Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

له‌ حزووری گڵکۆی باوکم

Be First!
by May 24, 2011 هۆنراوە

ده‌ست نوێژی وه‌فا ده‌شۆم و به‌ سرته‌ دێمه‌ حزوورت
توند باوه‌شت پێدا ده‌كه‌م، تا دڵم پڕ بێ له‌ نوورت
باوكه‌، خۆڵی سه‌ر گۆڕه‌كه‌ت بۆنی باوه‌شی تۆی لێدێ
ئه‌و باوه‌شه‌ی هه‌ر ساتێكی موڵكی هه‌موو دونیای پێدێ
تۆ ئێستاكه‌ش شا ڕه‌شماڵی خه‌ونی وه‌نه‌وشه‌یی منی
هه‌موو شه‌وێ له‌گه‌ڵمدا دێیت و ده‌چی به‌ هێمنی
خۆمن پاشی ماڵئاواییت بێكه‌س و غه‌ریب مامه‌وه‌
به‌ڵام دڵخۆشم به‌وه‌ی كه‌ بۆ ناحه‌ز نه‌چه‌مامه‌وه‌!
باوكه‌ ده‌زانی دوای كۆچت كه‌س نه‌بوو نازم بكێشێ؟
ڕۆژگار كارێكی پێكردم، خۆشتر بوو گیانم ده‌ركێشێ!
ئاخ له‌ ڕۆژگاری له‌عنه‌تیی، داخ له‌ غه‌می ده‌ربه‌ده‌ریی
ئه‌و ساتانه‌ی هه‌ر ڕۆژێكم ساڵێك بوو له‌ چه‌رمه‌سه‌ریی
شۆسته‌ نه‌رمترین جێگاو، تاشه‌ به‌ردێكیش سه‌رینم
تا نزیكترین كه‌سی خۆم گاڵته‌ی ده‌هات به‌ برینم!
تۆ بۆمن پشت و په‌نا بووی، هه‌ر باوك نه‌بووی چیا بووی
من ئێستاكه‌ش سه‌یرم پێدێ، تۆ له‌گشت باوكێك جیا بووی!
له‌دوای زه‌مه‌نێك دابڕان هێشتا له‌ناخمدا زیندوویت
بێ ئومێد نیم له‌ دیتنه‌وه‌ت. تۆ نه‌مردووی، به‌ڵكوو ونبوویت  !.

  كودرستان – مه‌خمور
              26.4.2009

    makhmuri@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply