Skip to Content

Wednesday, October 21st, 2020

له‌ چاوه‌ڕوانی به‌ربەراندا

Be First!
by February 9, 2012 ئەدەب

چاوه‌ڕوانی چی ده‌كه‌ین به‌مجۆره‌
كۆوه‌بوو له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌؟
ئه‌مڕۆ به‌ربه‌ران دێن!
بۆچی ئه‌نجومه‌نی پیاو ماقوڵان ده‌ستی له‌ كار كێشاوه‌ته‌وه‌؟
گه‌وره‌كان یاسا دانانێن،
ئه‌ی بۆچی له‌وێ دانیشتوون؟
چونكه‌ به‌ربه‌ران ئه‌مڕۆ دێن!
گه‌وره‌كان گه‌ره‌كیانه‌ كام یاسا دابنێن؟
گاڤێك به‌ربه‌ران بێن
   خۆیان یاسا داده‌نێن!

بۆچی پاشامان به‌م شێوه‌یه‌ زوو له‌ خه‌و هه‌ستاوه‌؟
بۆچی له‌ ته‌نیشت ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی شاره‌وه‌
له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی دانیشتووه‌و تاجه‌كه‌ی له‌سه‌ر كردووه‌؟
ئه‌مڕۆ به‌ربه‌ران ده‌گه‌ن!
پاشا چاوه‌ڕێی پێشوازی رێبه‌ره‌كه‌یانه‌
راستیشت بوێ
خۆی سازداوه‌ تا وتارێكی بۆ وه‌خوێنێ
كه‌ له‌وێدا
هه‌موو ناونیشان و ناسناوه‌كانی به‌و ده‌به‌خشێ.

بۆچی باڵیۆز و قازییه‌كانمان هه‌موو
به‌ عه‌بای سوور و زێڕدۆزی خۆیانه‌وه‌ هاتوونه‌ ده‌ر؟
ئه‌م هه‌موو رازانه‌وه‌و به‌رده‌ به‌نرخانه‌ بۆ چییه‌؟
هه‌موو ئه‌م ئه‌نگوستیله‌ی بریسكه‌دار و نقێم زمڕووده‌ بۆ چییه‌؟
بۆچی گۆپاڵه‌ گران به‌هاو ده‌سك زیو و پاژنه‌ زێڕینه‌كانیان
                                                             به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌؟

چونكه‌ به‌ربه‌ران ئه‌مڕۆكه‌ ده‌گه‌ن…
چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ شتانه‌
چاوی به‌ربه‌ران ئه‌بڵه‌ق ده‌كات.

بۆچی وه‌ك هه‌میشه‌
وتاربێژه‌ گه‌روو زێڕینه‌كانمان نه‌هاتوون
تا وتاره‌كانی خۆیان بده‌ن… تا هه‌رچی ده‌بوو بوترێ
     بیڵێن؟
چونكه‌ به‌ربه‌ران ئه‌مڕۆ لێره‌ ده‌بن
لێره‌ ده‌بن و حه‌وسه‌ڵه‌یان نامێنێ له‌ زمانپاراوی و ره‌وانبێژی.
ئه‌م ته‌نگانه‌ كتوپڕه‌… ئه‌م په‌رێشانییه‌ بۆ چییه‌؟
بۆچی رووخساری خه‌ڵكی تێكترشاوه‌؟
بۆچی شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌كان به‌ خێرایی چۆڵ ده‌بن؟
هه‌موو نووقم له‌ بیركردنه‌وه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌و داهاتووه‌و
                      به‌ربه‌ران نه‌هاتوون
چونكه‌ هه‌ندێك خه‌ڵك كه‌  له‌ سنووره‌وه‌ هاتوون ده‌ڵێن
به‌ربه‌رێك له‌ ئارادا نییه‌

ئێستا بێ به‌ربه‌ران ده‌بێت چی بكه‌ین؟
ئه‌وان جۆرێك چاره‌سه‌ر بوون!

سه‌رچاوه‌:
http://farazdaqasadi.blogfa.com/post-47.aspx

كۆنستانتین كاڤافی
بۆ فارسی: فرزدق ئه‌سه‌دی
له‌ فارسییه‌وه‌: جه‌بار سابیر

Previous
Next

Leave a Reply