Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

له‌دراوخستن وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌می گۆڕان !

Be First!
by April 3, 2012 گشتی

هاوڕێیه‌كی شیوعیم هه‌یه‌ زۆربه‌ی به‌یانیان ئه‌و خه‌به‌رم ده‌كاته‌وه‌ بۆ نوێژی به‌یانی!
كه‌ پێشی ده‌ڵێیت وانابێت یان (خوا)ت بوێ‌ یان (خورما) ، ده‌ڵێت : ئاخر چونكه‌ به‌بنه‌ماڵه‌ شیوعی بووین و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وان بووین ده‌ستم لێیان به‌رنابێت ، خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌پێی ناوی سیانی حیزبه‌كانیان بێت ده‌مڕاستی سۆسیالیزم و لیبرالیزم و دیموكراسین ، كه‌چی سمێڵیان له‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری و كولتوری خێڵه‌كی دا سپی كردووه‌ !، خه‌ڵكانێك هه‌ن وانه‌ی پاكیزه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ری ده‌ڵێنه‌وه‌و هه‌ر ئه‌وانیش بون تا خیانه‌ت مۆدیلی بوو كه‌س تۆزی پێیانی نه‌ده‌شكاند ! ، هه‌مانن ڕۆژانێك فه‌توای ملپه‌ڕاندنی كه‌سانێكیان ده‌دا ، كه‌چی ئه‌مڕۆ به‌ووته‌ی خۆیان ئه‌گه‌ر دین ڕێگه‌یان لێ نه‌گرێت ئه‌وا كڕنۆشیان بۆ ده‌به‌ن ! ، هاونیشتمانی ترمان هه‌ن تا كاتێك به‌عس سوڵتانی مه‌مله‌كه‌ت بوو كونی مشكیان له‌ پێشمه‌رگه‌ كردبووه‌ قه‌یسه‌ری ، كه‌چی ئه‌مڕۆ به‌بیانووی  ئه‌وه‌ی داوی موعاویه‌ به‌ (شۆڕش) ه‌وه‌ ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی باره‌گاكانی حیزبدا ڕۆژانه‌ قه‌ند ده‌كێشن و چا ده‌خۆنه‌وه‌ ، برای دینیمان هه‌ن كه‌ به‌حساب خاوه‌نی پاشخانی فیكری ئیسلامین كه‌چی له‌ كچ به‌شووداندا ئه‌مڕۆش به‌ڕبه‌ی سه‌رده‌می ئاغا و مسكێن زاوا ده‌پێون ! ، ده‌عباگه‌لێكیش هه‌ن كه‌ ڕۆژانێك قه‌له‌ڕه‌شه‌كه‌ی (عۆجه‌)یان لێ‌ كردبووین به‌زێڕ ، كه‌چی ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌و زوڕنایه‌كی ڕاگه‌یاندنیان بۆ كردوونه‌ته‌وه‌ ! ، هاوڕێگه‌لێكیشمان هه‌ن چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن داخۆ شه‌پۆلی خواستی جه‌ماوه‌ر ڕووه‌ و كوێ‌ ده‌ڕوا و له‌كوێ‌ و له‌كوێ‌ له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی ئه‌واندا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ تا دواتر خۆیانی له‌گه‌ڵ دا بگونجێنن ! (وه‌ك له‌ڕۆژانی سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كاندا دیتمان هاوڕێمان هه‌بوو خۆپیشانده‌رانی به‌ئاژاوه‌گێڕ ناوبرد و كاتێكیش هه‌موو ڕێگاكان چوونه‌وه‌ سه‌رای ئازادی ئه‌وانیش پێش هه‌موان ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌كۆكاندا گرت) .
له‌وڵاتی ئێمه‌دا له‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ گه‌لێك زۆرن و مرۆڤ تۆزێك چاوی بپروێنێت به‌ڕوونی ده‌یانبینێت ، خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌م ووڵاته‌دا له‌ پاره‌ و دراوی ئاسن ده‌چن هه‌ر ساته‌ و به‌ دیوێك دا ده‌كه‌ون ، ئه‌فسوس ئه‌مانه‌ له‌م ووڵاته‌دا زۆریان به‌ده‌سته‌ .
بۆیه‌ گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌ ، ئه‌و گۆڕانه‌ی كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌كه‌م له‌ له‌دراوخستنی ئه‌و خه‌ڵكانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات ، واته‌ قۆناغی یه‌كه‌م بریتیه‌ له‌ یه‌كڕووكردنه‌وه‌ی ڕووه‌كان ، بریتیه‌ له‌ نه‌هێشتنی ئه‌و دوالیزمه‌یه‌ ، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ی میلله‌ت گه‌ره‌كیه‌تی ، ئه‌مه‌م له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ نیازی گۆڕانكاری یان هه‌یه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئومێد به‌ گۆڕانكاری ڕاسته‌قینه‌ ده‌خوازن ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ نه‌خشه‌ڕێی زكماكمردوو بۆ چاكسازی داده‌نێن ، گۆڕان ده‌بێت له‌ خۆیان وخۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێبكات ، له‌ دونیابینی تاك و ڕۆشنبیر و حیزب و میدیاوه‌ ، ده‌بێت بریتی بێت له‌ دوباره‌پێناسه‌كردنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ن نه‌ك به‌خواستی كه‌سی .
گۆڕانكاری ڕیشه‌یی  ده‌بێت له‌(ڕیشه‌)وه‌ ده‌ست پێبكات ، ئه‌گینا وه‌ك خه‌وی هه‌ندێك له‌و كۆمۆنیستانه‌ی لێدێت  كه‌ به‌ دووباره‌ زیندوبونه‌وه‌ی بلۆكی سۆشیالیستییه‌وه‌  ده‌یبینن ، له‌كاتێكدا ئه‌و بلۆكه‌ هه‌م له‌ڕووی سیاسی و هه‌م له‌ ڕووی ئابووریشه‌وه‌ ده‌مێكه‌ زه‌مه‌ن له‌ سووچێكی مێژوودا كه‌نارگیری كردووه‌.

كارزان دوكانی

Previous
Next

Leave a Reply