Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

كە كوپێك پڕ دەبێت لە شەراب.. تەنیاییم ئازارى لىَ دەڕژێت

Be First!
by July 11, 2008 ئەدەب

 من لەناو قەرەباڵغیدا.. ماڵێكم هەیە لە تەنیایى
 لە دڵى ئاودا شەراب دەژمێرم
 لە پێكەنیندا لێوەكانم گوڵ دەگرن
 من لەناو بەفردا ئاگر دەتوێنمەوە
 من كوڕى خودام
 قەترەیەكم نییە بۆ ژیان
 دەفرێكم هەیە بۆ مردن..!
 كوپێكم نییە بۆ عەشقى قەترانیت..
 ئەى تاقانەترین یار..،
 وەرە لەم ئاژاوەیە بمبەرەوە سەر تایەفەى ڕەنگى پێستت
 ڕێگەم بدە سیگارێك داگیرسێنم لە بەردەم ترسى خۆكوشتن
 ئەى موسیببەتتر لە بیركردنەوە و
 تاقەت پڕوكێنتر لە خۆم؛ 
 بتەكانى توێى سنگم بشكێنە
 تا لەم وێستگەى كوانووەدا نەبوومەتە شەختە.!
 عەللاگەیەك لە گومان هەڵگرە
 دڵۆپێك لە ئاو.. ببەخشە بە گەڵا سەوزەكان و..
 پێم مەڵىَ: لە كۆترێك رانابینم باڵەكانى لىَ قەرزكەم
 نا هاوڕێم: توانام هەیە لەم تاعوونەدا گوڵ لە ڕوومەتت بڕوێنم
 سوژدەكانت بسپێرم بە فێنكیى سینییەك شووتى
 سووریى باوەشێك فەرەنكى بەسەر لێوانت بڕژێنم..!
 دڵتەنگ مەبە..،
 تەنیا خۆكوشتن خەڵتانى ڕووناكیمان دەكات
 تاریكیمان هەڵدەوەرێنێت..!
 ئەى موسیبەت..،
 تەماشاكە.. بێتاقەتترم لە خەم
 وەڕسترم لە چنگێك ڕێحانى ناو دەستى جەللادێك
 وەڕسترم لەژیان.. 
 گیانم بە تەنافى نامۆییتدا هەڵواسیوە
 ئیتر..،
 هەر خەم شك دەبەم بۆ دڵدانەوەم
 لێگەڕىَ بە خودا بڵێم: ژیان بە بۆنى عەشق و
 مردن بە تامى گێڵاس و
 هەنگاو بە پیاسەى ڕۆیشتنى ئێوارەوە جوانە..
 چاوەكانت وەكوو توویەك بتروكێنم و 
 بڵێم: سوێند بە ڕێواس.. لە باخچەى خەیاڵت دەڕوێم
 سەیرە..،
 تەمەننام سەوزترە لە توێكڵى ترۆزى
 دەوەڵڵاهى.. كەلەم بە تامترە لە تەبسیى ماچ
 باینجان ڕەشترە لە نینۆكى پەنجەكانى یار
 پرتەقاڵ تەڕترە لە باران
 خودا رووتترە لە بەفر..!
 ئەمشەو..،
 چارەگێك عەرەقى فەلى باوكایەتى دەخۆمەوە و
 بە پێكەنین دەڵێم: گریان چۆنە؟
 كە چوویتەوە لە ئەحواڵى "با" بپرسە و
 پێى بڵىَ: هاكا شەقامەكەى ئەوبەر هاتە سەر سنگى بێزاریت..!
 ئاه..،
 خۆزگە دەتبینى كە قرچەم دەهات وەك شكانى چیلكە دارێك
 خۆزگە دەتبینى كە باخچە پێدەكەنێت..
  ئاو چۆن تەریق دەبێتەوە و
 ئینجانەكان.. بە پێى پەتى دەچنەوە بەردەم پەنجەرە،
 ڕەنگە..،
 بتێك بە خودا بڵێت: كاممان موقەددەسترین؟
 ئەى عەشق؛ بۆنى هەناسەم دەلەرزێت..
 پیاوێك دەڵێت: دەستت بگرە بە دڵتەوە و
 بڕۆ.. تا هەنگاوت تۆزێك ڕۆیشتنى تیایە
 بووەستە و
 بە نیگایەك.. یار ئاشت كەرەوە لەگەڵ تۆران..!    
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply