Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

له‌به‌رده‌م ڕاپه‌ڕیندا … عه‌زیز ڕه‌ئووف

Be First!

 

 

 

ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕین له‌ كورترتین پێناسه‌یدا بریتی بێت له‌ ڕزگاركردنی ماڵ و وه‌ده‌رنانی هێزێكی ده‌ره‌كی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ماڵ بۆ خاوه‌نماڵ، ئه‌وا به‌دیوێكی تردا ڕاده‌ستكردنی ڕاپه‌ڕین به‌ هێزه‌كان و نه‌بوونی هیچ پرۆسه‌یه‌كی چاودێری به‌سه‌ر پیاوانی شۆڕشدا له‌ جوانیه‌كانی ڕاپه‌ڕینی كه‌م كرده‌وه‌.  به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ كه‌ ڕاپه‌ڕین ئه‌گه‌ر هیچیش له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌هێنێت، توانی یه‌ك شت بكات، ئه‌ویش ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی نیشتیمانه‌ به‌ خاوه‌نماڵ. ڕاپه‌ڕین چركه‌ساتی ڕزگاركردنی ماڵه‌، ماڵێكی داگیركراو، ماڵێك ئه‌وی دی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌.

ئه‌وه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕیندا ڕویدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌بوو ڕاپه‌ڕین بكرێت، به‌ڵام ناشرینیه‌كانی به‌عس هێنده‌ كاریگه‌ر بوو نه‌ده‌بوو بپرسین كێ حوكممان بكات، نه‌ده‌بوو بپرسین كام هێزه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی پێ بسپێرین.  سپاردنی ئه‌نجامه‌كانی ڕاپه‌ڕین به‌ هێزه‌كان، كوشنده‌ترین هه‌ڵه‌ بوو كه‌ خه‌ڵك له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌نجامی دابێت. به‌ته‌سه‌وری من ئه‌گه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا پرۆسه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرتنی جدی له‌ هێزه‌كان بارته‌قای ئه‌م چركه‌ساته‌ له‌ئارادابوایه‌، هیچ هێزێك جورئه‌تی شه‌ڕی ناوخۆی نه‌ده‌كرد. بۆیه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ حزبه‌ كوردیه‌كان له‌ دوای ڕاپه‌ڕیندا ئه‌نجامیاندا، ئه‌نجامی سپاردنی به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین بوو به‌ هێزه‌كان، ئه‌نجامی ئه‌و به‌پیرۆزكردنه‌ی خه‌ڵك بوو بۆ سه‌ركرده‌كان.

ڕاپه‌ڕین ته‌نها ڕزگاركردنی ماڵ بوو هیچی تر، ڕاسته‌ ڕزگاركردنی ماڵ سه‌ره‌تای خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌، به‌ڵام هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن، ته‌نها به‌ ئه‌نجامده‌رانی ڕاپه‌ڕین ناكرێت، ئه‌مه‌ ئه‌و وه‌همه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامده‌رانی ڕاپه‌ڕین وا ده‌زانن ئه‌وه‌ی له‌شاخ توانیویانه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، له‌شاریشدا ده‌توانن پێی هه‌ڵسن. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش دوای ڕاپه‌ڕین زانیمان ئێمه‌ چه‌ند ده‌سته‌وه‌ستانین له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵدا. دوای ڕاپه‌ڕین زانیمان ئێمه‌ له‌شه‌ڕدا ئازا و له‌ ئاشتیا چ مه‌خلوقگه‌لێكی كۆڵه‌وارین. ڕاپه‌ڕین ده‌بوو بكرێت، به‌ڵام ده‌بوو ئه‌زموونی بیست و دوو ساڵ له‌ حوكمڕانی لانی كه‌م فێری ئه‌وه‌ی بكردینایه‌ كه‌ ڕاپه‌ڕین له‌ پتنێكدا چێ نه‌كه‌ین و ته‌نها له‌سه‌ر خوانی ڕاپه‌ڕین نه‌ژین. 

ئێمه‌ ئێستا دوای تێپه‌ڕینی بیست و دوو ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕیندا، ده‌زانین چ فه‌قیرین له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵدا. ده‌زانین، كورد له‌ شه‌ڕدا چه‌ند سه‌ركێش و له‌ ئاشتی دا چه‌ند ماڵوێران. ده‌زانین له‌ هه‌ڵمه‌تدا چه‌ند بوێر و له‌ به‌رگریدا چه‌ند ده‌سته‌وه‌ستان. ڕاپه‌ڕین هیچی نه‌كردبێت فێری ئه‌وه‌ی كردین كه‌ شۆڕشگێر ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ببێته‌ سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ. 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مووی ئیشكاڵئامێزتره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هێزه‌ و خۆی به‌نه‌خشه‌داڕێژه‌ری ڕاپه‌ڕین ده‌زانێت و ڕۆڵی خه‌ڵك نادیده‌ ده‌گرن، ئه‌مه‌ش به‌ر له‌ هه‌رشت ده‌ستبه‌داڵی ئه‌و هێزانه‌یه‌ بۆ هه‌ر سه‌ركێشی و له‌خۆبوردوویه‌ك كه‌ له‌ ئێستاو سبه‌یدا ئه‌نجامی بدات. ئێستا زیاد له‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ جوانكردنی ده‌موچاوی هێزه‌كان به‌ ئه‌نجامانی ڕاپه‌ڕین، به‌ڵام ده‌ستبه‌تاڵ به‌رامبه‌ر ئێستا و ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌.

 به‌ته‌سه‌روی من گرنگ نیه‌ كام هێز ڕاپه‌ڕینی كردووه‌، گرنگ نیه‌ كێ بوو یه‌كه‌مجار پێش هه‌موومان هه‌ستی كرد ئێستا چركه‌ساتی ڕاپه‌ڕینه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی كرد گیانی ڕاپه‌ڕین له‌ خۆی و له‌ خه‌ڵكدا نه‌كوژێت، ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت هه‌میشه‌ پێویستمان به‌ ڕاپه‌ڕینه‌، به‌رامبه‌ر به‌ خۆمان و به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنه‌كانمان. چه‌نده‌ پێویسته‌ به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنه‌ ده‌ره‌كیه‌كان ڕاپه‌ڕین، بارته‌قای ئه‌وه‌ش پێویسته‌ ڕاپه‌ڕین به‌رامبه‌ر هه‌ر هێزێك ئه‌نجام بده‌ین كه‌ بخوازێت ته‌نها خۆی و كوڕه‌كانی حوكم بكات. ڕاپه‌ڕین ئه‌وكاته‌ به‌ نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگرانی پرۆژه‌ی ڕاپه‌ڕین وه‌ك چركه‌ساتی ڕاپه‌ڕین ساده‌بن، وه‌ك جله‌كانی سه‌رده‌می شۆڕش خاكی بن. هه‌ر هێزێك خۆی بكاته‌ خاوه‌نی ڕاپه‌ڕین و ڕۆحی ساده‌یی له‌خۆیدا بكوژێت، ئه‌وه‌ نیه‌تی خراپی هه‌یه‌ و خۆی بۆ كه‌تێك ئاماده‌ كردووه‌. هه‌ر هێز و كه‌سایه‌تییه‌ك به‌ناوی شۆڕشگێره‌وه‌ بازرگانی بكات هی ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌سه‌ڵاتی پێ بسپێرین و بێباك سه‌ر بخه‌ینه‌ سه‌ر سه‌رین. ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ باسی ڕاپه‌ڕین هیچی نه‌بێت پێمانی بڵێت، ئه‌وه‌ هێزێكه‌ ده‌یه‌وێت تا قیامه‌ت له‌سه‌ر خوانی خه‌ڵك و ڕاپه‌ڕین بژێت و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌شی لێ ناكرێت هیچی نوێشمان پێشه‌كه‌ش بكات. 

Azizrauf75@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply