Skip to Content

Saturday, December 4th, 2021

له‌باره‌ی نه‌‌وه‌‌ی ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌! ….ئارێز سمكۆ حوسێن

Be First!
by April 16, 2009 گشتی

 له‌باره‌ی نه‌‌وه‌‌ی ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌!

     ئارێز سمكۆ حوسێن _ هه‌ولێر
arezsmko@yahoo.com

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو ده‌زانین كه‌ هه‌‌میشه‌‌ قه‌‌ده‌‌ری گه‌‌لی كورد پڕ بووه‌‌ له‌‌ كاره‌‌سات و ئازار ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وتانه‌ی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به‌رانبه‌ر به‌ گه‌لی كوردیان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ئێمه‌‌ هه‌‌رده‌‌م  دوای ئه‌‌م كاره‌‌ساته‌‌ خه‌‌مگینانه‌‌ی كه‌‌ به‌‌سه‌‌رماندا هاتووه‌‌ بۆ شه‌‌هیده‌‌كانمان ده‌‌گرین، هه‌‌ر له‌‌كۆنه‌‌وه‌‌ ئێمه‌‌ی بێ ده‌‌وڵه‌‌ت و كیانی سیاسیی تووشی كووشتن، به‌‌تاڵانبردن، ڕاوه‌‌دونان، گرتن، ژاربارانكردن، جینۆساید بووینه‌‌ته‌‌وه‌‌، له‌‌و به‌‌شه‌‌ كوردستانه‌‌ی كه‌‌ زۆرترین كیانی كوردی تێدا دامه‌‌زراوه‌‌ و دواتر ڕووخێندراوه‌‌، كه‌‌ ئێسته‌‌ سه‌‌ركردایه‌‌تی سیاسیی كورد له‌‌وێوه‌‌ ده‌‌یه‌‌وێت به‌‌ تۆپزی به‌‌ عێراقی عاره‌‌بیه‌‌وه‌‌ بیلكێنێت، كه‌‌ هه‌‌ر نوخبه‌‌یه‌‌ك هاتبنه‌ ‌سه‌‌ر عه‌‌رشی ده‌‌سته‌‌ڵات عێراقدا، ئه‌‌وه‌‌ زوو یان دره‌‌نگ كه‌‌وتوونه‌‌ته‌‌ گیانی گه‌‌لی كورد و ویستوویانه‌ و كردوویانه‌ كه‌ هه‌‌وڵی سڕینه‌‌وه‌‌، له‌‌ناوبردن، توانه‌‌وه‌‌ له‌‌نێو گه‌‌روو و بۆته‌ی عێراق، له‌مانه‌ش ئه‌‌نفالكردنی ئه‌‌م نه‌‌ته‌‌وه‌‌یان داوه‌‌ وه‌ك هۆكارێك بۆ ملكه‌چ بوونی ئه‌م گه‌له‌ به‌م رژێمه‌ دیكتاتۆره‌. له‌ بۆیه‌ش كاتێ هه‌‌ر شۆڕش و بزاوێك له‌‌م به‌‌شه‌‌ی كوردستاندا ڕووی دابێت، سه‌‌ره‌‌نجام دوایی تێكشكانیان و پوكانه‌‌وه‌‌یان، به‌‌ هۆییه‌‌وه‌‌ گه‌‌لی كوردستان تووشی مه‌‌ینه‌‌تی و ئازار بوونه‌‌ته‌‌وه‌‌،  ماڵ وێرانی كۆمه‌‌ڵانی گه‌‌لی كوردستان دوای هه‌‌ره‌‌سی شۆڕشی ئه‌‌یلول و دواتر كۆڕه‌‌وه‌‌ی ساڵی1991 گه‌‌واهی ئه‌‌م وتانه‌‌ن، سه‌‌رباری ئه‌‌مه‌‌ش ئه‌‌م نموونانه‌‌ ئه‌‌وه‌‌مان بۆ ڕوون ده‌‌كاته‌‌وه‌‌، كه‌‌ ئه‌‌م شۆڕشانه‌‌ چه‌‌ند بێ میتۆد و به‌‌رنامه‌‌یه‌‌كی پوخت و هه‌‌مه‌‌ لایه‌‌نه‌‌ كراون، مه‌‌به‌‌ست له‌‌ میتۆد ئه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه‌‌ شۆڕشه‌‌ گه‌‌وره‌‌كانی جیهان خاوه‌‌نی بوون، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین شۆڕشه‌كانی كورد ئه‌وه‌نده‌ی ناڕه‌زایه‌كی كاتیه‌ دژ به‌و رژێمانه‌ی كه‌ داگیر كه‌ری كوردستان بوون، ئه‌وه‌نده‌ شۆرشێك نه‌بووه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو بۆ گۆڕینی سه‌راپای كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا، چ سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان، ئه‌مه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه‌ بۆ شۆڕشه‌كانی كورد هه‌مه‌، به‌‌هه‌‌مه‌‌حاڵ .
ئه‌‌وه‌‌ی ئێمه‌‌ مه‌به‌ستمانه‌‌ لێره‌‌دا لێی بدوێین، دوای ئه‌‌م هه‌‌موو مه‌‌رگانه‌‌ن كه‌‌ ئێمه‌‌ خاوه‌‌نیانین، به‌‌ تایبه‌‌تیتر نه‌‌وه‌‌ی دوای مه‌‌رگ، ئێمه‌‌ی میلله‌‌تی كوردی دڵناسك و هه‌‌ست به‌‌سۆز، هه‌‌رده‌‌م دوای مه‌‌رگی شه‌‌هیده‌‌كانمان ده‌‌گرین، ئیدی وای لێهاتووه‌‌، ته‌‌نیا دۆشداده‌‌مێنین و ده‌‌سته‌‌و وه‌‌ستان دابنیشین و له‌‌یادو بۆنه‌‌كاندا كه‌‌ هه‌‌موو ڕۆژه‌‌كانی ساڵی ئێمه‌‌یان ته‌‌نیوه‌‌ته‌‌وه‌‌، هه‌‌ر خه‌‌ریكی شین بین و سروودی به‌‌ جۆش و لاواندنه‌‌وه‌‌ بۆ شه‌‌هیده‌‌كانمان بڵێین، سه‌‌یركه‌‌ له‌‌لای ئێمه‌‌ شه‌‌هیده‌‌كانمان هه‌‌موو هێنده‌‌ی كاوه‌‌ قاره‌‌مانن، كه‌‌چی نه‌‌وه‌‌كانیان هه‌‌ژار و بێ ده‌‌ره‌‌تانن، هه‌ر له‌ ڕوانگه‌یه‌كی مرۆڤدۆستی لێبگه‌ڕێین به‌ڵكو وه‌كو ئه‌ركێكی مۆڕاڵی ده‌سته‌ڵاتی كوردی پێویسته‌ له‌سه‌ری وه‌كو وه‌فایه‌ك ئاوڕ له‌م نه‌وه‌یه‌ بداته‌وه‌ و به‌هه‌موو شێوه‌یك ده‌ستی هاوكاریان بۆ درێژ بكات تاوه‌كو ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش ئه‌م كاره‌ساته‌ گه‌ورانه‌ له‌یاد بكات، ئه‌وه‌ی گرینگه‌ بكرێت كه‌ ئه‌م یاده‌وه‌ریانه‌ له‌بیر ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ببه‌ینه‌وه‌، نه‌ك به‌ مه‌به‌ستی سیاسیی هه‌موو رۆژێك ئه‌م قه‌وانه‌ سواوه‌یان بۆ لێبده‌ینه‌وه‌. دوان له‌ ژیانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ خۆی كاره‌ساتباره‌ وه‌كو ده‌بینین بێ ئه‌‌وه‌‌ی كه‌‌س سۆز و به‌‌زه‌‌ییان بۆیان هه‌‌بێت و جورئه‌‌ت بكه‌‌ن كه‌‌ هه‌‌ستی جوامێرانه‌‌ و به‌‌هایانه‌‌یان بۆیان هه‌‌بێت، ده‌‌ستی هاوكاریان بۆ درێژ بكه‌‌ن و كۆمه‌كیان بكه‌ن، خه‌‌می په‌‌روه‌‌رده‌‌، ته‌‌ندروستی،گوزه‌‌رانیان بخه‌‌ینه‌‌ ئه‌‌ستۆی خۆیان. هه‌‌روه‌‌ها ده‌‌بێ بڵێین، ئێمه‌‌ تا ئێسته‌‌ نه‌‌مان توانیووه‌‌ كه‌‌ڵك له‌‌و هه‌‌ڵانه‌‌ وه‌‌ربگرین، كه‌‌ وه‌‌هایان كردووه‌‌ تووشی ئه‌‌م هه‌‌موو مه‌‌ینه‌‌تیه‌‌ ببین، ده‌‌سه‌‌ڵاتی كوردی له‌‌جیاتی ئه‌‌وه‌‌ی خه‌‌ریكی مشتوماڵكرنی ئه‌‌و شوێنانه‌‌بێت كه‌‌ئه‌‌وكاره‌‌ساته‌‌ گه‌‌ورانه‌‌ی میلله‌‌تی ئێمه‌‌یان تێداڕوویداوه‌‌، هه‌‌رله‌‌ هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌،گه‌‌رمیان، بادینان، بالیسان ، ده‌‌ڤه‌‌ری خۆشناوه‌‌تی، بگره‌‌ تاوه‌‌كو ده‌‌شته‌‌كانی قه‌‌راخ هه‌‌ولێر، ئه‌‌وان هه‌‌رخه‌‌ریكن كۆنه‌‌ كا له‌‌ده‌‌زگاكانی راگه‌‌یاندنی خۆیان به‌‌ با ده‌‌كه‌‌ن، ئه‌‌رێ به‌‌ راست كاتی ئه‌‌وه‌‌ نه‌‌هاتووه‌‌ نه‌‌وه‌‌ و كه‌‌س وكاری قوربانیان و ئه‌‌نفالكراوه‌‌كان وه‌‌ها ڕابه‌ێنینه‌‌وه‌ ‌ئیدی ئه‌‌م كاره‌‌ساتانه‌‌ له‌‌ یادخۆیان ببه‌‌نه‌‌وه‌‌ ؟ جارێكیتر به‌‌ژیانیان ئاشنابكه‌‌ینه‌‌وه‌‌ و له‌‌ هه‌‌مووڕوێكه‌‌وه‌‌ ده‌‌سگیرۆییان بكه‌‌ین، فێریان بكه‌‌ین له‌‌جیاتی ئه‌‌وه‌‌ی هه‌‌ربه‌‌ ڕابردوو بتلێنه‌‌وه‌‌ گه‌‌ش گه‌‌ش ئاسمانی داهاتوویان ڕۆشنبكه‌‌ین و ئاوات و ئومێدیان له‌‌سه‌‌رته‌‌لاری باوه‌‌ڕبه‌‌خۆبوون، خۆڕاگری، گه‌‌شبینی ڕۆبنین، ئیدی به‌‌سه‌‌ هێنده‌‌ی به‌‌خۆمان بڵێین، ئێمه‌‌ میلله‌‌تێكین خێر له‌‌ خۆ نه‌‌دیو، مه‌‌زڵوم، هه‌‌ژار، ماڵ وێران، ئه‌‌وه‌‌ هه‌‌موو خه‌‌تای دوژمنانمانه‌‌ كه‌‌ كاره‌‌ساتمان تووش ده‌‌بێت، ده‌‌نا ئێمه‌‌ی خۆڕاگری ئاشتیخواز، هه‌‌رده‌‌م یه‌‌كگرتوو بووین و خۆشی دوژمنانمانی خۆمان ویستووه‌‌، سه‌‌رباری ئه‌‌وه‌‌ش خۆمان به‌‌ یه‌‌كگرتوو ده‌‌زانین و هه‌‌ر بڵێین ئه‌‌ستێره‌‌ی گه‌‌شی دواڕۆژی ئێمه‌‌ دوژمن كواژاندیتیه‌‌وه‌‌ و، هیچ هه‌‌ڵه‌‌ی خۆمانی تێدا نییه‌‌!.
هیچ به‌‌رپرسێك له‌‌م وڵاته‌‌ی ئێمه‌‌ نه‌‌ماوه‌‌، قسه‌‌ی له‌‌سه‌‌ركاره‌‌ساتی ئه‌‌نفال و ژاربارانكردن نه‌‌كردبێت، جگه‌ له‌مه‌ش هه‌‌موو میلله‌‌تی ئێمه‌‌ی به‌‌ سۆپه‌‌رمان نمایش نه‌‌كردبێت و، شه‌‌هیده‌‌كانمانی نه‌‌گه‌‌یاندبێته‌‌ ترۆپكی فیرده‌‌وس، باشه‌‌ ئیدی كه‌‌ من سه‌‌یرم كرد به‌‌سێ مانگ جارێك كه‌‌س وكاری قوربانیانی ئه‌‌نفالی دانیشتووی فیرده‌‌وه‌‌س! بڕێكی كه‌‌م له‌‌و سه‌‌نتانه‌‌ی كه‌‌ ته‌‌نها ناكات به‌‌ قه‌‌ده‌‌ر یه‌‌ك شه‌‌وی خواردنه‌‌وه‌‌ی هه‌‌مان ئه‌‌و به‌‌رپرسانه‌‌ی بازرگانی به‌‌ هه‌‌ڵه‌‌بجه‌‌ و ئه‌‌نفاله‌‌كانی گه‌‌رمیان و بارزانه‌‌وه‌‌ ده‌‌كه‌‌ن! نازانم بۆ ده‌‌بێت من گوێ له‌‌م به‌‌رپرسانه‌‌ ڕابگرم كه‌‌ له‌‌ڤیستیڤاڵێك به‌‌ناوی ئه‌‌نفاله‌‌وه‌‌ گه‌‌له‌‌كه‌‌م به‌‌ قوربانیده‌‌ر و خۆڕاگر وێنا بكات و كه‌‌س وكاری ئه‌‌نفالكراوه‌‌كانیش بێ ده‌‌ره‌‌تان بكات، ئه‌‌مه‌‌ وه‌‌ك ئه‌‌وه‌‌ وابێت ئه‌‌م نوێنه‌‌ری كه‌‌س وكاری كۆی قوربانیه‌‌كان بێت و، له‌‌ هه‌‌موو خوێنی ئه‌‌مان خۆش بووبێت. لێره‌ پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ ئه‌‌وه‌‌ی ماییه‌‌ی نیگه‌‌رانییه‌‌ وه‌‌زاره‌‌تێك هه‌‌یه‌‌ به‌‌ناوی "شه‌‌هیدان و ئه‌‌نفالكراوه‌‌كان"، تائێسته‌‌ خه‌‌می ئه‌‌وه‌‌ی نه‌‌بووه‌‌ بزانێت بژێویی و چۆنیه‌‌تی گوزر‌انی نه‌‌وه‌‌ی ئه‌‌نفالكراوه‌‌كان و شه‌‌هیدان چۆنه‌‌ و پێویستیه‌‌كانیان چییه‌‌، من ده‌پرسم كامه‌ پڕۆژه‌ی ئه‌م وه‌زراه‌ته‌یه‌ بۆ نه‌وه‌ی " شه‌‌هیدان و ئه‌‌نفالكراوه‌‌كان"؟ تاوه‌كو ئێستا چ لێكوڵینه‌وه‌یه‌كی وردی كردووه‌ له‌سه‌ر ژیانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ و به‌چی زانیوویه‌تی پێدواویستیه‌كانیان چییه‌ و ئاواته‌كانیان چییه‌؟ له‌‌وه‌‌ گرینگتر ئه‌‌م وه‌‌زاره‌‌ته‌‌ تا ئێسته‌‌ هه‌‌وڵی نه‌‌داوه‌‌ ڕای نێوده‌‌وڵه‌‌تی بۆ جینۆسایدی گه‌‌لی كوردستان ڕابكێشێت و، به‌‌جۆرێك، ته‌‌وژمێك دروست بكات كه‌‌ ئه‌‌نفالكردنی كورد وه‌‌كو كه‌‌یسێكی نێوده‌‌وڵه‌‌تی نیشانی دنیا بدات و له‌وێوه‌ وه‌كو كه‌یسه‌كانی رواندا و كه‌مبودیا بیخه‌نه‌ قالبێكی نێو ده‌وڵه‌تی . لێره‌دا رێگه‌ به‌خۆم ده‌ده‌م كه‌ بڵێم ئه‌وه‌نده‌ی ناوه‌ندی "چاك" هه‌وڵی داوه‌ بۆ به‌ره‌و پێشبردنی كه‌یسی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌، نیوئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵه‌كانی وه‌زراه‌تی په‌یوه‌ندیدارم نه‌دیووه‌. وه‌‌زاره‌‌تێك كه‌‌ به‌‌بیرێكی هێند ته‌‌سك و منه‌تبارانه‌ كرێی خوێندنی ئه‌‌و خوێندكارانه‌‌ بداته‌‌وه‌‌ كه‌‌ له‌‌ كۆلیژه‌‌كانی ئێواران ده‌‌خوێنن و نه‌‌وه‌‌ی شه‌‌هیدانن و هه‌زرانجار بیڵێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌وه‌ی شه‌هیدان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی شانازی به‌ شه‌هیده‌كانی خۆیانه‌وه‌ بكه‌ن وایان لێهاتووه‌ له‌ ده‌رونه‌وه‌ تێكبشكێن، ئیدی خه‌‌ریكه‌‌ نه‌‌وییه‌‌كی دوای مه‌‌رگ به‌‌رهه‌‌مدێنێت، كه‌‌ پچڕ پچڕ له‌‌ ڕووی هه‌‌بوونی ئینتیماییه‌‌كی نیشتمانی و، باوه‌‌ڕبوون به‌‌وه‌‌ی كه‌‌ ئێمه‌‌ یه‌‌ك میلله‌‌تین و هه‌‌موومان خاوه‌‌نی یه‌‌ك پڕۆژه‌‌، مه‌‌سه‌‌له‌‌ی هاوبه‌‌شین ئیدی بێ هودایانه‌‌ بۆ ژیان نه‌‌ڕوانین، به‌مه‌ش له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی كوردی و لایه‌نه‌ به‌رپه‌س و په‌یوه‌ندیداره‌كان پێویسته‌ كه‌ ئاوه‌ڕ له‌م نه‌وه‌یه‌ بدنه‌وه‌ و كارێكی وه‌هاش بكه‌ن كه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ ببێته‌ كه‌یسكێكی نێو ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵكوژی مرۆڤایه‌تی.

 

 

Previous
Next

Leave a Reply