Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

له‌پێناو هه‌ڵبژاردندا مڵک و ماڵم ده‌به‌خشم‌

Be First!
by March 12, 2009 گشتی

       حاجی ئه‌نوه‌ر . سویسرا. 07/03/2009

پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر ووشه‌یه‌ک بڵێم ڕووی ده‌مم ده‌که‌مه‌ ئه‌و تێکۆشه‌ر و خاوه‌ن هه‌ڵوێستانه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی به‌عسیه‌کان ‌و که‌سوکاری قوربانیان و شه‌هیدان و له‌ دواجاریشدا پێشمه‌رگ هۆشیاره ‌خۆبه‌خشه‌ دێرینه‌‌کانی کوردستان، که‌ مه‌نتق وایه‌ هیچ یه‌کێک له‌و ئازیزانه‌‌ دژ به‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ نه‌بن، چونکه‌ ئه‌وان زه‌ره‌رمه‌ند و قوربانی بوون له‌ ڕابوردودا و  به‌رده‌بازیشن له‌ئه‌‌مڕۆدا .
ئه‌م پێشنیاره‌ له‌ کورتیدا ده‌بڕێنمه‌وه‌ به‌و هیوایه‌ی ببێته‌ جێگه‌ی گفتوگۆ و له‌ئه‌نجامدا سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسێونێکی به‌هێزی ڕاسته‌قینه‌ و دڵسۆز به‌ ئاوات و ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد تا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئاینده‌دا جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگرێته‌ ده‌ست و کۆتای به‌ ترس و دڵه‌راوكێی هه‌موو ساته‌ی مرۆڤی کورد له‌ باشوردا بهێنێ .
ئاشکراشه‌ پارتی و یه‌کێتی هه‌روا به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌وته‌کانیان نابن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ زیاتر مێژوویان له‌که‌دار و ڕه‌شتر نه‌بێت، ده‌بێت باوه‌ڕیان هه‌بێت زانا ئه‌و که‌سه‌یه‌ وانه‌ له‌ که‌سانی تره‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، نه‌ک وانه‌ی لێوه‌ وه‌ربگیرێت.
مێژووی مرۆڤایه‌تی دووپاتی کردۆ‌ته‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نادیموکراتی هه‌رچه‌نده‌ به‌هێزیش بووبێت نه‌یتوانیوه‌ تاسه‌ر درێژه‌ به‌ته‌مه‌نی بدات و وه‌ک گاڵته‌جاڕیش کۆتای پێهاتوه‌ .
بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌سات ڕوونه‌دات ، چۆن خه‌ڵکی کورد ڕه‌چاوی بارودۆخی کوردستانیان کرد( ئه‌گه‌رچی له‌ وه‌همێک زیاتر شتێکی تر نه‌بوو! )، چاویان نوقاند، گۆێچکه‌یان داخست، زمانی خۆیانیان به‌ست، سکی برسێتی خۆیانیان هه‌ڵگوشی، له‌به‌رامبه‌ر هه‌زاران هه‌زار کارو کرده‌وه‌ی ناشارستانی و دوور له‌هه‌ر ڕه‌وشتێکی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤانه‌ و به‌رگه‌ی ئه‌وهه‌موو کاره‌ساتانه‌یان گرت که‌ پارتی و یه‌کێتی خوڵقێنه‌ری بوون، ته‌نها و ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنانی کورد زه‌فه‌ری زیاترمان پێنه‌به‌ن !!!! ده‌بێت به‌رپرسان و بڕیاربه‌ده‌سته‌کانی ناو پارتی و یه‌کێتیش تۆزقاڵێک به‌رپرسیاره‌تی له‌خۆیان بنوێنن و پێشێلی ئه‌و مافه‌ سروشتیه‌ی خه‌ڵکی نه‌که‌ن له‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، چونکه‌ ئه‌زمونی 18 ساڵی ڕابوردو دووپاتیکردۆه‌ته‌وه‌ که‌ پارتی و یه‌کێتی نه‌ک نه‌یان توانیوه‌ کێشه‌ جۆراوجۆراکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ چاره‌سه‌ر نزیک بکه‌‌نه‌وه‌ به‌ڵکو بۆ چه‌ندین ده‌یه،‌ گێڕاویانه‌ته‌ دواوه‌‌ .
ده‌بێت چی بکه‌ین : ــ
1 ــ ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌ی و ئه‌خلاقی سه‌رشانی هه‌موو مرۆڤێکی پاکی کورده‌ که‌ هه‌ریه‌که‌ به‌پێی توانا و له‌بواری پسپۆڕی خۆیدا شان بداته‌ به‌ر لاشه‌ی شه‌ڵاڵ وماندو و چه‌قیوی نه‌ته‌وه‌ی کوردو له‌م محنه‌ته‌ ڕزگاری بکات. ئه‌ویش به‌ گێڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌ت و شه‌هامه‌تی مرۆڤانه‌ و نه‌ته‌وه‌ییان‌، که‌ ته‌نها ڕێگاش، به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌ له‌لایه‌ن که‌سانی دڵسۆز و پسپۆڕ له‌ به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا به‌ته‌واوی ماناوه‌.
2 ــ  هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌  مانگی ئایار، هه‌ڵبژاردنێکی چاره‌نوسازه‌ و فرسه‌تێکی تری وه‌ک ئه‌و چه‌ندین فرسه‌ته‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باشوردا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ ، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی هوشیاری پێویست و ئاماده‌ نه‌بوونی  ئه‌و ژماره‌که‌مه‌ له‌ مرۆڤه‌ دڵسۆز و خه‌مخۆره‌کانه‌وه‌، فرسه‌ته‌کان له‌بارچون .
ئه‌مڕۆ پاش ده‌یان شکست و کاره‌ساتی جه‌رگبڕ ، نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌م ئه‌زمونێکی باشی کۆکردۆ‌ته‌وه، هه‌م خاوه‌نی سه‌دان مرۆڤی ئه‌کادیمی و پسپۆڕه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کاندا.
ئه‌رکی سه‌رشانی یه‌که‌ به‌یه‌که‌یانه‌ و هیچ به‌هانه‌یه‌ک نیه‌ بۆ شانخاڵیکردنه‌وه‌ له‌ ئامێزنه‌گرتنی ئه‌و ئه‌رکه‌ نه‌ته‌وه‌ی و مرۆڤانه‌یه ئه‌ویش به‌ ناساندنی لیستێک له‌و‌ که‌سایه‌تیه‌ پاک و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و ته‌کنۆکرات و ئه‌کادیمسته‌کان، که‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باشوردا بکه‌ن و هه‌وڵی کۆتایی به‌ کێشه‌ که‌ڵه‌که‌ بوه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌گشتی و  باشوری کوردستان به‌تایبه‌تی، بهێنن .
3 ــ  له‌ئه‌نجامی نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و پێشێلکاری به‌رده‌وامی مافه‌ سروشتیه‌کانی هاوڵاتیانی کوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌‌، خه‌ڵکی به‌گشتی و خۆبه‌خۆ که‌وتونه‌ته‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسێونه‌وه. به‌ڵام  ئه‌م  ئۆپۆزیسێونه،‌ په‌رشوبڵاوه‌، نارێکخراوه، خاوه‌نی ئه‌جه‌نده‌و ڕابه‌ڕایه‌تیه‌کی یه‌کگرتوو سه‌رانسه‌ری نیه‌.
ئه‌رکی سه‌رشانی‌ ئه‌و خه‌مخۆرانه‌ی نه‌ته‌وه‌ و ڕۆشنبیرانی به‌ره‌ی گه‌له‌، که‌ ته‌واوی کێشه‌ شه‌خسیه‌کانیان وه‌لاوه‌بنێن و جدی بن له‌ کۆکردنه‌وه‌ و پێشڕه‌وی کردن و ئاماده‌کردنی جه‌ماوه‌ر، به‌ئامانج و به‌رنامه‌ی گۆڕانه‌وه،‌ به‌ره‌و  سندوقه‌کانی هه‌ڵبژاردن .
4 ــ سود وه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئه‌وکه‌ناڵانه‌ی (ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌ گشتی و مه‌ده‌نی و سیاسیه‌کان)  که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی باشوری کوردستان نه‌یانتوانیوه‌ قۆرخیان بکه‌ن و به‌کاربهێنانیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و لیسته‌ی که‌ ئامانجی گۆڕان وگۆڕانکاری به‌رفراوان و ریشه‌ییه‌ له‌ سیسته‌م و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگادا و هێشتان ناوی له‌سه‌ر دانه‌نراوه‌.‌ من پێشنیاری ناوی لیستی گۆڕانی دیموکراتی و ڕزگاری نیشتیمانی ده‌که‌م بۆ لیستی ئاماژه‌بۆکراو.
5 ــ نابێت به‌هیچ جۆرێک بوار بدرێته‌ پارتی و یه‌کێتی تا په‌لاماری جه‌ماوه‌رو لیسته‌کانی تر بدات و هه‌ستێت به‌ کڕین و ته‌زویری ده‌نگه‌کان  و کاری توندوتیژی و هه‌ڕه‌شه‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ران ئه‌نجامبدات، ده‌بێت هه‌وڵی ته‌واو بدرێت به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن کورده‌ نیشته‌جێبوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات  که‌ سه‌ردانی زۆرترین زۆری ده‌زگا و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه سه‌ربه‌خۆ‌کان بکه‌ن و داوابکه‌ن چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بکه‌ن.
6 ــ ده‌بێت داوابکرێت له‌ کۆمیسێونی باڵای هه‌ڵبژاردن بۆ کوردانی ته‌راوگه‌  بتوانن به‌شداری  له‌ ده‌نگدان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا بکه‌ن. چونکه له‌ناو کوردانی هه‌نده‌راندا‌ ژماره‌و ڕێژه‌یه‌کی به‌رزی ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر سیسته‌می ‌ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کورد له‌ باشوری کوردستان هه‌یه‌ ، که‌ ئاماده‌ن ده‌نگبده‌ن بۆ لیستی گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا.
7 ــ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌ک له‌ که‌سایه‌تیه‌ پاک و ئازیزانه‌ی سه‌ره‌وه‌ که‌ پێشه‌نگی لیستی گۆڕان بن. ئه‌وانه‌ ده‌بێت که‌سانێک بن که‌ له‌ ڕوی دڵسۆزی و بیروباوه‌ڕو تواناو شاره‌زایی و جه‌ربه‌زه‌ییه‌وه‌ بتوانن نوینه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ر بکه‌ن و پرۆسه‌ی گۆڕانکاری و دژواریه‌کانی ڕابه‌ڕایه‌تی بکه‌ن.  
8 ــ به‌ بڕوای به‌نده‌، هه‌ریه‌ک له‌ کاک ( جه‌وهه‌ر نامق و نه‌وشیروان مسته‌فا) وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی ناسراو و خاون نفوز و ناڕازی به‌ ‌سیسته‌م وشێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی باشوری کوردستان ده‌توانن مه‌شخه‌ڵبه‌ده‌ستانی ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و تاریکستانه‌ ده‌بن به‌ڵام پێویسته‌ له‌ناو ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌دا زۆر که‌سایه‌تی  سیاسی و ڕۆشنبیری و ئه‌کادیمی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بن که‌ مۆرکی سه‌رانسه‌ری و تازه‌گه‌رێتی ببه‌خشن به‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌و زه‌مانه‌تی قۆناغێکی نوێ له‌ ژیانی سیاسی و دیموکراتی له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان بکه‌ن که‌ دووربێت له‌ ململانێ  و پیوه‌ره‌کانی کلاسیکیه‌کانی یه‌کێتی و پارتی.
 
9 ــ ــ پێویسته‌ له‌سه‌ر برایان کاک ( جه‌وهه‌ر نامق و نه‌وشیروان مسته‌فا ) خه‌ڵکی کوردستان دڵنیابکه‌نه‌وه‌، که‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان گه‌مه‌یه‌کی سیاسی نیه‌ و به‌ڵکو پێویستیه‌کی هه‌نوکه‌ییه‌ ، ئه‌ویش به‌ ئاشکراکردنی هه‌ڵوێستی ڕوون وئاشکرایان به‌رامبه‌ر جێگۆڕکێ ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حوکم له‌ داهاتوی کوردستانێکی به‌پیت و به‌ره‌که‌تی کشتوکاڵی و چواروه‌رزی دیاریکراو و جێگه‌و ڕێگه‌یه‌کی ستراتیژی و خاوه‌ن دوو به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ و چه‌ندین زێ و ڕووبار و چه‌م ، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ده‌سته‌ ڕه‌نگینه‌کانی کارکردن و بیره‌تیژه‌کانی بیرکردنه‌وه‌. له‌سه‌روی ئه‌مانه‌شه‌وه‌ بوونی سه‌دان بیر له‌ ئاڵتونی ڕه‌ش. ئه‌گه‌ر بیرێکی پاک و دڵسۆزانه‌ له‌ ئارادا بوایه‌ چه‌ند ساڵێک بوو کوردستان ده‌بووه‌ دووبه‌ی .
10 ــ ئه‌وه‌ی  له‌ ئێستادا پێویسته‌ به‌ کاوه‌خۆ بیری لێبکرێته‌وه‌ پیشاندانی ڕێگه‌یه‌کی ڕون و ڕاشکاوه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ هه‌موو  ئه‌و کێشه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیانه‌ی ئه‌مڕۆ دوچاری کۆمه‌ڵگاکه‌مان هاتوون و یه‌کێتی و پارتی له‌ چاره‌سه‌رکردنیدا بێتواناو بێده‌ربه‌ستن. گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌و باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌ بۆ میلله‌ته‌که‌مان که‌ ده‌بێت خۆی سه‌رپشک و بڕیارده‌ربێت له‌ ئاینده‌و دیاریکردنی چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌که‌ی. گرنگه‌ هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کانی ئه‌مڕۆی کوردستان به‌ دژی هه‌لومه‌رجی سه‌پاوو ناڕه‌وای داگیرکه‌ران و سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌ژێر چه‌ترێکدا کۆبکرێنه‌وه‌، بۆ  ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تۆڕێک له‌ که‌ناڵه‌کانی په‌یوه‌ندی له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ دروستبکرێت و سه‌رئه‌نجام به‌ره‌یه‌کی خاوه‌ن به‌رنامه‌و لیستێکی ئاشکرا له‌ که‌سایه‌تیه‌ کاندیدکراوه‌کانی لێبکه‌وێته‌وه‌ و هه‌مووش بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ئاماده‌و  ته‌ییاربکرێن.      
11 ــ هه‌وڵ بدرێت هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌گره‌کانی ناو یه‌کێتی و پارتی و داموده‌زگاکانی حیزبی و حکومه‌ت، دژ به‌ بیرۆکراتی و گه‌نده‌ڵی بێهه‌ڵوێستی و ناکارایی، به‌ به‌ره‌ی گۆڕان په‌یوه‌ستبکرێن و دڵنیا بکرێنه‌وه‌ مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی گۆڕانکاری  به‌دووره‌ له‌ دژایه‌تی کوێرانه‌و یاخود له‌به‌رچاونه‌گرتنی ده‌ستکه‌وته‌کانی هه‌تاکو  ئێستای گه‌له‌که‌مان که‌ له‌ ڕابردوودا له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه به‌دیهێناون، ‌وه‌ له‌ ئاینده‌شدا سوود له‌ دڵسۆزی و پسپۆری و لێهاتوییان بۆ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌ی گۆڕان وه‌ربگیرێت.

12 ــ گرنگه کاندیده‌کانی لیستی به‌ره‌ی گۆڕان بژارده‌یه‌ک بن له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی، که‌ له‌هه‌موو بواره‌کاندا‌، ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی خواست و داواکاریه‌کای میلله‌ت و گه‌نجان و خوێندکاران و ژنان و ئه‌و چین و توێژانه‌ بکه‌ن که‌ مافه‌کانیان پێشێلکراوه‌و ده‌توانن بۆ پێشکه‌وتنی کوردستان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی گرنگ و به‌رچاو بگێڕن.

13 ــ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی دیموکراسی به‌رقه‌رار بێت، ده‌بێت جاڕی گه‌ردونی مافی مرۆڤ له‌ به‌ندی یه‌که‌مه‌وه‌ تا دوا به‌ند جێبه‌جێ بکرێت و ببێته‌ وانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌ قوتابخانه‌کانی سه‌ره‌تای و ناوه‌ندی دا و له‌ ده‌سگاکانی ڕاگه‌یاندندا گرنگی ته‌واوی پێبدرێت .
14 ــ ده‌بێت گرنگی ته‌واو و دڵسۆزانه‌ به‌ کاره‌ساته‌کانی ئه‌نفال و کیماوی باران بدرێت و هه‌وڵبدرێت ئه‌م دۆسیه فه‌رامۆشکراوو پشتگوێخراوه‌‌ له‌سه‌ر ئاستی دنیادا هه‌ڵمه‌تێکی فراوانی بۆ ئه‌نجامبدرێت و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ناچاربکرین که‌ به‌فه‌رمی دان به‌ جینۆسایدی گه‌له‌که‌مان بنێن. کاری ده‌ستبه‌جێش بۆ که‌سوکاری قوربانیه‌کان و ناوچه‌کانیان بکرێت و ڕێزو سه‌روه‌ری و ئاسوده‌یی ده‌رونی کۆمه‌ڵایه‌تیان بۆ بگێڕێته‌وه‌و له‌ په‌رله‌مانیشدا ده‌نگ و نوێنه‌رایه‌تی ته‌واویان هه‌بێت.
15 ــ  له‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌‌ دیموکراتی و هه‌تا نیمچه‌دیموکراتیه‌کانی دنیادا ئۆپۆزیسێون وه‌ک ‌به‌شێک‌ له‌ کۆمه‌ڵگا، مافی خۆیانه‌ که‌ به‌هره‌مه‌ند بن له‌ سه‌روه‌ت و سامانی ووڵات، به‌ڵام، ئه‌وه‌ ته‌نها ڕژێمه‌ دکتاتۆر و کۆنه‌په‌رسته‌کانن نه‌ک دان به‌م مافه‌دا نانێن به‌ڵکو سیاسه‌تی برسیکردن و ده‌ربه‌ده‌ری و سڕینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر موخالفینی خۆیان پیاده‌ده‌که‌ن. پێشنیارده‌که‌م له‌کاتی بوونی ئه‌م به‌ربه‌سته‌داو بۆ زاڵبون به‌سه‌ر ئه‌م کۆسپه‌دا هه‌ڵمه‌تێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی دارایی به‌رپابکرێت که‌ سیسته‌م و ڕێوشوێنێکی یاسایی و شه‌فافانه‌ به‌خۆوه‌ بگرێت و به‌دووربێت له‌و نه‌ریت  و خراپه‌کاریانه‌ی  هه‌تاکو ئێستا له‌م بواره‌دا پیاده‌کراوه‌.*

ئه‌رکه‌ پێویسته‌کان : ــ
1 ــ  ڕۆژنامه‌ نوسان، ده‌بێت شه‌رفی پیشه‌ و پیشه‌گه‌رێتی خۆیان بپارێزن بۆ هاوبه‌شیکردنی جددی وداکۆکیکردن له‌ ڕه‌وتی گۆڕانکاری و وه‌ستانه‌وه‌ به‌ ڕوی  گه‌نده‌ڵی و بێدادی و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادی و دیموکراسی له‌ کوردستان.
2 ــ  ده‌بێت ئه‌ندامه‌ دڵسۆزه‌کان و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌ خۆبه‌خشه‌کانی ناو یه‌کێتی و پارتی ڕۆڵی جوامێرانه‌ی خۆیان ببینن، چیتر ڕێگانه‌ده‌ن خه‌بات و قوربانیه‌کانیان، خوێنی گه‌ش و پاکی هاوڕێکانیان، ببێته‌ به‌رده‌بازی ژێرپێی گه‌نده‌ڵکاران، ده‌بێت له‌ هه‌وڵی بێوچاندا بن بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و مه‌زنیان، ئه‌وه‌ش به‌هێنانه‌ دی ئه‌و ئاواتانه‌یه‌ که‌ گیانی خۆیانیان له‌ پێناودا به‌خشی که‌ سه‌روه‌ری ووڵات و ئازادی گه‌له‌، ته‌نها ڕێگاش سسته‌مێکی دیموکراتیه‌ .
3¬_ نوێنه‌رانی لیستی به‌ره‌ی گۆڕان  په‌نا به‌رن بۆ دادگا، له‌ دادگادا چه‌ند دادوه‌رێک دیاریبکرێت، له‌‌ دادوه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆکان، له‌ گۆڕستانی قوربانیانی کیمیاوی بارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، له‌به‌رده‌م سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن ، هه‌ردوو ده‌ستیان بخه‌نه‌ ناو تێکه‌ڵه‌یه‌ک له‌ خاکی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان  و په‌یمان بده‌ن : ــ
سوێند ده‌خۆم به‌، گۆڕی هه‌موو شه‌هیدان و قوربانیانی شۆڕشه‌کانی کوردستان، به قوربانیانی ‌ئه‌نفال و کیمیاباران، به‌ زریکه و ئاهونزای ئه‌و منداڵ و ژن و پیاوانه‌ی که‌ به‌بێ تاوان زینده‌به‌چاڵکران، به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌، به‌ ویژدان و سه‌روه‌ری هه‌مو ئه‌وانه‌ی تا ئه‌م ساته‌وه‌خه‌ته‌ خیانه‌تیان نه‌کردوه‌، گه‌نده‌ڵیان نه‌کردوه‌.
 خیانه‌ت له‌ کورد و کوردستان نه‌که‌م و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمان بخه‌مه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی خۆمه‌وه‌.

(*) بۆخۆم وه‌ک حاجی ئه‌نوه‌ر ئاماده‌ی ده‌رده‌بڕم به‌ به‌خشینی پارچه‌یه‌ک زه‌وی که‌له‌پاداشتی پێشمه‌رگه‌ بوونم پێمبه‌خشراوه‌ + مانگانه‌ 500 دۆلاری ئه‌مریکی تا کۆتای هه‌ڵبژاردنه‌که‌ .
Hajianwar54@yahoo.de

 

Previous
Next

Leave a Reply