Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

له‌پێناوی كام گۆڕاندا ده‌نگده‌ده‌ین به‌لیستی گۆڕان؟

Be First!
by June 27, 2009 گشتی

له‌پێناوی كام گۆڕاندا ده‌نگده‌ده‌ین به‌لیستی گۆڕان؟
          ستیڤان شه‌مزینانی

Shamzini79@hotmail.com

 
فه‌یله‌سووفی مه‌زن "كارل ماركس" له‌یه‌كێك له‌وته‌كانیدا كه‌ ده‌كرێت به‌كرۆكی بیره‌ سیاسییه‌كه‌ی ناوزده‌ی بكه‌ین، ده‌ڵێت "فه‌یله‌سووفه‌كان به‌شێوه‌ی جیاجیا تائێستا دنیایان ته‌فسیر كردووه‌ به‌ڵام گرنگ گۆڕینێتی". ئه‌م وته‌زا به‌ربڵاوه‌ی ماركس هه‌ندێك له‌شرۆڤه‌كارانی گه‌یاندۆته‌ بڕوایه‌ك ماركس هه‌موو شیكردنه‌وه‌كانی له‌بواری فه‌لسه‌فه‌و ئابووری ومێژوو بۆ ئه‌وه‌بوو بیكاته‌ كه‌ره‌سته‌و زانستی گۆڕینی دنیا. كه‌وابوو ئێمه‌ چۆن ده‌توانین بارێكی سیاسیی یان كۆمه‌ڵایه‌تی بگۆڕین؟. به‌بڕوای من وه‌ڵامێك بتوانێت پڕ به‌پێستی ئه‌م پرسیاره‌ بێت، ئه‌وه‌یه‌ دنیا ناگۆڕێت به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی پێشكاتی ئه‌و دنیایه‌، واقیعێك ناگۆڕێت تا كون وكه‌له‌به‌ری ئه‌و واقیعه‌ت شه‌ن و كه‌و نه‌كردبێت؟. ئه‌ی ئه‌گه‌ر پرسیار بكه‌ین واقیعی وه‌ستاوی كوردستان چۆن ده‌گۆڕێت وكام هێز ده‌توانێ به‌سترۆكتۆریی بیگۆڕێت؟، من پێموایه‌ گۆڕانی راسته‌قینه‌ كه‌ سیستمی چه‌وسێنه‌ری كۆن له‌بناغه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنێت به‌ هێزو ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی چه‌پی شۆڕشگێڕ ده‌كرێت، ئه‌م چه‌په‌ له‌كوردستان نه‌ك وزه‌و نفوزی نییه‌ به‌ڵكو ئه‌سڵه‌ن هه‌ر له‌بوونیشدا نییه‌، ئه‌و چه‌په‌ سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌شی به‌ناوی سۆسیالیزم وخه‌باتی چینی پڕۆلیتاریاوه‌ كارده‌كه‌ن زۆر زیاتر له‌سه‌رمایه‌داران قورستتر ودژوارتر چینه‌كانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ ده‌چه‌وسێننه‌وه‌و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بازرگانیی وسه‌فه‌قاتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. پرسیارێك دوای ئه‌م روونكردنه‌وه‌ كورته‌ بێته‌ ئارا پرسیارێكی قورس وجیددییه‌، ئایا ئه‌گه‌ر چه‌پ نه‌بێت كێ ده‌توانێت بارو كه‌شی ئه‌مڕۆی كوردستان بگۆڕێت؟. به‌دیتنی من هیچ هێزێكی راستڕۆ ناتوانێت یان راستتر وایه‌ بێژین ئه‌جیندای نییه‌ له‌بناغه‌وه‌ سه‌رله‌به‌ری ره‌نگی پرۆسه‌ی ژیان به‌هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ لێره‌ بگۆڕێت، ئه‌وه‌ی ناوی گۆڕانه‌ ته‌نیا هه‌ندێك ریفۆرمی سیاسیی وئابوورییه‌ كه‌ له‌هه‌ناوی هه‌مان سیستمی فه‌رمانڕه‌واییدا ده‌كرێت و ره‌واییه‌كه‌ی له‌دیكتاتۆریی وداسه‌پاندنه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ره‌واییه‌كی یاسایی ودیموكراتی، له‌كاتێكدا هه‌موو ده‌زانین له‌قیمه‌ی وڵاتانی دیموكراسییدا مرۆڤه‌كان ده‌رگیری هه‌زاران كێشه‌ی جۆربه‌جۆرن كه‌پشكی زۆرینه‌یان به‌هۆی بازاڕی ئازادو خودی سیستمه‌كه‌وه‌ به‌دیهاتووه‌، واته‌ دیموكراتی چاره‌سه‌ر نییه‌، بۆیه‌كا گۆڕان له‌كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی هێزه‌ راستڕۆكان ته‌نێ هه‌ندێك گۆڕانه‌ له‌ناو خودی هه‌مان سیستمی سه‌رمایه‌داریی وفیوداڵی باڵاده‌ستی كوردستان نه‌ك رزگاركردنی مرۆڤ له‌كۆت وپێوه‌نده‌ ده‌ستكرده‌كان. پرسیارێكی تریش لێره‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت: ئایا ئه‌و گۆڕانه‌ی كۆمپانیای وشه‌و هه‌وادارانی نه‌وشیروان مسته‌فا جه‌ختی لێده‌كه‌نه‌وه‌ چه‌ند ده‌توانێت باری سیاسیی وئابووری وحكومداریی له‌كوردستان بگۆڕێت؟. لایه‌قترین به‌رسڤ له‌وه‌دا ده‌بینرێته‌وه‌: گۆڕانی كۆمپانیای وشه‌ گۆڕانێكه‌ له‌ناو هه‌مان ئه‌و سیستمه‌ی وا خه‌ریكه‌ له‌كوردستان ته‌به‌نی ده‌كرێت، گۆڕینی شێوازه‌كان ومیكانیزمه‌كانی پیاده‌كردنی سیاسه‌ته‌ نه‌ك خودی ئه‌و سیاسه‌ته‌ باڵاده‌سته‌ی به‌رپرسیاره‌ له‌خوڵقاندنی هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی وه‌ك مرۆڤی كورد له‌نزیكه‌وه‌ پێیان ئاشناین. ئه‌م وه‌ڵامه‌ش له‌هه‌ناوی خۆیدا بارگاوییه‌ به‌ده‌یان پرسیار، یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ش ئه‌وه‌یه‌: مادام وایه‌ ئایا گۆڕانه‌كه‌ی لیستی گۆڕان وكۆمپانیای وشه‌ چه‌ند پێویست وبایه‌خداره‌ بۆ ژیانی ئه‌مڕۆی هاووڵاتیانی كوردستان؟. به‌بڕوای تایبه‌تی خۆم ئه‌و گۆڕانانه‌ی كۆمپانیای وشه‌ باسیان ده‌كات وكردوونی به‌رۆژه‌ڤ له‌سه‌ره‌كیترین ئه‌و خاڵ وبنه‌مایانه‌ن هه‌موو تاكێك له‌م وڵاته‌دا خوازیاره‌ گۆڕانكاریی تێدا بكرێت، چون باشكردنی خزمه‌تگوزاریی وبه‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی تاكه‌كه‌س وبه‌ره‌نگاریی گه‌نده‌ڵیی وسه‌روه‌ریی یاسا "هه‌رچه‌نده‌ یاساكان بۆ ئێمه‌ی چه‌پ جێگه‌ی تێبینی و رامانی زۆرن"، سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری كولتووری به‌عس له‌به‌ڕێوه‌بردن وجیاكردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ له‌یه‌كتر، كورتكردنه‌وه‌ی نه‌زعه‌ی خێڵ وحزب له‌سه‌ر حكومه‌ت وژیانی خه‌ڵك، له‌گرنگترین ئه‌و خاڵانه‌ن ئه‌گه‌ر هێزێكی چه‌پیش بێته‌ سه‌ر حوكم له‌ماوه‌ی چوارساڵدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێده‌كرێت بیكات، بۆیه‌كا پێموایه‌ ئه‌گه‌رچی چه‌په‌كان لایه‌نگری گۆڕانی رادیكاڵیی وریشه‌یین له‌كۆی سیستمه‌كه‌دا له‌هه‌مان كاتدا ناتوانن پێشوازیی له‌وجۆره‌ گۆڕانه‌ نه‌كه‌ن ئه‌مڕۆ كۆمپانیای وشه‌ بووه‌ته‌ جۆشده‌ری ونوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، ئایا بۆ چه‌په‌كان ئه‌وه‌ باشه‌ كوردستان رووه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی سوێدیی یان رۆژئاوایی مل بنێت كه‌ زۆر ده‌ستكه‌وتی مرۆیی  تێدا به‌دیهاتووه‌ له‌ئه‌نجامی خه‌باتی ئازادیخوازان، یان زیاتر بۆ دواوه‌ به‌ره‌و ئه‌فغانستانبوون ونموونه‌ی ئه‌و وڵاته‌ تۆتالیتێری ودیكتاتۆرانه‌ بڕوات هه‌موو له‌ناوچه‌كه‌دا به‌چاوی سه‌ر كارو كرده‌وه‌كانیان ده‌بینین؟. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێبینیمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌جێندایه‌ی بانگه‌شه‌كارانی لیستی گۆڕان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ناكرێت به‌ناوی ئه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ی ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن هه‌موو شتێك نییه‌ ره‌تی بكه‌ینه‌وه‌، چوونكه‌ هیچ هێزو لایه‌نێكی تر نییه‌ به‌رنامه‌یه‌كی له‌وه‌ راقیترو گۆڕانخوازانه‌تری پێبێت یان ئه‌گه‌ر هه‌یشی بێت بایی ئه‌وه‌ شانسی نییه‌ چاره‌گێكی لێ بهێنێته‌دی، چوون هیچ هێزێكی وه‌ها كاریگه‌ر نابینین جگه‌ له‌لیستی گۆڕان ئه‌و وزه‌و قورساییه‌ی هه‌بێت كه‌بتوانێت گۆمه‌كه‌ بشڵه‌قێنێت وده‌نگی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ستبهێنێت وبیانكاته‌ پشتیوانی كارو هه‌نگاوه‌كانی له‌چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانتارییدا. ئه‌گه‌ر له‌من بپرسن له‌كوردستان گۆڕان له‌كوێوه‌ ده‌ستپێده‌كات؟، له‌ساده‌ترین وه‌ڵامدا ده‌ڵێم: به‌هه‌ڵته‌كاندنی سه‌رله‌به‌ری سیستمی باو وباڵاده‌ست!، ئه‌گه‌ر پێمبڵێن سیاسه‌ت ریالیزمه‌و یۆتۆپیا ناخوات وئه‌و كاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌ی هه‌یه‌ هاوكوف نییه‌، ئه‌ی چی بكه‌ین؟ زۆر له‌سه‌ری ناڕۆم وده‌ڵێم كه‌مێك گۆڕانكاریی له‌نه‌گۆڕان باشتره‌، هه‌نگاوێك ته‌نانه‌ت بۆ گۆڕانی لاوه‌كیی وریفۆرمی سیاسیی باشتره‌ وه‌ك له‌چه‌قبه‌ستن، بۆیه‌كا ده‌خوازم بڵێم له‌پێناوی گۆڕاندا ده‌نگ بده‌ن به‌گۆڕان.

 

Previous
Next

Leave a Reply