Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

له‌ 22ی نیسانه‌وه‌ بۆ 3ی ئایار….هێرش ره‌سوڵ

Be First!
by May 6, 2009 گشتی

له‌ 22ی نیسانه‌وه‌ بۆ 3ی ئایار
هێرش ره‌سوڵ

كه‌متر له‌دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ 22ی نیساندا، رۆژنامه‌نووسیی كوردی پێینایه‌ 111ه‌مین ساڵه‌ی ته‌مه‌نیه‌وه‌. دوێنێش، 3ی ئایار بوو، كه‌ رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامه‌نووسییه‌. ئه‌مه‌یش له‌وه‌وه‌ هاتوه‌، له‌ساڵی 1991‌و له‌خولی 26ه‌مینیدا، كۆنگره‌ی گشتیی رێكخراوی یونسكۆ دیاریكردنی رۆژی ئازادیی رۆژنامه‌نووسیی كرده‌ راسپارده‌، دوو ساڵ دوای ئه‌و مێژوه‌یش، واته‌ له‌ساڵی 1993، كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان پشتیوانی ئه‌و راسپارده‌یه‌ی كرد‌و دیاریكردنی رۆژه‌كه‌ی به‌ره‌سمی راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆژه‌ له‌پێناو زانینی راده‌ی ئازادیی رۆژنامه‌نووسی‌و به‌رگریكردنه‌ له‌په‌یڕه‌وكردنی میدیایی. له‌مڕۆژه‌دا ره‌وشی ئازادیی رۆژنامه‌نووسی له‌هه‌موو جیهاندا هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌ته‌كان رێزی ئه‌و ئازادییه‌ بگرن‌و به‌ڵێنی پاڵپشتیكردنی مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی رۆژنامه‌نووسان‌و مافی گه‌له‌كانیان له‌ده‌ستكه‌وتنی زانیاری، بده‌ن.
به‌پێی پێناسه‌ی په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نووسییش له‌زیورخ، ره‌هه‌نده‌كانی ئازادیی رۆژنامه‌نووسی بریتین له‌: ئازادیی وه‌رگرتنی هه‌واڵ‌و زانیاری، ئازادیی گواستنه‌وه‌‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و زانیاری، ئازادیی ده‌رچواندنی رۆژنامه‌‌و ئازادیی راده‌ربڕین.
له‌و ده‌سپێكه‌وه‌ سه‌رنج له‌دۆخی ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌نوسیی كوردی بده‌ین‌و له‌ژێر رۆشنایی فاكته‌ زانستیه‌كان ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئازادیی رۆژنامه‌نووسی له‌هه‌رێمی كوردستان لێكبده‌ینه‌وه‌.
به‌ر له‌هه‌رشتێك ناكرێت نكوڵی له‌بوونی په‌راوێزێكی ئازادی بكه‌ین له‌میدیای كوردیدا، به‌ڵام پێویستیشه‌ پێنه‌گه‌یشتن‌و نه‌خه‌مڵینی ئه‌و ئازادییه‌یش نه‌شارینه‌وه‌. بۆیه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا میدیایه‌ك ده‌بین تێكه‌ڵ‌و ناجێگیر، وه‌كئه‌وه‌ی خۆی له‌ناو هیچكام تیۆره‌كانی میدیادا نادۆزێته‌وه‌‌و له‌قۆناغێكی گواستنه‌وه‌دایه‌.
ئازادیی رۆژنامه‌نووسیی له‌هه‌رێمی كوردستاندا كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌مدایه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خۆیان له‌ئاسته‌نگی: سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی، پیشه‌یی، ئاینی، هه‌رێمایه‌تی‌و نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌بیننه‌وه‌. له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌، لێكجیانه‌كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و ئازادییه‌‌و ئازادیی راده‌ربڕین‌و ئازادیی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری‌و به‌چاودێربوونی میدیا له‌م هه‌رێمه‌دا.
راپۆرته‌كانی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ‌و یونامی‌و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان‌و رێكخراوه‌كانی تریش به‌ڵگه‌ی زیندووی پێشێلكاریی ئازادیی راده‌ربڕین‌و رۆژنامه‌نووسیین له‌كوردستاندا. له‌به‌رئه‌مه‌ ئه‌م قۆناغه‌ پێویستی به‌تێپه‌ڕاندنه‌. پێویستی به‌دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی هاوبه‌رپرسیارێتیه‌ له‌نێوان میدیای كوردی‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا.
 

 

Previous
Next

Leave a Reply