Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
له‌ وتاره‌که‌ی  مه‌ریوان  دا ئازادی تاك بزڕ بوو

له‌ وتاره‌که‌ی مه‌ریوان دا ئازادی تاك بزڕ بوو

Closed
by April 29, 2011 گشتی


ئه‌وه‌ی باس له‌ ئازادی تاك ناکات ، باشتر وایه‌ باس له‌ ئازادی نه‌کات . تاك و کۆ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌دا دوو شتی دژ به‌ یه‌کن . هه‌میشه‌ تاك له‌ ناو ” کۆ ” دا زیندانییه‌ . ده‌سه‌ڵات له‌ تاکایه‌تیدا مرۆییه‌ ، به‌ڵام له‌ کۆگه‌راییدا نامرۆییه‌ . ڕێژه‌ی نامرۆیی بوونی ده‌سه‌ڵات له‌ کۆگه‌راییدا ، به‌ پێی بارودۆخی جیاواز ، پله‌ جیاوازه‌کان به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت . هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ کۆگه‌راییدا ، یه‌کسانی بوون له‌ ده‌ست ده‌دات . له ده‌ست دانی یه‌کسانی بوون ، به‌ دیوه‌که‌ی تریدا به‌ مانای تاڵان کردن دێت . واته‌ ده‌سه‌ڵاتی تاکایه‌تی له‌ کۆگه‌راییدا تاڵان ده‌کرێت . که‌واته‌ هه‌موو جۆره‌ کۆیه‌کی مرۆیی ، چ خێزان و گرووپی بچوك و ده‌سته‌وتاقم و رێکخراو بێت  وه‌یان حزب و میلیشیا و حکومه‌ت و په‌یڕه‌وکه‌رانی هه‌چ ئایین و ئایدۆلۆژیا و ….هتدێك بێت ، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی تاکه‌کانه‌وه‌ داده‌مه‌زرێت . هیچ  ” کۆ ” یه‌ك له‌ دنیادا بێ تاڵان کردنی تاك بوونی نییه‌ . ته‌نانه‌ت گرووپی ” ڕه‌هه‌ند ” یش له‌سه‌ر بنه‌مای تاڵان کردنی ئاستی ڕۆشنبیری و ناوبانگ و که‌سایه‌تی و ویسته‌گی ” ئیراده‌ ” و ئاسووده‌یی و به‌دیهاتنی خه‌ونی ئه‌وانی تره‌وه‌ دامه‌زرا . وه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی گرووپی ” ڕه‌هه‌ند ” یشدا هه‌ر به‌ ته‌نیا تاڵان کردنه‌ ده‌ره‌کییه‌کان ده‌ست پێناکه‌ن ، به‌ڵکو تاڵان کردنه‌ ناوه‌کییه‌کانیش به‌ پانتایی گرووپه‌که‌ ده‌ست پێده‌که‌ن . ئه‌م ڕایه‌م ئه‌وه‌ ڕه‌ت ناکاته‌وه‌ که‌ گرووپی ڕه‌هه‌ند ته‌کانێکیان به‌ ڕۆشنبیری کوردی دا له‌ کوردستاندا . من نه‌ مه‌به‌ستم ڕه‌خنه‌ گرتنه‌ له‌ ڕه‌هه‌ند و نه‌ ستایش کردنیشیه‌تی . ئه‌وه‌نده‌ی به‌م نووسینه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ ته‌نیا وه‌کو نموونه‌یه‌ك له‌ مه‌یدانی ڕۆشنبیریدا هێنامه‌وه‌ بۆ پیشاندانی تاڵان کردنی تاك له‌ ناو ” کۆ ” دا .
د . مه‌ریوان ووریا قانیع له‌ ووتاری ” دین و خۆپیشاندانه‌کان ” دا ، باسی عه‌لمانییه‌کان و ئیسلامییه‌کان و چۆنیه‌تی پێکه‌وه‌ سازانیان ده‌کات . له‌م نووسینه‌دا ئاماژه‌ به‌ کۆنه‌په‌رستی هیچ لایه‌کیان ناکات . ئه‌و له‌ دووتوێی به‌ گشتی کردن و کرده‌یی کردنه‌وه‌ی کۆنه‌په‌رستیی هه‌ردوو لایانه‌وه‌ کێشه‌کان و لایه‌نه‌کان و به‌رئه‌نجامه‌کان تاوتوێ ده‌کات . من کۆنه‌په‌رستیی هه‌ردوو لایان به‌ پێی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌ ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌خۆ ” نه‌ك ئازادی تاکی ” سه‌ربه‌کۆ ” ، ده‌ستنیشان ده‌که‌م . واته‌ نه‌ ئیسلامییه‌کان و نه‌ عه‌لمانییه‌کان ناچنه‌ پای به‌رگری کردنه‌وه‌ له‌ ئازادی تاکی سه‌ربه‌خۆ . کێشه‌ی هه‌ردوو لایان له‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌تدا ، بوون و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییانه‌ی ” دین ” ه‌ تیایدا . واته‌ ئیسلامییه‌کان پێداگرن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی دینیی وه‌یان هه‌بوونی به‌شی به‌رچاو تیایدا و عه‌لمانییه‌کانیش تا بۆیان بکرێت سوورن له‌سه‌ر بێبه‌ش کردنی دین له‌ ده‌وڵه‌ت .
عه‌لمانییه‌کان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ کۆنه‌په‌رستن : 1 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ . 2 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی کولتووره‌وه‌ . 3 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ . 4 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی سیستمی نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی و عه‌قڵسالارییه‌وه‌ . 5 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئابوورییه‌وه‌ . 6 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی تاکه‌وه‌ ، وه‌کو تاکی سه‌ربه‌کۆ نه‌ك وه‌کو تاکی سه‌ربه‌خۆ . 7 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی خێزانه‌وه‌ . 8 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌خلاقه‌وه‌  ( مه‌به‌ست له‌ ئه‌خلاقی جنسییه‌ ) . 9 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی ڕۆشنبیری باو و سنووردار و خزمه‌تکه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌وه‌ . 10 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری یاسا و ملکه‌چی مرۆڤه‌وه‌ . 11 – له‌ ده‌ستگرتن به‌ مانه‌وه‌ی جه‌نگی دژ به‌ کرده‌یی بوونه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤه‌وه‌ . ئه‌مانه‌ و زۆری تریش هه‌ن که‌ کۆنه‌په‌رستی عه‌لمانییه‌کان دیاری ده‌که‌ن .
وه‌نه‌بێت ئیسلامییه‌کان له‌مان باشتر بن . ئیسلامییه‌کان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ له‌ عه‌لمانییه‌کان خراپترن . هه‌رچه‌نده‌ عه‌لمانییه‌کان و ئیسلامییه‌کان دژی ئازادی تاکن و له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر له‌ دواوه‌ن ، به‌ڵام به‌ به‌راوورد به‌ یه‌کتری عه‌لمانییه‌کان زۆر له‌ ئیسلامییه‌کان پێشکه‌ووترن . له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌دا عه‌لمانییه‌کان به‌ بڕی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ ئازادی تاك ” واته‌ تاکی سه‌ربه‌کۆ ” دا هه‌ن ، که‌چی ئیسلامییه‌کان زۆر په‌یگیرانه‌ به‌ دژی ئازادی ” تاکی سه‌ربه‌کۆ ” ش ده‌جه‌نگن . ئیسلامییه‌کان کۆیلایه‌تییان ده‌وێت ، عه‌لمانییه‌کان گوێڕایه‌ڵییان ده‌وێت . ئیسلامییه‌کان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی داخراویان ده‌وێت ، عه‌لمانییه‌کان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی کراوه‌یان ده‌وێت . ئیسلامییه‌کان کۆنترۆڵ کردنی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تیان له‌ ناو سیستمی خێڵه‌کییانه‌ی خۆیاندا ده‌وێت ، عه‌لمانییه‌کان خۆگونجاندنیان له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ ڕێژییه‌که‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا ده‌وێت .
باشترین نموونه‌ بۆ وه‌ستانه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر ئازادیدا ، لێسه‌ندنه‌وه‌ی مایکی ئازاد و دابه‌زاندنی ئه‌و کچه‌ شاعیره‌ بوو له‌ مه‌یدانی ئازادیدا له‌ سلێمانی . مه‌ریوان ده‌بوایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ دێڕێکیش بووایه‌ ، سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ناڕه‌وایه‌ی ئیسلامییه‌کانی بۆ سه‌ر ئه‌و کچه‌ شاعیره‌ بکردایه‌ . من بۆخۆم ، له‌و کاته‌دا که‌ کچه‌که‌یان به‌ ئه‌ڵڵاهو ئه‌کبه‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی و له‌ قسه‌ کردنه‌کانی وه‌ستاند و هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای ئه‌وه‌ش به‌ زۆر له‌سه‌ر سه‌کۆی ئازادی هێنایانه‌ خواره‌وه‌ ، ڕێك مه‌یدانی ئازادییم به‌ مه‌یدانی سه‌رکوت کردنی ئازادی هاته‌ به‌رچاو و مایکی ئازادیشم به‌ مایکێکی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ و درۆیینه‌ و چاووڕاو کردن له‌ خه‌ڵك هاته‌ به‌رچاو .
من بۆ خۆم تا ئێستا جگه‌ له‌ دوو ووتار که‌ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کان نووسیومه‌ ، سێ شیعریشم به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کاندا داناوه‌ . من له‌ شیعره‌کانمدا زۆر ستایشی خۆپیشانده‌رانم کردووه‌ و گوزارشتم له‌ ویستی ئازادی ئه‌وان کردووه‌ . من له‌و شیعرانه‌مدا یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرم و داکۆکی له‌ مرۆڤدۆستی و پێشکه‌وتنخوازی و ئازادیخوازی خۆپیشانده‌ران ده‌که‌م و ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ڕاست بووم و ئێستاش به‌ ته‌واوی خۆم به‌ ڕاست ده‌زانم . من کوێرانه‌ شیعرم نه‌وتووه‌ بۆ خۆپیشانده‌ران ، چونکه‌ شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ووتووه‌ که‌ به‌رگری له‌ ئازادی مرۆڤ ده‌که‌ن . شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ووتووه‌ که‌ مرۆڤیان لا گه‌وره‌یه‌ . شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ووتووه‌ که‌ داوای دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن . شیعرم بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ووتووه‌ که‌ داوای وه‌لانانی توندوتیژی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانه‌وه‌ ده‌که‌ن . به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك من شیعرم بۆ هیچ یه‌کێك له‌وانه‌ نه‌ووتووه‌ که‌ به‌ ناوی ئازادییه‌وه‌ له‌ مه‌یدانی ئازادی و شه‌قامی کوردیدا ، ئازادییان سه‌رکوت کردووه‌ و سه‌رکوتی ده‌که‌ن . هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ئازادی تاك به‌ فه‌رمی ناناسن ، نه‌ك له‌ دێڕ و کۆپله‌ و شیعره‌کانم بێبه‌ریین ، به‌ڵكو له‌ یه‌کبه‌یه‌کی پیته‌کانی ئه‌و سێ شیعره‌م بێبه‌ریین . یه‌ك پیتم له‌و شیعرانه‌ به‌ قازانجی ئه‌و که‌سانه‌ نه‌نووسیوه‌ که‌ له‌ گه‌وره‌یی مرۆڤ و ئازادی مرۆڤ تێناگه‌ن .
د . مه‌ریوان ده‌بوایه‌ لایه‌کی به‌ لای ئه‌و ئابڕووچوونه‌ی سه‌کۆی ئازادیدا بکردایه‌ته‌وه‌ . ده‌بوایه‌ ده‌نگێکێ شارستانییانه‌ی له‌ ڕووی ئه‌و هێرشه‌ نامرۆییه‌دا به‌رز بکردایه‌ته‌وه‌ که‌ کرایه‌ سه‌ر ئه‌و کچه‌ شاعیره‌ له‌ مه‌یدانی ئازادی سلێمانی و ڕێك له‌سه‌ر سه‌کۆی ئازادی ئه‌و مه‌یدانه‌ و وه‌ هه‌ر له‌و کاته‌شدا که‌ مایکی ئازادی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو . د. مه‌ریوان له‌وه‌ تێبگات یان تێنه‌گات ، ئه‌و ئیسلامییانه‌ له‌و کاته‌دا و به‌ دابه‌زاندنی ئه‌و کچه‌ شاعیره‌ ، ئابڕووی ئازادییان له‌ مه‌یدانی ئازادیدا برد . ئه‌گه‌ر د . مه‌ریوان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا بێده‌نگه‌ ، ئه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر چ جۆره‌ سه‌رکوتێکدا دێته‌ ده‌نگ ؟
ده‌کرێت ئیسلامییه‌کان ” مه‌به‌ست له‌ ئیسلامی سیاسییه‌ ” و عه‌لمانییه‌کان ، وه‌کو هه‌موو ده‌سته‌ و هێز و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت ، ساتوسه‌ودایان له‌سه‌ر تاڵان کردنه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و سه‌ربازی و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌بێت . وه‌ ده‌کرێت ” مه‌ریوان ” یش وه‌کو نووسه‌رێکی به‌ توانا و له‌ ڕووانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه‌ ڕۆڵێکی ناوبژیکه‌رانه‌ و یه‌کتری پێقه‌بووڵ کردنانه‌ی ئیسلامییه‌کان و عه‌لمانییه‌کانی هه‌بێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ناکرێت ، به‌ تایبه‌تی بۆ ڕۆشنبیرێکی وه‌کو مه‌ریوان ، سڕینه‌وه‌ی ئازادی تاك و متق له‌خۆبڕیینه‌ ” فزه‌ نه‌کردنه‌ ” له ئاستیدا .
ئه‌م گرووپ و تاك و لایه‌نانه‌ که‌ په‌یوه‌ندی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌ به‌ یه‌کترییانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر تاڵان کردنی هه‌مه‌جۆره‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ کۆمه‌ڵگادا یه‌کن و هه‌رگیز یه‌کڕیزییان له‌و باره‌یه‌وه‌ ناشێوێنن. ئه‌وه‌ی که‌ یه‌کڕیزییان تێك ده‌دات ، چۆنیه‌تی تاڵان کردن و بڕی تاڵانییه‌کان و دابه‌ش کردنه‌وه‌یه‌تی له‌ نێوان ئه‌ندامانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدا . مه‌ریوان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ وه‌کو مه‌ریوان بیر ده‌که‌نه‌وه‌ ، به‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌دان ، به‌و ڕاده‌یه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی تاڵانوبڕۆی تاك و ده‌سته‌ و تاقم و هێز و حزب و حکومه‌ت و لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌تدان . له‌ سۆنگه‌ی ئه‌م نامرۆیی بوونه‌ی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ته‌وه‌یه‌ که‌ نووسه‌ری به‌ڕێز و به‌ توانا ، مه‌ریوان ووریا قانیع ، هه‌وڵی یه‌کخستنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کان و عه‌لمانییه‌کان ده‌دات . ئه‌و ده‌بوایه‌ وه‌کو ڕۆشنبیرێك و خه‌باتکارێکی ناو ڕیزه‌کانی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت لانی که‌م چه‌ند داواکارییه‌کی له‌ ئیسلامییه‌کان هه‌بوایه‌ که‌ ده‌توانین بۆ نموونه‌ : به‌ فه‌رمی ناسینی ئازادی ڕاده‌ربڕین و وه‌لانانی توندوتیژی و ڕێز گرتن له‌ مافی بێباوه‌ڕی ، به‌ چه‌ند خاڵێکی ئه‌و داواکارییانه‌ دابنێین . مه‌ریوان نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌کردووه‌ ، به‌ڵکو په‌رده‌ پۆشیشی کردووه‌ . ئه‌م ناوبژی کردنه‌ و ئه‌م په‌رده‌پۆش کردنه‌ ، ئامڕازی سه‌رسووڕمان له‌سه‌ر جیهانبینی مه‌ریوان داده‌نێت .
ئیسلام بوون وه‌کو بیروباوه‌ڕێك ، په‌یامێکی ئاسمانی ، ئاشنا بوونێکی گیانه‌کییانه‌ به‌ بوونی یه‌که‌م ، جیهانبینییه‌کی گه‌ردوونی ،، جێگای ڕێز لێگرتن و خۆشه‌ویست بوون و په‌یڕه‌وی لێکردن بووه‌ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیی زۆرێك له‌ میلله‌تانی جۆراوجۆره‌وه‌ . نه‌ من و نه‌ مه‌ریوان و نه‌ که‌سێکی تر ، نکوولی له‌ هه‌بوونی ئه‌م پێشوازی کردنه‌ی خه‌ڵك نییه‌ له‌ ئیسلام . ئه‌وه‌ی که‌ تێڕوانینی من و مه‌ریوان وه‌یان هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ جیا ده‌کاته‌وه‌ ، چۆنیه‌تی بینین و مامه‌ڵه‌ کردنی ڕۆژانه‌ و لۆژیکمه‌ندانه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا زه‌مینییه‌کانی ئه‌م دینه‌دا . ته‌نانه‌ت له‌ جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م داموده‌زگایانه‌شدا تێڕوانینه‌ جیاوازه‌کان به‌رجه‌سته‌ ده‌بن . واته‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دین دایه‌ ، له‌گه‌ڵ داموده‌زگا سیاسیه‌کانیدا نییه‌ . مه‌ریوان نه‌ك هه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داموده‌زگا زه‌مینییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئیسلامدا هاوجووت دێته‌وه‌ ، به‌ڵکو چ وه‌کو لۆجیکی بیرکردنه‌وه‌ی و چ وه‌ك سه‌وداکه‌رێکی سیاسییانه‌ ، ناتوانێت هاتنه‌وه‌ و سه‌رسام بوونی خۆی به‌ داموده‌زگا زه‌مینییه‌ ئیسلامییه‌ سیاسییه‌کان بشارێته‌وه‌ .
ئه‌م تراژیدیایه‌ له‌ فکری مه‌ریوان دا ، له‌ ڕۆشنبیرێتی مه‌ریوان و ئه‌زموونی که‌سایه‌تی ئه‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێت . ئه‌وه‌نده‌ی که‌ لای منه‌وه‌ ئاشکرا بێت ، مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆویستن و ناوبانگ و کورت بینی بۆچوونه‌کان و هه‌ڵپه‌ی داهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌ . به‌جیا له‌وه‌ی که‌ هه‌موو که‌سێك خۆویسته‌ ، هه‌ر که‌سه‌ش به‌ جۆرێك که‌ وێنای خۆویستنی خۆی ده‌کات ، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کان و کێشه‌ فکرییه‌کاندا ده‌کات . ناوبانگیش پێش ئه‌وه‌ی به‌رئه‌نجامی کاره‌ ده‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤ بێت ، خواستێکی ده‌روونیی مرۆڤ و پێکهاته‌یه‌کی که‌سایه‌تییانه‌ و به‌شێکی دانه‌بڕاوی ژیانی کرده‌یی و ڕۆژانه‌ی ئه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا . کورتبینی بۆچوونه‌کانی مرۆڤیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌بوونی کۆمه‌ڵگه‌ی پێچه‌وانه‌ و جۆری په‌روه‌رده‌ کردنی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی مرۆڤ و په‌یوه‌ست بوونی به‌ یاده‌وه‌رییه‌کان و وێنا کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی و پارێزگاری کردن له‌ مه‌زنگه‌رایه‌تییه‌که‌ی . هه‌ڵپه‌ کردنیش له‌ داهێناندا ، ده‌سه‌ڵاتخوازی و خاوه‌ندارێتی و خۆڕانان و ده‌رکه‌وتن و شاردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر و سه‌رکوت کردنی ڕۆشنبیرییانه‌ و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ . واته‌ مه‌ریوان وه‌کو ڕۆشنبیرێکی به‌ره‌ی تاکی تایبه‌ت به‌ هه‌مان میتۆدی تاڵانوبڕۆی مێژووییانه‌ی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان ، به‌رنامه‌ فکرییه‌که‌ی خۆی بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کان داده‌ڕێژێت و ده‌یباته‌ پێشه‌وه‌ . ئه‌م تراژیدیایه‌ی فکری مه‌ریوان ، به‌جیا له‌وه‌ی که‌ چارهه‌ڵنه‌گره‌ ، مێژووی ڕۆشنبیرییش له‌ داهاتوودا وه‌ڵامی نێگه‌تیڤانه‌ی به‌ ئاشکرا پێده‌داته‌وه‌ .

بژار    

            24 – 4 – 2011 
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.