Skip to Content

Thursday, October 29th, 2020

له‌ناو کۆشی ئه‌ستێره‌ کان خه‌و ده‌بینم

Be First!
by June 3, 2011 هۆنراوە

له‌ شه‌وانا
قردێله‌ی خه‌ونه‌کان ده‌که‌مه‌وه‌
.. مشتێ به‌فرو
سه‌به‌ته‌یێ خۆره‌تاوی سوور
ده‌رژێنمه‌ ناو وه‌رزه‌کان
تا خه‌ونه‌کان سه‌وز بن و
به‌یانیشم ، تارای به‌هار له‌سه‌ر بکا
له‌ شه‌وانا
په‌پووله‌کان ده‌که‌م به‌ ماچ
پڕیان ده‌که‌م له‌ لێوی خۆم
باخه‌که‌شمان ده‌که‌م به‌ تۆ
له‌ شه‌وانا
ووشه‌کانم له‌ بناری خه‌یاڵی تۆ
چڵ ده‌رده‌که‌ن
که‌ سپێده‌ تۆ ده‌بینم
هه‌موو  چرۆکان ده‌بنه‌ نیگاو
بۆ تۆ ده‌مرن
له‌شه‌وانا
سه‌رینه‌که‌م یه‌ك ئاسمانه‌
سه‌ری مه‌ستم ده‌که‌مه‌ سه‌ر
ئه‌ستیره‌کان دێنه‌ دیارم
له‌گه‌ڵ منا
خه‌ون به‌ ڕووتی مانگ ده‌بینن
له‌شه‌وانا
سه‌فه‌ر ده‌که‌م بۆ زه‌مه‌نێ
شه‌وی نه‌بێ ، خه‌وی نه‌بێ
 ، ته‌نها ڕۆشنایی
شه‌وه‌کانی تۆی تیابێ

        دلێر محه‌مه‌د
dler_70@hotmil.com

Previous
Next

Leave a Reply