Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

له‌گه‌ڵ تۆ، ته‌نها له‌گه‌ڵ تۆ…سه‌روه‌ر عومه‌ر

Be First!
by March 18, 2012 ئەدەب

 

شکۆفه‌ی خونچه‌م خۆشئه‌وێ‌
چونکه‌ له‌ شکۆفه‌ی زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆ ئه‌چێ‌..
ئه‌ستێره‌ی ئاسمانم خۆشئه‌وێ‌
چونکه‌ له‌ بریسکه‌ی چاوه‌کانی تۆ ئه‌چێ‌..
ئه‌ی هاوسه‌فه‌ری ژینی من،
په‌یوه‌ندی نێوان خۆم و خۆتم خۆشئه‌وێ‌
چونکه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئاو و ماسی ئه‌چێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ گریانم خۆشئه‌وێ‌
شنه‌ و زریانم خۆشئه‌وێ‌
وه‌ک باران له‌ناکاو هاتیته‌ بیابانی ژینمه‌وه‌
بۆیه‌ بارانم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ پایزم خۆشئه‌وێ‌
بارانی به‌ڕیزم خۆشئه‌وێ‌
گوڵنی په‌ڕپه‌ڕم خۆشئه‌وێ‌
شه‌قامی ته‌ڕم خۆشئه‌وێ‌

له‌گه‌ڵ تۆ خه‌زانم خۆشئه‌وێ‌
گه‌ڵرێزانم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ هه‌میشه‌ عاشقم
گشت ساته‌کانم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ منداڵه‌ بۆیاخچییه‌کانم خۆشئه‌وێ‌
دوکاندار و ده‌ستگێڕ و عاره‌بانچییه‌کانم خۆشئه‌وێ‌
دز و جه‌رده‌ و ده‌ستبڕه‌کانم خۆشئه‌وێ‌
دوژمنه‌کانیشم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ ئه‌م شاره‌م خۆشئه‌وی
ئه‌م شاره‌ تاریک و نوته‌ک و بێقه‌واره‌م خۆشئه‌وێ‌..

خه‌مخواردن له‌ تۆم خۆشئه‌وی
سووتانم وه‌ک مۆم خۆشئه‌وێ‌
کاتێک بۆ تۆ ئه‌توێمه‌وه‌
ته‌نها ئه‌وکاته‌ خۆم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ پێچ و لۆفه‌ و
شه‌قامی پڕ له‌ تاسه‌ و کۆڵنی باریکم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ ئاپۆڕه‌ی ماشینه‌کان و
گڵۆپی سه‌وز و سووری ترافیکم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ رۆیشتن و هاتنم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ گه‌یشتن و نه‌گه‌یشتنم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ قازانج و زیانم خۆشئه‌وێ‌
مه‌رگیشم به‌ئه‌ندازه‌ی ژیانم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ ئاشکرا و رازه‌کانم خۆشئه‌وێ‌
گۆرانییه‌ کۆن و تازه‌کانم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ وه‌سڵی قیست و
ژماره‌ی قه‌رزه‌کانم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ شیرین و تاڵم خۆشئه‌وی
گیرفانی به‌تاڵم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ کرێی خانوو و
 بۆڵه‌بۆڵی خاوه‌نماڵم خۆشئه‌وی..

له‌گه‌ڵ تۆ بێداربوونه‌وه‌ی به‌یانیان و
ماندوێتی ئێوارانم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ رۆتیناتی کار و
له‌یه‌کچوونی رۆژه‌کانم خۆشئه‌وێ‌..

له‌گه‌ڵ تۆ زینده‌وه‌ر و نازینده‌وه‌رم خۆشئه‌وێ‌
له‌گه‌ڵ تۆ، ته‌نها له‌گه‌ڵ تۆ…
گشت بوونه‌وه‌رم خۆشئه‌وێ‌…!

sarwaromer77@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply