Skip to Content

Saturday, January 16th, 2021

كۆیلەین‌وخۆمان بەئازاد دەزانین

Be First!
by September 27, 2011 گشتی

لەم نوسینەدا لەسەردوو خاڵ دەوەستم كە بۆ سەربەخۆیی‌و دەوڵەتی كوردی گرنگن، ئەوانیش دۆسێی جینۆسایدو ئەزمونی خۆبەرێوەبردنە لە هەرێمی كوردستان .
دۆسێی جینۆساید كارتێكی بەهێزی كوردە، بۆئەوەی خۆی لەسەر بنیات بنێتەوەو تەنانەت بیكاتە كۆدی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروەها ئەزمونی دەسەلاتدارێتی كوردیش گرنگ بوو، كە تیایدا كورد ئیرادەو لێبوردەیی خۆی تێدا ئیسپات بكات، هەتا سەرنجی دنیا رابكێشێ‌‌و پشتیوانی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێ‌ . وەلی بەداخەوە دەسەڵاتی كوردى هیچیانی نەخستە خزمەتی ئامانجی سەربەخۆیی كوردستانەوە.
ئاشكرایە كە بەدەستهێنانی ئازادی‌و دەوڵەتی سەربەخۆ، هێندە ئاسان نیە، بەلكو جگەلە خوێن بەخشین، هێزی دبلۆماسی‌و حیكمەتی سیاسی‌و پاڵپشتی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیشی گەرەكە، لە ئالوگۆرەكانی دوای جەنگی سارددا ئەوەی زۆر مایەی پرسیارو سەرسوڕمانمە ئەوەیە كە كورد بۆچی سودی لەو دەرفەتانە وەرنەگرت ؟ كاتێك بریاری 688 ی نەتەوەیەكگرتووەكان، وەكو ناوچەی ئارام بۆ كورد دەرچوو، هەر ئەوە نەبوو لەسەرسنورەكانەوە بێینەوە ناومالەكانمان بەڵكو دانپێدانانێكیش بوو بەو راستیەی كە كورد لەژێر هەرەشەی پاكتاوكردندایە، كەچی لەو كاتەدا، سەركردایەتی حزبە سیاسیەكان لەبری ئەوەی بریار بدەن نەچنەوە ژێر دەسەڵاتی عێراق..! ملكەچی مفاوەزات بوون، بەڵام كە خەڵك گەرایەوە بۆ ناوشارەكان‌و قایل نەبوون بەعس لە كوردستان بمێنێ‌، ئینجا بەدودڵی‌و جۆرە شەرمێكەوە سەركردایەتی كورد توانی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێم دابمەزرێنێ‌، لەكاتێكدا ئەو شەرمە دەبوایە بۆ شەڕی ناوخۆ بوایە نەك بۆ مافێكی رەوا.
بریاری 688 خێرێك نەبوو بەكورد كرابێ‌، بەلكو ئەركی كۆمەڵَگەی نێودەوڵەتی‌و رێكخراوەكانی بوو، كە زۆر زوتر لەسەر وەختی گازبارانكردنی دۆلی بالیسانەوە لە سالی 1987 هەیانبوایە، ئەنجومەنی ئاسایش‌و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ملهوری بەعس بێدەنگ نەبوونایە، چونكە ئەوە مافی هەرگروپێكی ” نەتەوەیی، ئاینی، رەگەزی” یە حصانەی نێودەولەتی بۆ هەر گروپێكی هەرەشە لێكراو دروست بكەن‌و رێگە نەدەن تاوانەكە ئەنجامبدرێ‌. بەڵام نەكۆمەلگەی نێودەوڵەتی بەفریای كورد كەوت‌و نە سەركردایەتی كوردیش ئەو بێدەنگییەی بەرودا دانەوە، لەبەرئەوەی ئەندامانی ئەوسای ئەنجومەنی ئاسایش لەدژی ئێران هاو سۆزی عێراق بوون لەدژی ئێران‌و چاوپۆشیان لەوتاوانە نێودەوڵەتیانەكرد، چونكە هەر كورد كۆمەڵكوژنەكرا بەڵكو ئابروی مرۆڤایەتیشی لەكەداربوو. بەڵام هەر ئەوەندەی نیازی هێزە هاوپەیمانەكان‌و ئەمریكایان زانی كە سۆزیان بۆ صدام‌و رژێمەكەی نەماوە، ئیترسەركردایەتی حزبەكوردستانیەكانی باسورو شوێنكەوتووەكانی بەهاریان هێنایە چۆكان‌و ئەمریكایان لێكردین بە فریشتەی ئازادی‌و شنەبای بازاری ئازاد وەكو دەوای هەموو دەردان‌و بەهەشتی ئازادی مرۆڤایەتی، لەكاتێكدا ئازادی بازار واتای بێبەهاكردنی مرۆڤ‌و مافەكانی، وەك بینیمان هەرای دیموكراسیەكەشی تەپڵی نابووتی خۆی لێداو نەك هەر كۆتایی بەدیكتاتۆرەكان نەهێنا. بگرە خوێنیانكردەوە ناو دەماری سستبووی زۆریان‌و ئێستاش وا باجەكەی دەدەن. لەبری ئەوەی دۆسێی كۆمەلكوژی‌و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو لە دژی گەلەكەیان‌و كێشەی كورد لەعێراقدا بكەنە كارتێكی بەهێز، بەخۆشخەیاڵییەوە بەپیرخواستەكانی ئەمریكاوە چوون.
كەیەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمیش دامەزرا، لەبری ئەوەی وەك مافی نەتەوەیەك جەخت لەسەرشەرعیەتی ئەو حكومەتە بكەنەوە، وەك قەرەبوویەك بۆ تاوانی جینۆساید، سەربەخۆی كورد بەماف بزانن، بۆخۆیان بوونە مایەی ئەوەی گومان لەسەر شەرعیەتی ئەو حكومەتە‌و دواجاریش لەشەڕی ناوخۆدا بەودەردەبرا كە بینیمان .! سەیر لەوەدایە كە سەركردایەتی كورد وەكو گومانی لە شەرعیەتی ئەو حكومەتە هەبوو لەدەرەوەی هەرێم لەناوخۆش ئەوەندە نەرمی لەگەڵ هاوڵاتیەكانی خۆی نەنواند هەتا شەرعیەتی لێوەربگرێ‌‌و ببێتە پشت‌وپەنای لەتەنگانەدا ! 
ساڵی1987 – 1988 لەدوای شەرێكی ناوخۆی قورس زەبری ئەنفال یەكی خستنەوەو بەرەیەكی كوردستانیان پێكهێنا، كەچی دوای راپەرین‌و لاوازبوونی بەعس نەیانتوانی سود لەدۆسێی ئەنفال‌و جینۆساید وەربگرن، لەبری ئەوەی بگەرێن بەدوای زەرەرو زیانەكانی ئەو كۆمەڵكوژیەو دەستكەوتەكانیدا‌و لەسەر ئاستی نێودەولەتی پشتیوانی بۆ بەدەستبهێنن‌و پشتیان كردە دەستكەوتەكان‌و برینی تریان كردەوە جەستەی ئەم میللەتە، لەكاتێكدا راپەرینی ئازاری ساڵی 1991  تۆوی ئومێدێكی گەورە لەلای ئەم میللەتە جینۆسایدكراوە خەریكی چەكەرەكردن بوو، بەڵام ئەم ئومێدە كورتخایەنە، لەسۆنگەی كورتبینی ئەوسەركردایەتیەوە هەرلەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە كەوتە بەرهەرەشەی شەری ناوخۆو هەرێم پێی نایە واقعێكی تاڵەوە‌و ئیتر ئومێدەكانیش بەرەشەبای شەری ناوخۆ هەلوەرین، چونكە لەساڵی 1994 وە تا كۆتایی نەوەدەكان شەڕی خوێناوی‌و تاروخانی بەعس بەئێستاشەوە ململانێ‌‌و دوو حكومەتی جیاواز بەردەوامە، وێنەی ئەم ئەزمونە بەجۆرێك شێوێندرا كە بە ئاستەم لەگەڵ وێنەی رژێمی پێشوو لێكجیابكرێتەوە، فەزای ئازادی بیرورا نەما‌و پێشیلكردنی مافی مرۆڤ گەیشتە لوتكە، لایەنگرانی یەكێتی‌و پارتی مافی مانەوەیان لەشارو زێدی خۆیاندا بووە مەحاڵ، ئەگەر ئاوارەیی ملیونی خەلكی كوردستان دەروازەی تروسكاییەك بوبێ‌ بۆ رزگاربونی ئەم میللەتە ئەوا ئاوارەبوونی خەڵكی هەولێرو سلێمانی لەشەری ناوخۆدا كوژاندنەوەی ئەو تروسكاییە بوو، چونكە زەفترین دیاردەی ستەمكاری بوو، ژمارەی كوژراوەكانی شەڕی ناوخۆ لە ژمارەی كوژراوەكانی گازبارانی هەڵەبجە نزیكبوەوە. رۆژنامەكانی بەعس لەسەر شەقامەكانی سلێمانی‌و هەولێر ئازادو رۆژنامەكانی خەبات‌و كوردستانی نوێ‌ لەتلیاك یاساغتربوون. لۆژیكی حزبایەتی خۆی سەپاندو ئەو ڕاستیەیان بۆ دۆست‌و دوژمن سەلماند كە ئەوان بەدوای دەسەڵاتەوەن نەك مافی كورد .
ئێستاش كە باسی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكەین، تەجروبەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەبێتە ئەو پاساوەی كە دەلێن ئەگەر وەكو ئەم دەسەڵاتە بێت نەبوونی باشترە، بۆیە بێئومیدی‌و ساردبوونەوە لەبەدیهێنانی ئەو ئامانجە زەق بەبەرچاوانەوەیە، بۆیە ئەم ئەزمونە نەك پاڵنەرێك نەبوو بۆ سەربەخۆیی بەڵك هۆكارێكیش بوو بۆ ساردبوونەوە، هەرچەندە هەوڵی كورد وەكو نەتەوە هەرگیز ناوەستێ‌‌و بەتەنها دۆزینەوەی خەسڵەتەكانی ئازادی‌و راڤەكردنیشی نیە، بەڵكو بەدەستهێنانی خودی ئازادیە، ئیدی دەبێت كار لەسەر ئەو تێگەیشتنەبكرێت، كە ئازادی بۆكەس نایەتە خوارەوە، بەلكو دەبێت بۆی هەڵكشێیت، بێكەسی شاعێریش دەلێت ماف دەسەندرێ‌، نابەخشرێ‌. بەڵام لۆجیكی ئێستای سەركردایەتی كورد پێچەوانەیەو چاوەروانی فریاد رەس دەكەن ئازادیمان پێببەخشێ‌ ..!
ئەزمونی دەسەڵاتدارێتی دوو حزبە سەرەكیەكە لەهەرێمی كوردستان سەلماندی كە مافی كورد شتێكەو خواستی ئەوان شتێكی تر، چونكە ئەو راستیە دەركەوت كەخەونی ئازادیان نەبووە، شەڕیشیان لەو پێناوەدا بۆ ئەوە بووەهەتا وەك شەریكە بەش، پشكیان لەدەسەڵات‌و سامانی عێراقدا هەبێ‌، لەبنەرەتەوە شەر لەسەرمافی نەتەوە‌و ڕەفتاری فاشیانەی صدام ‌و رژێمەكەی نەبووە، بەقەد ئەوەی لەژێر پەردەی مافی نەتەوەدا شەڕیان لەسەر بەرژەوەندی خۆیان‌و ئەو ” سهم”پشكە كردوە لەدەسەڵاتی ناوەندی عێراقدا، هەر بۆیە دیاردەی شەڕ‌ومافاوەزات یەكێكە لە تاڵترین یادەوەریەكان، چونكە كەی دەوڵەت ویستبێتی داوای مفاوەزاتی كردووەو كەی ویستوویەتی هەڵی وەشاندووەتەوە، دەنا ئەگەر شەڕ لەسەر مافی كوردو بەهاكانی ئازادی “میللەت” بوایە دەبوو لەماوەی 20 ساڵی رابوردودا قەڵاچۆی رەفتاری بەعسیانە لەم هەرێمەدا كرابا‌ودلرەقی‌و توند رەفتاری وەك خەسڵەتێكی ئەو رژێمە ببوایەتە شەرمێكی كۆمەڵایەتی گەورە، دەبوایە ئەم هەرێمە ببوایەتە پێگەیەكی بە هێزی سەلماندنی مافی گورد وەكو بەشێك لەكۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، وێنەیەكمان لە پاراستنی مافی مرۆڤ پیشانی جیهانی دەرەوە بدایە كەخەونی دەوڵەتی كوردی تێدا فراوانتر بوایە‌و تاكی كورد تیایدا لەبری ترساندن‌و سەركوێركردنی بەمتمانەوە كاری بۆبكردایە، بەڵام ئایا حاڵ بەو شێوەیە كەوتەوە ؟ ئایا بەراست رەفتاری بەعسیانە بووە بە شەرم ؟ یان بەپێچەوانەوە مەیلی توند رەفتاری‌ زۆر زیاترە لە بەرپەرچدانەوەو رەتكردنەوەی رەفتاری بەعسیانە، سۆز بەلای جەلاددا بەرچاوترە لەوەی بەلای قوربانیدا..؟ تەرزاوی مافەكانی جەلادو قوربانی تالوتكەی قێزەونی نا هاوسەنگە، ئەمەش بە پێشچاوی رێكخراوەو میدیای جیهانی‌و یاساو دادگاكان‌و هەزاران مافناس‌و روناكبیری ناوخۆوە دەگوزەرێ‌‌و گورزی كوشندەی لەئیرادەی سەربەخۆیی كوردستان داوە ئینتیما بۆ نیشتمان‌و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەخاتە گومانەوە !!
هەركەسێك خەونی ئازادی‌و سەربەخۆیی هەبێت دەبێت ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییەی لەلا روبێت كەوا لە هەرشوێنێك هاوڵاتیان لەبەردەم یاسا یەكسان نەبوون، تاوانباران‌و خۆفرۆشانی رۆژگاری داگیركاری سزا نەدرێن، ناتوانرێت حكومەت‌و دەسەڵاتەكەی پێگەیەكی بە هێزی هەبێت‌و لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ‌وهاوڵاتی بوون بناغەیەكی بەهێز دابمەزرێت. كورد ناتوانی بە مافەكانی بگات هەتا ئەم خەوش‌ونەنگیانە لەخۆی دانەماڵێ‌و بەهۆشیاری‌و بەیاسا كۆتایی بەرەفتاری لە مێژینەی خۆفرۆشی‌وجاشایەتی نەهێنێت، پێناچێت نەلە ئێستاداو نە لەرابوردوشدا جوڵانەوە سیاسیە باوەكانی كورد، داوای روخانی صدام‌و رژێمەكەیان كردبێ‌‌و بەشوێن مافی چارەنوسی كوردەوە بووبن، بەڵام با گریمانەی ئەوە بكەین ئەوان لەوەختی جیاوازدا هەلومەرجیان لەبەرچاو گرتووەو وەك تاكتیكی قۆناغێكی دیاریكراو نەیانتوانیوە ئامانجی بنەرەتی ڕابگەیەنن، بەڵام نە لەسەروبەندی روخانی بەعسدا كە ئەمریكا پێویستی بەكورد بوو، نەدوای روخاندن‌و هەلوەشاندنەوەی دەولەتی عێراقیش ئەوەی لە هەگبەیاندا نەبوو جیابوونەوەو پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بوو، لانی كەم دەتوانرا بەمەرج بەشداری پێكهێنانەوەی دەولەتی عێراق بكرایە وەك ئەگەرێكی چاوەروانكراو ئەگەر عێراقیەكان پەیوەست نەبوون بەبەڵینەكانیانەوە، ئەمان لەو دەولەتە بكشێنەوە، بەداخەوە وەكو خەونی سەربەخۆییان نەبوو بۆ كوردستان، خەونی لەنێوبردنی فاشیزم‌و توندرەفتاریشیان نەبووە، ئەمە یەكێكە لەخەوشە گەورەكان كە تائەوپەری تۆوی نائومیدی لەكوردستانی باشور بڵاوكردەوە.
كاتێكیش بوونە شەریكە بەش لەداهاتی عێراق‌و بودجەیان پچڕی، برابەش بەشیانكردو كەلێنێكی گەورەیان خستە نیوان خۆیان‌و خەڵكەوە، سەركردایەتی‌و خزمانیان بوونە هاوڵاتی پلەیەك‌و ئەندامانی سەرویان پلەدوو ئەندام‌و كادری خوارەوە پلەسێ‌‌وخەلكی نارازی‌و بیلایەنیش بەگشتی بوونە بێ‌ پلەوپایە، ئیتر ئەو نیازە ئاشكرابوو كە ئەوان نەك بەدوای سەربەخۆیی‌و چارەسەری كێشەی كوردەوە نەبوون، تەنانەت بەدوای عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و سەروەری یاساشەوە نەبوون، ئەی خۆ بەخۆرایی نیە لەدوای دارمانی بەعس تۆمەتبارانی كۆمەلكوژی‌و ئەفسەرانی سوپاو دەسەڵاتدارانی بەعس دالدەدەرێن‌و بێگوێدانە یاساو مافی ئەو قوربانیانەی ئێستا گۆربزرن، لەبری سزادانیان پلەو پایەی بڵندیان پێدەدرێت. !! ئەمە پەردە هەلمالینێكی ئاشكرای حەقیقەتێكە كە شەڕی ئەوان بۆ ئازادی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی نەبووە، بەڵكو شەری بەشداری كردنی دەسەڵاتیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق كردووە بەسەركوتەكانیشەوە. گوێنەگرتن لەداوای خەڵك‌و تەقەكردن كوشتنی خۆپیشاندەران لە 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایدا سەلمێنەری راستیەكانن.
ئەگەر لانی كەمی مەیلی ئازادیان هەبوایە، یەو پێیەی گەلی كورد زوڵم‌و ستەم‌و زوخاوی كۆمەڵكوژی زۆری بەدەست دەوڵەتی عێراقەوە چەشتبوو، دەبوو ئەم میللەتە لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵیدا هەناسەیەك بدات‌و ئازادیەكی وای بۆ فەراهەم بكرێت، كە شایانی بێت، هەرهیچ نەبێ‌ كەمێك برینەكانی رابوردووی سارێژبن. ئیمكانی ئەوە هەبوو زۆرترین رادەی ئازادیی كە توانای بەدیهاتنی هەبێت فەراهەم بكرێت. كەچی زەق بەبەرچاوانەوە لەپێناوی سوودی تایبەتی كەمینەیەكدا ئازادی میللەتێك پێشیلدەكرێ‌. لەو بودجەیە ئیمكان هەبوو 100 بەرامبەری ئەوە بكرایە كە كراوە، بەڵام ئەفسوس.. ستەمكاری لەبەرگی ئازادیدا خۆی نمایش دەكاو خەریكە بەپاساوی لاواز منەتباریشی دەكەنەوە بەوەی دەڵێن: ” باشنیە عەرەبێك داوای پێناسەتان لێناكات” ؟! لەم كاتەدا ئەو قسە لەجێگەی خۆیدایە كە دەلێت: ( كێ‌ بەقەد ئەوكەسە كۆیلەیە، كە بێئەوەی تامی ئازادی چەشتبێت، خۆی بە ئازاد بزانێت). 
هەر زوو ناسنامەی خۆیان وەك هێزێكی سەركوتكەرو چەپێنەرخستەروو، لەبەرەبەیانی ئازادیدا پەلاماری شوراكانی خەڵكیانداو ووتیان بەلێ ئێمەش ئازادی دەكوژین، لەبریی ئەوەی بیرلەوە بكەنەوە خۆ لە كویلەیەتی‌و خۆبەكەم زانی رزگار بكەن، لەو دەرفەتە هەڵكەوتووەدا شارستانییەتی نەتەوەیی پێش بخەن، لەبری ئەوەی بەدوای نهێنیەكانی ئەنفال‌و جینۆسایدو زەرەروزیانەكانی لەلایەك‌و دەستكەوتەكانیشی لەلایەكی ترەوە بن، لەبری ئەوەی كادری خۆماڵی پێبگەیەنن‌و پێشی بخەن، كۆمەڵگەیەكی مەدەنی دابمەزرێنن، كەچی هیچكام لەمانە بەهەند نەگیران‌و دەستی ئەو هێزە كۆنەپارێزانەیان گوشییەوە كەدان بەبوونی كورد دانانین وەك نەتەوەیەك چ جای مافەكانی ؟! لەعێراقدا بەناوی برایەتی كوردو عەرەبەوە دەیانەوێت ئینكاری بوونی كورد بكەن وەك نەتەوەیەكی جیاواز، رونتربلێم كاتێك تورك‌و عەرەب دەلێن كورد برامانن نیازێكی شۆڤێنیانەیان لەم دەربرینە هەیە، چونكە دەیانەوێت بلێن لەبنەرەتەوە ئەوان وەك ئاین‌و نەتەوە لە ئێمە جیاوازنین، بەڵكو ئۆمەتی ئیسلامن‌و لەرووی شێوە زارو كلتورەوە جیاوازن دەنا هەر تورك یان عەرەبن. كەچی سیاسەتمەداری كورد گەرم‌وگورتر لەوان باس لەو برایەتیە دەكات، كەنیازی سرینەوەی لەپشتەوەیە نەك نیازپاكی. قسەوكاری چالاكوان‌و كادیر‌و پسپۆری كورد، بەهەند ناگرن‌و هەرچی قژ زەردو چاوشینیشە ئەگەر تا ئەوپەریش هیچ لەبارنەبووبن دەبنە پرۆفیشناڵ‌و كارزان.
لەماوەی دەسەڵاتدارێتی ئەم دوو حزبەدا هەمیشە وێنەی گایەكی دزراوم لەبەرچاوە كە جاربەجار بەگوڵمە گۆشتی گاكەی خۆمان خەنیمان دەكەن، لە بری دەستكەوتە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەكان بەدەستكەوتی حزبی خەنی بوون، بیری تەسكی حزبایەتیی ئەوەی بەدەستیش هاتبوو پوكاندیانەوە؛ باس لەدیموكراسیەت دەكەن‌و خۆیان لە كۆنەپارێزییدا هێشتووەتەوەو بەرگریی لەلۆژیكی خیڵایەتی‌و بنەماڵەیی دەكەن. لەكاتێكدا ئەم دنیابینیە لەمێژە گورزی كەمەرشكێنی لەئامانجی نەتەوەیی داوەو بە ئاسانی ئامادەی چەكهەلگرتن‌و رەفتاری جاشایەتی بوون كەدەوڵەت پێویستیان پێی بوبێت. 
نەخۆشییەك بەرۆكی ئەم میللەتەی گرتووەو بەدرێژایی مێژوو نەیویستووە بە ئازایانە دەستبخاتە سەربرینەكانی هەتا لە واتای راستەقینەی ئازادیی تێبگات، بەڵكو لێی هەڵهاتووەو بەهای ئازادیی نەناسییوە؛ وەكو ولهێلم ڕایش دەلێت: ( ئەگەر كەسێك بۆیەكجار چێژی ئازادی كردبێت هەرگیز دەستبەرداری نابێت مەگەر بەمردنی)   دەسەڵاتدارانی كوردستان‌و تەنانەت خەڵكیش ئەگەر بەهای ئازادیان بزانیبایە هەر بەپاراستنی دەستكەوتەكان نەدەوەستان بەڵكو دەولەمەندیان دەكرد. كەبەناوی پاراستنی دەستكەوتەكانەوە نەتوانی لەپێستی خۆتدا بجولێیت، ئەوا بۆت ناپارێزرێ‌ بەڵكو ئەوەی هەشە لەدەستی دەدەیت.  لەكاتێكدا جیهان بەگشتی‌و عێراق بەتایبەتی لەبەردەمی گۆرانكاری گەورەدابوون، بەعس لەقەراغی گۆر گوێی دەلەرزی ئەوان بە ئێستاشەوە سەرگەرمی دوبەرەكی‌و دوو ئیدارەیی‌و ناكۆكی حزبایەتی بوون، ئەوە بەڵگەیە كە بەهاكانی ئازادیان بەلاوە گرنگ نیە، دەنا چۆن بەخوێن‌و ئارەقەی شەری ناوخۆوەوە دەچوون بۆ پێكهێنانەوەی دەوڵەتی عێراق ؟ 
وەك رۆژی روناك دیاربوو عێرا ق دەروخێ‌‌و لەم تەنگژەیە رزگاری نابێت، كەچی لەبری ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوەو خۆیان بۆ ململانێی داهاتووی بەغدا ئامادە بكەن، بەیەكگرتوویی‌و كارتی جینۆسایدەوە بچنە پێشەوە، كەچی كە دەوڵەتی عێراق هەڵوەشایەوە، ئەوان كاتێك بەپەرۆشەوە بۆ پێكهێنانەوەی رۆیشتن بۆ بەغدا، كەخۆیان بەلەتكردنی حكومەتی كوردستان عەیبدار بوون..! وەك بلێی كورد بەبێ‌ دەولەتی عێراق گورگ دەیخوات، ئەمەش هەر پێچەوانەكەی راستە، چونكە لەهەر دەرفەتێكی گونجاودا دەولەتی عێراق ئامادەی پەلاماردانی كوردستانە، وەك بەشداری پێكهێنانەوەشیان كرد، ئەوەی مشتومرو قسەیان لەسەرنەكرد كارتی جینۆساید‌و چارەسەری كێشەی كورد بوو، دەلێن: كورد لەعێراقدا كێشە نیە، بەڵكو چارەسەرە، لەراستیدا كیشەی كورد لەعێراقدا زۆر گەورەیە، راستە بەتەنیا هی كوردنیە بەڵكو هی دەولەتی عێراقیشە، دەوڵەتێك ئەگەر بخوازێ‌ تەندروست‌و روسوربێت بە پاراستنی مافی مرۆڤ دەبێت یەكەمین كێشە كەچارەسەری بكات كێشەی نەتەوەیی كورد بێت. بەڵام بەكارنەهێنانی ئەم كارتانە مژدەیەكی گەورەبوو، بۆ سیاسەتمەدارە عێراقیەكان‌و ئەمریكاییەكان، چونكە زانیان كورد داواكاریەكانی زۆرگچكەیەو هێشتا لەگوێی گادا خەوتووە.

 

عومەرمحمەد

Previous
Next

Leave a Reply