Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

له‌ په‌راوێزی رێکه‌وتنی عێراق و ئه‌مه‌ریکا و(مالیکیی)ی سه‌رۆکجاش

Be First!
by December 13, 2008 گشتی

 – له‌ په‌راوێزی رێکه‌وتنی عێراق و ئه‌مه‌ریکا و(مالیکیی)ی سه‌رۆکجاش –
 دارا ئه‌حمه‌د
  

 * رێکه‌وتنی ئاسایشیی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریکا – باشترێکه‌ بڵێین رێکه‌وتنی نێوان دڕنده‌ترین ده‌سه‌ڵاتی جیهان که‌ حوکمڕانی ئه‌مه‌ریکا ده‌کا له‌گه‌ڵ بێسه‌روبه‌رترین و داگیرکراوترین و کۆنه‌په‌رستترین ده‌سه‌ڵاتی جیهان که‌ ئێستا حوکمڕانی عێراق و کوردستانی ژێر چه‌پۆکی هه‌ردوو سه‌رۆک خێله‌که‌ ده‌کا – پرسێک یان بابه‌تێکی هێنده‌‌ گرنگ نییه‌ که‌ شێوه‌که‌ی کوو ده‌بێ یان چۆنایه‌تییه‌که‌ی چ شێوه‌‌یه‌ک به‌خۆوه‌ ده‌گرێ.
 
 کێ هه‌یه‌ نه‌زانێ سیاسه‌تی سه‌رانی به‌ریتانیا هه‌ر له‌و رۆژه‌ی که‌ عێراقێکیان به‌ زۆری زۆرداره‌کی و به‌ بێ خواستی گه‌لانی ناوچه‌که‌ دامه‌زراند تا ده‌گاته‌ شۆڕشی سه‌رده‌می که‌ریم قاسم هه‌روا سیاسه‌تی سه‌رانی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیاش وه‌ک پاشکۆیه‌ک هه‌ر له‌و رۆژه‌ی که‌ جله‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ پارتی به‌عسی شۆڤێنیست و فاشتست دا تا ئه‌مڕۆ و چه‌ندین ساڵی داهاتووش چۆن گوزه‌را و چۆن ده‌گوزه‌رێ و چ مه‌رگه‌سات و برسیێتیی و چ شه‌ڕ و کاولکارییه‌کیان ناوه‌ته‌وه‌ و ده‌نێنه‌وه‌ ؟!
 
 کێ هه‌یه‌ نه‌زانێ و نه‌بینێ که‌ چۆن به‌ باشترین و کاریگه‌رترین چه‌کی تێکبه‌ردانی کوردو عه‌ره‌ب و تورکمان و کلدان و ئاشووریی و… بارزانی و تاله‌بانی و جبوریی و موسڵاویی و تکریتی و به‌سرایی و…  ، موسڵمان- شیعه‌‌ و سونه‌ –  و مه‌سیحیی و یه‌زیدیی و…هتد له‌ لایه‌ک و په‌یوه‌ستکردنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و دین و  خێل و مه‌زهه‌بانه‌‌ش به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ چاوچنۆک و کۆنه‌په‌رسته‌کانی وه‌ک تورکیا و سوریا و سعودیه‌ و ئێران و …هتد له‌لایه‌کیتر شه‌ڕی خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌ره‌تان و  شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی تر و شه‌ڕی ماف و ئازادییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ شه‌ڕی هه‌رچی پێیده‌گوترێ پێشکه‌وتن و ژیان ده‌که‌ن.. ئه‌ویش ته‌نیا بۆ مسۆگه‌رکردنی مانه‌وه‌ و بوونی خۆیان له‌ ناوچه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ راووڕووت زۆرترین سامانی خه‌ڵک به‌ گوێره‌ی یاسا جه‌نگه‌لییه‌کانی خۆیان که‌ خۆی له‌ دیموکراسییه‌ت و بازاڕی ئازاد و قۆڕیاته‌کانی تری سیسته‌می هاروهاجی سه‌رمایه‌داریی ده‌بینێته‌وه‌  بدزن.
 
 ئه‌رێ ده‌کرێ به‌ سه‌پاندنی فه‌رمانی  کۆمه‌ڵێک چه‌ته‌ی به‌رده‌ستی سه‌رمایه‌داره‌ هه‌ره ‌گه‌وره‌کانی جیهان که‌ به‌ ئاگر و ئاسن ووڵاتێکیان داگیر کردووه‌ به‌سه‌ر به‌کرێگیراوه‌کانی خۆیان بگوترێ (رێکه‌وتن)؟!
 
 ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی لۆژیکیی و زانستییانه‌ له‌و جۆره‌ رێکه‌وتنانه‌ هوردبینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی که‌ رێکه‌وتن بریتییه‌ له‌وه‌ی دوو لایه‌ن یان دوو هه‌ر شتێکی دژ به‌یه‌ک له‌سه‌ر شتێک یان کۆمه‌ڵه‌ شتێک رێکده‌که‌ون که‌ بوون و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان پێ بپارێزن ، به‌ڵام ئه‌و ماده‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستمانه‌ نه‌ دوو لا و نه‌ دوو دژ و نه‌ دوو بوون و به‌رژه‌وه‌ندیی جودای تێدایه ‌ به‌ڵکه‌ گیانێکن له‌ چه‌ند جه‌سته‌یه‌کی وه‌ک ئاغا و کوێخا و میرزا و وه‌زیر گزیر و باشچاوه‌ش و سه‌رکار و سیخوڕ و خزمه‌تکار و کاسه‌لێس و … هتد .
 
 ئیستا ئیدی ده‌کرێ به‌ چاویکه‌یه‌کی قیچه‌ک رۆنتر له‌و چاویلکه‌ ته‌ڵخ و تاریکه‌ی باوی سه‌رده‌م بڕوانینه‌ ئه‌و‌ هه‌موو ناوه‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی وه‌ک لیبراڵه‌کان و دیموکراسییه‌کان و مه‌ده‌نییه‌کان و ره‌گه‌زپه‌رسته‌کان په‌یڕه‌وکارانی جوو و مه‌سیحیه‌ت و سۆشیال دیموکرات و چه‌پ و خێله‌کیی مه‌زهه‌بگه‌ر و دیموکرات و کۆماریه‌کان و قاعیده‌ و تیرۆریست و مه‌رجه‌ع و کۆنسه‌رڤه‌تیڤ و ئیسلامی شیعه‌و سونه‌ی توندڕه‌و و میانڕه‌و و  نه‌ته‌وه‌یی و سۆشیال عه‌شایه‌ر و  ته‌نانه‌ت هه‌ندێک به‌ناو مۆدێرن و پێشکه‌وتووخواز و سکۆلاریست و شیوعیش و …هتد که‌ چۆن هه‌موویان وه‌ک کۆمه‌ڵێک جۆگه‌له‌ و رووبار و زێ و ده‌ریایه‌کی لێخن و پیس له‌ ئۆقیانووسی مه‌رگ  ده‌که‌نه‌وه‌ – مه‌رگی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ ژیانێکی ئازاد و یه‌کسان و دوور له‌ هه‌رجۆر و شێوه‌ چه‌وسانه‌وه‌یه‌ک بژین -‌ .
 
 ئه‌وه‌ی پێیده‌گوترێ رێکه‌وتن یان ئه‌وه‌ی که‌ خۆیان ناویان لێناوه‌ رێکه‌وتن روو بدا یان نه‌دا بۆ خه‌ڵکی‌ ئازادیخواز و مرۆڤپه‌روه‌رانی گه‌لانی عێراق و کوردستان ، تیکۆشه‌رانی مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی گه‌لان و سه‌ربه‌خۆییخوازانی کوردستان و یه‌کسانیخوازان و زانستپه‌روه‌ران و که‌رکوکییه‌کان و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان و به‌ کورتیی بۆ تێکڕای مافپه‌روه‌ران و ئازایخوازانی ناوچه‌که‌ و جیهان هه‌ر یه‌که‌ و – هه‌ر به‌ روبه‌ی قورقوره‌ – یه‌ و تۆزقالێک له‌ کێشه‌ و مه‌سه‌له‌کان ناگوڕێ و ته‌نیا خوێنمژه‌کانی سه‌رده‌م قازانجی تێدا ده‌که‌ن – ئه‌وانه‌ی ئه‌و پارت و رێکخراو و حکومه‌ت و دین و خێل و ده‌سته‌ و لایه‌نانه‌ به‌رێوه‌ده‌به‌ن که‌ ناویان له‌و یه‌کێتیی و یه‌ک دڵییه‌ی خۆیان ناوه‌ رێکه‌وتنی ئاسایشی نێوان ئه‌مه‌ریکا و عێراق – .
 
 * نوری مالیکیی وه‌ک نوری سه‌عید – کورد‌ێکی بێ سه‌روبه‌ری وه‌ک سه‌ڵاحه‌دینی داغان به‌ که‌لتووری عاره‌بیی و ئیسلامیی – هه‌ر هێنده‌ ده‌یه‌وێ کوردان یان میلله‌تانیتر به‌شداریی له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراقیی بکه‌ن که‌ به‌ شێوه‌کی کارتۆنی چه‌ند وه‌زیر و گزیرێکیان هه‌بێ و له‌ راستیشدا له‌ خزمه‌ت هزر و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌‌تی شوڤێنی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و  مه‌رجه‌عیه‌تی تیۆکراتیی ئیسلامییدا بن نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو خێلی کوردی  ده‌یانه‌وێ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی ناویان له‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراقیی ناوه‌ فیدرال.. که‌چی (جه‌لال و عارف و هۆشیار و به‌رهه‌م) ی (ئه‌حفاد)ه‌کانی سه‌لاحه‌دین وه‌ک داوڵ له‌ خزمه‌تی بێستانه‌که‌ی (گرین زۆن) دان و پێیان ره‌وایه‌ جاش و ئه‌نفالچییه‌کانی پێشان له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاته‌‌ شڕه‌که‌ی خۆیان بکه‌نه‌ ده‌مڕاستی خه‌ڵکی کوردستان به‌ڵام ملعیندی ده‌که‌ن له‌وه‌ی که نوری مالیکیی له‌و ناوچانه‌ی که‌ به‌ قوربانی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان کرد له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆتۆنۆمیه‌که‌ی سه‌دامی دیکتاتۆر هه‌ندێک جاش و کۆنه‌ ئه‌نفالچیییه‌ک بۆ خۆی به‌کرێ بگرێ ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌‌یه‌ی  که‌ بۆ (ئه‌نجوومه‌نه‌کانی ئه‌سناد ) ته‌رخان ده‌کرێن قازانجی ئه‌وانی تێدا نییه‌ و ناتوانن به‌شه‌‌ هه‌ره‌ زۆره‌که‌ی بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و  بانکه‌ ئاشکرابووانه‌ی که‌ ئه‌و چه‌ند ملیارد دۆلاره‌ی سه‌رۆک خێلی بارزانیی و سه‌رۆک خێلی بله‌ و تاڵه‌‌بانییان تێدا بوو ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ بانکه‌ شاردراوه‌کان.
 
 جا ئه‌و (ئه‌سناد و مه‌سناد)ه‌ له‌سه‌ر کێشی (جاشایه‌تیی و پاشایه‌تیی) دامه‌زراوه‌ و مالیکییش وه‌ک که‌سێکی دنیادیده‌ ده‌زانێ جاشایه‌تییه‌که‌ی بۆ ئێران چه‌ند سوودی هه‌بوو  جاشایه‌تیی بارازانیی و تاڵه‌بانیی بۆ ئێران و تورکیا و ئه‌مه‌ریکا چه‌ند سوودی هه‌بوو و هه‌روا ده‌زانێ جاشی گه‌وره‌ش ده‌بێ له‌خواره‌وه‌ی خۆی جاشی گچکه‌ی هه‌بێ وه‌ک چۆن تاڵه‌‌بانیی و بارزانیی له‌ کوردستان جاشی کۆن نوێیان و هه‌یه‌ به‌ناوی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆیه‌ ئه‌ویش به‌ مافی خۆی ده‌زانێ له‌ ناوچه‌کانی عێراق به‌ کوردستانیشه‌وه‌ جاشی خۆی هه‌بێ و ناوی لێ بنێ (ئه‌نجوومه‌نه‌کانی ئه‌سناد) جا ئه‌وه‌ کێ سه‌رده‌که‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نوری مالیکیی یان (ئه‌حفاده‌کان) ی سه‌لاحه‌دین کامیان ده‌توانن  دڵسۆزتر بن بۆ (ئامیر فه‌وج)ی هه‌موو جاشه‌کانی  جیهان – که‌ ئه‌مه‌ریکایه‌ – و گره‌وکه‌ ببه‌نه‌وه‌.
 
 ئێستا پێویست ناکا نه‌ زۆران بۆ که‌مان و نه‌ که‌مان بۆ زۆران بڵێن ‌ و پێویسته‌ به‌ کوردی و به‌ پوختیی بێژین ئێستا خه‌ڵکی کوردستان زۆر له‌وه‌ هۆشیارترن گوێ له‌و فلیمانه‌ رابگرن که‌ پێشوه‌خت ده‌زانن سیناریۆیه‌که‌ی چۆن داڕێژراوه‌ و جگه‌ له‌ سیاسه‌تبازان و چه‌‌وسێنه‌ران هیج که‌سێکی دیکه‌ تورێکی لێ قازانج ناکا.  
 
 سه‌رئه‌نجام (ئه‌حفاد)ه‌کانی سه‌ڵاحه‌دین به‌‌ دوو لا مه‌ست و حه‌یرانن؛ گوێ ناده‌نه‌ که‌س که‌  ئه‌و به‌ناو رێکه‌وتنه‌ چۆن ده‌که‌وێته‌وه‌ و ئه‌و ئه‌نجوومه‌نانه‌ی (ئه‌سناد) داده‌مه‌زرێن یان نا به‌ڵکه‌‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان بودجه‌ی چه‌ندین ساڵیدی جاشایه‌تییه‌که‌یان بۆ عێراق مسۆگه‌ر بکه‌ن.. چونکه‌ ئه‌وان له‌ جاشایه‌تیی راهاتوون و له‌ باب و باپیرانیانه‌وه‌ بۆیان  ماوه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکیش با هه‌ر  سیر بخۆن و زوڕنا لێبده‌ن.  ‌ 
 
 dara@emrro.com
 
      
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply