Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

لاواندنەوەی برۆدسکی…… دڵشاد عەبدوڵڵا

Be First!

هیچ کەس دوورگە نییە
…… جۆن دن

بڕۆدسکی نوستووە. لە دەوری ئەویشدا
ڕووسیاو هەموو قەیسەرەکانی، سەرکردە شیوعییەکانی
نوستوون.
سوپای ناپلیۆن لە بەرانبەر سوپای کۆتۆزۆف
سوپای سوور لە بەرانبەر هی هیتلەردا
بەهەموو تەدارەکی جەنگەوە نوستوون
دیمەنەکان وا نیشان دەدەن: شەڕەکان تەواو نەبووبن!
مەیدانەکان بە چەتری ژنە کەلوپەل فرۆشەکانەوە
بەکورسی‌و مێزی چایخانەکانەوە
بەپیرەمێردەکانەوە، کە دانیشتوون بەدیار هەواڵی بەرەکانەوە
بەپەرداخی پڕ ئاو بەدەست سەرسامیەوە
بەچای ناو پیاڵەو ئیستکانەوە
بەقەڵەمی ناو دەست‌و پەنجە
بەچاویلکەی کزی چەماوە
بەدیار رستەی خەواڵووەوە، هەموویان نوستوون
ئاگرەکان نەکوژاونەتەوە
چراکان خامۆش نەکراون
ئوتۆمبیل بەوانەشەوە کە چەک‌و تفاق‌و بریندار دەگوازنەوە
شەمەننەفەر بەبارو سەر نشینەوە
بەوانەوە کە ئاڵایان بەدەستەو لەوێستگەکاندا
رایاندەشەقێنن هەموویان نوستوون
ژیانێکی تر چاوەڕێ دەکا
  لەو شوێنەوە دەست پێ دەکا

بڕۆدسکی نوستووە، جۆزیف بڕۆدسکی.
هەندێک ناوی بەیوسف دەبەن، دەیبەنەوە
سەر تیرەی خۆیان. ئەویش لە لایەن براکانیەوە
خرایە ناو بیری یەکێتی سۆڤیەت‌و بەرژەوەندی باڵای کۆمۆنیزمەوە.
بڕۆدسکی لە تیرەی ئاو بوو
بۆ هەمووان رژابوو
هەر کەسە‌و دەفری خۆی لێ پڕکا
تەمەنی گەیشتبووە شەست‌و پێنج هێشتا مناڵ بوو
کە من ناسیم قژی بۆ دواوە هەڵدابووەوە
ناوچەوانی چۆم‌و جۆبار بوو
هەر لکەکی لە جێیەک هاتبوو دەچووە سەد جێ
تێکەڵی ئاوی بچووک‌و هی گەورە دەبوو
وەکی دی بەردێکی لووس بوو
هێندە باری گرانی بەسەردا چووبوو دەبریسکاوە
بەجلێکی خۆڵەمێشی خاڵدار لە لێوارێکی (بۆستن)دا
بەدیار باڵندەی کۆچەری ئەو دنیایە هەڵتووتابوو
دەتووت چاوەڕێی کەشتییەک دەکا
خۆی‌و جووتێک لە هەرچی بوونەوەرە
هەڵیانبگرێ، بیانباتەوە بۆ کوێ؟
لافا‌و هەموو شتێکی لە بیر بردمەوە.

شەو لەسەر شەقام‌و ناو دارستاندا نوستووە
پەنجەرە لە لا پاڵی ماڵ
دەرگا لە بەردەمی رێبوار
درەخت بەلق‌و پۆپ‌و گەڵاوە بەجریووەو
باڵەفڕەی مەلەکانەوە نوستووە
خەو لەشکرێکی سپییە لە بەرانبەر سوپای رەشدا
بەشمشێری گوڵ جەنگییە
کەس دڵی لای کەس نییە
دنیا بێباک نوستییە
شاعیر شەرعی خۆی کردییە
ڕمەکان نووکیان لە دڵی بڕۆدسکی چەقاندییە
پەتی سێدارە لەبەر بەفرو تریفەدا هەند غەریب خۆی نواندییە
تابلۆکە کەس نەیکێشاوە
خۆی خۆی نەخشاندییە
خەو چوارچێوەی بۆ دروست کردییە
سەرو بۆری بۆ داناوە قافیەی ترازاندییە
تەنیا مردووەکان زەرەریان کردییە
ئەوان بەخەو جەنگیان دۆڕاندییە
زیندوو بەو چەکە پشتی جەنگی گەورەی شکاندییە

بڕۆدسکی نوستووە، شەیتان بەشەیتانی خۆی نەیتوانی
نەنووێ. رێوی بەو هەموو فێڵبازییەوە
ژەهر بەهەموو تاڵییە هەموویان نوستوون
لەسەر پشت‌و لەسەر لا یا بەدەمدا
ئیماندارو بێئیمان
کارو سەرمایە
رێک‌و ناڕێک جوان‌و ناشیرین
لە فیلەوە تا مێروولە بەوانەی سێرکیشەوە
هەموو نووستوون
ئاسنگەر بەدیار کوورەوە
دوکاندار بەدیار کڕیارەوە
ژنی نیوە رووت بەدیار تەماشاکەرانیەوە
پشیلە بەدیار مشکەوە
یاریکەری هەڵخلیسکانێ بەدیار بەفرەوە
بادە بەدیار پیاڵەوە هەموو نوستوون
کە بڕۆدسکی نوست دەمێک بوو جۆن دن نوستبوو
خۆی‌و برادەرە شاعیرەکانی بەدیار میتافیزیقیاوە
کە هەموو شتی تێک دەدا
خواو بوونەوەرەکان
خۆی‌و ئەسپێ هەردووکیان بوون
خوێنی خۆشەویستیان لە جەستەی بچووکدا
تێکەڵی یەکتری دەکرد، کەسیش بەو کەین‌و بەینەی
نەدەزانی. جۆن دن سەروەری ئینگلیسی
لەو زیندەوەرە دۆزییەوە بڕۆدسکی هی رووسیای
لە باڵندەی بەرزەفڕدا
ئەو بەچاوی ئەو مەلانە وڵاتی دەدی
ئەویش هێندە دوورکەوتبووەوە
خاڵێکی ڕەش دەبینرا لە دوورەوە
جا وڵات بۆ هێندە بچووک ببووەوە
لە بەرزاییان نەبینرێ؟
ئێوارەیەکیان، بەر لە نوستنە گەورەکە
بڕۆدسکی هەر خۆی‌و زێدی بوون پێکەوە
دەمزانی تازە کار لەکار ترازاوە
کەوتۆتە نێوانمان حەڤت کێو
ئەو کێوانە پڕن لە دزو جەردە
لە خەفیەو ئەغیار
تەنیوویانە هەرچی عەردە
چی بێژم جانانە بەچی باوەڕت پێ بێنم
کە تۆ هێندەی چارۆگەیەکت نەماوە
بیدەی بەشانی رووتی ئانا ئەخماتۆفا؟
لێرەوە تەورت نارد بۆ ئەو سەری دنیا
بۆ کوشتنی تڕۆتسکی
باوەڕ بەچیت بهێنم چۆن متمانە بکەم پێت؟
ئەو هەموو خەڵکەت بۆ بردە سیبریا
بۆ خۆراکی بەفربوو؟ جا بەفر ئەو هەموو
لاشە لاوازو شەکەتەی بۆچی بوو؟
بۆ کێ دەیهاڕین؟
سوپاسی خەو دەکەم کە هات‌و هەموومانی
بردەوە لای خۆی. سوپاس بۆ مردن
ئەوەی هەبوو هەمووی بەپێوانەی خۆی پێوای
کامەمان خەونی زۆر بوو ئەو دەوڵەمەند بوو
هەژار ئەوانە بوون کە خەونیان نەبوو
خەونی شەوێکیان بەهەزار دەردی سەری پەیدا دەکرد
خەونی سبەی، خوا خەونی سبەینێیە!
دەزانم خوا ئەوەیە کە سبەی لەگەڵماندا دەژی
بەڵام ئەویش پێویستی بەخەونە
بۆ سەردەمێکی ترو ژیانێکی تر

بڕۆدسکی نوستووە، باڵە قورسەکانی لەسەر کەنار
راخستووە. من‌و دەیان شاعیری خۆرهەڵات بەڕێووەین بۆ لای
دەیان شاعیری خۆرئاوا بەڕێووەن بۆ لای
بەشەرعی ئەو هەموومان باڵندەین
چ تۆڕێک خەونی زڕ بەو هەموو باڵندەیەوە دەبینێ؟
چ راوچییەک سێرەی گرتووە لێمان؟
کۆچی باڵندە ئاوهایە
هەندێک دەپێکرێن
هەن باڵیان دەشکێنرێن
کەچی هەندێکیان هەر دەگەن بەدارستان.
مەل بەگەورەو بچووکی نییە
ئای ئەگەر گەیشتم‌و نەپێکرام
بەچاوی خۆتان دەبینن
چۆن هێلانەم پاراستووە
نەمهێشتووە گوناە بیگاتێ تاوان تێکی دا
چۆن گریانم کردۆتە شوورە بۆ قەڵای ژیانم
ئەو هەموو تیرە ژەهراوییە نەیپێکاوم چوزانم
دەنگم ئەگەر بڵندیش نەبووبێ لە بڵندانەوە هاتووە
خووی بەفری گرتووە بەکلوو باریووە
زمانم بەڕەنگی ئەو نەخشیووە
شاعیری بەفریش بم هی کلووەکانیمە
گیرۆدەی زیندەوەرە بچووکەکانیمە

ئەو خەونە نارنجییە تۆخانە کە دەڵێی ژەنگن بەژیانەوە
نووساوون، کە بەری قورسن بەلقی نائومێدیەوە
هاتوونەتەخوارێ، کێ لێیان دەکاتەوە؟ کە باخەوان هەموو
نووستوون، کە فریشتە نوستوون، کە سوارە بەفرینەکان
نوستوون. ئەو بەفرە هەتادێ بەرزتر دەبێتەوە
چەند تەنیا ئەو هەموو ڕوحەماندووانە دەگێڕم
چ زەنگێک بەئاگایان دێنێ، کە مەسیح نوستووە،
حەللاج‌و مەولاناو کێ‌و کێ بەدەورییدا. سفرە
پڕە لە ئازار کێ پێشتر دەستی بۆ دەبا، کێ تادوا
تام دەیخوا، تا دوا قووم دەینۆشێ؟
ئەوە جەستەی شاعیرە لە بەردەمتاندا، ئەوە خوێنی پڕ
لە ئاوازیەتی لە گەرووتاندا. هەریەکەو لەتێکتان، هەریەکەو
قومێکتان تا ماون نەوە دوای نەوە بیگێڕن.

بڕۆدسکی نوستووە، جۆن دن نوستووە لە پاڵی
فریشتەو شاعیرو سیحرباز
چەتەو ئەشقیا دڕک‌و گوڵ
شەڕو ئاشتی
هەموو دژەکان پێکەوە نوستوون
کە هەستان کێ دەڵێ هەروەکو خۆیان دەمێنن؟
خەون بەو رۆژەوە دەبینم بشکێ سنووری نێوانیان
بەو ئومێدەوە دەنووم
لەسەر چەرپایەکی شیندا
لێفێک دامدەپۆشێ پڕە لە باڵندە
کە کەس نەیتوانی نازیان بکێشێ
لەگەڵ خۆمدا بردمنە خەونەوە
ئای لەو هەموو باڵندەی خەونە لەو رۆژی حەشرە
کەس لێیان ناپرسێتەوە
دەنووکیان خستۆتە ژێر باڵەکانیانەوە
لەسەر چەرپایەکدا لیفێک دامدەپۆشێ شینە
دەبێ بنووم‌و بەس بێ ئەم  فڕینە

بڕۆدسکی چۆتە جەستەی ئەستێرەیەکەوە
دڵی بە زریووەی لێ دەدا
ئەوەی رۆی ناگەڕێتەوە.
سەرەتای 2008

 

Previous
Next

Leave a Reply