Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

له‌ ڕێگه‌ی دروست بوونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی کوردبه‌ ڕه‌نگی جیاوازه‌وه‌،ئه‌زموونی کوردی به‌ره‌وپێشتر ده‌ڕوات

Comment
by February 16, 2008 گشتی

مه‌هدی كاوانی…
قسه‌م ده‌به‌مه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌و دوایه‌ی زه‌حمه‌تکێشان و سوسیالیست و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵه ، که‌ ده‌یانه‌وێ به‌ هه‌ندێ مه‌رجی نوێوه‌ له‌ حکومه‌تی کوردی بێنه‌ پێشه‌وه‌،  ئه‌گه‌ر نا له‌ ناو حکومه‌ت ده‌ردێن . نازانم ئه‌وانه‌ له‌ داواكانیان چه‌ندی جدینه‌و به‌ کرداری ده‌گه‌یه‌نێنن، یانه‌کینێ له‌ دواجاردا به‌ که‌مێ داخوازیه‌وه ‌ڕازی ده‌بن. مه‌به‌ستم له‌وه‌ نیه‌ به‌و چوار پارته‌ بڵێم به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی به‌رفراوان یانه‌کینێ شتی واده‌رببڕم وه‌ک ئه‌وه‌ بڵێم ئه‌مانه‌ له‌ پارتی و یه‌کیه‌تی باشترن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسی تێ گه‌یشتبم له‌ هه‌موو جیهان حکومه‌ت به‌ ئۆپۆزسیۆنی کارا ده‌بێته‌ حکومه‌تی کارا. دیسان هه‌رچه‌ندی ته‌نویعی سیاسی و هه‌مه‌ڕه‌نگی به‌ سنووری فراوان ، له‌ هه‌ر په‌ڕله‌مانێک خۆیان به‌ ده‌ربخه‌ن  مانای به‌شداری فراوانی کۆمه‌ڵانی خه‌لک ده‌بێت له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی وڵات . هینه‌که‌ی ئه‌و چوار پارته‌ش با به‌ هه‌نگاوی یه‌که‌می دروست بوونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ جدی و شێلگیرانه‌ بن له‌ کاره‌کانیان ، به‌ قه‌ناعه‌تی خۆم هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤانه‌ی تریشی به‌ دواوه‌ دێت
له‌ پیناو زیاتر چالاک کردنی ئه‌زموونی کوردی .‌ ئه‌و ته‌نگه‌تاویه‌ی که‌ ئه‌و دووپارته‌ش تووشی بوون و لێره‌و له‌وێ له‌ناو ڕاگه‌یاندنه‌کانیان قسه‌وباسی دژانه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌و چوار پارته‌ ده‌که‌ن ، به‌ بۆچوونی خۆم له‌ شوێن خۆی نیه‌ . چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ کاره‌کانیان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن ،مانای دروست بوونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌ . به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنیش نه‌ک دژی خواسته‌کانی کوردو حکومه‌ت و دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ نیه‌ ، به‌لکو شته‌کان به‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ جوانتر ده‌که‌ن . پێم سه‌یره‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و دوو پارته‌ ‌ به‌وه‌ لێک ده‌ده‌نه‌وه‌ که‌ کارو کرده‌وه‌کانی ئه‌و چوار پارته‌ به‌ درێژایی کار کردنیان له‌ ناو حکومه‌ت دوو هه‌ڵوێستی بووه‌، واته‌ به‌ ڕه‌غمی به‌شداریشیان له‌ ناو حکومه‌ت و چالاکیه‌کانی ،که‌چی له‌ که‌م و کورتیه‌کانی حکومه‌ت ،شانبه‌شانی دوو پارته‌که‌ی تر خۆیان ناخه‌نه‌ خانه‌ی تاوانبار به‌لکو یه‌کیه‌تی و پارتی تیایا به‌ تاوانبار داده‌نێن و له‌ ڕووی تریشه‌وه‌ خۆیان وه‌ک لایه‌نێکی ئۆپۆزسیۆن یان به‌رهه‌لستار داده‌نێن له‌ مه‌ڕ چالاکیه‌کانی حکومه‌ت .
تۆنی بلێر له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکیه‌کان  زیاتر به‌ ده‌نگی کۆنسێرڤه‌تیڤ هاتنه‌ ناو شه‌ڕی عیڕاق .   له‌ مه‌ڕکشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکی له‌ عیڕاقیش ، هه‌ر ته‌نیا دیموکراته‌کان نین ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن ، به‌لکو زۆرێکیش له‌
کۆماره‌کانیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ده‌نگه‌کانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ پاڵ دیموکراته‌کان . نمونه‌ی وه‌ها به‌ تایبه‌تی له‌ جیهانی ڕۆژئاوا زۆر فراوانه‌ . له‌ وڵاتێک که‌ به‌ڕاستی ڕيێوشوێنی دیموکراتی به‌ ڕێک وپێکی به‌ڕێوه‌ بچێت ، نابێت ئه‌ندام په‌ڕله‌مانان فۆتۆکۆپی پارته‌کانیان بن و هه‌رچی له‌ ژێره‌وه‌ له‌ لایه‌ن پارته‌که‌یان بۆیان هاته‌ خواره‌وه‌  ،ئه‌وان یه‌کسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌و بڕیاره‌ چه‌ندی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانه‌ ، ده‌نگی بۆ بده‌ن .  ئه‌وه‌ی من له‌ ناو ته‌شکیله‌ی په‌ڕله‌مانی کوردی ده‌بینم به‌ درێژایی ته‌مه‌نی ، بڕیاره‌کانیان هه‌موو جارێ به‌و پیچه‌وانه‌ی سیسته‌می ڕۆژئاوا به‌ هه‌ردوو ڕووه‌که‌یه‌وه‌ واته‌ به‌ به‌ڵێ یان نه‌خێر ، به‌ قبوڵی ره‌هایه‌ . ئه‌و بڕیاره‌ی که‌ په‌ڕله‌مان له‌ سه‌ر ته‌سک کردنه‌وه‌ی سنوری ڕۆژنامه‌نووسی ئازاد کێلی کراده‌وه‌و به‌ دوایه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌کی فراوانی شه‌قامی ڕۆشه‌نبیری کوردی لێکه‌وته‌وه‌و بۆشیان چووه‌ سه‌رو به‌ دوایه‌وه‌ بڕیاره‌که‌ په‌ک خرا ، به‌ڵام ئه‌و 5-7 که‌سه‌ی لیستی که‌سک که‌ خۆیان دا پاڵ حیزبه‌کانی تر ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شارستانیانه‌ بوو و ڕۆژنامه‌ی ئازادیش هه‌لوێستی ئه‌وانه‌ی به‌ بوێرانه‌ باس ده‌کرد .
هه‌لوێسته‌که‌ی پارتی کۆمه‌نیستی کوردستانیش که‌ به‌ قسه‌ پشتیوانی له‌ داخوزیه‌کانی ئه‌و چوار پارته‌ ده‌که‌ن و له‌ ڕووی کرداریشه‌وه‌ ئه‌وان  نایانه‌وێ له‌ ناو حکومه‌ت بێنه‌ ده‌رێ ، له‌ شوێن خۆی نیه‌ . به‌ قه‌ناعه‌تی خۆم که‌ یه‌كیه‌تی وپارتیش له‌ هه‌لبژاردنی پیشتر که‌ ده‌نگی ڕه‌ها یان زۆرینه‌یان به‌ ده‌ست هێنا به‌ ڕه‌غمی هه‌ندی پێشێڵکاریشیانه‌وه‌ ، به‌ڵام نامه‌یه‌ک بوو ئاڕاسته‌ی شه‌قامی سیاسی کوردیان کرد که‌ ئه‌وانن که‌وتونه‌ته‌ ناو خانه‌ی پشتو په‌نای داکۆکی کردنی کۆمه‌ڵانی خه‌لک  . به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش وه‌بیر خۆمان بینینه‌وه‌ که‌ ئه‌و پاڵپشته‌ جه‌ماوه‌ره‌  فراوانه‌ بۆیان وێڕای که‌م و کورتیه‌ هه‌ره‌ فراوانه‌کانی پێشوویان له‌ مه‌ڕ شه‌ڕی براکوژی و کاری نێگه‌تیڤی تریان ، به‌ڵام تا وه‌کو ئیستاشی له‌ گه‌ڵدابێ هیشتا خه‌لک بیری له‌ به‌دیلی ئه‌وان به‌ فراوانی نه‌کردۆته‌وه‌ .  مادامه‌كینێ ئه‌و دوو پارته‌ له‌ خه‌باتی ڕزگاری نیشتمانی به‌ سه‌نگایه‌كی دیاری كراو ،جێگای متمانه‌ی خه‌لك بووینه‌ ، ده‌بێ به‌ هه‌‌مان سه‌نگ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تیش وه‌ها بن . ئه‌و ‌١٥-١٦ ساڵه‌ی ئه‌زموونی كوردی به‌ تایبه‌تی پاش هاتنی ئه‌مه‌ریكیه‌كان بۆ عیڕاق ، كاروكاردانه‌وه‌كانیان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ به‌ دڵی خه‌لك نه‌بووه‌ . بۆ له‌مه‌ودواش ئه‌گه‌ر پڕۆسیسی دیموكراتی و خولی یاسایی هه‌لبژاردن له‌ كوردستان به‌ ته‌ندروست بڕوات ، به‌ قه‌ناعه‌تی خۆم ده‌نگه‌كانی ئه‌وان به‌ قازانجی دروست بوونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن، زۆر له‌ كورتی ده‌دا. له‌و حاله‌ته‌دا یانه‌كینێ ئه‌وان به‌ دوایه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌و كارو كاردانه‌وه‌كانیان دا ده‌چنه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ته‌نویعی سیاسی ته‌ندروست له‌ كوردستان دروست ده‌بێ ، یان متمانه‌ی خه‌لك به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن .
هه‌قیش وایه‌ ئه‌و چوار پارته‌ بۆ له‌ مه‌و دوا له‌ لایه‌كه‌وه‌ سنوری ته‌شكیله‌ی  ئۆپۆزسیۆنی خۆیان فراوانتر بكه‌ن. واته‌ لایه‌نی سیاسی ترو كه‌سایه‌تی نیشتمانی و ته‌شكیلاتی گروپیش قبوڵ بكه‌ن وه‌ له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ خۆیان بۆ خولی هه‌ڵبژاردنی نوێ ئاماده‌ بكه‌ن و به‌ یه‌ك لیست به‌شداری له‌ هه‌لبژاردن بكه‌ن .
به‌ڕاستیش یه‌كده‌نگی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ چوار پارتیه‌ كه‌ دوانیان دوو پارتی ئاڕاسته‌ دیموكراتی و ، دوو پارتی ئاڕاسته‌ دینی ، له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆی كورده‌واریمان ده‌چێته‌ خانه‌ی ئۆپۆزسیۆنێك كه‌ پێی بگوترێ ئۆپۆزسیۆنی ناخی كۆمه‌ڵانی خه‌لك . خۆ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی كاره‌كانی ئه‌و چوارپارته‌ هه‌مه‌ڕه‌نگی و شارستانیانه‌و به‌رنامه‌ی حكومه‌تێكی یاسایی و داكۆكی كه‌ر له‌ نیشتمان بێت ، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌نده‌ی تر كاره‌كانیان ئه‌كتیڤ تر ده‌بێت . كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موو لایه‌كمان بۆ له‌مه‌و دوا هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین كارو چالاكیه‌كانی دین له‌ خزمه‌تی كوردینه‌مان بێت نه‌ك وه‌ك پیشتر ئاسا. به‌ واتایه‌وكی تر با چیتر دوژمنه‌كانمان چه‌كی دین له‌ دژمان وه‌رنه‌چه‌رخێنن . با ئێمه‌ له‌وان كاراتر بین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان و چاكبوونی باری خه‌لك وه‌ری چه‌رخێنینه‌وه‌.

/١١/٠٢/٢٠٠٨
mahdikawani@yahoo.co.uk

 

Previous
Next

Leave a Reply