواى یه‌كترییه‌وه به‌م شێوه‌یه”…”داناوه, له سه‌ره‌تاى چیرۆك تا دوا رسته.
چیرۆكى درێژدادر وا ده‌كا دیمه‌ن و گفتوگۆكان دوو باره‌و سێ باره ببنه‌وه. بۆیه ئه‌وه‌ى ده‌بێ به ئه‌ى فۆرێك بگوترێ. به ده ئه‌یفۆر ده‌یلێ. من نازانم ئه‌م درێژدادرییه له پێناو چى؟ عاده‌تى ئه‌م نووسینانه‌یش ئه‌وه‌یه بێ ته‌كنیكن. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره‌كان. بۆیه ئه‌م چیرۆكه و چیرۆكه‌كانى تریش جگه‌له چیرۆكى”ماسى_ بهڵَام ناونیشانه‌كه‌ى نه‌گونجاوه.”ئه‌گه‌ر زیاده‌كانیان لێ فرێدهین. ده‌بنه كورتیله چیرۆك”شۆرتیز”.
26.6.2011
دیمه‌شق