Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

له‌ هیچه‌وه‌ بۆ هیچ … داستان به‌رزان

Be First!
by July 8, 2012 ئەدەب

 

 

 

 

سه‌رم به‌ هیچه‌وه‌ قاڵه‌

به‌ هیچدا ڕاناگه‌م 

هیچم دیار نییه‌.

 

بیرۆكه‌م هه‌یه‌ به‌ دوورو درێژی له‌ هیچ بدوێم

هیچ بخه‌مه‌ ڕسته‌وه‌ 

هیچ لێكبده‌مه‌وه‌

هه‌زاران په‌ڕه‌ له‌سه‌ر هیچ ڕه‌ش بكه‌مه‌وه‌.

 

فه‌رهه‌نگێكی زۆر ده‌هێنم 

له‌ ده‌وری خۆم بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌ 

له‌ زمانه‌ جیاوازه‌كانی دونیادا

بۆ مانای هیچ ده‌گه‌ڕێم

ئه‌مه‌ خویه‌كی خراپه‌

 

بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ هیج نه‌كه‌مه‌وه‌

خۆم به‌ دۆمینه‌و

تاوڵه‌و 

شه‌تره‌نج و 

وه‌ره‌قه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌م

 

به‌ دروستكردنی خانووی بچوك به‌ ده‌نكه‌ شقارته‌

كۆكردنه‌وه‌ی فلته‌ری جگه‌ره‌و

هۆنینه‌وه‌ ته‌زبیحی بچڕاوه‌وه‌

خۆم سه‌رقاڵ ده‌كه‌م

ده‌چمه‌ به‌رده‌م لاپتۆپه‌كه‌م

له‌ یوتوب به‌رنامه‌یه‌ك داونلۆد ده‌كه‌م

ده‌رباره‌ی دروستكردنی ڕووبه‌هه‌نارو

چونێتی چنینی فه‌رش

یان

ڕێگاكانی لابردنی په‌ڵه‌ی ده‌مووچاو

یان

هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ نه‌خۆشی ئایدز

 

هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی دڵم لای هیچ نه‌بێت

ماڵپه‌ڕی پۆڕنۆ نامێنێت سه‌ری پێدانه‌كه‌م

ئیمه‌یل بۆ ئه‌كته‌ری فیلمه‌ ڕووته‌كان  ده‌نێرم

پێیان ئه‌ڵێم: سه‌ردانێكی ئێوه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان

له‌ سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیران گرنگتره‌.

 

له‌ فه‌یسبوك بۆ په‌یجی فاشیۆن ده‌گه‌ڕێم

بۆ ئه‌وه‌ی بزانم كامه‌ ڕه‌نگی پێڵاو ده‌گونجێت

بۆ جاكه‌ته‌ مۆره‌كه‌ی كچه‌كه‌ی هاوڕێم

ده‌زانم ئه‌مه‌ هێمای ده‌ستبه‌تاڵییه‌

ئه‌وه‌ ده‌كه‌م

ناتوانم وا نه‌بم.

بۆ ئه‌وه‌ی خه‌یاڵم لای هیچ نه‌بێت

له‌ ئاوده‌ستدا زۆر ده‌مێنمه‌وه‌

له‌وێ‌ له‌ زۆر شت ڕاده‌مێنم

شتی ترسناك

شتی ئابڕووبه‌ر

شتی قه‌ده‌غه‌

ئه‌گه‌ر تاقه‌تم هه‌بێت

له‌سه‌ر ده‌رگاكه‌ی ده‌نوسم

سه‌ره‌تای هه‌موو شۆڕشێك لێره‌وه‌یه‌.

 

بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ نه‌ئاڵێم 

له‌ هیچه‌وه‌ نه‌گلێم 

له‌ هیچ هه‌ڵنه‌نوتێم 

نه‌كه‌ومه‌ هیچه‌وه‌

خۆ ڕادێنم زۆر قسه‌ بكه‌م

ده‌رباره‌ی ئه‌و شتانه‌ی به‌ هیچه‌وه‌ په‌یوه‌ست نین.

 

هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ نه‌كۆڵمه‌وه‌

له‌ زۆر شت ده‌كۆڵمه‌وه‌

وه‌كو: ژیانی دۆلفین

زاوزێی مێرووه‌كان

ئافاتی دانه‌وێڵه‌

سووده‌كانی سیر، خورما، چای سه‌وز

نه‌خۆشییه‌كانی گورچیله‌ 

زیانه‌كانی كه‌م خه‌وی.

 

هیچ  به‌ ئاسانی ده‌ستبه‌ردارم نابێت

ده‌مخاته‌ ژێر خۆیه‌وه‌  

خۆیم پێوه‌ ده‌نوسێنێت

ماندوو ده‌بم تاكو له‌كۆڵم ده‌بێته‌وه‌.

 

بێویژدانییه‌ ئومێده‌واربم

دووژمنه‌كه‌شم گیرۆده‌ی هیچ بێت

ماڵوێرانییه‌ جارێكی تر حه‌ز به‌چاره‌ی هیچ بكه‌م.

 

خوایه‌ هه‌رچی هیچم بیرده‌خاته‌وه‌ 

له‌ مێشكم ده‌ریبكه‌یت

به‌و وێنه‌ كۆنانه‌شه‌وه‌، له‌ یاده‌وه‌ریمدا هه‌ڵمگرتوون 

ڕۆژانێكم بیرده‌خه‌نه‌وه‌، بیر له‌ هیچ ناكه‌مه‌وه‌.

 

بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌كه‌م

حاسیبه‌یه‌ك به‌ ده‌ستمه‌وه‌ ده‌گرم

ته‌نیایی (كه‌ڕه‌ت)ی بێداری ده‌كه‌م

غه‌مگینی (دابه‌ش)ی گۆشه‌گیریی…

مه‌راق (كه‌م) ئازار 

یه‌كسان ده‌بن به‌ دڵشكان.

كۆلكه‌ی هاوبه‌شی نێوان دڵشكان و شكست ده‌دۆزمه‌وه‌

ئه‌نجام:

هیچ به‌ ده‌سته‌وه‌.

 

بۆئه‌وه‌ی له‌ هیچدا نه‌بم

له‌ حه‌مام داده‌نیشم 

به‌لۆعه‌ی ته‌نكییه‌كه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌

قوڵپی كوڵانی ئاو و 

قرچه‌ قرچی ڕۆن به‌راورد ده‌كه‌م

هیچ له‌ یه‌ك ناچن

كه‌واته‌ هیچ گرنگه‌.

 

كه‌ هیچ نامێنێت خه‌ریكی بم 

سه‌رقاڵ ده‌بم به‌م  پرسیاره‌ به‌دانه‌وه‌

هیچ چ پانتاییه‌كی له‌ گه‌ودوون داگیركردووه‌؟

هیچ چی ده‌كات؟

هیچ چی ده‌گۆڕێت؟

له‌ هیچه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ چی؟

چۆن له‌ هیچ تێبگه‌ین؟

 

بیرم ئاڵۆز و مێشكم په‌رش ده‌بێت

هیچم له‌ هیچ بۆ جیاناكرێته‌وه‌

له‌ هیچدا نوقم ده‌بم

له‌ هیچدا ده‌توێمه‌وه‌

له‌ هیچدا ته‌نگه‌ نه‌فه‌س ده‌بم

خوا خوامه‌ له‌ هیچ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

ناوی خۆم له‌سه‌ر ئه‌م شیعره‌ دانانێم

تاكو دڵنیا نه‌بم

ئه‌مه‌ چییه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌؟

ئه‌مه‌ چییه‌ ئه‌م هیچه‌؟

 

 

 

ئه‌م شیعره‌ له‌ ژماره‌(8)ی گۆڤاری (23)دا بڵاوبۆته‌وه‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply