Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

لاوانەوەی دایکە شەهیدێک بۆ یادی گیران وشوونبزر بوونی ٢٣ شەهیدانی شەقلاوە…1

Be First!
by October 17, 2013 گشتی

 

 

 

 

(بەشی یەکەم)

 

دیسان پاییزە، وەرزی ماڵئاوا لە سەوزایی، وەرزی خەزان، وەرزی ئیلهام بەخش بۆ شاعیران. مژدەی خۆکۆکردنەوەو ئامادەگییە بۆهەمووان، بۆ رووبەرووی سەختیەکانی ژیان.  

هەموو ساڵێک بە تامەزرۆیەکی زۆرەوە چاوەروانی ئەم وەرزە ئەکەم. سۆمای چاوی یادگارییەکانم هەرچەند تاڵ وکوێریش بێ تیژ ئەبێتەوە، رۆحم لەگەل وێنەی یادەکاندا نۆژەن ئەبێتەوە. ساتێکی سەیرە، من وتەنیایی دوو هاورێی یەک سەفەر دەبین، راست و چەپی یەک دڵی پڕ خەم دەبین.  کەس بە قەد من لە پایز ناگات، کەس بە قەد من هەست بە ئازاری پەلک وەرین ناکات. ئەمێستاکە، من خۆم بووم بە پایز و کوڕەکانم لێ هەلوەریوە. عومرێکە من خوێنم لێ دەچۆڕێ. سیننەی پڕئاهو خەفەتم، هەورێکی ڕەشی دروست کردووە، شەوو ڕۆژ تریشقە ئەدا لە سەری جەنجالم، فرمێسک و خوێن ئەبارێنی لە چاوانم. من ئەمڕۆ خۆم پایزم، خۆم بەتەنیا چارە ڕەشم.

 خوای گەورە! هەموو کەس لە ساڵێکدا تەنیا یەک پایزی هەیە، بۆ بەشی من هەموو ڕۆژێک پایزە؟ من هەرچوار فەسلی سالم خەزانە، ئازار و ژانە. من ئەمڕۆ رەنگی پایزییم هەلگرتووە…. توخوا هاورێیان، خزمان… لێم مەگرن گەر ئێستا نەتان ناسمەوە.  ناحەقم مەکەن گەر سیمام وەک جاران بە خونچەی ڕووتان نەگەشێتەوە. كێ هەیە دەست بەرداری بەشێک لە جەستەی خۆی بێ؟ کام جەستە هەیە دەستبەرداری خوێن و ئێسقانی بێ؟ من دەزانم هەموو سەرەتایەک کۆتایی هەیە. من دەزانم هەنگ پاش هەلمژینی شیلە، بە ماچ گوڵ جێ دێلێ. باران بۆفێنک و تەڕبوونەوەی خاک بە بروسکە ڕوناکی، هەور جێ دێلێ. گەلای هەناریش تا زەردخەنە نەخاتە سەر رووی شەقاری هەنار، بنەکانی جێناهێلێ. هونەرمەندەکەی هاوسێشم تا بزە نەخاتە سەر دوا شاکاری، ناکات دوا مالئاوایی. هەموو ئەمانە شوێنپەنجەیەکی جوان، یادگارێەکی خۆش، بە دیاری لە دوای خۆیان جێدێلن.  بەڵام من کام لەمانەم هەیە بیگێرمەوە. بەهاری عومری من دوای١٦/١٠ کٶتایی هات. هەر چوار کورەکانم بە زەبری چەک دابڕێنران. لە جیاتی ماچباران، فیشەک باران کران. لە جیاتی ئامێزی گەرمی خۆشەویستی داک، بە گلکۆی تەنگی خاک، سپێردران. منێک نامەوێ یاخی بم لە یاساکانی سرووشت. بەلام چی دەبوو هەر بٶ دوا جار تێر تێر لە باوەشم بگرتنایە،  بەماچ فێنکم بکردنایە؟ ئای خوایە چ ڕۆژێکی ڕەش بوو، سەفەرێکی چ مەرگەسات بوو، رۆح لە جێیەکی قایم خۆی حەشاردابوو، دەرنەچوو. ئەبێ چ لەو دیمەنە دزێوتر هەبێ، ڕێگا نەدرێ دایک مالئاوایی لە رۆلەکانی بکا. گوێ بۆ دوا ڕازو سکالاکانیان شل بکا. داخێکە لە دلمدا،  تا دەمرم قەت ماڵئاوا ناکا.

 شەوێک پێشتر، شار جم و جۆلی تێکەوتبوو پشووی رەسمی بوو، جاڕی سەرژمێری گشتی درابوو، چەند لیواو فەوج و چەکدارێکی زۆر بۆ پاراستنی ئاسایشی شار لەسەر جەستەی ئەم شارە مۆڵ درابوون. هاولاتیان دەبووایە لەماڵ بن. شار بە ئارامی لە تەونی فێڵێکی گەورەی جالجالۆکەیی، چنرابوو. منیش لە بێخەبەری خۆم،  دلم چۆلەکەیەکی بێ ئۆقرە بوو. لە خۆشیان خەریک بووقەفەسی سینەمی جێئەهێشت . هەموو ئەندامانی خێزانەکەم دوای ماوەیەک لێک دابڕان، زەردەخەنەو  یادگاریەکانمان ئەگۆڕیەوە، پلانی خۆشترین خواردنی بەیانیمان دائەنا. تەشریبی پاقلە بە پونگی ووشک وڕۆنی قڕچاو، ئەو خواردنە بوو پاش ماوەیەکی درێژ، بۆنی مالەکەمانی پڕ نەکردبوو. هەر ئەو شەوە بیرم کردەوە بۆبەیانی زوو ئامادەی بکەم، هەمووان شەیدای بوون… جگە لە سیخوڕو چلکاو خۆرەکان، کەس نەیدەزانی چ پیلانێکی قێزەون لە پشت کۆکردنەوەی ئەو هەموو سوپا و سەربڕینەوەی شارەکەم بەڕێووەیە. نەمزانی ئەمە دوا بۆنی ئەو خواردنە دەبێ بۆ هەتا هەتایی بە دەستی من لێنانرێتەوە، ئەو بۆنەی کە ببڕای ببڕای جارێکی تر لەناو لووت و خەیالمدا بیر ناچیتەوە، لە دەروونمدا پەنگناخواتەوە. ئەو ڕۆژانەی من و تەنیایی ژوانمانە، ئەمە تاقە بۆنە لە خۆمی بدەم. تاقە کلیلە دەرگا داخراوەکانی پێبکرێتەوە. من بەو بۆنە، شوناسی جێ پێی رۆلەکانم هەلئەگرم. دوای ئەوەی بە زەبری هێز، بە بیجامە هاوینیەکانیانەوە، لە ناو جێگا دەرهێنران، لە باوەشمدا ڕفێنران، دەزانم بۆ کوێ بران. ئەو بۆنکردنە، تاکە هەستە ژوورە تاریکەکانی خەیاڵدانم رووناک ئەکاتەوە. خەیاڵ ئەمبا بۆ ناوئەو چاڵە گەورەی، پڕاو پڕە لە چاو و دەست بەستراوانی شارەکەم، کە وەک شارە مێرووستان رەش داگەرابوو. لە دوورەوە دەنگی تەقینەوەی خانووەکان، ئەهاتە گوێ. کە بووە هۆی برینداربوون و پاشان هەلوەرێنی رۆحی پەپوولەیی خونچەیەکی ئەم شارە(چیمەن مورشید). دەنگی تۆقێنەری تەقینەوەکان، لەگەل دەنگی  بە گەڕخستنی جارجارەی مەکینەی شۆفەڵ و بلدۆزەرەکان. دوو شەڕی دەروونی زۆڵە کوردەکان(عەقید ئوسامە و ڕائد تەحسین) بوون. بە دەم قاقای رابواردنەوە، پەیامیان بە  دەست بەسەرگرتووەکان ئەدا: باش گوێبگرن، ئەوەی بیر لە یاخیبوون و دژایەتی (سەرکردایەتی شۆڕش) بکاتەوە ئاوای لێئەکەین، ماڵەکانتان بە سەر کەس وکارتان دەتە‌قێنینەوەو ئێوەش زیندەبەچاڵ دەکەین…. 

 مەلی خەیاڵ بەرەو هەولێر ئەفڕێ، لە ڕێگا لەسەر چادری ریزبەندی سوپایەک لە زیل و جێب قیادە عەسکەرییەکان ئەنیشمەوە، گوێ بۆ چرپە چرپی هەندێک دڵە شێری وەک (حەمید) ئەگرێ کە پلانی خۆ فڕێدان و ڕاکردن بۆ (شوان) و هاوڕێکانی ئەڵێتەوە. لە گەڵیان ئەمێنمەوە تا بە پاڵی کێبل و قۆنداغە تفەنگ، ڕاپێچی هۆلە گەورەکانیان ئەکەن. لەوێ لیستەکان، بە پێی ڕادەی تۆمەت، ئاستی دل ڕەقی ڕاپۆرتی ئەلقە لە گوێ وداردەستەکانی رژێم ، بە‌هێزی واستەی بەشێکیان، لە یەکتر جیا ئەکرێنەوە. ئنجا کونجی زیندانەکانی مودیریەی ئەمن و شیمالی و بەلدەو موحەتەو حجزیان لێ پڕ ئەکەن.

جار جارە هەناسەم سوار ئەبێ، ویژدانم ئەکولێ لە ئاست ئەو غەدرە، خەریکە بە خەبەرم دێنێ. بەڵام تەکان ئەدەم، نامەوێ خەیاڵ جودام کاتەوە و بە جێیان بێڵێ. ئەو شەوە چاوم لێبوون لە ناو دۆزەخی مدیریەی ئەمن، دێوی ترس و گورگی برسی، بڕستی لێبڕیبوون. بە دلتەنگی راکشابوون کەس نەیئەزانی چ چارەنووسێکی ڕەش، لە چارەیان نووسرایە. چاوی خەیاڵ لەسەریانە. بەیانییە نەگریسەکە، تەحقیقە بەدناوەکە دەست پێئەکا. هەر ئەفسەرە و لەگەل چەند ئەمنێکی، رەشتالەی، کەلەگەتی، ناشیرینی، خاڵی خاڵی لە مرۆڤایەتی، دڵ پڕ لە بەرد و کینەی لە بەرد بوو، ومۆنستەری خوێن، مەست بە هاوار و‌قیژە، ناخ نەخۆش وترسنۆك، تێکشکاو و فاشل لە ژیان، تاقم تاقم ئەیانبەن، بۆ هۆلی پان و ژووری تاریکی لێدان، ئەشکەنجەدان، دان پێدانان….. چاوم لە سەر هەموویانە ئەوەتا چوار کورەکانی( مام حەسەن) لە هۆڵێکدا هاواریان دێت. کاکە (هیوا) سوورە چاو شینەکەم بە کەلەپچەکەی مەچەکیەوە بەسەر پەنجەرەکی پێنج پەردەیی هەڵواسراوە، کاکە( سابیر)ە کوردستانیەکەم لە سوچێکەوە بە دەم ئازارەوە گیانەلا ئەدا. کاکە(حەمید)ی چاو نەترس بەدەستێکەوە بەسەر پەنجەرەیەکی تر هەلواسراوەو گالتەی بە عەقلی نەخۆشیان دێ. ئەوە(نەوزاد)ە وورە بەرزەکەیە سۆلی دایکی لەبەرەو لەناو خوێنی راکشاوە. لەولاتر (دوکتۆر یوسف)ی قسە خۆش، بە تیزەوە وەلامی پرسیارەکانیان ئەداتەوە. ئەگەڕیمەوە دواوە (جیهاد پیرە)، بە جلی عەسکەری ڕۆمانی لە بەر ئازار بورایتوە، ئای خوایە خۆ ئەوە سەربازی قادسیە دۆڕاوەکەشیانە، بۆ وایان لێکردووە. ئای خوایە ئەم دائیرەیە چەند گەورەیە، وای لە کاری بەعسیە فاشیەکان، تومەز ئەمە قوتابخانە بووە، لە جیاتی پەروەردەو زانست و ڕۆشنبیری، کراوە بە قەسابخانەی بڕین و تۆقان و ڕەشبگیری. ژوور بە ژوور ئەگەڕیم تا هاوار و قیژەی تێکەل بە یەکی چوار برا چاو شینەکان لە هۆڵێکدا بانگم ئەکا. ئای چ دیمەنێکی وەحشیگەرانەی تۆقێنەری ئەقل وەستێنەر بوو. (سەفین)، تەنیا کوڕە کاسبەکەی ئەم ماڵە، لەبەر تاوی کێبل، پشت و ڕانی سوور هەلگەرابوو، بیجامە سپیە تەنکەکەی بەری، نووساو بە پێستی سەر برینەکانی، شیتاڵ شیتاڵ بوو،  لە بەر ئازار تەنیا نرکەو هەناسەیەکی لەسەرخۆی مابوو. (نەریمان)، بەدەم ڕشانەوەی بەر ئازار و خوێن لاکەی ئەهات.  ئاخ نەریمانەکەم، بچوکترین سەر قافلەی کاروانی ئەم کۆستەم، خۆتٶ تازە باڵات توولە مێوێک بوو بە دیواری بالغ بوون دا هەڵدەچووی. خونچەی عومری حەز و خۆناسینت خەریک بوو دەپشکووی.  ئاخ گەردوون، ئاخیر لە کوێی دونیا، بە کام یاسا، منداڵێکی پازدە ساڵان وا ئەشکەنجە بدرێ، پاشان گوللە باران بكرێ؟

بە هیوام بەشی دووەم لە یادی گوللەبارانکردنەکە ٢٣-١١ بلاو بکەمەوە

شێروان عوسمان-کەنەدا

١٦-١٠-٢٠١٣

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply