Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

له‌ چاوه‌روانی موعجیزه‌یه‌كا….شه‌رمین وه‌لی

Comments
by February 21, 2009 ئەدەب

له‌ چاوه‌روانی موعجیزه‌یه‌كا..
 شه‌رمین وه‌لی

ئه‌وه‌ تۆ كێیت؟؟
كیشوه‌رێ‌ لێم دووری و
له‌ سێبه‌ریشم نزیكتری؟!
تۆ كێیت؟
به‌ چه‌شنی تارمایی هاتی و
به‌ ئه‌ندازه‌ی خۆریش رۆشنی..
كێیت!؟
كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نمت له‌ ئه‌ستۆی رۆحتا
هه‌ڵگرتووه‌!
كێیت تۆ؟
بوویته‌ سروشی هه‌موو ئان و ساته‌كانم و،
هه‌موو ژیانمت به‌ ته‌نها خه‌نده‌یه‌كت
سه‌رقاڵ كردووه‌!!

تۆ كێیت؟
رۆژ نیه‌ چاوه‌كانم له‌ چاوه‌روانی دیده‌نێكتا
كوڵمه‌كانم چه‌شنی گه‌ڵا، به‌ ئاونگ سواخ نه‌دا!
بۆ ته‌نها نیگایه‌كت
رۆژانه‌ چه‌نده‌ها جار
 نه‌مرێ‌ و نه‌ژیێته‌وه‌!

پرسیارم كردووی؟!
له‌ كۆڵان،
 له‌ شنه‌با،
له‌ سێبه‌ر،
له‌ سه‌راب،
له‌ ئاسمان،
له‌ هه‌ناسه‌ و
له‌ خودا..
شوێن نه‌ما
پرسیارت نه‌كه‌م،
شوێن نه‌ما
بۆ سۆراخێكت
دۆشدانه‌مێنم من..

پێم بڵێ‌..كێیت تۆ؟!
كه‌ من بۆ ته‌نێ‌ ویساڵێكت
هانام بۆ
باران و
په‌روانه‌ و
ته‌نانه‌ت چرپاكه‌شم هێناوه‌

تۆ كێیت؟!
هه‌ر ده‌ڵێی منداڵیمی و
له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌ما
لێمده‌ڕوانی!

ده‌لێی تنۆكێ‌ بارانیت و
تاڵێ‌  له‌ قژم ئاو ده‌ده‌ی!

تۆ كێیت ؟!
 ده‌ڵێی دڵه‌ خورپه‌یه‌كیت
هاتووی پێم بڵێی:
كه‌ ئیدی،
بێ‌ بوونی من ژیانت خاڵیه‌ له‌ نوور..

نه‌وره‌سانه‌ هاتووی..
ماسی رۆحم به‌ریته‌وه‌ بۆ ماڵی خودا،
ده‌ڵێی فریشته‌یه‌كی..
هاتووی ده‌مه‌ته‌قێی ژیان و
نزیكبوونه‌وه‌ی قیامه‌تی عه‌شق
له‌گه‌ڵما ته‌یی بكه‌ی!!

ئه‌رێ‌ به‌راست!!
تۆ كێیت؟
كه‌ هه‌موو عومرم له‌ ئاست
بزه‌یه‌كتا
 كرنووش ده‌با و
چاوه‌روانی په‌رجوویه‌كا.
090218

Previous
Next

Leave a Reply