Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

له‌ هه‌موو شوێنێكه‌ سه‌ری من ….هێمن عــوسمان عه‌بدوڵڵا

Be First!
by November 29, 2012 ئەدەب

 

 

 

سه‌رم ، له‌ناو مزراحێك ده‌سوڕێته‌وه‌ 

سه‌رم ، له‌ناو تۆپێكه‌ و منداڵانی گه‌ڕه‌ك تێی هه‌ڵده‌ده‌ن 

ده‌یخه‌نه‌ ماڵی هاوسێیه‌ك 

ئه‌ویش به‌چه‌قۆیه‌كه‌وه‌ دێت و ، 

سه‌رم فش ده‌كاته‌وه‌.

 

سه‌رم ، له‌ناو سه‌ماوه‌ره‌كه‌ی دایكمدایه‌ و 

قوڵپ 

قوڵپ 

قوڵپ

ده‌كوڵێ 

سه‌رم ، له‌ناو سێ‌ به‌ سێی ته‌لاقه‌كانی باوكمدایه‌ و ، 

به‌زه‌ویدا ده‌كێشێ‌.

 

سه‌رم ، له‌ناو ئه‌و داره‌یه‌ مامۆستا 

له‌سه‌ره‌تای قۆناغی خوێندندا 

به‌ قونیدا ده‌كێشام.

 

سه‌رم ، له‌ناو سه‌ری ، بووكه‌شووشه‌ی خوشكه‌ بچووكه‌كه‌مدایه‌ و

به‌دیواره‌كه‌یدا ده‌كێشێ‌ 

سه‌رم ، له‌ناو دڵی منداڵێكی برسیدایه‌ 

سه‌رم ، له‌ناو دڵی میوه‌یه‌كه‌ ناوی نازانم

سه‌رم ، له‌ناو چاڵێكه‌ هه‌زاران پیاو

ڕاوه‌ستاون ، خۆڵی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن . 

سه‌رم له‌ناو سه‌به‌ته‌ی مێووژه‌كه‌ی مام زۆراب_ه‌ و 

كچێك شوێنی كه‌وتووه‌: مام زۆراب… مام زۆراب 

مێووژم بده‌یێ‌. 

 

سه‌رم ، له‌سه‌ر پشتی كیسه‌ڵێكه‌ و ڕێ ده‌كا

سه‌رم ، له‌سه‌ر په‌ڕۆی سواڵكه‌رێكی پیره‌ و ، 

به‌یانی تائێواره‌ سواڵ ده‌كا 

كرێی ڕۆشتنه‌وه‌ی پێنییه‌.

 

سه‌رم ، له‌ ژێرپێی تۆدایه‌ 

هێواش ، هێواش ، ڕێ ببڕه‌

با نه‌فلیقێته‌وه‌

سه‌رم ، له‌به‌رده‌م مێروویه‌كی هه‌زارپێیه‌

هه‌زارپێی به‌سه‌رمدا ناوه‌ 

له‌سه‌ری مندا گۆدۆ هات 

به‌دیارییه‌وه‌ دانیشتووم تا بڕوات .

 

سه‌رم ، له‌ناو له‌پی قه‌ره‌جێكدایه‌ ، ته‌ماشای ده‌كات 

ده‌ست به‌كه‌پوویه‌وه‌ ده‌گرێ‌ و ، ده‌ڵێ‌ :-

پیف..له‌و بۆنه‌ پیسه‌!

سه‌ری تۆ..ئاهـــــ له‌سه‌ری تۆ 

پڕیه‌تی له‌ گوو. 

 

سه‌رم ، له‌ناو فنجانێكی قاوه‌یه‌ و 

قاوه‌گره‌وه‌كه‌ ده‌ڵێ‌:-

سه‌ری تۆ زۆركۆنه‌ ، مێژووه‌كه‌ی بۆ هه‌زاران ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ 

له‌وه‌ته‌ی مرۆڤایه‌تی درووستبووه‌ سه‌ری تۆ هه‌یه‌

ئاهــــ…له‌و هه‌مووشته‌!

جا چی تێدا نییه‌ سه‌ری تۆ؟

پڕیه‌تی له‌ ته‌په‌تۆر ، كـــا ، پووش و ، په‌ڵاش 

وای چه‌ند سووكه‌ سه‌ری تۆ! 

چه‌ند خۆشه‌ مرۆڤ ، سه‌ری سووك بێ‌ وه‌ك تۆ!

 

سه‌رم له‌ناو دێڕێكی ڕامیارمه‌حمود_ه‌ ده‌ڵێ‌:-

” به‌ڵێ‌ هاوڕێ‌ گیان 

بێده‌نگانه‌ به‌ته‌نیشت شپرزه‌بوونی منه‌وه‌

هاوڵاتیه‌كان هاتوچۆ ئه‌كه‌ن 

وه‌ك ئه‌وه‌ی شپرزه‌بوونی من ڕه‌گی نه‌چێته‌وه‌ سه‌رخه‌ته‌ر

من ناژیم له‌گه‌ڵ قه‌ڕنی ئه‌م قه‌ره‌باڵغیه‌ ساخته‌یه‌دا. “

 

بسیت و ، دووساڵه‌ دڵۆپێك باران له‌سه‌رمی نه‌داوه‌ 

ڕیقنه‌ چۆله‌كه‌ی ئاسمان ، هه‌مووی به‌ر سه‌ری من ده‌كه‌وێ‌ 

سه‌رم ، خه‌ریكه‌ ده‌مخوا 

سه‌رم ، وه‌ك مرۆڤــ

وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم نه‌بم 

پێده‌كه‌نێ‌ و ،  ده‌خه‌وێ‌ و ، 

ته‌ماشای تیڤی ده‌كا و ، 

گۆره‌وی له‌ پێ‌ ده‌كا.

 

سه‌رم ، جڕت لێده‌دا 

سه‌رم ، ئینته‌لای كردووه‌ 

سه‌رم ، هێنده‌ هێڵنجی داوه‌ 

وه‌خته‌ بیركردنه‌وه‌م بپسێ‌ .  

 

پاسۆردی سه‌رم لای خه‌ڵك هه‌یه‌ 

ده‌یكه‌نه‌وه‌ و لاقه‌ی ده‌كه‌ن . 

 

سه‌ری من ، سه‌ری هه‌موومرۆڤێكه‌ 

سه‌ری من ، جه‌نگی هه‌ڵگیرساند 

سه‌ری من ، مۆله‌ت نادا ئاشتی به‌رقه‌رار بێ‌ 

سه‌ری من ، كاره‌ساتی گه‌وره‌ی ئافراند 

سه‌ری من ، یه‌كه‌مین گولله‌ی ته‌قاند 

سه‌ری من ، یه‌كه‌مین خوێنی تكاند

سه‌ری من ، یه‌كه‌مین سێكسی كرد 

سه‌ری من ، یه‌كه‌مین سێوی خوارد 

سه‌ری من ، ساڵانێكه‌ واده‌كا له‌ كاتژمێرێكدا 

دووسه‌د منداڵ ، له‌برسان بمرن 

سه‌ری من ، یه‌كه‌م ئوتومبیلی ئاژووت و ، هه‌ریه‌كه‌م شتێكیش 

به‌ژێر تایه‌كانییه‌وه‌ كرد، سه‌ر بوو .

 

سه‌ری من ، سه‌ری خه‌ڵك ده‌شكێنێ‌ 

ئێواره‌ دێنه‌ سه‌رباوكم و 

منش ئاگادار نیم !

سه‌ری من ، خۆی له‌سه‌ری خه‌ڵك ده‌گۆڕێت 

سه‌ری من ، جار ، جار ، ده‌چێته‌ سه‌ر به‌ده‌نی باوكم و 

به‌ بێ‌ ئاگاداری من  ئاراسته‌ی ده‌كا.

 

به‌پێی نوێترین توێژینه‌وه‌ 

سه‌ر كردوویه‌تی و ، 

له‌سه‌ر چه‌ند سه‌رێك ئه‌نجامداروه‌ 

ده‌ركه‌وتووه‌ ،  

سه‌ر ، گه‌وره‌ترین گرفته‌ بۆ مرۆڤ 

سه‌ر ، لاسارترین ئه‌ندامی له‌شه‌ .

 

سه‌رم ، به‌جه‌سته‌مه‌وه‌ خۆی ناگرێ‌

جه‌سته‌م ، به‌ سه‌رم ، ڕازی نییه‌ 

چه‌ند سه‌رێكم به‌ لاشه‌مه‌وه‌ كرد بۆی نه‌بوو 

یان زۆر بچووك بوو 

یان زۆر گه‌وره‌ بوو بوو .

 

ده‌بێ‌ ، سه‌رمان فڕێبده‌ین

ده‌بێ‌ ، شتێكی نوێ‌ بدۆزینه‌وه‌ ، تا له‌ جێی سه‌رمانی دابنێین  

ده‌بێ‌ ، سه‌رمان له‌نێو زبڵدانێك بخه‌ین و ، 

دواتر بیسووتێنین.

سه‌رم ، بێ‌ ِره‌وشت بووه‌ 

به‌ده‌م پشیله‌كانی كۆڵانه‌وه‌ بۆم ده‌هێننه‌وه‌ 

بێ‌ پرسی من بۆ هه‌موو شوێن ده‌ڕوات.  

 

سه‌رم ، له‌ناو سندقێك كرد و ، فڕێمدایه‌ ناو زه‌ریا

سه‌رم ، له‌ناو قوماتێك  كرد و ، له‌به‌رده‌م مزگه‌وتێك دامنا 

كه‌س هه‌ڵی نه‌گرته‌وه‌ 

سه‌رم ، له‌ناو هێلكه‌ی مریشكێك نا 

پیسی كرد و ، هه‌ڵی نه‌هێنا 

سه‌رم ، له‌ناو سینگی كچێك كرد 

هێنده‌ عه‌جول بوو تا ده‌ریكرد 

سه‌رم ، له‌ناو به‌فرگری ماڵه‌وه‌ كرد 

تا بۆن نه‌كا و خراپ نه‌بێ‌ 

شوینێك نییه‌ ، تاكوو سه‌رمی تێدا فڕێ بده‌م 

شوینێك نییه‌ ، سه‌رم له‌ ئامێز بگرێ‌.

 

ئاشووبه‌كانی سه‌رم ده‌ژمێرم 

ده‌گه‌مه‌ پێش كۆتایی و ، ژماره‌كانیانم لێ تێك ده‌چێ

دیسان ، له‌ سه‌رتاوه‌ ده‌ست پێده‌كه‌مه‌وه‌ 

هه‌موو شتێ‌ ، له‌سه‌ری مندا و 

سه‌ری من ، له‌هه‌مووشوێنێكدا  

جێگه‌یان نابێته‌وه‌ . 

 

سه‌رم ، قورس و ، لاشه‌م سووك بووه‌ 

جه‌سته‌م ، ده‌خه‌مه‌ سه‌ر سه‌رم و ،  

رێده‌كه‌م ، تا هێنده‌ی ده‌مگه‌ێنێته‌ 

شوێنێك و فڕێی ده‌ده‌م 

سه‌رم ژماره‌ی چل و دووه‌ 

گه‌ر دۆزیتانه‌وه‌ بۆم مه‌هێننه‌وه‌ 

نامه‌وێ‌ . 

 

 

*/ له‌ژماره‌ (6) ی گۆڤاری كۆنسێپت بڵاوبووه‌ته‌وه‌ 

 

2012

 

 

hemineabdulla@yahoo.com

 

 

Previous
Next

Leave a Reply