له ڕۆمانی ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه قه‌یرانی ڕۆح و داڕمانی شكۆمه‌ندی
په‌یامی نووسین و قه‌یرانی رۆح
په‌یامی نووسین هه‌رچیه‌ك بیت به‌ده‌رنابیت له وبازنه‌یه‌ی كه مرۆڤی تیدا ده‌خولێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه و هیچ جارێكیش له‌جارێكی تر ناچێ ئه‌و تێپه‌ڕینه‌ی زه‌مه‌نه به ڕۆحی مرۆ. كاركردن له‌سه‌ر ئینسان كاركردنه له‌سه‌ر سه‌نته‌ر و چه‌قی ئه‌و بازنه‌یه‌ی كه مرۆڤی تێدا پشوو نادات. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بدوێن و باس له خۆمان بكه‌ین ده‌بێت په‌نا بۆ زمان ببه‌ین. لێره‌دا زمان ده‌بێته یه‌ك ئالیه‌تی نیشاندانی كاردانه‌وه‌كانی خولانه‌وه‌ی مرۆڤ، وه‌لی زمان به‌ته‌نیا ناتوانێت هه‌ڵگری ئه‌و ئه‌ركه‌بێت، بۆیه به‌هاوشانی چه‌ند ئه‌ندامیكی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ ئه‌و ئه‌ركه ڕاده‌په‌رینێ. هه‌موو مرۆڤه‌كانی جیهان به‌ده‌رنین له لادان له چه‌ق و سه‌نته‌ری خولانه‌وه، هه‌ركاتێكیش مرۆڤ لایدا له‌پرۆسه‌ی به‌سه‌نته‌ربوونی خۆی ئه‌وا ده‌كه‌ویته قه‌یرانه‌وه. قه‌یرانی هه‌موو دنیا له‌یه‌ك ده‌چێت و قه‌یرانی هه‌موو دنیایه‌ش له‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، ئه‌ویش لادرانی مرۆڤه له خاڵی سه‌نته‌ری خۆی، ئه‌م بابه‌ته له‌و كاته‌وه درووست بووه كه كێشه له‌نێوان خودا و باوكه ئاده‌م و حه‌وا ڕوویدا، چونكه له‌وكاته‌وه كه خودا چوارچێوه‌ی بۆ مرۆڤ دانا، مرۆڤی خسته سه‌نته‌ر، به‌ڵام مرۆڤ له‌سه‌نته‌ر لایدا به‌و هۆیه‌شه‌وه تا ئێستا مرۆڤ له‌قه‌یرانی ڕۆحیدایه. ئه‌وه‌ی زۆرجار به جێگیری ده‌رده‌كه‌وێت ڕزگاربوون نییه له‌و قه‌یرانه به‌ڵكوو نزیكبوونه‌وه‌ی مرۆڤه له سه‌نته‌ر. ئه‌و بیروڕایانه‌ی سه‌ره‌وه به‌لای منه‌وه جێگره. قه‌یرانی ڕۆح له شوینێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه ده‌گۆرێت و له زه‌مه‌نێكه‌وه بۆ زه‌مه‌نێكی تر پێناسه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ به‌ڵام له‌فۆڕمدا هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه به‌تاڵ ده‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و بازنه‌یه‌ی كه‌باسمان كرد ناو بنێین جیهان ئه‌وا پێویستمان به‌جوهده بۆدۆزینه‌وه و ماناداركردنی ئه‌و شوێنه‌ی كه تێدا ده‌ژین، ئاخر ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌زانین باس له‌شوێن و زه‌مه‌نی ده‌ره‌وه‌ی بوونی خۆمان بكه‌ین چۆن ده‌توانین پیاسه به ماناكانی ناخ و ڕۆحمان بكه‌ین. له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان به‌وه‌دا بۆ ئه‌كتیڤ كردنی بوونی خۆمان پێویستمان به‌زمانه، ئێمه كاتێك قسه ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به قه‌یرانی بوونمان یاخود كاتێك ده‌نووسین سه‌باره‌ت به‌مانه‌وه‌مان له جیهان پێویستمان به‌جوهدێكه، سارته‌ر ده‌ڵێت(( نووسین دۆزینه‌وه‌ی جیهانه)) 1، ئه‌گه‌ر ئێستێك بكه‌ین سه‌باره‌ت به‌م رسته‌یه‌ی سارته‌ر ئه‌وا یه‌كسه‌ر په‌لكێشی ئه‌وه ده‌بین ئێمه بۆ ئه‌وه ده‌نووسین به‌هه‌موو فۆرمه‌كانییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جیهان بدۆزینه‌وه، جیهان كوێیه؟ بێگومان ئه‌و زه‌وییه كه بوونمان مانادار ده‌كات، له كۆی ئه‌م بابه‌ته مه‌به‌ستمه ته‌وزیفی ئه‌و وته‌یه‌ی سارته‌ر بكه‌م و بڵێم، نووسین واتا دۆزینه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان، كه ده‌بیت له قه‌یرانی ڕۆحه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین بۆ قه‌یرانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆحی مرۆڤ. نووسین به‌بێ خویندنه‌وه مانایه‌كی نییه، بۆیه هاوكێشه‌ی نووسه‌ر و خوینه‌ر هه‌میشه ڕاسته‌وانه‌یه، واتا هه‌ركات خوێنه‌ری باشمان هه‌بوو نووسه‌ری باشیشمان ده‌بیت، به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاست نییه، مه‌رج نییه كه‌نووسه‌ری باشمان هه‌بوو خوینه‌ری باشیشمان هه‌بێت. خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌یه، كرده‌یه‌كه كه پاڵنه‌ره‌كانی خۆویسته و له‌به‌رامبه‌ردا چێژی مه‌عنه‌وه‌ی وه‌رده‌گرین . سارته‌ر بروای وابوو خوێندنه‌وه ئاشنامان ده‌كات به‌بوونمان، ئه‌و له شوێنێكدا ده‌ڵێت((خویندنه‌وه خه‌ونێكه مرۆڤ به‌ئاره‌زوی خۆی ئه‌و خه‌ونه ده‌بینێت )) 2، من ئه‌و قسه‌یه‌م زۆر لاپه‌سه‌نده خوێندنه‌وه رێك وه‌ك خه‌ون وایه زۆركه‌س هه‌یه خه‌ون ده‌بینێت به‌ڵام نه به‌دوای ماناكانیدا ده‌گه‌رێت و نه‌بیریشی لێ ده‌كاته‌وه، جۆره كه‌سێكمان هه‌یه خه‌ونی هه‌ر بیرنامینێ، كه له‌خه‌وه‌كه بێداربووه‌وه ئیتر خه‌یاڵی فۆرمات ده‌بیته‌وه، مه‌به‌ستم له‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه، ڕۆمانی ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه له‌خویندنه‌وه‌یدا خوینه‌ر خه‌ونێك ده‌بینیت كه ئه‌سته‌مه بیری بچیته‌وه، خه‌ونێك دیمه‌نه‌كان زۆر له واقیع نزیكده‌كاته‌وه، ئه‌و ڕۆمانه یه‌كێكه له‌و جۆره ڕۆمانانه‌ی كه تاك ده‌كه‌نه سه‌نته‌ری ده‌رخستنی قه‌یرانێك كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵینَنێت. قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه پێویسته له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێ بكات كه ئایا ئه‌و جۆره نووسینه ده‌چێته چ چوارچێوه‌یه‌كه‌وه؟ جۆره‌كانی ڕۆمان زۆرن، هه‌روه‌ها هه‌ر جۆرێكیش هه‌ڵگری خه‌مێكی مرۆڤایه‌تیه، به‌ڵام جۆره ڕۆمانێك هه‌یه كه مرۆڤ به‌نه‌ته‌و و مێژوو و كۆمه‌ڵگا گرێ ده‌دات. زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام ده‌نووسن، به‌مانا سارته‌ریه‌كه‌ی ده‌نووسن بۆدۆزینه‌وه‌ی جیهان وه‌لێ ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه و نه‌یانتوانیوه پنتێك له‌و ژینگه‌یه كه‌شف بكه‌ن كه خودی ڕۆمانه‌كه‌ی تێدا ده‌نووسن. ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی نووسین خاوه‌نی هه‌موو ڕه‌هه‌نده پێویسته‌كانی وتن نییه، وه‌لێ له هه‌موو جۆره‌كانی تری ئه‌ده‌ب به‌ڕه‌هه‌ندتره بۆ ده‌ربرینی ئه‌وشته‌ی كه پێویسته بوترێت، ئه‌گه‌ر زۆر دوورنه‌كه‌وینه‌وه له مۆخی مه‌به‌ست ده‌بێت دان به‌وه‌دابنێن شۆڕش و ڕاپه‌رینی نووسین له مه‌ودای ئه‌ده‌بدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م ڕۆمان خاوه‌نییه‌تی، ئه‌وه بیرورای به‌نده‌یه،چونكه ڕۆمان توانیویه‌تی سێبه‌ر بخاته سه‌ر چه‌مكه‌كان و شرۆڤه‌كردنییان، ڕۆمان وه‌ك ره‌گه‌زێكی ئه‌ده‌ب هاتووه پێناسه‌ی مرۆڤی نوێكردۆته‌وه. له‌ناو كوردا كه‌من ئه‌و ڕۆماننووسانه‌ی كه وێڵبوون بۆ ته‌وزیف كردنی مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر، به‌ختیار علی ده‌ڵێ((ئه‌ده‌بێك نه‌توانێت مرۆڤ به‌باشی ته‌وزیف بكات، ناتوانی زینده‌وه‌رانیش به‌باشی ته‌وزیف بكات))3، ڕۆمانی ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه ڕۆمانێك نییه ته‌نها باس له ئاراسته‌یه‌ك بكات یاخود باس له ئاراسته‌یه‌كی دیاریكراو بكات، به‌ڵكوو ئه‌و ڕۆمانه ته‌وزیفكردنی مرۆڤ و سروشت و زینده‌وه‌رانه، ئه‌گه‌ر خویندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ ڕۆمانه‌كه بكه‌ین، ده‌بینین ڕۆمانه‌كه په‌یامێكی مرۆڤانه‌ی هه‌ڵگرتووه. نووسه‌ر هاتووه ئه‌م په‌یامه‌ی به‌ستۆته‌وه به‌چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی كه نووسه‌ر خۆی شایه‌د حاڵه به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ناوی، هه‌روه‌ك نووسه‌ر و ڕۆماننووسه‌كانی دنیا، نووسه‌ر هاتووه ئامێته‌یه‌كی دروست كردووه كه له كۆتاییدا خزمه‌ته به یه‌ك ئاراسته، ئه‌ویش قسه‌كردنه له‌سه‌ر قه‌یرانی ڕۆح و شكانی شكۆمه‌ندی مرۆڤی كورد، ئه‌م شێوازه نووسینه شێوازێكی تازه نییه به‌ڵكوو زۆر ده‌مێكه نووسه‌رانی جیهان ئیشی له‌سه‌رده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێرامان و واق ورمانه لێهاتووی نووسه‌ره له گه‌یاندنی ئه‌و ڕێبازه‌ی ڕۆمان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تۆكمه‌و ئاخننراو به‌زمانێك كه هه‌ر كوردێك بیخوینیته‌وه دڵخۆش ده‌بیت به‌و هه‌موو وشه كوردیه جوانه، كه دواتر دێمه سه‌ر باسی زمان له تێكسته‌كه به‌گشتی ، به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌و شێوازه نووسینه‌ی شێرزاد هه‌مان شێوازی مارسێل پرۆست و جیمس جۆیس و تۆماس مان و چه‌ندان نووسه‌ری گه‌وره‌و به‌توانای تری جیهانه كه به به‌رهه‌مه‌كانیان چه‌رخی گه‌ردوونیان به به‌هاتر ده‌رخست. ئه‌و شێوازه ئیشكردنه له ڕۆماندا پێ ده‌گوترێت (ڕۆمانی بیڵدانگ) ، ((ئه‌م شێوه ڕۆمانه ده‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و شێوه وه‌رگرتنی هزرو كه‌سایه‌تی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه، كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌م جۆره ڕۆمانانه سه‌رده‌می منداڵی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه جۆراوجۆره‌كان تێده‌په‌رێنی و زۆرجار دووچاری قه‌یرانێكی ڕۆحی ده‌بێته‌وه و پاشان ده‌گاته قۆناغی پێگه‌یشتن و گه‌شه‌سه‌ندنی زه‌ینی و ئینجا تی َده‌گات له ناسنامه و ڕه‌سه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی و ڕۆڵی خۆی له جیهاندا))4، ئه‌م شرۆڤه‌یه بۆ چه‌مكی شێوه ڕۆمانی بیڵدانگ كه وشه‌یه‌كی ئه‌ڵمانییه بۆ ڕۆمانی ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه له هه‌ر ته‌رزه بۆچونێكی تر زیاتر ڕاسته، ( شادی) كاره‌كته‌رێكی سه‌نتراڵه، كاره‌كته‌رێكه ته‌ژی له مانا، ئه‌و هه‌ڵگری بۆچوونی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره، نووسه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه ویستویه‌تی په‌یوه‌ندیه‌كی گه‌وره‌و فروان بخوڵقینی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خاڵییه له‌و جه‌وهه‌ره‌ی كه جارێك له جاران به په‌یوه‌ندییه فه‌رهه‌نگی و كه‌لتوری و په‌روه‌رده‌یه‌كاندا بچێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له قه‌یرانی ڕۆحی ئه‌و ئه‌و بابه‌تانه بروانێت. نووسه‌ر ئه‌وه‌نده به‌هێز هاتووه به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌لتور و نه‌ریت ویستانه قسه ده‌كات كه ڕۆحی مرۆڤی كوردیان خستۆته قه‌یرانه‌وه. ئه‌و ته‌نها باس له نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری بێده‌ربه‌ستی ئافره‌تێك ناكات بۆ ئه‌وه‌ی ببیته نمونه‌ی هه‌موو ئافره‌تانی كورد به‌ڵكوو نووسه‌ر باس له مرۆڤ ده‌كات ، لای نووسه‌ر مرۆڤی كورد به‌رگی شكۆمه‌ندی لێ سه‌نراوه‌ته‌وه، شێرزاد ڕاهاتوه كه له‌هه‌ر به‌رهه‌مێكدا په‌راوێزخراوێكی كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر بكاته‌وه، له هه‌ریه‌ك له ڕۆمانه‌كانی(پێده‌شتی كارمامزه كوژراوه‌كان) و(گه‌مه‌ی قه‌ره‌ویڵه‌كان) و زۆرینه‌ی كاره‌كانی تری پشت به مرۆڤه نه‌ویستراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌به‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی نووسینی پێبگه‌یه‌نێت. نووسه‌ر له پێده‌شتی كارمامزه‌كوژراوه‌كان به‌یانی ئه‌وه‌ده‌كات و ئاڵایه‌ك هه‌ڵده‌كات به‌ڕه‌نگی سپی بۆ پرسه‌ی عه‌شق له‌ولاتی كۆچ و خوێن، ئه‌و هه‌رجاره‌وه كاره‌كته‌رێكمان پێئاشنا ده‌كات كه كۆمه‌ڵگا ناتوانێت له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵبیگرێت. ئه‌وه یه‌كه‌م جار نییه ئه‌و به‌و جۆره ئیشانه به‌رگری له ماناكانی مرۆڤبوون ده‌كات، پانتایی كاره‌كانی ڕابردووی ئه‌و نووسه‌ره به ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌و بابه‌ته‌ی تێدا تۆخ كراوه‌ته‌وه كه‌یه‌كسه‌ر وێنه‌ی كه‌ناس و فه‌ڕاش و كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه و سه‌دان مرۆی تری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌مان دێته پێش چاو. (شادی) ئه‌و مه‌خلوقه‌ی كه نووسه‌ر له‌ڕێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت زۆرشت بڵێت، نووسه‌ر ده‌یه‌ویت به‌رگی مرۆڤبوون بكاته‌وه به‌به‌ر شادی، ئاگری نه‌ریت و كۆمه‌ڵگا ئه‌و به‌رگه‌یان لێسه‌ندوه كه مانا به‌مرۆڤبوونه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ی( شادی)ه‌وه، جیهانی كورده‌وای بدۆزیته‌وه و ده‌ست بخاته سه‌ربرینه‌كان. ئه‌م كاره‌ی شێرزاد ئه‌وه‌نده‌ی قسه كردنه له‌سه‌ر ناخ و دیووی ناوه‌وه‌ی مرۆ ئه‌وه‌نده په‌یڤین نییه له‌سه‌ر هاوكێشه ناهاوسه‌نگه‌كانی ژیان، (شادی) به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌زموونی منداڵێكی ڕاهینراو به‌چوار دیوار و وینه‌كانی جه‌هه‌نه‌م و خه‌مه‌كانی كوشتن و ژن‌بوون و وانه‌كانی پارستنی جه‌سته، داهاتوویه‌كی ترسناك و پر له ئه‌ندێشه، داهاتوویه‌ك كه وه‌ك نه‌شته‌رێك به‌رده‌وام خوێن له ڕۆح ده‌هێنێت، ئه‌و كاره‌كته‌ره نوێنه‌ری مرۆڤی كورده له‌نێوان سه‌دان كۆتوبه‌ند و ده‌رگا و په‌نجه‌ری جۆراوجۆر. ئه‌و هه‌رگیز له كاتی چركه‌یه‌كی شه‌هوه‌تی كه به‌ناوی خۆشه‌ویستی یاخود خزمایه‌تی یان هه‌رهۆیه‌كی تر بیری له برینیك نه‌كردۆته‌وه وه‌ك نووسه‌ر و شادی وته‌نی هه‌رگیز سارێژنابی، ئه‌و برینه به درێژای ژیانی شادی خوێنی لێ هات. قسه‌كردن له‌سه‌ر دیدگا‌و بینینی ئافره‌تی كورد (وه‌ك مرۆڤ) مێژوویه‌كی تازه‌ی هه‌یه، زۆرنییه ئێمه بووینه خاوه‌ن كه‌سانێك كه له‌ڕێگه‌ی په‌یامی نووسینه‌وه ده‌یانه‌وێت ئه‌و بێده‌نگیه بشكێت و پێناس و پرسی ئافره‌ت بخه‌نه‌وه یه‌كه‌م شوێن ئه‌ویش به‌هاكانییه‌تی له هه‌یبه‌ت و گرینكی دایكه حه‌وادا، نووسه‌ر ده‌یه‌وێت په‌یامه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر سه‌دان ڕاوچی و ته‌ڵه‌كه‌باز و جادوگه‌ری پیاو ڕابگه‌یه‌نیت و بڵێت خۆشه‌ویستی مانایه‌كی نییه، خۆشه‌ویستی چ به‌هایه‌كی هه‌یه كه ببیته هۆكاری قه‌یرانیك كه مرۆڤ له‌مرۆڤبوون بخات، له ڕێگه‌ی حیكایه‌تخوانه‌وه نووسه‌ر ده‌ڵێت((خۆشه‌ویستی جگه له‌تراویلكه و وه‌همی ناو گۆرانییه‌كان و خه‌یاڵێكی شاعیرانه هیچی تر نییه))5، لێره‌دا ده‌رده‌كه‌ویت كه نووسه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی شادی كه‌شفی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كردووه كه هه‌ندی پیاو كه به‌ناوی خۆشه‌ویستیه‌وه به‌هه‌شت ده‌خنه ژێر له‌پی ئافره‌تان، له هه‌مان كاتدا نووسه‌ر له‌شوێنیكی تر دێته‌وه سه‌ر باسی خۆشه‌ویستی به‌ڵام ئه‌مجاره باس له مه‌حه‌به‌تێكی هه‌قیقی ده‌كات، خۆشه‌ویستیه‌ك گرینگ به‌قه‌د به‌ڵینی مردن و ژین، خۆشویستنیك كه وا هه‌ست بكه‌یت هه‌موو نیگاره‌كانی سروشت و هه‌موو دیمه‌نه‌كانی خالق لاربوونه‌ته‌وه له‌به‌ر شه‌وقی جه‌مالی یار، نووسه‌رده‌ڵێت((بنیاده‌م دوو جار له‌دایك ده‌بێت ، جارێكیان له‌دایكی خۆی و جاری دووه‌م له‌و ژنه‌ی كه خۆشیده‌ێت))6 ، ئه‌م وردبوونه‌وه‌یه له مانا‌و مه‌دلولی عه‌شق و خۆشه‌ویستی لای شێرزاد جێگه‌یه‌كی هه‌م ناسك وجوان و هه‌م ناشیرین و ڕه‌ق یان هه‌یه، ئاخر ئه‌وه سه‌نته‌ری مرۆڤه ئاراسته‌ی ئه‌م چه‌مكانه به‌لا جیاوازه‌كاندا وه‌رده‌چه‌رخێنی.ئه‌م ڕۆمانه‌ی شێرزاد پڕه له ڕه‌نگی ئاسمان و زه‌وی، مامۆستا عبدالكریمی مدریس له شرۆڤه‌ی یه‌كێك له قه‌سیده‌كانی نالی ده‌ڵێت” هه‌رچی ژان و تلانه‌وه و سوێی نالی هه‌یه له‌م قه‌سیده‌یه‌دا هه‌مووی گوشراوه‌ته پیاڵه‌ی ئه‌م به‌یته‌وه”7، منیش بروام وایه هه‌رچی داخ و كه‌سه‌ری گه‌وره هه‌یه نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا به‌كه‌سایه‌تی شادی و روداوه‌كانی ده‌ریخستووه، بێگومان له‌م قسه‌یه‌مدا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌نییه كاره‌كانی تر خاڵی بكه‌مه‌وه به‌ڵكوو مه‌به‌سته‌مه بڵێم ئه‌م كاره‌ی نووسه‌ر له لوتكه‌ی ته‌مه‌ن و پێگه‌یشتن و توره‌بوونی ته‌واوی نووسه‌ره. نووسه‌ر له ڕابردوودا قسه‌ی كردووه و مرۆڤ و ماناكان و ده‌وروبه‌رو جیهانه‌كه‌ی به‌سه‌ركردۆته‌وه، به‌س ئه‌مجاره ڕادیكاڵانه خۆی خستۆته ناو ته‌رازویه‌كه‌وه كه هاوسه‌نگ نابیت، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وشتانه نه‌ڵێت كه تائێستا نه‌یووتوه.( شادی) نوینه‌ری كۆمه‌ڵگایه‌كه داڕماوه له به‌ها مرۆیه‌كان، هه‌موو به‌های ئافره‌ت به په‌رده‌ی كچێنییه‌وه ده‌به‌سترێـته‌وه، ناكرێت ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاد بكات به هۆی ئه‌و كۆتوبه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه كلاسیكانه، ئاخر پێویستمان به كه‌سێك هه‌یه ده‌نگ هه‌ڵبرێ ، من به‌رده‌وام ئه‌وه‌م لاسه‌یره كه مێتافۆر بۆ ڕۆمان گرینگه چونكه زۆر سه‌رده‌م و كات هه‌یه نووسه‌ر ناتوانێـت له‌به‌رگی ویست و مه‌به‌ستی خۆی ده‌ركه‌وی بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر كاری به‌میتافۆركردنی مه‌به‌سته‌كانی به‌ڵام ئه‌م نووسه‌ره‌ی ئێمه جه‌ربه‌زه‌ترو به‌هێزتره له‌وه‌ی بیری لیده‌كه‌ینه‌وه. به‌ختیار علی ده‌ڵێ((كاتێ ڕۆماننووس له‌یه‌كه‌كانی ئه‌و قۆناغه تێنه‌گه‌یشت كه‌تیادا ده‌ژی، سروشتی ئه‌و مرۆڤانه‌ی نه‌ناسی كه له ده‌وروبه‌ری ده‌ژین، چۆن ده‌توانێت ڕۆمانێكی فره‌ده‌نگ بنووسێت)) 8، ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ڕۆماننووس ده‌بێت خۆی به‌شێك بێت له ئازاره‌كان، نووسه‌ر خۆی له‌ناو ئه‌و ئازارانه‌دا گه‌وره بووه، نووسه‌ر هێنده تێكه‌ڵه له‌گه‌ڵ برینه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌ی به‌ڕاده‌یه‌ك ڕه‌گه‌زی بیرچۆته‌وه. ئاخر بیرمان نه‌چێت شێرزاد له سه‌ره‌تاوه تاكۆتایی وه‌ك ئافره‌تێك قسه‌مان بۆده‌كات ،به‌ڵام ئه‌و قسه ده‌كات وه‌ك مرۆڤ نه‌ك وه‌ك ئافره‌ت، ئه‌و له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه نه‌ك له‌گه‌ڵ جۆرایه‌تی ڕه‌گه‌ز، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و باكگراونده قووڵه‌ی نووسه‌ر خۆی نه‌بیت ئاسان نییه به‌ناوی ئافره‌ته‌وه بدوێت، به ناوی مێینییه‌كه‌وه قسه بكه‌یت كه هه‌موو ئازاره‌كانی بخه‌یته‌ڕوو. ئه‌وه‌ی شێرزاد كردوویه‌تی من برواناكه‌م هیچ ئافره‌تێك بتوانی به‌وشێوه باس له قه‌یرانه‌كانی خۆی بكات، ئاخر گرینگی ئه‌و نووسینه‌ی نووسه‌ر له‌وه‌دایه پاش ئه‌وه‌ی نووسه‌ر زاڵ بووه به‌سه‌ر بوونی خۆی وه‌ك مرۆڤ،ئینجا ناته‌واویه‌كانی بوونی به‌رامبه‌ری ده‌ركه‌وتووه. شێرزاد له‌م ته‌مه‌نی ئێستادا جوانتر و باشتر له‌هه‌ر كاتێكی تر خۆی و به‌رامه‌به‌ری ناسیوه. ئاخر ئه‌گه‌ر شێرزاد هه‌ڵقوڵاوی قه‌یرانی ڕۆحی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه نه‌بێت چۆن ده‌توانیت مۆخی بابه‌ته‌كه ده‌سته‌مۆ بكات، نووسه‌ر هێنده بیباكانه ده‌ست ده‌خاته سه‌ر برینه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئیتر بڕیاری كۆتای دابێت و بێ هیوا بووبێت له‌و چركانه‌ی كه له داهاتودا چاوره‌رێیان ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌شێكی ئه‌و ڕۆمانه له‌سه‌ر زاری شادی یه‌وه ده‌ڵێت(( بۆ من تاكه له‌زه‌تێك ئه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌كبه‌ده‌ست و رواچی و جه‌نگاوه‌ره دێرینانه بجه‌نگم كه ئێستا بوونه‌ته قۆنته‌راتچی و قومارچی))9، هه‌روه‌ها له‌په‌ره‌گرافێكی تر ڕوونتر ده‌رد و داخی خۆی مانیفێست ده‌كات، نووسه‌ر ده‌ڵێت((ئه‌وه‌ی تۆ تفه‌نگت بۆ ده‌ته‌قاند و ماڵ و منداڵت به‌قوربانی شۆڕش كرد، هه‌ست ناكه‌یت ئه‌مرۆ بۆته بازار و دوكان و قۆنته‌رات))10له‌م په‌ره‌گرافه‌وه ته‌واو ئه‌و مه‌به‌سته‌م ڕوونده‌بیته‌وه كه نووسه‌ر دوا وشه‌كانی خۆی خستۆته سه‌ر په‌راو، دوا وشه به‌مانا فیكریه‌كه‌ی، واتا له‌م قۆناغه‌دا نووسه‌ر ئه‌وه‌ی له‌دڵی دابووه و ئه‌وه‌ی ته‌رازوی عه‌قلی لاسه‌نگ كردووه باسی كردووه. نووسه‌ر به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه هه‌یبه‌تی خۆشه‌ویستی و ئازادی و شۆڕش له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له‌ژێر گومان و له‌ناو قه‌یراندایه، ئه‌م تێكسته له‌پاڵ هه‌موو وێنه‌كاندا قسه‌كردنه له‌سه‌ر سیاسه‌تێك كه شوێنی حه‌وانه‌وه‌مانی پڕكردووه له‌مار و مێروو، نووسه‌ر زۆر شتی بینیوه كه له كه‌ناری كۆتایی بینینی خۆیدایه، ده‌كرێ له داهاتوودا تێكستێكی تر به‌رهه‌م بیت له‌لایه‌ن هه‌مان نووسه‌ره‌وه به‌ڵام به‌جۆرێكی تر به‌ڵام من باوه‌ڕ ناكه‌م ڕادیكاڵـتر ئه‌و فیكرانه گوزرشتیان لێ بكریت، ڕادیكال به‌مانا حه‌رام و خراپه‌كه‌ی نا، ڕادیكال به‌مانا بنه‌ره‌تی و جه‌وهه‌ریه‌كه‌ی. نووسه‌ر له‌پاڵ ئه‌و قه‌یرانه ڕۆحییه‌ی كه وه‌ك په‌تایه‌كی كوشنده یان وه‌ك تاعونێك ژیانی مرۆڤبوونێكی ئاسایی له شادی سه‌ندۆته‌وه باس له‌چه‌ندین تورگ و ڕێویی و كه‌متیار ده‌كات كه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌وتبنه سه‌ر لاشه‌ی ئاژه‌ڵێكی ڕاوكراو له‌لایه‌ن شێره‌وه، پاش تێربوونی شێر ئیتر ئه‌و ده‌وروبه‌ره چه‌په‌ڵ و گه‌نده‌خۆره بیر له هیچ ناكه‌نه‌وه، به‌ختیار علی ده‌ڵێت((هیچ ڕۆمانێك نابێـته ڕۆمان ئه‌گه‌ر به‌ده‌یان سیسته‌می ته‌ماشاو ئاماژه‌وه نه‌به‌ستریته‌وه به واقیعه‌وه))11، له‌م كاره‌یدا شێرزاد زیاد له‌وه‌ی به‌رجه‌سته كردووه. ئه‌و له‌ڕێگه‌ی چیرۆكیكی بچوكه‌وه هاتووه دنیایه‌كی گه‌وره‌مان نیشانده‌دا، ئه‌و سیسته‌مه‌ی شێرزاد به‌كاری هیناوه بریتیه له درووستكردنی ده‌فرێك كه نمونه‌ی سه‌دان ڕۆحی پاكیزه‌ی تێدایه ، ئه‌و ڕۆحانه هه‌موویان له قه‌یرانێكی سه‌ختدان به‌رامبه‌ر پرسه‌كانی بوونی خۆیان، چونكه ناكریت ئه‌و لایه‌نه فه‌رامۆشكه‌ین كه نووسه‌ر وه‌ك مێژوویه‌كی كورت له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا بیرمان ده‌خاته‌وه. ئێمه‌ی كوردیش وه‌ك مرۆڤ، گۆته وته‌نی خاوه‌نی 3هه‌زارساڵ مێژووین، به‌ڵام نووسه‌ر له مێژووی دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه هاتووه و چه‌مكی مێژووی له ڕۆمانه‌كه‌دا خه‌ست كرۆدته‌وه، به‌و هۆیه‌شه‌وه واقیعێك نیشاندراوه كه هه‌موومان باوه‌ڕمان پێیه‌تی و له‌ناوی ده‌ژین. لێره‌دا باسم ته‌نها له‌و قه‌یرانه ڕۆحییه كه شادی وه‌ك نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگا تێكه‌وتوه. ئه‌و له به‌رده‌م چاره‌نووسێكی نادیاردایه هه‌روه‌ك نووسه‌ر نه‌یتوانیوه چاره‌نوسێكی گونجاو پێشنیار بكات بۆ شادی كه ده‌بێت بژێت و بمرێت، ئاخر نووسه‌ر ناتوانێ له‌و گۆمه‌ڵگایه‌ی كه هه‌موو ئه‌لفێكی لێ بووه به چووكی پیاو بڕیار له چاره‌نووسی ئافره‌تێك بدات كه به‌ویستی ئه‌و ته‌واو پێچه‌وانه‌ی عادات و ئادابی گشتی و بیركردنه‌وه‌ی زۆرینه‌مانه. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی كه نووسه‌ر خستویه‌تی سه‌ر ته‌ختی شانۆی ڕۆمانه‌كه جۆرێكن له نوینه‌ر بۆ نمایشی ده‌رخستی فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی، به‌ختیار علی له‌ساڵانی رابردوودا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌ڵێت((لاوازیه‌كی بێئه‌ندا ترسناك له درووستكردن و به‌رجه‌سته‌كردنی فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌روونی یان هه‌تا شه‌خسیشدا بۆ كاره‌كته‌ره‌كان هه‌یه، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌توانم بڵێم تێكستی كوردی لاوازترین تێكستی دنیایه له‌دروستكردنی ئه‌و جۆره فه‌زایانه‌دا))12، به‌ڵام پاش ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی شێرزاد پێویسته بڵێن ئێمه ئێستا خاوه‌نی ئه‌و جۆره تێكسته‌ین كه به‌ختیار باسی لێوه ده‌كات.
هێما و زمان و ڕه‌خنه
له‌م تێكسته‌ی شێرزاد زمان ڕۆڵێكی گرینگ ده‌بینێت بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بتوانێت باس له وینه و ماناكان بكات. نووسه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌دا وێنه‌ی مناره و ئافره‌ت و زینده‌وه‌ران و باڵنده‌كانی به‌كارهێناوه، له هه‌ریه‌كێك له‌م هێمایانه مانایه‌كی قووڵ ده‌په‌یڤێت، مناره نوینه‌ری جوانییه‌كانه، نوێنه‌ری ئه‌و ڕۆحه‌یه كه پێویسته جه‌نگی له‌سه‌ر بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه، ڕووخانی مناره واتا ڕووخانی مرۆ و ڕووتبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له شكۆمه‌ندی. لای شێرزاد مرۆی كورد به هه‌ڵپه‌كانی دنیایی ماتریاڵ و دنیایی مۆدرینتی نا‌توانیت له به‌هاكانی خۆی نزیك بێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه دووركه‌وتنه‌وه له شوێن و زه‌مانی بنه‌ڕه‌تی و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له به‌ها ڕۆحیه‌كان، ڕێزنه‌گرتنه له‌رۆح، هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحی تیا له خاج بدرێت. ئه‌وه‌ی شێرزاد له دوای ڕاپه‌رینه‌وه به‌چاوی سه‌ر بینیویه‌تی ترۆكردنی شكۆمه‌ندی تاكه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوورخستنه‌وه‌ی تاك له هه‌موو ئه‌و پنته زه‌ویانه‌ی كه ئاسوده‌یی ده‌به‌خشن به ڕۆح، له‌لایه‌كی تره‌وه مناره و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیش بۆ پاراستنی مناره ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ن كه به‌رگری له‌جوانی ده‌كه‌ن، لێره‌دا جوانی به‌مانا گشتیه‌كه‌ی، هێمایه‌كی دیكه كه شێرزاد وینای ده‌كات باسكردنه له مه‌رگی سه‌دان كۆتر و په‌پوله و كوكوختی مامز و كه‌روێشك و سه‌دان گیاندار كه بوونی ئه‌وانیش به‌شێكه له‌هاوكێشه‌ی جوانی، ئاخر به كوشتنی ئه‌و فڕندانه هاوكێشه‌ی جوانی و هاوسه‌نگیه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات، بۆیه ناكرێت بێده‌نگ بین به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو ڕاوچیه دڵره‌قانه‌ی كه نیشتیمان خاڵی ده‌كه‌نه‌وه له‌جوانی، نووسه‌ر ده‌یه‌وێت به وردی قسه له‌سه‌ر ئێستاتیكای نیشتیمان و جوانییه‌كانی ژن بكات. ئه‌و بڕوای وایه له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه سیاسه‌تمه‌دار و ڕاوچی یه‌ك ئه‌رك جێبه‌جێ ده‌كه‌ن ، ئه‌ویش له‌كه‌داركردنی ماناكانی جوانی و جوانبوونه، ئه‌و ده‌ڵێت((گه‌ر پیاو توانی مه‌لێك بكوژێت دواتر كۆشتنی ئینسانی لا ئاسان ده‌بێت))13، به‌ڵام من ئه‌و ڕستیه درێژتر ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر پیاو مرۆڤی كوشت ئه‌وا كوشتی مه‌لێكی هه‌ر زۆر لا ئاسان ده‌بێت، بۆیه دوای شه‌ری براكوژی و كوشتنی مه‌ل و باڵنده و ئاسكه‌كێویه‌كان له هه‌ر كارێكی تر ئاسانتربوو، ئه‌و كورته مێژوه‌ی پۆله‌تیك لای هه‌موومان جێگه‌ی پرسیاره، ئه‌و مێژووه‌ی له‌دوای ڕاپه‌رینه‌وه له زه‌ینی هه‌موومان بۆته مۆته‌كه‌و نووسه‌ری هانداوه، كه چیتر بێده‌نگ نه‌بێت له ئیدامه‌ی ناشیرنكردنی سروشت و مرۆڤ. نووسه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هاتووه به زمانی ئافره‌ت قسه‌ده‌كات و له‌سه‌ره‌تاوه ئافره‌ت حیكایه‌ت خوانه، ئافره‌تێك له ڕۆمانه‌كه‌ی شێرزاد قسه‌ده‌كات دژی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناهێڵن ئافره‌ت بئاخڤێت، شێرزاد ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م واقیعه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ستاوه‌ته‌وه چونكه له‌م تێكسته پیاو زۆر كه‌م بواری قسه‌كردنی هه‌یه. ده‌كرێت ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه بێت پیاو به‌باوك و برا و خاڵ و خاڵۆزاوه له‌وه تێ بگه‌ن كه په‌راویزخستنی ئافره‌ت چ كاره‌ساتێكه، ئاخر نه‌مدیوه شێرزاد به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان خۆی وه‌ك ئه‌نتی باوه‌كسالارێك نیشاننه‌دا، بۆیه دوورنییه له‌م خاڵه‌شدا شێرزاد داخی خۆی جارێكی تر دارشتبێته‌وه. شێرزدا زۆرجار خۆی قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه ئافره‌ت به‌به‌رده‌وامی كه‌ره‌سته‌ی چه‌ندین ڕۆمانه، له‌زۆرینه‌ی ڕۆمانه‌كه حیكایه‌تخوانێكی ئافره‌ت ده‌دوێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی ئێمه شێرزاد ده‌ڵێت((هیچ له‌وه كوشنده‌تر نییه عاشقی ژنێك بیت به‌ر له‌وه‌ی ده‌م هه‌ڵبێنیت، ئه‌م ڕسته‌كه‌ت بۆ ته‌واو بكات)) 14، ئه‌م په‌ره‌گرافه ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه كه له هه‌ندێ حاڵه‌تدا نووسه‌ر خۆی گه‌یشتۆته بنبه‌ستی بابه‌تێك به‌ڵام كۆڵی نه‌داوه و به‌رده‌وامه له‌سه‌ر بیروڕاكانی، واتا ده‌رخستنی ئافره‌تێكی قسه‌كه‌ر به به‌رده‌وامی و دواتر حاڵه‌ته‌كه‌ی به‌كوشنده بزانیت ئه‌وه دژیه‌كیه‌ك ده‌خاته‌وه، له‌كاتێكدا بته‌ویت ئه‌وه به‌ستایش ده‌ریبخه‌یت و خۆشت دژی بوه‌ستیته‌وه. نووسه‌ر له‌ڕوانگه‌ی ته‌كنیكه‌وه لاوازیه‌كی پێوه دیاره، چونكه له هه‌ندێ شوێن هه‌ست به‌ماندووبوون ده‌كه‌یت له كۆتاینه‌هاتنی قسه‌كان، درێژی به‌شه‌كان، ڕه‌نگه ئه‌وه به‌س بۆپیاو وابیت، چونكه پیاو به‌عام حه‌زناكات له تێكستیشدا ئه‌و مه‌جاله زۆره به‌ئافره‌ت بدرێت كه چی هه‌یه و نییه بتوانی بیڵێت و گوزارشت له ورد‌و درشتی هه‌سته‌كانی بكات، هه‌روه‌ها نووسینه‌وه‌ی حیكایه‌تێك به‌ڕاناوی كه‌سی دووه‌می تاك تا نیوه‌ی زیاتری ڕۆمانه‌كه دواتر فه‌رامۆشكردنی حیكایه‌ت خوان په‌نابردنه به‌ر دایه‌لۆگێكی دوور‌و درێژ، به‌بروای من باشتربوو ئه‌و كه‌سه‌ی كه تا گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هرام قسه بۆشادی ده‌كات وه‌ك كاره‌كته‌رێك خۆی كه‌شف بكردبا، چونكه قسه‌كانی ئه‌و له مرۆڤ نه‌ده‌چوون به‌ڵكوو ئه‌و كه‌سه‌ی به‌سه‌رهاتی وردودرشت بۆ شادی ده‌گێریته‌وه وه‌ك فریشته‌یه‌ك وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سوپه‌رمان هه‌موو شتێك ده‌زانێت، واتا تاكوو لاپه‌ره 127كه به‌هرام و شادی ده‌كه‌ونه گفتوگۆ ئه‌و كه‌سه‌ی باسی ژیانی شادی ده‌كات بۆ شادی بوونێكی ئاشكرای هه‌یه به‌ڵام دوای ئه‌وه ئه‌و كه‌سه ونده‌بێت، یاخود ئه‌و راناوه (ت) ونده‌بێت، ئه‌مه‌ش لای من جێگه‌ی سه‌رنج بوو، دوای ئه‌وه ڕاناوی كه‌سی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته كار هه‌م بۆ شادی و هه‌م به‌هرام، ئه‌و كات خۆیان ده‌كه‌ونه سه‌ر ته‌ختی شانۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نووسه‌ر مه‌به‌ستی له به‌كارهێنانی ڕاناوی(ت) ئه‌وه بێت كه ده‌كرێت ئه‌و حیكایه‌ت خوان بێت، به‌ڵام به بۆچوونی من زۆر په‌سه‌ند نییه كه حیكایه‌ت خوان له‌به‌شێكی زۆری ڕۆمانه‌كه غائیب بیت، له گفتوگۆكانی نێوان به‌هرام و شادی حیكایه‌تخوان بوونی نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه گفتوگۆكان زۆر عادیلانه نین و له پێنج به‌ش دا ئه‌وا ته‌نها یه‌ك به‌ش قسه‌كردن به‌ر به‌هرام ده‌كه‌وێت، ئه‌و قسانه‌ی من له‌كاتێكدایه به‌ڕوونی هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م نووسه‌ر تووشی زه‌حمه‌تێكی زۆر هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته هه‌ڵه له به‌كارهێنانی ڕاناوی كه‌سی دووه‌م(ت) ، چونكه خودی ئه‌و راناوه ئاسان نییه له‌به‌كارهێناندا به‌ڵام نووسه‌ر زۆر سه‌ركه‌وتوانه توانیویه‌تی ئه‌و حاڵه‌ته كۆنترۆڵ بكات. خاڵێكی تر كه به‌لای منه‌وه كه‌مێك ده‌گمه‌نه ڕووبدات ئه‌ویش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه شادی له‌كاتی ڕاموسان و سێكسدا له‌گه‌ڵ به‌هرامدا تووشی ده‌بێت، به‌پێ تێكسته‌كه شادی له‌و چركه‌ی كه له‌كچ بووه له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌وتۆته حاڵه‌تی خوێن به‌ربوون(بێنوێژبوون)، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی زۆر ده‌گمه‌ن و كه‌مه هه‌رچه‌ند له‌ڕوانگه‌ی زانستی پزیشكیه‌وه زانیاریم نییه به‌ڵام پێ ناچێت ئه‌و حاڵه‌ته به‌و شێوه‌یه كتوپڕبێت. سه‌باره‌ت به كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌ش من بۆچوونم وایه كۆتاییه‌كی كراوه‌یه(open ending)، واتا ده‌كرێت ئێمه‌ی خوێنه‌ر چاره‌نووسی شادی و به‌هرام دیاری بكه‌ین به‌ڵام نووسه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا خۆی بۆنه‌گیراوه، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت خوێنه‌ر به‌و ئاراسته‌یه‌دا به‌رێت كه شادی خۆی ده‌كوژێت، ئه‌مه‌ش له ته‌كنیكی ڕۆماندا زۆر جه‌زاب نییه، واتا نووسه‌ر حه‌زو مه‌یلی خۆی كۆنترۆڵ نه‌كردووه له دیاریكردنی چاره‌نووسی پاڵه‌وانه‌كه‌ی، چونكه من بڕوای ته‌واوم بۆ دروست بووه كه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت شادی خۆی بكوژێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته كاره‌كته‌رێكی ڕاسه‌قینه و تراژیدیاكه وه‌ك تراژیدیایی كوشتنی (دوعا)بێت، چونكه ئه‌و خه‌یاڵه‌ی شادی ده‌یكات له‌سه‌ر مناره‌كه هه‌مان ئه‌و ڕووداوه‌یه كه (دوعا)ی تێكه‌وت و له‌لایه‌ن چه‌ندین نێره‌پیاوه‌وه به بلۆك و شه‌ق ڕۆح و جه‌سته‌ی پارچه پارچه كرا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌ینیت نووسه‌ر ئه‌گه‌رچی بیروڕای خۆی نه‌شاردۆته‌وه بۆ كۆتایهاتنی تێكسته‌كه به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا یه‌كلایه‌نه بڕیاری نه‌داوه شتێكی بۆ خوێنه‌ر هێشتۆته‌وه.خاڵێكی تر كه مه‌به‌ستمه سه‌رنجی خۆمی تیا بنووسم ڕوانگه‌ی (زمان)ه لای شێرزاد، ئێمه تا ئێستاش و كه من ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسم كێشه‌ی زمانمان هه‌یه، ناتوانین به ته‌واوی ئه‌و وشانه‌ی كه له‌ماڵ و ده‌ره‌وه به‌كاری ده‌هێنین به‌كاریان بهێنین، له‌لایه‌كی تره‌وه ناوچه‌گه‌ری زمان بۆ ئێمه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، نووسه‌رو شاعیر و ڕۆماننووسی زۆر باشمان هه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و شێوه‌زمانه‌ی شێرزاد دابروان له به‌شێك له خوێنه‌ران، عه‌زیزی مه‌لای ڕه‌ش به هه‌ولێری ده‌نووسێت، ئه‌و له‌زماندا ته‌واو جیاوازه له شێرزاد، به‌و هۆیه‌وه ڕۆمانه‌كانی عه‌زیزی مه‌لای ڕه‌ش سنوری هه‌ولێریان نه‌به‌زاندووه، به‌ڵام شێرزاد له‌و ناوچه‌گه‌ریه هاتۆته ده‌ره‌وه و به‌زمانێك ده‌نووسێ كه جێگه‌ی ئه‌وه‌یه لاسایی بكرێته‌وه. ئه‌و به دنیایه‌ك وشه‌ی سنوری پارێزگای هه‌ولێره‌وه له‌چوارچێوه‌ی زمانی ڕێزمانی ده‌نووسێت كه 80%نزیكه له‌شێوه‌زاری سنوری سلێمانی، ئه‌و هه‌موو وشه‌یه‌ی شێرزاد به‌كاری هێناوه بۆ كه‌سێكی سنوری سلێمانی زه‌حمه‌تی ده‌خاته‌وه به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی هه‌مان شێوه زمانی خۆیه‌تی كێشه‌ی بۆدرووست نابیت. له سنوری هه‌ولێریشدا خوینه‌ره‌كانی زه‌رده‌خه‌نه ده‌گرن به یادگاری ئه‌و وشه ڕه‌سه‌نانه‌ی سنوره‌كه، بۆیه هه‌ردوو لا له‌م شێوه ئیشكردنی شێرزاد تاراده‌یه‌ك ڕازین، به‌ڵام من دیوێكی تری ئه‌وه‌ی تێبینم له‌سه‌ری هه‌یه ئه‌وه‌یه كه شێرزاد خۆی شاره‌زاییه‌كی زۆری له زمان هه‌یه كه‌چی له‌و كاره‌و له‌به‌شێكی كاره‌كانی تریشی كه‌متر حیسابی ئه‌وه ده‌كات خاڵ (.) دابنیت، به‌رده‌وام ڕسته‌كانی دوور‌و درێژن كه خۆی باشده‌زانێ له ڕێزمانی نووسیندا ئه‌وه په‌سه‌ند و جه‌زاب نییه، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بیڵێم ئه‌وه‌یه كه شێرزاد چه‌ند ئازادی خودی خۆی ناسیوه توانیویه‌تی ته‌عبیر له ئازادی كاره‌كته‌ره‌كانی بكات، وه‌ك سارته‌ر ده‌ڵێت ((به ئه‌ندازه‌ی ناسینی ئازادی خۆمان، ئازادی ئه‌وانی تر ده‌ناسین))15. دوا وشه‌م ئه‌وه‌یه كه لای من جێگه‌ی سه‌رنجه وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی ڕۆمانه‌كه‌یه، وێنه‌كه ژنێكه به‌بن مناره‌وه نه‌ك به‌سه‌ر مناره‌وه، ئیتر نازانم ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌كنیكی و جوانكارییه یاخوود مه‌به‌ستێك ئه‌وه دژیه‌كیه‌كیه‌ی دروست كردوه.
ئارام شێخ وه‌سانی
په‌راوێزه‌كان
1. كتێبی (ئه‌ده‌ب چییه؟) لاپه‌ره111 ،نوسنی ژان پۆڵ سارته‌ر وه‌گێرانی مسته‌فا غه‌فوور، ده‌زگای موكریان.
2. هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ره 111.
3. كتێبی(وه‌ڵام له‌رۆژگاری ونبوونی پرسیاردا)سیازده چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ختیار علی، لاپه‌ره 68.
4. كتێبی ( ڕۆمان چییه) نووسینی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، وه‌گێرانی جه‌واد مسته‌فا لاپه‌ره7.
5. ڕۆمانی(ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه) لاپه‌ره 99.
6. ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه لاپه‌ره 97.
7. كتێبی(نهێلیزم و ره‌هه‌نده‌كانی بیركردنه‌وه) نووسینی د.محمد كه‌مال، لاپه‌ره 15.
8. كتێبی(وه‌ڵام له‌رۆژگاری ونبوونی پرسیاردا)سیازده چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ختیار علی، لاپه‌ره 69
9. ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه لاپه‌ره 158
10. ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه لاپه‌ره 72
11. كتێبی(وه‌ڵام له‌رۆژگاری ونبوونی پرسیاردا)سیازده چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ختیار علی، لاپه‌ره 245
12. وه‌ڵام له‌رۆژگاری ونبوونی پرسیاردا لاپه‌ره 57
13. ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه ،لاپه‌ره 76
14. ژنێك به‌سه‌ر مناره‌وه ،لاپه‌ره 71
15. كتێبی (ئه‌ده‌ب چییه؟) لاپه‌ره112 ،نوسنی ژان پۆڵ سارته‌ر وه‌گێرانی مسته‌فا غه‌فوور، ده‌زگای موكریان.