كۆمه‌ڵگه‌ی بێ سیمبوڵ … عه‌زیز ڕه‌ئووف
لابردنی وێنه‌ی مسته‌فا بارزانی له ژوورێكی هۆڵی پارله‌مان جۆرێك له مشت و مڕی به‌دوای خۆیدا هێنا كه مایه‌ی قسه‌كردن و له‌سه‌ر وه‌ستانه. جوڵه‌ی وێنه‌یه‌ك ده‌كرێ وه‌ك ڕووداوێك ته‌ماشای بكه‌ین جونكه پاش ئه‌م كرده‌وه‌یه جۆرێك له نیگه‌رانی لای هێزێكی سیاسی دروست ده‌كات. به ته‌سه‌وری من ئه‌م جوڵه‌یه نه پێویستی به‌ی لایه‌نگرییه‌كی كوێرانه‌یه نه دژایه‌تییه‌كی كوێرانه‌تر، به‌ڵكو پێویستی به هه‌ڵوێسته له‌سه‌ركردنه. هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م جوڵه‌یه‌دا ده‌یبینین له‌سێ خاڵ به‌ده‌ر نیه:
یه‌كه‌م: له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ئیتر شۆڕشی كوردی دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا: به‌ره‌ی جه‌لالی و مه‌لایی. له‌م چركه‌ساته‌وه ئیدی ناتوانین باس له سه‌ركرده‌ی ڕه‌مزی بكه‌ین. دوای جیابوونه‌وه‌ی باڵی مام جه‌لال و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له مه‌لا مسته‌فای بارزان، ئیتر ناتوانین قسه له‌سه‌ر یه‌ك وێنه و یه‌ك حیزب و یه‌ك كاریزمای سیاسی بكه‌ین. ئه‌م دووله‌تبوونه په‌ره ده‌ستێنێت تا سه‌ره‌تای حه‌فتاكان و دروستبوونی كۆمه‌ڵی ڕه‌نجده‌ران. دروستبوونی كۆمه‌ڵه شبازله‌یه‌كی گه‌وره‌یه له‌بناگوێی سه‌ركرده‌ی موقه‌دده‌س، چونكه گه‌نجه‌كان له‌م ڕێكخراوه نوێیه‌دا به هه‌ناسه‌یه‌كی تر و بیركرده‌وه‌یه‌كی تر كاریان ده‌كرد كه پێچه‌وانه‌ی موقه‌دده‌سكردنی سه‌رۆك بوو. ئیدی ئێمه له‌به‌رده‌م شۆڕشێكدا بووین كه سیمبوڵی تێدا مرد. جیابوونه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی و دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران هیچ نه‌بووبێتن هوڵێك بوون بۆ كوشتنی موقه‌دده‌س و تاك سه‌رۆكی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا( هه‌رچه‌نده فراوانبوونی ده‌سه‌ڵاتی مام جه‌لال له‌ناو یه‌كێتیدا، بوو به سیمبوڵی ناو حزبه‌كه) به‌ڵام به‌ر له هه‌رشت ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م شۆڕشێكدا ده‌بینین یه‌ك وێنه‌ی تێدا غائیبه.
دووه‌م: دوای ڕاپه‌ڕین هه‌موو هه‌وڵێك دار بۆ به‌حزبیكردنی بارزانی. پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵێكی خراپی بینی له‌وه‌ی كه بارزانی (له سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه) بكات به سه‌ركرده‌یه‌كی حزب و له‌پاڵ ڕابردووی خه‌باتی ئه‌م پیاوه‌دا په‌ره‌ی به گه‌نده‌ڵی و قۆرخ كردنی ده‌سه‌لات دا. به‌مانایه‌كی تر نه‌وه‌كانی بارزانی له بیست ساڵی ڕابردوودا هیچی نوێیان نه‌بوو پێمان ببه‌خشن جگه له وێنه‌كانی مه‌لا مسته‌فا. دوای ڕاپه‌ڕین چركه‌ساتێكه خۆری مه‌لا مسته‌فای بارزانی تێدا ئاوا ده‌بێت چونكه مژده‌كانی شۆڕش له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌كانی شۆڕشدا یه‌كسان نه‌بوون. ساڵی 1993 كاتێك ته‌رمی مه‌لا مسته‌فا دێننه‌وه بۆ كوردستان، له شاری سلێمانی لافیته‌یه‌كی یه‌كێتیم بینی لێی نوسرابوو : بارزانی مڵكی هه‌موو كورده نه‌ك حزبێك. به‌ڵام دوای شه‌ری ناوخۆ و بچوككردنه‌وه‌ی بارزانی له‌ناو یه‌ك حزبدا و ناشرینیه‌كانی پارتی له بیست ساڵی ڕابردوودا، كاریكی كرد كه ئه‌وه‌ی كێشه نه‌بێت لای كورد بارزانی و وێنه‌كان بێت.
سێیه‌م: ئۆپۆزسیۆنی كوردی گورزێكی كوشنده‌یه له لێدان له سیمبوڵ له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. لای گۆڕان هیچ ڕابردوویه‌ك گرنگ نیه و هه‌ر گۆڕان بۆخۆی پشتی كرده ڕابردوو كار له‌سه‌ر ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كات و له غیابی سیبموڵی ڕابردوودا ده‌ژی. دوو هێزه ئیسلامیه‌كه ئه‌وه‌ی لایان پیرۆزه سیمبوڵه ئاینیه‌كانه نه‌ك مه‌لا مسته‌فا یان هه‌ر سه‌رۆكێكی تر. لێره‌وه ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م ئه‌م هێزه سیاسییه نوێیانه‌دا ده‌بینینه‌وه كه ئه‌وه‌ی بایه‌ت نیه لایان وێنه‌یه چجای وێنه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕش له ڕابردوودا. هێزه نوێیه‌كان به‌ئاشكرا ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی هیڵی سوره خوێنی هاوڵاتیانه و هێڵی سوریش لای پارتی، بارزانی و ڕابردووه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ش دوو بۆچوونی ته‌واو ناكۆكن كه بارزانی بێكه‌س ده‌هێڵنه‌وه.
له ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانیش دوای ڕاپه‌ڕین ئێمه له‌به‌رده‌م نه‌وه‌یه‌كداین كه له پشتی كۆمپیوته‌ره‌كه‌یه‌وه ئه‌وه‌ی لای گرنگ نیه باوكی ڕه‌مزییه. ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر ده‌ستی هه‌یه له‌وه‌ی جوڵه‌ی وێنه‌كه‌ی بارزانی له پارله‌مان هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی گه‌نجان و شه‌قامدا دروست ناكات جگه له بۆڵه‌بۆڵی كوڕه‌كانی پارتی. له‌هه‌مووشی كاریگه‌رتر ئه‌وه‌بوو كه ڕێكه‌وتتنامه‌ی ستراتیژی نێوان یه‌كێـتی و پارتی نه‌یتوانی سیمبوڵ و كاریزما بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بارزانی. لێره‌وه پارتییه‌كی ته‌نیا ده‌بینین كه نه یه‌كێتی له‌گه‌ڵه بۆ ئه‌وه‌ی بارزانی بكاته باوكێكی كاریزمی، نه گۆڕان و ئیسلامیه‌كان و نه شه‌قامی كوردی.
هه‌رچه‌نده ده‌زانم كه هێزێك ده‌یه‌وێت سه‌رۆكێك بكاته باوكی كورد، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه دروستكردنی باوكی ڕه‌مزی له‌ناو ئه‌م هه‌موو هه‌وڵه بۆ كوشتنی سه‌ركرده‌ی موقه‌دده‌س زۆر دره‌نگه.
Azizrauf75@yahoo.com