Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

له‌ ده‌ریـاچه‌ی فرمێسـكدا مه‌لـه‌م نـه‌زانی …….حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

Be First!

له‌ ده‌ریـاچه‌ی فرمێسـكدا مه‌لـه‌م نـه‌زانی
(شیرۆكه‌ قه‌سیده‌* بۆ: نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ری نیشتمانی نامۆم
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

له‌م شه‌رحی ده‌ردی غوربه‌ته‌ له‌م سۆزی هیجره‌ته‌
دڵ وه‌خته‌ ببێ‌ به‌ ئاو و به‌ چـاوا بكا عبور ..  نالی
  
"1"
دڵت دره‌خته‌..دیده‌ت هه‌ڵاڵه‌ی
چاو نه‌پشكوتووی باغی به‌هه‌شته‌
هه‌ناسـه‌ت نه‌غمه‌ی بارانـی وه‌شته‌
نیگات ئه‌ندێشه‌ی شیعری خوێن گه‌رمه‌
+ ئـه‌ی نازانم بۆ؟هه‌گبه‌ی عه‌شقی تـۆ،
بۆ به‌ختـی سیام هه‌ر ده‌رد و غه‌مـه‌ !
*ئـه‌ی بـه‌هره‌ی شیـعرم
ده‌ستی عاتـیفه‌ی پاكت درێژكه‌
خشپه‌ی هه‌نـگاوی پاییــزی عومرم
دڵ و چاوی ڕۆح ،ئه‌كرۆژێ‌ و ئه‌خوات ..
كه‌ من عاشقی لێڕه‌وارێكی چڕو سه‌ركه‌ش بم
دڵ لــه‌ زیكرایــه‌ و گـه‌ڵای  وه‌ریووی  پاییزیش
له‌ژێر پێما نامۆیــه‌
ڕێبوار عاشـــقه‌،مه‌سـت و ده‌روێشـه‌
عاشق سه‌رشێته‌ ،دێوانه‌ و دڵپاك :
هاوسه‌ری ڕازی كوێستانی ده‌شته‌
ڕێبوار تێئه‌گا ،
كه‌ ده‌شتی بێروون..سه‌رابـی زه‌بوون
بۆ بارانێـكی هه‌وری ئـاواره‌..دڵ برینداره‌
* ئه‌ی بـه‌هره‌ی شیعرم كه‌ من ڕێبـوار بـم
هێشـتا دوو دڵـم و گومانـم هه‌یـه‌
بۆ ساتێكیش بێ‌: بــارانی گریــاو ،
گێژه‌نــی سه‌ری ده‌روێشم بخـوات ..
ڕێبوار تێئه‌گا و دیوویه‌ گه‌لێ جار
عاشــق له‌ ئاسـتی مه‌رگـی گوڵێكا
 ده‌شتی نـوغـرۆبـووی
نێـو ڕێژنـه‌ی ئه‌شـك و
 ده‌ریـاچه‌ی تـه‌می نێو هه‌وران ته‌یكا ..
* ئـه‌ی سۆزه‌كـه‌ی خـۆم
كه‌ من ده‌روێشی كه‌نـار بیابان و قووڵایی ده‌ریا و
دوندی عه‌ده‌م و ( هه‌رد ) ی عه‌شقت بـم،
 ئیدی ژان و غـه‌م ،
له‌ شه‌وی زاری ته‌نیایی منـا خه‌ڵوه‌تگای ده‌رده‌و
زیكری جه‌سـاره‌تی ڕۆح له‌ناوئه‌بات !
گه‌نجێتی دڵم وه‌كو هه‌نجیری ده‌م گڕه‌ی هاویـن
هه‌ر زوو پێئه‌گات .!
بگه‌ره‌ فـریا ..نامۆم و ته‌نیـا
ته‌نیایی وه‌خته‌:
 خه‌ون و یادگاری و هه‌ناسه‌ی عومری
بیره‌وه‌ریشم به‌ ناخی مه‌رگ و هه‌ڵدێرا ببــات !
* ئه‌ی به‌هره‌ی ده‌ریای خۆشی و ئازارم
چاك دڵنیابه‌ ، له‌ نیشتمانی نائومێدییـا
چرای خامۆشی ده‌روون : ئــــاگره‌
بۆ ده‌ریاچه‌ی عه‌شق ،فرمێسك هه‌وره‌..
+ ئه‌گه‌ر چه‌شتووته‌ خۆت باش ئه‌زانی ،
 په‌رستگای عه‌شقێ
هه‌ر زیكر و غه‌م بـــێ ، ده‌ریاچه‌ی ده‌روون
،به‌ هه‌وری ئاگر چۆن وێـران ئه‌بـێ‌ !؟
* ئه‌ی به‌هره‌ی ژینـم
گه‌لێ له‌ مێژه‌ كه‌شتـی ئه‌وینـم
وێستگه‌ی ڕۆخی به‌جێهێشتووه‌..
هه‌ناسه‌ی  شه‌پۆل
.. شه‌پۆلی ده‌ریـا له‌ قووڵاییا
 پیره‌ژنێكی كوێــــــره‌ و
مه‌چه‌كی ته‌مــی گرتــووه‌ ..
له‌ نێو شه‌پۆلی
نه‌هامه‌تییا نه‌مهێشت بخنكێم
هه‌ر چاوه‌ڕوان بووم
وه‌لێ چه‌پگه‌ردی به‌ختم وای هانـــی:
شه‌وم گه‌رداو بـــێ
غه‌م  خاوه‌ن ماڵ بێ و منیش میوانی..!
به‌ختم وای هێـنا ، هه‌ورێك له‌ ئه‌سرین..
به‌سه‌ر هه‌تاوی ده‌نگی نووساوما  بپــه‌ڕێتــه‌وه‌
بــه‌ڵێ ! چه‌پگه‌ردی ماته‌م وای هێََـــنا
ئه‌ستێره‌ی هیــوام بكوژێتــه‌وه‌
له‌ نێو سه‌ردابــی گۆمی لیخنــا !
هه‌ر له‌و ساته‌وه‌..هه‌تاكو ئه‌مڕۆو سبه‌ی و
دوو سبه‌ی
بۆ ته‌نها جارێ
 شه‌قاوی هاوار به‌دوومـــا نه‌هــات
تا ئاوی سپــی بیناییم داهات…
**
هه‌ر منــم نوغرۆی نێو ده‌ریاچه‌ی غه‌م
به‌له‌م شكاوی سه‌وڵ به‌جێـماو ..
وه‌ك مـاسـی خنكاو ، ڕۆح سه‌رئاوكه‌وتوو
هه‌ر منـم وه‌كو تاقه‌ دره‌ختی ده‌م ڕۆخی ڕووبـار ،
چه‌ماومه‌ته‌وه‌ بۆ
 شه‌پۆلی عه‌شق, چاو فرمێسكاوی
به‌ درێژایی وه‌رزه‌كانی ساڵ..لاسكم وه‌ریووه‌ و
ڕه‌گم هه‌ڵكێشراو بوومه‌تـه‌ چه‌تری ئه‌سرینی گه‌ڵاو
……گه‌رده‌لوولی ڕه‌ش
كێ هه‌یه‌ تاوێ،گه‌ڵای حه‌سره‌تـم بگرێـته‌ باوه‌ش!
هه‌رمنـم شه‌یدای چاوی حه‌بیبه‌و ده‌روێشێكم وا:
له‌ خاك وخۆڵی عه‌رشی نالــی دا
قه‌ره‌جی وندای ڕێی هاتو نه‌هات !
هه‌ر منـم چاوی گه‌شاوه‌ی خۆر و
تریفه‌ی مانگم ، قه‌ت لێ هه‌ڵنه‌هات !
**
ئه‌ی به‌هره‌ی شیعرم وه‌ره‌ دره‌نگــه‌ ،
سه‌رله‌نوێ ئێمه‌ با په‌نجه‌ره‌یێ به‌ ڕووی تریفه‌ی
ئه‌ستێره‌ی به‌ختـا..په‌خش و واڵاكه‌ین
گه‌ڵای وه‌ریووی پایز نامۆیه‌و
 باخچه‌ی ڕۆخ ده‌ریاش
وا چاوه‌ڕوانی پیاسه‌ی ئێمه‌یه‌
 وا ڕۆژ دره‌نگه‌
ده‌ستت بهێنه‌ بابه‌ دووقۆڵی سه‌فه‌رێكی تر،
به‌ره‌و هه‌واری وه‌رزی باران و به‌هه‌شتی وڵات
بێ ترس و په‌روا،
بێ غه‌م و ته‌نیا بێوه‌ی ته‌یبكه‌ین
ئه‌ستێره‌ی ئه‌شك و به‌فر ماچ بكه‌ین.!
"2"
*  ئه‌ی به‌هره‌ی غه‌می بوونی سه‌رمه‌دییم.
له‌ توێی ڕووباری چاوانی تۆوه‌ من له‌ داییكبووم ،
له‌ نێو خانه‌قای میهر و سۆزه‌وه‌
نووری ئه‌وینـم بۆ تۆ ترووكاند
هه‌ر به‌و چاوانه‌ش
ده‌ریایه‌ك ئه‌شكم بۆ تۆ هه‌ڵوه‌راند !
**
عومرێكه‌ ڕازی نێوان من و تۆ
ئێمه‌ پێكه‌وه‌ په‌یمانماندا كه‌ :
له‌گه‌ڵ به‌هاری به‌یه‌ك گه‌یشتنا سه‌ری پایزیی
داری موحیبه‌ت بۆ تاهه‌تایی دابنه‌وێنین !
ئێمه‌ هه‌ردووكمان،
 دروشمی عه‌شقی خۆبه‌خشكردن
وا فێری كردووین:
میوانی ئه‌شكی نێو چاوی یه‌ك بین
عومـــرێكه‌ ،عه‌شقی  نێوان من و تۆ
كه‌چی وا ئێستا ، بۆ به‌دبه‌ختی دڵ ، بوویته‌ ئاگری
چاوی په‌پووله‌ و  باخچه‌یه‌ك له‌…گوڵ!
ئه‌م عه‌شقه‌ی ئێمه‌ ،وورشه‌ی ئه‌ستێره‌ی
ئاسمانی شوومه‌ ..
له‌ گه‌رمه‌سێرا هه‌وری وه‌یشوومه‌…!
چونكه‌ لام سه‌یره‌:كه‌ وه‌رزی خه‌نده‌ی گوڵاڵه‌ سووره‌
وه‌شتی خه‌زانه‌ و مژده‌ی مردنی به‌ده‌مه‌وه‌یـــــه‌
دیاره‌ تاوانیش هه‌ر له‌ تۆوه‌یــــه‌ !
**
نه‌مزانی دڵدار، كه‌سێكی شێته‌ و مه‌لی خه‌یاڵی
خه‌ونی مردووان ئه‌گێڕنه‌وه‌ ….
نه‌مزانی عاشق، ده‌روێشی مه‌ستی لێڕه‌وارێكه‌ و
شمشێری سووتان ،له‌ په‌لی خستوون
به‌ده‌م زیكره‌وه‌  وه‌ك ماسی خنكاو
له‌نزیك ڕۆخی ده‌ریای گریانا
به‌یتی هاوار و داد ئه‌ڵێنه‌وه‌ !
نه‌مزانی چاوی عه‌شق و سۆزی تۆ،مه‌لی ئاواره‌ی
بێ سه‌روشوێنن..هه‌رده‌م ئالووده‌ی  هێلانه‌ی مه‌رگن
له‌ نوێژی وجود.. یا له‌ بانیژه‌ی كۆنه‌ هه‌واریان
وه‌ها ته‌ره‌بن
گومڕا بتۆرێن..
ئیدی تا به‌هه‌شت نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌!
من نه‌مئه‌زانی  یاسای سروشته‌
دڵێ له‌ ڕقا  ئاوا داڕزێ: چاوی ڕووبارێ
ئه‌بێ بداته‌ به‌ر نه‌عره‌ی تۆفان
ئه‌بێ بیداته‌  به‌ر گه‌رده‌لوولی شێخی پایزێ
به‌گوێی دره‌ختی به‌هارا بچزێ !!
**
له‌ به‌دبه‌ختی هه‌نیه‌ی ڕه‌شا من زۆر گریام
وه‌لێ  گریان چاوی هۆشم ئه‌شواته‌وه‌
ئه‌شكی گریان هێدی.. هێدی
ساڵی ته‌مه‌ن ئه‌خواته‌وه‌ ..
هێنده‌ گریا چاوی ته‌مه‌ن له‌ گریانا خه‌ونم ئه‌دی:
گه‌ڵای دره‌ختێكی سه‌وزیان زینده‌چاڵكرد له‌به‌رچاوما
ئه‌وده‌مه‌ حه‌زره‌تی مه‌رگ میوانم بوو
پیره‌ژنێ:له‌ سیمای پاكی ساوایه‌كدا خۆیئه‌نواند
ساوایێ تازه‌ زمانی ووشه‌ی بدوێ
كوێرانه‌ گڵۆڵه‌ی سۆزو عه‌شقی تێكده‌ئاڵاند!
ئه‌وده‌مه‌ …ئه‌وده‌مه‌ ،كۆتر و ئاسمان
باوه‌كوشته‌ی ده‌م فڕین بوون ..
هه‌ور و چیا له‌به‌رچاوما كه‌وتبوونه‌ سه‌مای سووتان
ئه‌ستێره‌ له‌دوای ئه‌ستێره‌:سه‌ره‌ونخوون به‌ زنجیری
ئاگرینی دۆزه‌خه‌وه‌  هه‌ڵواسران !
ئه‌وده‌مه‌ : له‌خه‌وما خۆمم بینی
" وه‌كو  دره‌ختێكی چاوهه‌ڵوه‌ریووی
به‌ر زوقم و زریان ..
بوومه‌ته‌ چه‌تری كڕێوه‌ی گه‌ڵا و تابووتی ناڵه‌ و
قرچه‌ی قه‌دێكی سووتاو سه‌ربازی  كه‌نه‌فتی
ده‌م خاك و هه‌ردێكی سووتماك ..
بوومه‌ته‌ خه‌ونی هه‌ڵبزڕكاوی هه‌وری بێ باران
+ نهێنی ڕازی ئه‌و خه‌ونه‌ و په‌نهانی ته‌وێڵی
ئه‌و ڕه‌شه‌با پیره‌ له‌ چاوی عه‌شقی بێدارا
هێڵنجی به‌ ئه‌فسوون ئه‌دا ..
_ ئێستا دڵنیام ، چۆله‌كه‌ی ژیان
دوژمنی گه‌مه‌ی نێو به‌فری شه‌وه‌
هه‌ر چاوه‌ڕوانی كازیوه‌ی خۆره‌
په‌شێوی زه‌بری  شه‌پۆلی خه‌وه‌ ….!
**
نه‌گبه‌تییه‌:ڕێگه‌ی ڕێبوارێ‌ ته‌ریك بێ و
نه‌گاته‌جێ ! چ وه‌یشوومه‌ !؟
خه‌م و شه‌فه‌ق ، لێك ئاڵابن
ئامێز بۆیه‌ك بكه‌نه‌وه‌..شه‌كراوی مه‌رگی
گوڵاڵه‌سووره‌ش له‌گه‌ڵ قرچه‌ی هاوینێكا،
به‌سه‌ر پێوه‌ بخۆنه‌وه‌ ….!
چ وه‌یشوومه‌ ! وڵاتی فرمێسك بێناونیشان بێ
پایته‌ختی دڵــت سه‌ر به‌ ماته‌م بێ !
" 3"
گریانی دڵ ،
ئاهوناڵه‌ی ڕۆژگارێكی تفت وتاڵه‌
هه‌رچه‌ند نیگای چاوی ماندوو ،
بۆ ئاپۆره‌ی نیگه‌را نی سه‌ری قاڵه‌ !
**
ئێستا نه‌ واده‌ی گه‌ڵاڕێزانه‌
نه‌ گرمه‌ی هه‌وره‌ و نه‌ قرچه‌ی دوكه‌ڵ
شه‌پۆلی عه‌شقه‌ ، وه‌رزی بارانه‌
ئێستا نه‌ واده‌ی  شكۆفه‌ی كۆچه‌ و
نه‌ ڕۆح كێشانه‌ ..!
زیكری سۆزی دڵ ،
 هێشتا ده‌روێشی زامی برینه‌..
وه‌رزی بارا نه‌ و
چیای موحیبه‌ت  تا نێو قه‌د شینه‌..
خۆ هێشتا هۆره‌ی شمشاڵی ده‌ستم زمانی لاڵه‌ و
ئاهو نزووله‌ی ده‌نگم ده‌رنایـه‌
وه‌رزی ژووانـه‌ و هێشتا ئاوازی چرپه‌و گۆرانی
زۆر بێ مه‌ودایــه‌ !
+ پیرۆز بێ سه‌فه‌ر
ئه‌گه‌ر دڵنیای بڕۆ كۆچ بكه‌ با مه‌لی ئازار ،
بۆ تاهه‌تایی به‌سته‌ڵانی نێو ده‌روونی گه‌رمم
بێوه‌ی ته‌ی بكـــا !
با شه‌پۆلی سۆز، كه‌ناری شه‌وی حه‌زی ته‌لبه‌ندم:
به‌ كه‌ف و خوڕه‌م..زیخ و چه‌و ڕێژكـا
به‌ ئاسووده‌یی بڕۆ كۆچ بكه‌، بـــا ژا نـــێكی تر
بڕژێته‌ ده‌ریای ته‌نیایی ژینی پڕ حه‌سره‌ته‌وه‌
به‌ دڵـنیایی  بڕۆ كۆچ بكــه‌ ، با له‌ گریانا
سه‌ری ده‌روێشم زیكری شه‌وانی ئومێدو هیوای
…..   تیــــا بژێـــــــته‌وه‌
بـــا ده‌شتــــی ســه‌فـه‌ر ،
ڕووباری هۆشی مــن بــخوا تـــه‌وه‌ .!
**
+ گه‌ر ئیتر تـــه‌واو  دووا بڕیــارتــانه‌ :
بڕۆ كۆچ بــكه‌..
وه‌لێ پاش سه‌فــه‌ر زۆر به‌ هێمنی
بێ خورپه‌ و گریان چاوی ته‌مه‌نی
یادگاری و عه‌شقی من ده‌ربهێنه‌
نه‌مامی دڕك و
چرۆی هه‌ڵاڵه‌ی شیعری جوودایی
له‌ بێ سره‌وتیی خاكی ده‌روونی منــا بڕوێـــنه‌!
**
به‌ره‌و كوێ‌ ئه‌ڕۆی !؟ قه‌ت باوه‌ڕ ناكـه‌م
دا یكی ئازیزت هێنده‌ی ئه‌م دڵه‌ ،
پڕ سۆز و میهره‌ … نازی كێشابیت !
ئه‌و دڵـــه‌ی بۆ تۆ و
ده‌رده‌سه‌ری و بۆ  ئازار خوڵقاو
ئه‌م دڵه‌ی له‌گه‌ڵ گمه‌ی كۆترا..نركه‌ی ئاگـــرا
پڕووشه‌ی بــه‌فــرا ..
هه‌میشه‌ ئه‌گـــری و ناڵه‌ ناڵیێتی!
+ بـه‌ره‌و كــوێ ئه‌ڕۆی؟
باغی كوێستانه‌: ده‌شتی ده‌روونم
بۆ باڵنده‌ی نـــاز بۆته‌ هێلانه‌
دره‌ختی دڵ و هه‌واری ژینم..!
_ بۆ كوێ‌ ئــــــه‌چی !؟
تاشه‌ بــه‌ردی چیا كه‌ڵه‌كه‌ی به‌ستووه‌
به‌رد  له‌سه‌ر به‌رد، ژینێك له‌ به‌رد ..
ئاسمانێك بــه‌رد، ده‌ریایــــه‌ك بــــه‌رد
هه‌ر به‌رده‌ و ده‌رگــای به‌هه‌شتی داخستووه‌
بۆ كۆچی دڵ مـــن زۆر گریـــام
وه‌لێ گریـــان  سه‌رده‌مێكه‌ و ئه‌بڕێته‌وه‌
هه‌وری سه‌فه‌ر:
یادگاری و خۆشه‌ویستی ناگێڕێته‌وه‌
نزیك به‌ ده‌ریاچه‌ی عه‌شقم ،
من زۆر گریام..
وه‌لێ گریان چاوی هۆشم ئه‌شواته‌وه‌
ئه‌شكی گریان هێدی …. هێدی
ساڵــی تـــه‌مه‌ن ئه‌خواتــه‌وه‌..!
**
له‌ هه‌واڵی كۆچی تۆدا  دڵ زۆر گریـــا..
به‌ فتوای ده‌روێش و سۆفی دڵ كــه‌ گریـــا
ئه‌سوتێنێ به‌رد وچیا !
گه‌ر سووتاشی ، ئاگر شوومه‌
تۆ یه‌ ناخی مه‌رگــا ئه‌بات ..
بۆ كوێ ئه‌چی ََ؟ هه‌نگاوی تۆ:
په‌ی به‌ زه‌ریای سه‌فه‌رنابات!؟
(*) شیرۆك / بریتییه‌ له‌ شیعر + چیرۆك ، واته‌ هه‌ر ده‌قێك
خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعروچیرۆكی له‌یه‌ك بابه‌تدا كۆكرده‌وه‌ پێی ئه‌ڵێین شیرۆك.

 

Previous
Next

Leave a Reply