Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

له‌وه‌ زیاتر مه‌یكوژه‌…….هه‌ردی شه‌فیق

Be First!
by June 1, 2009 ئەدەب

له‌وه‌ زیاتر مه‌یكوژه‌
هه‌ردی شه‌فیق

 

خۆره‌تاوه‌كه‌ بۆخۆی ده‌یسوتێنێ‌ مه‌یسوتێنه‌ ،ژیان بۆخۆی خه‌ریكه‌ ده‌یكوژێت مه‌یكوژه‌ .مناڵه‌كه‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ به‌زه‌یی خواو گیرفانی خوا پێداوه‌كانی شار ،چاوی بڕیوه‌ته‌ سێبه‌ری ئه‌و منارانه‌ی سه‌رله‌ ئاسمان گیر ئه‌كه‌ن .له‌وه‌ زیاتر مه‌یكوژه‌ ،لی َی گه‌ڕێ‌ كێ‌ ئه‌ڵی ئه‌و چی ئازارێك له‌ناخه‌وه‌ ئه‌یكرۆژێ‌ ،چ ئاگرێك له‌ده‌رونیدا ئه‌یكات به‌قه‌ره‌بروت ؟له‌وه‌ زیاتر برینداری مه‌كه‌ سه‌یری چاوه‌كانی بكه‌و چاوی دایكت،خوشكه‌كه‌ت،ده‌زگیرانه‌كه‌ت ببینه‌ داوای پارویه‌ك نان ئه‌كات ، تاشه‌وێك مناڵه‌كانی به‌بێ شێ و وبه‌برسێتی سه‌ر نه‌نێنه‌وه‌ ،له‌وه‌ زیاتر ئێسكو پروسكی مه‌هاڕه‌ شه‌قی زه‌مانه‌ فڕێ‌ ی داوه‌ته‌ سه‌رجاده‌ ،كێ‌ ناڵێ‌ سه‌رده‌مانێك،زه‌مانێك ئه‌و نازدارترین مناڵه‌ نه‌شمیلانه‌كه‌ی دایه‌و بابه‌ نه‌بووه‌ به‌ده‌م ئه‌و ده‌رۆزه‌ كه‌رانه‌ی  ئازاری برسێتی ده‌رگای دۆست ودوژمنیان پێ ئه‌كوتێ‌؟كێ‌ ئه‌ڵێ‌ ئه‌و له‌خه‌ویشا ئه‌قڵی بۆ ئه‌وه‌ چووه‌ ڕۆژگارێك گریانی مناڵه‌ كانی به‌رماڵی سواڵی پێ دابخات؟بیهێنه‌ره‌ه‌ به‌رچاوت مناڵه‌كه‌ت داوای پاره‌ت لێئه‌كاو پێت نیه‌ ،ئه‌و له‌برسا ئه‌گری وتۆش له‌بێپاره‌یی و له‌بێده‌سه‌ڵاتیا ته‌نیا ئه‌توانیت ڕۆژێك ودوان و سیان دڵخۆشی بده‌یته‌وه‌ ، به‌ڵام دڵخۆشی نه‌سفره‌یه‌كه‌ له‌به‌رده‌می مناڵه‌كانتا ڕای بخه‌یت و   نه‌پاره‌ی پاكه‌ته‌ بسكێتێكه‌ مناڵێكی برسی پێ ژیر بكه‌یته‌وه‌ .بیهێنه‌ره‌ به‌رچاوت دایكت ،دۆسته‌كه‌ت ،ده‌زگیرانه‌كه‌ت ،خوشكه‌كه‌ت ،كچه‌كه‌ت  له‌و سه‌رشه‌قامه‌ سواڵ ئه‌كاو سواڵێ‌ (شه‌و نوستنێك)ی لێئه‌كه‌ن .چه‌ند تاڵه‌ ئازاری برسێتی وئازاری بێویژدانی و سوكایه‌تی وه‌كو هه‌زاره‌ها شاره‌ مێروله‌ی برسی وه‌ك ئه‌وه‌وی به‌سه‌ر ڕۆحتا بڵاوه‌ بكه‌ن و  وله‌گۆشتی دڵت بخۆن و بتكوژن!! له‌وه‌ زیاتر مه‌یكوژه‌ له‌م مه‌وسمی بێویژدانی و ئه‌زمه‌ی ویژدانه‌دا حه‌قیقه‌ت هه‌زار گولله‌ی ناوه‌ به‌دڵی ئه‌وه‌وه‌ ،تاوێك بچۆره‌ شوێنه‌كه‌ی و سه‌یری  ئه‌و گوللانه‌ش بكه‌ سه‌ردڵی تۆ ئه‌سمن و هێواش هێواش په‌نجه‌ بخه‌ره‌ خوێنی دڵی خۆت و وبزانه‌ هه‌ست به‌چی ئه‌كه‌ی؟ڕۆژێك كه‌برسێتی زه‌فه‌رت پێدێنێ‌و هاواری گه‌ده‌ت دنیات لێئه‌كات به‌دۆزه‌خ چاوی ئه‌و مناڵه‌ برسیه‌ت بێنێته‌وه‌ بیر هیچ گوناهێكیان نیه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌بێوه‌ژنێكی كۆست كه‌وتوو هاتوونه‌ته‌ دونیاوه‌و هێشتا جه‌ژنێك تێر سكی خۆیان نانیان نه‌خواردووه‌و به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ززه‌تیان له‌ڕۆژێكی شیرینی مناڵی كردبێت گۆشه‌ی شه‌قامه‌كان به‌خوێنی هه‌ژاری وناڵه‌ی بێده‌ره‌تانیان سواغ ئه‌ده‌ن.بیهێنه‌ره‌ به‌رچاوی خۆت  كه‌گه‌وره‌ بوون ئه‌و مناڵانه‌ بۆ كام یادگاری مناڵیان بگرین؟بۆچ ڕۆژێك بگرین ؟یادی چ ڕۆژێكی مناڵی  بكه‌نه‌وه‌  شایسته‌ی ئه‌وه‌بێت یادی بكه‌نه‌وه‌؟ده‌ستی كام ناز فریای ئه‌وه‌ بكه‌وێت ئه‌و فرمێسكانه‌ وشك كاته‌وه‌ ،ئه‌و دڵه‌ چكۆله‌ خۆشبكات هێشتا دڵی پاساریه‌كیشیان نه‌شكاندووه‌؟هه‌ست به‌و ئازاره‌ بكات  مناڵێكی سێ‌ چوار ساڵان هه‌ناسه‌ بۆ نوقڵێك ،پاكه‌ته‌ بسكیتێك هه‌ڵئه‌كێشێ‌و ده‌ستی خۆزگه‌ی نایگاتێ‌ ؟جزدانه‌ خاڵیه‌كه‌ی دایكیان ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ ؟ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ كرێ‌ ی خانوو بدات،جل بكڕێ‌ ،پاره‌ی ئاو كاره‌با و خواردن بدات، ده‌بێ‌ هه‌ستی ئه‌و مناڵه‌ چه‌ند ناسكبێت به‌وسانییه‌ وردو خاش ئه‌بێت؟
تو خودا ،تو ویژدانتان ،توئه‌و كه‌سانه‌ی خۆشتان ئه‌وێن و سوێندیان به‌سه‌ر ئه‌خۆن وابزانن ئه‌و ژنه‌ برسی و بێكه‌سه‌ ،ئه‌و دایكه‌ی لێوان لێوه‌ له‌كسپه‌ی دڵ و كزه‌ی جه‌رگ ،لێوان لێوه‌ له‌خه‌می مه‌ینه‌تی ونه‌هامتی ئه‌و مناڵانه‌ی دڵشكان موشته‌ریانه‌و كردونی به‌پیری زه‌مانه‌،دایكتانه‌ ،ئه‌ومناڵانه‌ش مناڵی ئێوه‌ن.وابزانن دایكتانه‌و سواڵ بۆ ئێوه‌ ئه‌كات ،وابزانن خێزانه‌كه‌تانه‌و له‌دوای تیا چوونی ئێوه‌ سواڵ بۆ مناڵه‌ كانتان ئه‌كات ،وابزانن ده‌زگیرانه‌ كه‌تانه‌ ،خوشكه‌كه‌تانه‌ ،گوناهه‌  به‌خودا،به‌مه‌بده‌ئ و پیرۆزی ئێوه‌ گوناهه‌ ،خۆمناره‌كانی ئه‌م شاره‌ سه‌ر له‌ئاسمان توند ئه‌كه‌ن و مزگه‌وته‌كانیش سیخناخن به‌پیاوی ئیماندار ،ئه‌م وڵاته‌ پڕه‌ له‌مرۆڤ دۆستی به‌ناو مرۆڤ دۆست و سه‌ر ده‌زگا كانی ڕاگه‌یاندن ،پڕه‌ له‌نیشتیمان په‌ره‌وه‌رو یه‌كسانی خوازو ………….هتد و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هیچ پێوه‌رێكی ئه‌خلاقی ئینسانی و ویژدانی وهیچ ڕێبازێك كه‌خزمه‌تی مرۆڤ بكات ناگونجێت و یه‌ك ناگرێته‌وه‌.بۆیه‌ داوای ئه‌وه‌یان لێمه‌كه‌ن شه‌وه‌كانتان به‌خوێنی برسێتی سور بكه‌ن و هێنده‌ی تر جه‌رگیان مه‌كه‌ن به‌كه‌باب.به‌و قسانه‌ دڵیان دامه‌ چه‌ڵه‌كێنن ،دڵی ئه‌و مناڵه‌ چكۆلانه‌ غه‌رقی خوێن مه‌كه‌ن ،كێ‌ ئه‌ڵێ‌ ئه‌و له‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌دانیه‌ سفره‌ی ئه‌و ئێواره‌یان دڵیان نه‌شكێنێ‌ و تۆزێك نانی وشكی تێدابێت،كێ‌ ئه‌ڵی ئه‌و مناڵه‌ خه‌وتووه‌ی به‌ر خۆره‌ تاوه‌كه‌ش خه‌و به‌شه‌قامێكی میهره‌ بانتره‌وه‌ نابینێ‌؟؟
Jgarsoz8181@yahoo.com
Hardishafiq@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply