Skip to Content

Friday, December 3rd, 2021

له‌ داوی كۆیله‌دارێكه‌وه‌ بۆ په‌رستنی بتێكی دی!

Be First!
by August 24, 2009 گشتی

 

هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ گیانی كاریزمایی و به‌ گوتارێكی موژده‌به‌خشانه‌ روو ده‌كه‌نه‌ خه‌ڵك به‌وه‌ی بته‌كان تێك ده‌شكێنن، دواجار  به‌رهه‌می ئه‌و موژدانه‌یان قووت كردنه‌وه‌ی بتگه‌لێكه‌ به‌ سیما و ده‌مامكی جیاواز له‌وانه‌ی باون، به‌ڵام به‌هه‌مان بیركردنه‌وه‌ و دونیابینی، كه‌ بریتییه‌ له‌ سفركردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كان و كاوێژكردن له‌سه‌ر شه‌رعیه‌ته‌ سواوه‌كان و خۆ به‌ فریشته‌ زانین.
بۆیه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پێویست ده‌كات كۆمه‌ڵگه‌ گومانی به‌رده‌وامی له‌ بته‌ باوه‌كان هه‌بێت و كار بۆ تێكشكاندنی پیرۆزییان بكات، جا به‌ هه‌ر ده‌مامكێكه‌وه‌ بن، ئه‌وه‌نده‌یش پێویست ده‌كات به‌ چاوی ترس و دڵه‌ڕاوكێوه‌ سه‌یری ئه‌وانه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێكه‌وه‌ دێن و زۆلۆ ئاسا ده‌مامكیان به‌ستووه‌ و بوێری ئه‌وه‌یان نییه‌ به‌ روخساری راسته‌قینه‌ی خۆیان بێنه‌وه‌ ناومان،چونكه‌ به‌ گوتاره‌كانیانه‌وه‌ دیاره‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ په‌یكه‌ری بتێكی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی باو له‌ خه‌یاڵماندا بنه‌خشێنن، به‌ مانایه‌كی تر گه‌ره‌كیانه‌ له‌ فۆڕمێكی دیاریكراوی كۆیله‌بوونه‌وه‌ بمانگوازنه‌وه‌ سایه‌ی فۆڕمێكی دیكه‌ی كۆیله‌یی، كه‌ تیایدا ته‌نها سیما و رووخساری كۆیله‌داره‌كان و بته‌كان گۆڕدراوه‌، ئه‌گینا له‌ هه‌ناو و بیركردنه‌وه‌یاندا هه‌ڵگری هه‌مان ویست و گوتاری به‌ كۆیله‌ و مێگه‌ل كردنی مرۆڤه‌كانن.
ئه‌وه‌ واقیعێكه‌ و كه‌م تا زۆر ئه‌مڕۆ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا باوه‌ و خه‌ریكه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كات، بۆ نموونه‌ هێز و كاراكته‌ر گه‌ل هه‌ن هه‌نووكه‌ ده‌یانه‌وێ‌ موژده‌ی ئه‌وه‌ بده‌نه‌ مرۆڤی كورد، كه‌ ئامانجیان ئازادكردنی خود و ئیراده‌ی مرۆڤه‌كانه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌یانكه‌نه‌ هێزێك بۆ شكاندنی بته‌كان، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ له‌ بیر خه‌ڵك ده‌به‌نه‌وه‌، كه‌ چۆن به‌ زمانێكی شه‌یتانیانه‌ ده‌یانكه‌نه‌ كۆیله‌ی بته‌كانی خۆیان، بتگه‌لێك نه‌ك بوێری ئه‌وه‌یان نییه‌ له‌ بورجی عاجی خۆیان داببه‌زن و تێگه‌لی خه‌ڵك بن، به‌ڵكو له‌وه‌ش كۆمیدیتر به‌ناو و بیانووی بێ‌ ماناوه‌ خۆیان له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌ چاره‌نووس سازه‌كان ده‌دزنه‌وه‌.
كاتێك كه‌سێك به‌هه‌ر بڕوبیانوێكه‌وه‌ بێت ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدانه‌بێت رووبه‌ڕوو و به‌ خۆی شه‌ڕی ئه‌و كه‌س و شتانه‌ بكات كه‌ ناوی ناون بت و بێدادی و نایه‌كسانی، ده‌بێ‌ گومان له‌ دونیابینی به‌ناو ژیاندۆستانه‌ی بكه‌ین و به‌ ئاسانی نه‌چینه‌ ژێر باری سیحری دروشمه‌كانی، كه‌ هه‌ر كه‌س و كایه‌یه‌ك له‌ شوێنكاتێكی دیاریكراو و له‌ سای هه‌لومه‌رجێكی سیاسی ناجۆر و بارودۆخێكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌یراناویدا ده‌توانێ‌ به‌رزیان بكاته‌وه‌.
لێره‌وه‌ ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ هێزی راچه‌نین و نوێبوونه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و ده‌رچوونی له‌ دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی باو، نابێ‌ به‌رهه‌می كاریزما بێت، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك توانا و شیان و ئیراده‌ی تاكه‌كانی و ئاستی هوشیارییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی بناغه‌ی ئه‌و پێنگاڤه‌ نه‌بێ‌ كه‌ به‌ره‌و گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌ی ده‌بات و به‌ ته‌نها له‌ چاوه‌ڕێی فریادڕه‌س و كاریزما دابێت، ئه‌وا سبه‌ی رۆژ به‌ ئاسانی ئه‌و ئیراده‌یه‌ی رام ده‌كرێت و به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ خودی ئه‌و كاریزمایه‌دا بت و په‌یكه‌ری دیكتاتۆر دروست بكات.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ هێنانه‌ كایه‌ی ئازادی و نه‌هێشتنی بته‌كان و زه‌مینه‌سازی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی مرۆڤه‌كان، بریتی بێت له‌ راپسكانی تاكه‌كانی له‌ كۆیله‌تی بتێك و بوون به‌ كۆیله‌ی بتێكی تر، ئه‌وا نه‌ك گۆڕان له‌ ره‌وشی باو و پێشكه‌وتن له‌ ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م نایه‌ت و مرۆڤه‌كان به‌ به‌هه‌شتی ئه‌و خه‌ونانه‌ شاد نابن، كه‌ له‌ سای هوتافی كاریزمایه‌كه‌وه‌ ده‌یبینن، به‌ڵكو قوڕه‌كه‌ خه‌ستتر ده‌بێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نه‌وه‌یه‌كی تریش گیرۆده‌ی كۆیله‌تی ده‌كات و هێز و ئیراده‌ی تاكگه‌ری تێدا ده‌كوژێت.. به‌ كوردی و به‌كورتی له‌ هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌دا گرنگ گۆڕینی ده‌مامك و روخساری بت و دیكتاتۆره‌كان نییه‌، به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی تێكشكاندنی سێبه‌ری بته‌كان و گۆڕینی عه‌قڵی دیكتاتۆرییانه‌ی بته‌كان خۆیان له‌هه‌ر شت گرنگتره‌.

Previous
Next

Leave a Reply