Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

كۆمەڵگاى ڕاوەستاو و دەسكەوتەكانى!…ڕێبوار ڕەزا چوچانى

Be First!
by January 19, 2008 گشتی

 "لێرەدا مەبەستم لە كۆمەڵگاى ڕاوەستا و بریتى دەبێت لە روانینێكى تایبەتى، بۆ ئەو كۆمەڵگایانەى كە ناتوانن بە پێى تێپەڕینى مەودا و زەمەنەكان، قۆناغێك لە قۆناغەكان ببڕن و هەمیشە لە ناو ئەو زەمەن و سەردەمەدان، كەبەر لە زەمێنێكى دور خۆیان دروستیان كردوە و نەخشاندویانە، ئەگەر پرسیارێك لە خۆمان بكەین و بپرسین ئایە كۆمەڵگاى كوردى توانیویەتى لە دواى راپەڕینەوە قۆناغێكى تازە ببڕێت، كە یەكانگیر بێت لەگەڵ پێشكەوتنە بەردەوامەكانى كۆمەڵگا هاوچەرخەكان؟، دەبێت وەڵاممان بۆ ئەم پرسیارە چى بێت، ئایە دەگەینە قەناعەتێك كە زاراوەى كۆمەڵگاى ڕاوەستاو، زاراوەیەكى هەڵە نیە و لە جێى خۆیدایە، یان دەگەینە قەناعەتێك كە بەكارهێنانى ئەم زاراوە، هەڵەیەكى لۆژیكى و مەعریفیشە؟، مەبەستیش لە دەسكەوتەكانى كۆمەڵگاى راوەستاو، بەو مانایە دێت كە زۆرجار مەرج نیە دەستكەوتەكان شتى باش بن!!!".
 *  *  *  *  *  *  *
 كۆمەڵگایەك كە لە رەوڕەوەى پێشكەوتنە فەرهەنگى و كۆمەڵایەتیەكاندا راوەستانى بە خۆوە بینى، دەبێتە لانكەیەك بۆ دروستبونى ترس و سەرچاوەیەك بۆ هەڵقوڵینى نادڵنیایى و كارخانەیەك بۆ بەرهەمهێنانى ململانێى ناشەریفانە و دورمەودا، كە ئەم حاڵەتەى دواییان كاریگەرى دەبێت لەسەر لایەنى دەرونى مرۆڤ و وا دەكات كە لە ڕوى تێفكرین و تێڕوانین و هەڵسەنگاندنیشەوە هەست بە كەموكوڕى خۆى بكات.
 كۆمەڵگا راوەستاوەكان بكوژى هەموو توانا و كارزانییەكن، ئەمانە جۆرە كۆمەڵگایەكن كە هەرچى هەوڵى نوێبونەوە و بیركردنەوەى نوێیە تێیاندا بەهایەكى واى نابێت، كە ببنە داڕێژەرى داهاتوو و ببنە هەوێنى هەموو ئەو یاسایانەى كە دادەڕێژرێن بۆ بەڕیوەبردنى كاروبارەكانیان، تا بە پێى میكانیزمێكى نوىَ هەوڵى بەدیهێنانى خۆشبەختی ئینسانەكان بدرێت.
 لە كۆمەڵگا راوەستاوەكاندا هەمیشە هەوڵى سڕینەوەى شوناسى ئینسانى ئیسانەكان دەدرێت و كار دەكرێت بۆ كوشتنى هەموو ئیحساسێكى ئینسانى ئینسانەكان، هەمیشە هەوڵى تۆراندنى ئینسان دەدرێت و یاساكانیشى بە دەورى بازنەیەكى وەستاوى چەقبەستودا دەخولێتەوە، بازنەیەك كە یان لە یاسا دینیەكان، یان لە یاسایەكى ستەمكار و كوشندە تێناپەڕێت، كە كۆمەڵێك كەس بەڕێوەى دەبەن گوىَ بە ئازارەكانى ئینسان و هاوار و داخوازییەكانیان نادەن، كۆمەڵێك كەس بەڕێوەى دەبەن غەیرى بەرژەوەندییەكانى خۆیان بەرژەوەندى كەسى تریان ناوێت، بە چاوێكى وەهاوە سەیرى بەرانبەرەكەى خۆیان دەكەن وەك لە بەرانبەر مرۆڤدا نەوەستابن، مرۆڤ لەو جۆرە كۆمەڵگایانەدا نەك بێزى بەتەنیا لە خۆیشى دەبێتەوە، بەڵكە بێزى لە تەواوى ئەو پەیوەندیانەش دەبێتەوە كە لە ژیانى ڕۆژانەیدا وەكو مرۆڤێك پەیڕەوى دەكات، نەفرەت لەو رۆژگارەش دەكات كە ئەوى تێدا هاتۆتە بون، كاتیكیش مرۆڤ نەفرەتى لە مرۆڤبونى خۆیى و ئەو رۆژگارە كرد كە تێیدا هاتۆتە بون، ئیتر هەرچى ئیحساسى ژیاندۆستیە هێدى هێدى لە لایدا روو لە پوكانەوە و فەوتان دەكات، لەوێشەوە عیشقى مەرگدۆستى لە لایدا وەك دۆخێكى تازە دروست دەبێت و بەبىَ گەڕانەوە بۆ هۆكار و ئامانج و بەرەنجامەكانى مەرگدۆستى، دورنیە رێڕەوێك بدۆزێتەوە بۆ مومارەسەكردنى ئەو عیشقە تازەیەى كە تەواوى ئایدیاكانى دەخاتە ژێر ركێفى خۆیەوە، بۆیە ئێستا هەرچى دیاردەى خۆكوژى و تاوانكارى و سڵنەكردنەوە لە مەرگ كە دەیانبینین، هەمویان دەگەڕێنەوە بۆ كاریگەرى ئەو عیشقەى كە بۆ مەرگ دروست دەبێت، عیشقى مەرگدۆستیش زیاتر لە لاى تاكەكانى ئەو كۆمەڵگایانە دروست دەبێت، كە هەمیشە لە ناو وێرانەیەكى كەلتورى و مەعریفیدان، ئەو كۆمەڵگایانەى كە ژیان تێیدا لە تاڵتریرین دۆخدایە و مرۆڤ نایپەرژێتە سەر ئەو پرسیارە جەوهەریانەى دەربارەى بون و حەقیقەت و مەرگ و ئاین و خودا و كۆمەڵگا، ئەو پرسیارانەى لە بارەى پەیوەندیەكانى خۆى، لەگەڵ مرۆڤەكانى تر و دەوروبەر و سروشت و خودا و ئەو پەیوەندیانەى كە لەگەڵ هەرشتێكى تردا پێكیانەوە دەبەستێتەوە، هەتاكو مرۆڤیش ئەو پرسیارانەى لا دروست نەبێت، ناتوانێت لە حەقیقەتى هەموو ئەو دۆخە تازانە تێبگات كە روبەڕوى دەبنەوە، بۆیە دەكارىَ زۆرجاریش بە هەڵە لە هەموو گۆڕان و هەتا لە هەڵبژاردنى چۆنێتى عیشق و خۆشەویستیەكانیشى تێبفكرێت، هەموو ئەم حاڵەتانەیش دەگەڕێتەوە بۆ هۆكارى راوەستانى كۆمەڵگا لە قۆناغێكدا.
 ئەو كۆمەڵگایانەى كە پەتای ڕاوەستان ڕویان تێدەكات، وەكو مەترسیەكى گەورەش سەیرى ئەو گۆڕانكاریانە دەكەن كە بە پێى تێپەڕینى كات و بە سەرچونى زەمەندا، وردە وردە سەرهەڵدەدەن، چونكە هیچ تێگەیشتنێكیان نیە لە بارەى ئەو روداوانەوە، هیچ زانیارییەكیان نیە لە بارەى ئەو دۆخانەى كە دور لە ئیرادە و ویست و چاوەڕوانیەكانى ئەوان دێت و خۆى دەخزێنێتە نێو ژیانیانەوە، بە تایبەتى ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیانەى كە تێكڕاى شێوازەكانى ژیان و چۆنێتى هەڵبژاردن و پەیڕەوكردنى پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانى پێشخۆى خستۆتە بەر هەڵوەشاندنەوە و لێكترازانێكى ریشەیى و قوڵى دروست كردووە لە نێوان سەردەمى خۆى و سەردەمەكانى پێش خۆیدا، وەك ئێستا لە كوردستاندا دەیبنین كە ئەم گۆڕانە كۆمەڵایەتیانە دنیایەك ڕوداو و كارەساتى جەرگبڕى لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئەگەر لە ڕویەكى تریشەوە تەماشا بكەین دەگەینە قەناعەتێك، كە دروستبونى ئەو كارەسەتانە و سەرهەڵدانیان، كۆتایى هاتنى سەردەمێكە و لە گۆڕنانیەتى بە هەموو ڕەهەندەكانییەوە، هەنگاو هەڵهێنانە بەرە و سەردەمێكى تازە و دەست پێكردنەوەى ڕێگابڕینە بەرەو داهاتویەكى جیاوازتر لەوەى كە هەیە، لێرەدا پرسیارێكیش سەرهەڵدەدات " ئایە چ جۆرە كۆمەڵگایەك دەتوانێت ئەو قۆناغە دژوارانە ببڕێت و چاو لە داهاتوویەكى پرشنگدار ببڕێت؟!".
 لە لایەكى ترەوە دەكارىَ ئێمە لە كۆمەڵگاى خۆمان بڕوانین و بزانین كە ئایە كۆمەڵگاى كوردى چ جۆرە كۆمەڵگایەكە، دەكرىَ ئێمە چ شوناسێك بدەینە پاڵى، ئایە كۆمەڵگایەكى ڕاوەستاوە یاخود لە هەنگاوى بەردەوامدایە بەرەو پێشكەوتنى زیاتر، ئەگەر كۆمەڵگایەكى ڕاوەستاوە دەكرىَ بڵێین لە چ خاڵێك و لە چ قۆناغێكدا ڕاوەستاوە؟، گومانى تێدانیە كە كۆمەڵگاى كوردیش جۆرە كۆمەڵگایەكە وەستاو لە خاڵى سەرەتایى ژیانكردندا، وەستاو لە هەر هەنگاوێكى بنەڕەتى ڕێگاكانى پیشكەوتنى ژیانكردن، وەستاو لە گەیشتن بە لێبوردەیى و پێكەوە ژیان، كە ئەمەیش ڕوبەڕوى دۆخێكى كوشندە و مەترسیدارى كردۆتەوە، هەر ئەم ڕاوەستانەیە بۆتە هۆكارى زیندەبەچاڵ كردنى بیركردنەوە و تێڕامانەكانى تاك، لە هەموو ئەو حاڵەتانەى كە پێویستە مرۆڤ لە بەرانبەریان عەقڵ بەكار بهێنێت، هەر هۆكارى ئەم ڕاوەستانەشە واى كردووە، كە هەمیشە تاكەكانى ئەم كۆمەڵگایە خەریكى جۆرە ژیانێكن لێوانلێو لە خۆ بچوككردنەوە و گەورە كردنى دەوروبەرەكەى، بە ڕەعیەت خۆ بینین و بە خشینى ڕوویەكى موقەدەس بەوانەى كە كاروبارى بەڕێوەبردنى دەگرنە ئەستۆى خۆیان، كاریگەرییەكى نێگەتیڤى ترى ئەم دۆخە واى كردووە كە لێرە توانا و تواناسازى و ڕۆڵێكى وەهاى نەبێت تا پێگەى كەسەكان دیارى بكات، ئەو پێگەیەش كە دیارى كراوە و كۆمەڵێك كەس كراونەتە سۆپەرمانى سەردەم، كە لە ڕوى عەقڵ و دنیابینیەوە، زەلیلترین مەخلوقى گوناهى سەر ئەم هەسارەیەن، لەسەر ئاستى تێگەیشتن و پسپۆڕى نیە، ئەوەى لێرە هەیە كۆمیدیایەكى تراژیدیە پڕاوپڕ لە كوشتنى بەهاى مرۆڤ و لە ژێرپێنانى شكۆى عەقڵسالارى، ئەوەى لێرە هەیە جۆرێكە لە تیرۆر كردنى عەقڵ و لە خاچدانى تێفكرین و لە ژێر پێنانى تێڕامان لە هەر دیاردەیەكى نا تەندروست و لە گۆڕنانى هەر خەونێكە كە مرۆڤ بۆ داهاتوى خۆى و كۆمەڵگاكەى خۆى هەیبێت، ئەوەى لێرە هەیە ئەنفالكردنى خەونەكانى مرۆڤە بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە، توڕ هەڵدانى بیركردنەوە نوێكانە و تەسلیمبونە بە دنیابینیەك كە هەر دەبوایە بەر لە سەدەیەك فڕێبدرایە، ئەوەى لێرە هەیە گەڕانەوەیە بۆ ترادسیۆنى دینى بە مانا دۆگماییەكەیەوە، گەڕانەوەیە بۆ باڵادەستبونى خێڵ و عەقڵە لەرزۆكەكان، گەڕانەوەیە بۆ سەر كەلاكى ئایدیاكى كۆن و مردو، كە ئایدیاى مرۆڤگەلێكى خاوەن عەقڵیەتێكى وێران و جاهیلن و هەموو هەوڵێكیش دەخەنەگەڕ، بۆ پیر كردنى ژیان و لە گۆڕنانى خەونەكانى مرۆڤى ئەم سەردەمە، ئەو كەسانە بە ماناى وشە پیرن و پیرانە بیردەكەنەوە و پیرانەیش دەژین، لاى من پیرێتى پەیوەندى نیە بە زۆرى ڕێژەى ساڵەكانى تەمەنەوە، بەڵكە پیرێتى لاى من دەگەڕێتەوە بۆ چۆنێتى دنیابینى و ئەو تێفكرینانەى كە لە ناخى تاكەكاندا هەیە و بە شێوەیەكى پیرانە لە ژیان و ئایندە دەڕوانێت و هەمیشە كوشتەى گەڕانەوەى ڕابردووە بۆ نێو واقیعى ئێستا و هەوڵى ڕیشەكێش كردنى تەواوى بیركردنەوە و دنیابینیە نوێیەكان دەدات، دەكرىَ مرۆڤێك لە بەهارى تەمەندا بێت و بەڵام بە هەمان عەقڵیەتى نەوەى پێشخۆیەوە ئیدامە بە ژیانى بدات، بۆیە پیرێتى تا ڕادەیەك پەیوەندى بەو پەروەردەشەوە هەیە، كە لەگەڵ تێپەڕبوونى كات و بەڕێكردنى ژیان لەگەڵ مرۆڤدا هەنگاو دەنێت، چونكە پەروەردە و سیستەمى پەروەردە لە كۆمەڵگا ڕاوەستاوەكاندا، بەرهەمهێنەرى نەوەیەكى بێزار و بێتوانایە، بەرهەمهێنەرى نەوەیەكى بەرژەوندپەرست و بێباكە لە هەموو شتەكان، نەوەیەكى بێئامانج و توندوتیژ و بێبڕوا، ئەو بێمتمانەییەى كە كۆمەڵگاى ڕاوەستاو دروستى دەكات، باڵدەكێشێت بەسەر تەواوى بیركردنەوەكانى و ئیتر بەبێمتمانەییەكى زۆرەوە لە دەوروبەرەكەى دەڕوانێت و پشت بەهیچ شتێكیش نابەستێت، نەوەیەكى توندوتیژ كە كار لەسەر ئیدامەدان بەو توندوتیژیانە دەكەن و هەوڵ نادەن بۆ دروستكردنى دۆخێك، كە تێیدا مافى بەرانەرەكەشیان بپارێزن، كە ئەو نەوەیەش دەستیان گرت بەسەر سەروەرى و دەسەڵاتەكانى وڵاتێكدا، ئیتر ئەو وڵات و كۆمەڵگایە غەرقى فەسادى دەكەن لە هەموو ڕویەكەوە، دەبنە بەرهەمهێنەرى توندوتیژى و توندوتیژیش دەكەنە مۆراڵى سەرەكى خۆیان، هەڵە نیە ئەگەر بڵێین تا ئێستا لە وڵاتى ئێمەدا ئەوەندەى توندوتیژى بەرهەم دەهێنرێت نیوهێندە نەیویستراوە كار لەسەر لێبوردەى بكرێت، چونكە پەروەردە لەم كۆمەڵگایە لە هەمو قۆناغەكانداو ئێستاشى لەگەڵدا بێت پەروەردەیەكى سیاسى بوەو هەوڵى گۆش كردنى نەوەیەكى داوە كار لەسەر سیاسەت و ئیدامەدان بەو كایە دەكات و كار لەسەر هیچ لایەنێكى تر ناكات، ئەم پەروەردە سەقەتە هەموو لایەنەكانى گرتەوەو لەناو هەموو لایەنەكاندا هەر شتێك بۆنى سیاسەتى لێبێت زاڵ كرا بەسەر ئەوانى تردا، بۆیە ئێستا هۆردوویەك سیاسى نەزان و لەشكرێك كار بەدەستى گەندەڵ و دنیایەك قەڵەمى ئیدامەدەر بە جەهل و بەربەریەت و كۆمەڵێك دەنگى نەشاز بە ناوى هونەرەوە كە بونە خۆشكەرى جەنگە وێرانكەرەكان و هاندانى خەڵك بۆ توندوتیژى لە ناو كۆمەڵگاى ئێمەدا سەرمەشقى هەموو كایەكانن و خەریكى وێران كردنى كۆمەڵگاو ئیفلیج كردنى عەقڵى مرۆڤن، خەریكى لە خاچدانى بیركردنەوەى نوێ و كارى نوێ و لەمپەردانانن لەبەردەم هەنگاوەكانى نەوەى نوێدا، ئەوە ئەو پەروەردە سەقەتەیە كەبە درێژایى مێژوى ژیانكردن لەم كۆمەڵگایەدا ووجودى هەیە واى كردووە كۆمەڵگاى كوردى كۆمەڵگایەكى توندو تیژبێت، كۆمەڵگایەك بێت كار لەسەر تۆراندن و بێبایەخ كردنى تاكەكانى خۆى بكات، هەر ئەم پەروەردە سەقەتەیە وایكردوە بێباوەڕى و بێمتمانەیى زاڵ بێت بەسەر تەواوى عەقڵیەت و بیركردنەوەكانى مرۆڤ بەگشتی، لە ناو هەموشیاندا ئەم بیروباوەڕانە كە سەرجەمیان غەرقى بێبروایى و بێمتمانەیین زیاتر باڵ بكێشێت بەسەر پرۆژەو ئایدیۆلۆژیاكانى هێزە سیاسیەكاندا، چونكە هێزە سیاسیەكانى كورد هێندە بێمتمانەن لە ئاست یەكتر كە خیانەت لە رێكەوتن و بەڵێنەكانى یەكتریش دەكەن كە بە یەكترى و ئەوجا هەموویان پێكەوە بە كۆمەڵگاو خەڵكى كوردستانیان داوە، ئەوە ئەو بێمتمانەییەیە كە ناتوانن پێكەوە كار بۆ بینا كردنەوەى كۆمەڵگاى كوردى بكەن، ئەوە دەرەنجامى بێبڕواییە لە بەرانبەر یەكدا، كە ناتوانن ئیجارائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكەن، كەبە بەرچاویانەوە بەربونەتە سەروەت و سامانى ئەم میللەتەو بەبىَ شەرم و بە ئاشكرا، خەریكى تاڵان كردنین و كەسیش ناڵیت پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەدا بكرێت، كە خەریكە تەواوى دامەزراوەكانى كۆمەڵگا بەرەو فەسادى زیاتر دەبەن!!
 
 rohani1983@gmail.com
 
 تێبینى:
 ئەم نوسینە لە رۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاو كراوەتەوە.
 

Previous
Next

Leave a Reply