Skip to Content

Sunday, September 27th, 2020

له‌به‌ر داكۆكی له‌ منداڵێك،باوكه‌كه‌ی په‌لاماری دام

Be First!
by May 30, 2008 گشتی

  نامق هه‌ورامی…….

 هیچ شتێك ئه‌وه‌نده‌ی ئامانج پیرۆز نییه‌ كه‌ له‌پێناوێدا روبه‌ڕوی هه‌رچی ببیته‌وه‌ به‌لاته‌وه‌ ئاساییه‌،هه‌ندێك پره‌نسیپی ئینسانی هه‌ن سازشیان له‌سه‌ر ناكه‌م وه‌ك مه‌سه‌له‌كانی ئازادی تاكه‌كه‌سی  و ئازادی دین و راده‌ربڕین وئازادییه‌كانی ژنان و منداڵان .
 ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌م منداڵه‌،به‌رده‌وام‌ به‌به‌رچاوی ته‌واوی رێكخراوه‌كانی داكۆكیكار له‌ مافی منداڵان و به‌به‌رچاوی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو منداڵه‌ ده‌خرێنه‌ به‌ر كارێك كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تی وویژدانی مرۆڤایه‌تییه‌،به‌م گه‌رمای سه‌ره‌تای هاوینه‌ منداڵان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌سفرۆشی ده‌كه‌ن و هه‌ندێك جاریش ناچار به‌ له‌شفرۆشی ده‌كرێن.
 ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن له‌م وڵاته‌ بانگه‌شه‌ی چه‌سپاندنی یاسا  ده‌كات، نامه‌وێ بڵێم ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو شتێكدا تاوانباره‌ ، پاكانه‌ش‌ی بۆ ناكه‌م ، ،به‌ڵام به‌رپرسانی وڵات رۆژانه‌ ئه‌و منداڵانه‌ ده‌بینن له‌سه‌ر شۆسته‌ و له‌ ترافیكه‌كان كاریان پێده‌كرێت، به‌ڵام ناپرسن بۆ.
 ئه‌مساڵ ویستم كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ئه‌و منداڵه‌ ده‌سفرۆشانه‌ هه‌موویان منداڵی هه‌ژار و نه‌داره‌كانی وڵاته‌كه‌من و ژیان وایان لێده‌كات بیانخه‌نه‌ به‌ر ئه‌و كارانه‌،(له‌كاتێكدا به‌هیچ بیانویه‌كه‌وه‌ نابێت ئه‌وه‌ بكرێت)،یان مه‌به‌ستی تری خێزانه‌كانه‌ بۆ بازرگانی به‌ منداڵه‌كانیانه‌وه‌.
 دیمه‌نی ئه‌و منداڵه‌ی له‌یه‌كێك له‌ ترافیكه‌كانی هه‌ولێردا كه‌شه‌ڵاڵی ئاره‌قه‌ ببوو،سه‌رنجی راكێشام ، لێی نزیك بوومه‌وه‌ و هه‌رچۆن بێت رازیم كرد كه‌ ماڵه‌وه‌یانم نیشان بدا،ماڵێكی خۆش ،پیاوێك خاوه‌نی ٣ژن،به‌بیجامه‌وه‌ راكشابووله‌به‌رده‌م سپلیتی دیوه‌خانه‌كه‌یدا،ئه‌وه‌ باوكی ئه‌و منداڵه‌یه‌ كه‌( ده‌سماڵ كاغه‌زی) ده‌فرۆشت له‌ ترافیكه‌كه‌.
 وه‌ك رۆژنامه‌نووس ویستم هه‌ستی ئه‌و باوكه‌ بزانم كه‌چۆن ئه‌وكاره‌ به‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌كات،له‌به‌رامبه‌ردا كه‌وتمه‌ به‌ر په‌لامارو لێدان وهه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی منداڵه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر ناویان بڵاو بكه‌مه‌وه‌.
 پیاوێك ئاماده‌بیت خۆی له‌به‌ر فێنكی سپلیت بخه‌وێت ومنداڵه (9)ساڵه‌كه‌ی له‌به‌ر گه‌رمای هاوین كار بكات ،چۆن په‌لاماری من نادات،چۆن ئاماده‌ نییه ‌هه‌ڕه‌شه‌ی ترسێنه‌ر له‌ منداڵه‌كه‌ی بكات؟
 له‌وه‌ش زیاترم قبوڵ بوو،ئه‌گه‌ر من له‌به‌رده‌م سپلیتی دیوه‌خانه‌كه‌ ئازار درام خۆ ئه‌و منداڵانه‌ رۆژانه‌ له‌به‌ر شه‌رای هاویندا داخ ده‌كرێن، رۆژنامه‌نووس به‌دوای كاری جددیدا بگه‌ڕێت تووشی ئه‌و روداوانه‌ش ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ 28/5/2008 دا ئازار درام، هه‌موو ئه‌و ئازار و سوكایه‌تییه‌ی پێمكرا ده‌كه‌مه‌ دیاری بۆ هه‌موو ئه‌ومنداڵانه‌ی كه‌كار بۆ ئه‌وان و خه‌وتن بۆ باوكیانه،ئه‌و منداڵانه‌ی تا ئێستا نازانن ژیانی ئاسایی خۆیان موماره‌سه‌ بكه‌ن ، دڵخۆشم به‌وه‌ی توانیم ئه‌و پیاوه‌ به‌ هۆش بێنمه‌وه‌و بیری بخه‌مه‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كه‌ی به‌و گه‌رمایه‌ كار ده‌كات،تۆبڵێیت لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارش وه‌ئاگا بێته‌وه‌؟
 
 
namqjournalist@yahoo.co.uk
 
 

Previous
Next

Leave a Reply