Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌تدا فه‌رسه‌خێك دووریی هه‌یه‌… عومه‌ر سه‌یده‌

Be First!
by January 6, 2009 گشتی

 له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌تدا فه‌رسه‌خێك دووریی هه‌یه‌… عومه‌ر سه‌یده‌
 
 كاتێك قسه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت, زۆریك تیۆره‌و نمونه‌ هه‌ن كه‌ ده‌كرێت وه‌كو به‌رچاوڕوونی چاوی لێبكرێت, چونكه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك جۆرێك له‌ سیستم حوكمڕانی تایبه‌تی هه‌یه‌و پیاده‌ی ده‌كات, به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ر كوێی دونیابێت, رۆژهه‌ڵات یان رۆژئاوا, باكوور یان باشوور, ئیدی ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌زانێت وه‌كوو پاراستنی كورسی و پۆسته‌كانی نێو كایه‌ی حوكمڕانی و مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
 به‌ڵام هه‌رچی مێژووی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ شتێكمان پێ ناڵێن له‌ باره‌ی بوونی كه‌ناڵێكی ته‌واو ئازاد له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌تدا, ئه‌گه‌ر شتێك له‌و جۆره‌ هه‌بێت ئه‌ویش سه‌د ده‌ر سه‌د نیه‌و وجودێكی نه‌وعی هه‌بووه‌ نه‌ك جه‌وهه‌ری, هه‌ر بۆیه‌ ناكرێت ئێمه‌ خۆمان به‌وه‌ فریو بده‌ین كه‌ رۆژێك دێت و ده‌سه‌ڵات كه‌ناڵێك واڵا ده‌كات بۆ نزیكبوونه‌وه‌و له‌یه‌كگه‌یشتن له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌ت, چونكه‌ پیاوانی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ سیاسه‌تێك نه‌زانن ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ پێیان وایه‌ ده‌بێت ئه‌وان وه‌كوو سیمبولێكی پیرۆز چاویان لێبكرێت, له‌و پێناوه‌یشدا, پرۆگرامێكیان هه‌یه‌, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆاین دوور ده‌گرن له‌ خه‌ڵك و دیدارو بینینی خه‌ڵك ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی ئه‌رك و كاره‌كانیانن, من بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ڵگه‌م هه‌یه‌, خه‌ڵكانی نێو ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌ر بێكاریی رۆژانه‌ی كاریی به‌ شتی سه‌یره‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌بات, كه‌ ناوهێنانی هێنده‌ مایه‌ی پێكه‌نینه‌ له‌ جدییه‌تی وتاره‌كه‌م كه‌م ده‌كاته‌وه‌ باس كردنی بۆیه‌ نامه‌وێت به‌ روونی بیڵێم, با خوێنه‌ر خۆی خه‌یاڵ بكات و بیدۆزێته‌وه‌, كه‌چی كاتێك كه‌سێك به‌ كارێكی زۆر گرنگ و پێویستی رۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵكیش بێت كه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن, ده‌رگاوانه‌كه‌ی ده‌ڵێت كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌, ئه‌م قسه‌یه‌یش له‌ سه‌ر داوای ئه‌و به‌رپرسه‌ بێ كارو ئیشه‌یه‌ كه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ ده‌یكات.
 بۆ باسكردنی نموونه‌ی واقیعی و بابه‌تی فكری به‌حت له‌ سه‌ر شێوازه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كاتێكی زۆری ده‌وێت و ناشتوانین له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك له‌ تیۆره‌كانی شێوازی حوكمڕانیدا شوێنێك بۆ شێوازی حوكمڕانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بدۆزینه‌وه‌, هێنده‌ نه‌بێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر بنه‌مای ته‌قلید كارو ئه‌ركه‌كانی ده‌بات به‌ڕێوه‌, ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ چاوه‌ڕوانی هیچ كارێكی باش یان ستایلێكی جوانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نه‌كه‌ین له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی, چونكه‌ ئه‌و هه‌موو لاسایی كردنه‌وه‌یه‌ میلله‌تی ماڵوێران كردوه‌.
 هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌كردنی نامه‌عریفی بۆ ئازادی و دیموكراسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و مافی ژن و سۆشیال دیموكرات .. تا ده‌گاته‌ تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ كه‌سانی ئۆپۆزسیۆن بۆ كپكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ یه‌كسانیخوازه‌كان, تا ده‌گاته‌ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران سه‌رجه‌می كردارو په‌رچه‌كرداره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ته‌قلیدن و بۆ هه‌ر حه‌ده‌سێك عه‌قڵێكی دۆگما بۆ ده‌مكوتكردنی خه‌ڵكی پلانێكی دوژمنكارانه‌ی پته‌وی هه‌یه‌, به‌ ده‌ستوری ده‌سه‌ڵاته‌ تۆتالیتاره‌كان.
 ئێمه‌ پێویستمان به‌ به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ هێنانه‌ دی گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیدا, بۆ هۆشیار ببنه‌وه‌ له‌ ئاست ئه‌و جۆره‌ ژیانه‌ی ده‌سه‌لات بۆیان ده‌خولقێنێت, پێویسته‌ تاكی كوردی ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ ده‌شێت له‌ ئاینده‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌مته‌رخه‌م و ته‌مبه‌ڵه‌, كه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ ره‌وتی گۆڕانكارییكانی جیهاندا بڕواته‌ پێشه‌وه‌, كه‌ رۆژانێك بوو له‌ سه‌رده‌می خه‌باتی سه‌ره‌تاییاندا ده‌یانوت به‌ پشتیوانی گه‌ل هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین, به‌ڵام ئێستا به‌ پشتیوانی هێز هه‌موو كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن, كه‌ ئه‌مه‌یش رێك نه‌ریتێكی دیكتاتۆریانه‌ی قێزه‌وه‌نه‌, ته‌نانه‌ت خه‌ڵكه‌ ماندووه‌كه‌ی نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی رۆژانی سه‌ختی به‌رگری له‌پێناو مانه‌وه‌ی ناسنامه‌ی گه‌لێكدا, ئێستا فه‌رماۆشكراون و هه‌رچی خه‌ونی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌سانی نزیك له‌ بنه‌ماڵه‌كان پۆسته‌ گرنگه‌كان بگرنه‌ ده‌ست بۆ پته‌وكردنی قه‌ڵاكانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان.
 لێره‌وه‌ ئه‌و دوورییه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ ده‌سه‌ڵات خواستی لێیه‌تی, دوورییه‌ك كه‌ خه‌ڵكانی نێو ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌ خه‌ڵكانێك رێك خاوه‌ن عه‌قڵییه‌تێكی فیوداڵی و وره‌ بۆرژوا دروست ده‌كات, بۆ ئه‌وه‌ی به‌ میلله‌تی پیشان بدات ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن میلله‌ت له‌ برساندا ده‌مرێت, كه‌ له‌ راستیدا وا نیه‌, ئه‌گه‌ر میلله‌ت نه‌بوایه‌ ئه‌وان هه‌رگیز نه‌ده‌بوونه‌ خاوه‌نی بستێك زه‌وی بۆ شه‌وخه‌وێك, به‌ڵام میلله‌ت كه‌ هۆشیارانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا مامه‌ڵه‌ ناكات, تووشی ئه‌م نه‌هامه‌تییه‌ ده‌بێت كه‌ ئێستا تووشی بووه‌, ئه‌ویش به‌ كه‌م ته‌ماشاكردن و پشتگوێخستنی میلله‌ته‌, كه‌ ئه‌وه‌یان قابیلی قبووڵكردن نیه‌, به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ندێك هێزیان له‌ خیۆان كۆكرده‌وه‌ هه‌موومان شه‌ڕی ماڵوێرانی ناوخۆمان له‌ یاده‌, كه‌ له‌ پێناو سه‌لماندنی ده‌سه‌ڵاتیاندا به‌ سه‌ر یه‌ك و به‌ سه‌ر میلله‌تدا هه‌رچی نه‌شیا كردیان, دواجاریش هاتنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو خوێنی به‌ ناهه‌ق رژاوی لاوانی ئه‌م میلله‌ته‌ بووه‌ كارتی قوماری سه‌ر مێزی سیاسه‌ت.
 ده‌سه‌ڵات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌رامه‌تی خه‌بات پێویسته‌ كۆشكه‌ به‌رزه‌كانی بكاته‌ قوربانی بۆ باشكردنی ژیانی كه‌س و كاری شه‌هیدان و خاوه‌نی ئه‌نفال و كیمیاباران, پێویسته‌ خۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ئیدی به‌سه‌ زۆریان خواردو زۆر مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر كورسه‌ییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و هه‌رگیز میلله‌ت نه‌یات به‌ خه‌یاڵیدا به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌رداری كورسی ده‌سه‌ڵات بن, به‌ڵام ئیدی ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ ئاڵوگۆڕ به‌ ده‌سه‌ڵات نه‌كریت, ئه‌وه‌ قسه‌ی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ پڕ به‌ قاوغی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌, ئه‌ویش ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان به‌ بیر ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ كاتێك باس له‌ زوڵم و سته‌م و خۆسه‌پاندنی به‌عس ده‌كه‌ین, چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی به‌عس هه‌یه‌ ده‌بێت به‌ یادی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بهێنینه‌وه‌ كه‌ گرنگه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان به‌ باشی بیری لێبكه‌نه‌وه‌.
 یه‌كه‌م:مانه‌وه‌ی به‌عس بوو بۆ ماوه‌ی 35 ساڵ له‌ حوكمداو له‌ كه‌سی قبوڵ نه‌ده‌كرد باسی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بكات.
 دووه‌م: هه‌ر جوڵه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی به‌ خائین و به‌ كرێگیراو وه‌سف ده‌كرد مافی بنبڕكردنی به‌ خۆی ده‌داو ده‌یكرد.
 سێیه‌م: هه‌رچی ته‌كاریته‌كان و خه‌ڵكی عۆجه‌ هه‌بوو ده‌كرانه‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێك و هه‌موو ده‌سه‌لاتێكیش بۆ ئه‌وان ده‌بوو.
 چواره‌م: كه‌ی حیزب خواستی لێ ببوایه‌ به‌ هه‌زاره‌ها خه‌ڵكیان ده‌ڕژانه‌ شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندان به‌ به‌رنامه‌ی ئه‌وان نه‌بووایه‌ سه‌ركوت ده‌كران.
 پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر حیزبی نه‌بوویتایه‌ هه‌رگیز چانسی دامه‌زراندنت نه‌ده‌بوو.
 شه‌شه‌م: شه‌قام و ماڵه‌كان پڕ ببوون له‌ وێنه‌ی سه‌رۆك و ده‌بوو وه‌كوو پیرۆز ته‌ماشا بكرێت.
 ئه‌مانه‌و زۆرێك خه‌سڵه‌تی دیكه‌, كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردی ته‌ماشا بكه‌ین و خاڵبه‌ندییه‌كی هاوشێوه‌ بكه‌ین به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بیت:
 یه‌كه‌م: ماوه‌ی 18 ساڵه‌ هه‌ر ئه‌و دوو حیزبه‌ حوكم ده‌كه‌ن و له‌ كه‌سی قبووڵ ناكه‌ن بیر له‌ گۆڕینیان بكاته‌وه‌.
 دووه‌م: هه‌ر جوڵه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی نارازی به‌ ده‌ستی ناحه‌زان و به‌كرێگیراو وه‌سف ده‌كه‌ن و مافی ته‌قه‌لێكردن و زیندانیكردنیان ده‌ده‌ن به‌ خۆیان.
 سێیه‌م: هه‌رچی تاڵه‌بانی و بارزانی بێت كراوه‌ به‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێك و گرنگترین پۆسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ كردوه‌.
 چواره‌م: كه‌ی یه‌كێتی و پارتی بیانه‌وێت هه‌زاره‌ها خه‌ڵك ده‌ڕژێیننه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان, به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌ڵكردن و مووچه‌بڕین, ئه‌گه‌ر وه‌كوو خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌م پارێزگای كه‌ركوكیش كه‌وتنه‌ به‌ر ته‌قینه‌وه‌ ئه‌وه‌ شه‌هیدن, به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ خواستی ئه‌وان نه‌بێت ئه‌وه‌ كاره‌سات ده‌قه‌ومێت.
 پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر پشتگیری حیزبیت نه‌بێت, ئه‌وه‌ هه‌رگیز دانامه‌زرێیت, خۆ ئه‌گه‌ر لێیان تێك بچێت و به‌بێ ته‌زكییه‌ی حیزب دامه‌زرایت دوای ده‌ ساڵیش بێت داوای ده‌رویشیت لێده‌كه‌ن, هه‌ر ده‌بێت پشتگیری حیزب ببه‌یت.
 شه‌شه‌م: شه‌قام و ماڵه‌كان و دوكانه‌كان و فه‌رمانگه‌كان پڕ كراون له‌ وێنه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك, ئه‌گه‌ر كه‌سێكی وه‌كوو منیش كه‌ وێنه‌ی ئه‌وان قبوڵ نه‌كات له‌ ژوره‌كه‌یدا ئه‌وه‌ وه‌كوو منی لێدێت, چونكه‌ من له‌ شوێنی كاركردنم به‌ر له‌ سێ ساڵ رازی نه‌بووم وێنه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆك له‌ پشت سه‌رم هه‌ڵواسن به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌و شوێنه‌ كارم ده‌كرد وه‌كوو تیرۆریستێك ته‌ماشا ده‌كرام, تا به‌ڕیزو حورمه‌ته‌وه‌ وازم هێنا.
 به‌ڕاستی من نامه‌وێت تۆمه‌ت و ته‌شهیر به‌ كه‌سانی نێو ده‌سه‌ڵات بكه‌م, به‌ڵام یه‌گه‌ر حاڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی ئا ئه‌وه‌ بێت, چۆن دوورییه‌كی بێ بڕانه‌وه‌ ناكه‌وێته‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و میلله‌ته‌وه‌, كه‌ دوورییه‌كه‌ دروست بووه‌, رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و قوڵ بوونه‌وه‌ ده‌ڕوات, ئومێدی باشبوون له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ناكرێت, چونكه‌ هێنده‌ جاشقه‌ڵه‌میان به‌ باڵایاندا هه‌ڵبدات ره‌خنه‌ی جدی كه‌ خزمه‌ت به‌ ته‌واوی خه‌ڵكی وڵاتیش بكات ئه‌وان نایخوێننه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ بآش ده‌زانن جاشقه‌ڵه‌مه‌كانیان هێنده‌ درۆیان بۆ ده‌هۆننه‌وه‌, ره‌خنه‌ی ئێمه‌ هه‌ر وون ده‌بێت له‌ نێو شاڵاوی درۆی به‌ناو نوسه‌ره‌ پاشكۆكانی ده‌سه‌ڵات.
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply