Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كێشەكان بەرەوكوێمان دەبەن؟

كێشەكان بەرەوكوێمان دەبەن؟

Closed

 رامانێك لە كتێبى"نەوەكان و گەڕەلاوژەكانیان" ى ئیسماعیل حەمە ئەمین…..
 ئارام سدیق…….

  هەموو كۆمەڵگەیە بۆ ئەوەى لە قۆناغێكەوە هەنگاو بۆ قۆناغێكى تر بنێت پێویستى بەوە هەیە نەوەیەكى خاوەن خەون و گۆڕان هەیە، نەوەیەك كە بتوانآ رێبەرایەتى كۆمەڵگە بكات خاوەنى روانین و ئەندێشەى نوآ بێت. هەر كۆمەڵگەیە خاوەنى ئەو نەوە نوێیە نەبێت هەرگیز گۆڕان تێیدا روو نادات  ئەگەریشى زۆر لاواز دەبێت. ئەو كۆمەڵگایانەشى خاوەنى نەوەى نوێ و چالاكن و خولیاى گۆڕانیان هەیە بێگومان نەوەى پێشوو ململانێى ئەو گۆڕانانە دەكات و ئەوەندەشى بۆى بكرێت رێگرى هەر چالاكیەك دەكات. نەوەكان لە هەموو سەردەمێك و قۆناغێكى سیاسى و كۆمەڵایەتیدا بەرپرسیارن لە هەر گۆڕان و جۆڵەیەك كە لە كۆمەڵگەكەیاندا روودەدەن و ئەم بەرپرسیارێتیەش بەتەنها لایەنێكى ژیان ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو لایەنەكانى ژیان دەگرێتەوە. ئەوكاتەشى كۆمەڵگەیەك لە شوێنێكدا چەق دەبەستێت نەوەكان لێى بەرپرسیارن و ئەوانە لە پێشكەوتن و گۆڕانى ئەو كۆمەڵگەیە خەمساردبوون.
 بێگومان هەر كۆمەڵگەیەك خاوەنى نەوەیەكى چالاك و وشیار نەبوو ئەو كۆمەڵگەیە بەرەو چەقبەستن و داخوران دەڕوات. هەركۆمەڵگەیەكیش خاوەنى ئەو نەوەیە بوو و میكانیزمێكى دیاریكراویانت نەبوو بۆ كاركردن ئەوا لەو حاڵەتەشدا ناتوانرێت بە نەوەیەكى تەندروست ناوى ببرێت و بەرهەمى ئەو نەوەیەش تەنها گەڕەلاوژە نانەوە و دروستكردنى فەوزایە، فەوزایەك كە نە دەتوانن خزمەت بە كۆمەڵگە بكەن و نە دەتوانن خزمەت بە خودى خۆشیان بكەن. نمونەى ئەم جۆرە نەوەیەش كە ئێمە بە نەوەى بآ بەرنامە و بێ میكانیزمیان  ناودەبەین لە ئێستاى كۆمەڵگەى كوردیدا نموونەى بەرچاو هەیە. بەشێكى زۆرى نەوەى ئێستاى كۆمەڵگەى ئێمە نەوەیە هیچ بەرنامەیەكى بۆ ئایندەى خۆى نییە و هەر كارێكیش دەیكات بەبێبەرنامە و عەشوائیانە رێگاكان دەگرێتەبەر و هەنگاو دەنێت.
 ئەوەى مەبەستى سەرەكى ئەم نووسینەیە قسەكردنە لەسەر كتێبى (نەوەكان و گەڕەلاوژەكانیان) كە كتێبێكى بەنرخى "ئیسماعیل حەمە ئەمین"ە و كۆمەڵە وتارو لێكۆڵینەوەى لە خۆگرتووە و كۆى وتارەكان قسەكردنى هەنووكەیین لەسەر ئێستاى كۆمەڵگەى كوردى قەسەكردنێك كە ژاوەژاو نەبێت و پێشنیارى نوێى هەبێت بۆ خزمەتكردنى زانستیانەى كۆمەڵگەى كوردى، پێشنیارگەلێك كە بۆ قۆناغى ئێستاى كۆمەڵگەى ئێمە خاوەنى گرنگى و تایبەتمەندى خۆى بێت. ئەم كتێبە لە رێى (20) وتارى جیاجیاوە دەیەوێت قسە لە كۆى سیستمى پەروەردە و خوێندنى وڵاتى ئێمە و هاوكات ئەو شتانەشى كە هەڵاى لە كۆمەڵگەى ئێمەدا ناوەتەوە و پرسى سەرەكى و هەنووكەیین لە كۆمەڵگەى ئێمە بكات.
 كاتێك دەست بە خوێندنەوەى ئەم كتێبە دەكەین یەكەم شت كە هەستى پێدەكەین بەرپرسیارى رۆشنبیرە لەبەرامبەر كۆمەڵگە و تاكەكانیدا ئەوە هەست پێدەكەین كە نووسەر خۆى بە بەرپرسیار زانیوە.  ئێمە لەم نوسینە كورتەدا ناتوانین ئاماژە بە هەموو خاڵە جوانەكانى ئەك كتێبە بكەین، بەڵام هەوڵدەدەین بەشێوەیەكى خێرا ئاماژە بە یەك دوو وتاریان بكەین. نووسەر لە وتارى (تیرۆر و سێكسوالیەت) باس لە مەترسییەكانى گروپێكى وەك گروپى شێخ زانا دەكات و هۆكار و دەرئەنجامەكانى سەرهەڵدانێكى گروپێكى لەو جۆرەى لە كۆمەڵگەى ئێمەدا خستۆتەڕوو. هەروەها  نووسەر ئەم دیاردەیە بە دیاردەیەكى نوآ نازانێت، بەڵكو بە دیاردەیەكى مێژینەى دەزانێت و پێیوایە ئاشكرابوونى ئەم دیاردەیە تازەیە نەك بوونى كۆى دیاردەكە. تیرۆر و سێكس كە دوو پێكهێنەرى باندەكەى شێخ زانا بوون نووسەر بە دوو چەمكى تێكڕژاو و ئاڵۆزى دەخاتەڕوو و پێیوایە بەبآ تێگەیشتن لەم دوو چەنكە ناتوانرێت لە هۆكارەكانى دروستبوونى ئەم باندە بخرێتەڕوو. نووسەر لە درێژەى ئەو وتارەدا ئەو پرسیارە دەخاتەڕوو كە بۆچى ژیانى سێكسوالیەت لە كۆمەڵگەى كوردیدا بەو شێوەیە خۆى دەخاتەڕوو؟ ئایا ئەو هۆكارانە چین كە كاریگەرن لەسەرتاك بۆ ئەوەى ژیانى سێكسى بەو شێوە بخاتەڕوو؟ بێگومان تێگەیشتن لەو حاڵەتە كارێكى ئاسان نییە، هەروەها خستنەڕووى ئەو جۆرە لە سێكسوالیەتى دوژمنكارانەیە كە سیماى ئەم گروپەبوون دیسان كارێكى ترسناكە. لە دواجاردا نووسرە لەبارەى گروپەكەى شێخ زاناوە ئەو دەخاتەڕوو كە كەسەكانى نێو ئەو گروپە هەم خۆیان جەلادن و هەم خۆشیان قوربانین. كۆكردنەوەى هەر دوو چەمكى (جەلاد و قوربانى) لە نێو تاكێكدا یەكێكە لە ئیشە سەرەكیەكانى ئەم وتارەى ئیسماعیل حەمە ئەمین و لێرەو راڤەى كاركردنى ئەو گروپەى بەشێوەیەكى ورد كردووە.
 لە وتارى "نەوەكان و گەڕەلاوژەكانیان" نووسەر ئەوەى خستۆتەڕوو كەى نەوەیەك لە گەڕەلاوژە دەكەوێت، یان كەى فێرى ئەوە دەبێت كە گەڕەلاوژە بكاتە گوتارى سەنگین و  نووسەر بە درێژەى باسى لە شۆڕەكانى خوێندكاران و لاوانى فەرەنسا كردووە و ئەوەى خستۆتەڕوو كاتێك كە گەڕەلاوژەى نێو شەقامەكان دەست پێدەكات واتە درز كەوتۆتە نێو سیستمى كۆمەڵایەتى ئەو كۆمەڵگەیەوە و كۆى ئەخلاقیاتى ئەو كۆمەڵگەیە وشیار دەكرێتەوە لە ئەگەرى ئەو درزە.  نووسەر پێیوایە پاش زیاتر لە (14) سالأ كە بەسەر گەڕەلاوژە و بۆڵەبۆڵى نەوەى نوێى كۆمەڵگەى كوردیدا تێپەڕێ,ە كاتى ئەوە هاتووە ئەو نەوەیە ئەو بۆڵە بۆڵ و گەڕەلاوژەیە بكاتە گوتارى ئازادانە و بوێرانە داواى مافە سەرەتاییەكانى خۆى بكات و ئەو رووبەرە ئازادییەى كوردستان كەش و هەوایەكە كە تاك دەتوانێت ئاسوودەتر داواى مافەكانى بكات و بە سیستمتر لە داخوازییەكانى بڕوانێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو كە لە ئێستادا دەبێت منداڵەكانى شۆڕش بە شان و باڵى شۆڕشدا هەڵنەڵێن بەڵكو گومان لە شۆڕش بكەن و كۆى سیستمى كۆنزەرڤاتیڤى كۆمەڵگە بخەنە ژێر پرسیارەوە رێگە بە پیرۆزكردن و موقەدەستگەرایى نەدرێت.
 ئەوەى لێرەدا خرایەڕوو تەنها بۆ ئاشنابوون بوو بە بەشێكى ئەم كتێبە و گرنگى كتێبەكە بۆ نەوەى نوآ و وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارەى كێشەكان بەرەوكوێمان دەبەن؟ و ئاشناكردنى ئەو نەوەیە لەو كێشانەى لە ئێستاى دنیاى كوردیدا هەیە و كۆى ئەم كتێبە قسەكردنە لەسەر  گۆڕانە هەنووكەییەكانى كۆمەڵگەوى ئێمە كە لە سآ ساڵى رابردوودا روویان داوە، یان دەتوانین بڵێن قسەكردنى رۆشنبیرێكە كە بەئاگارییەوە نوسیویەتى و بۆچوونەكانى بەرهەمى رامانى قوڵ و بیركردنەوەى چارەسەر ئامێزانەیە، ئەمەش بەو دەلیلەى كە لەگەلأ هەموو وتارێكدا بێجگە خستنەڕووى كێشەكە چارەسەر و میكانیزمى شیاوى چارەسەر خراوەتەڕوو.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.