Skip to Content

Sunday, September 27th, 2020

له‌54% شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌گه‌ل له‌شکرکێشی سوپایی تورکیادایه‌!…. هه‌ورامان علی

Be First!
by February 27, 2008 گشتی

به‌پێی راپرسیه‌كی که‌نالی ئاسمانی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری 54% شه‌قامی عه‌ره‌بی لایه‌نگری خۆیان بۆ له‌شکر کێشی سوپای فاشستی تورکیا بۆ سه‌ر هارێمی کوردستان راگه‌یاندووه‌. که‌نالی جه‌زیره‌ یه‌کێک له‌ ناسراوترین و جێ برواترین که‌ناله‌کانی راگه‌یاندنی دنیای عه‌ره‌بیه‌ و ده‌کرێت بوترێت تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌م ده‌نگدانه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچونی شه‌قامی عه‌ره‌بییه‌.  ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ چه‌ند راستیه‌کی تالی له‌ خۆیدا حه‌شارداوه‌ ، یه‌که‌میان ئه‌مه‌ نیشانه‌ی زالبونی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڤێنیزمی ئاودراو به‌ فاشێزمی ئیسلامییه‌ له‌ ولاتانی عه‌ره‌بی دا . دووه‌م شکستی سیاسی و دبلۆماسی و راگه‌یاندنی حزب و رێکخراوه‌ کوردستانیه‌کانه‌ به‌گشتی و ئه‌وانه‌ی پارتی و یه‌کێتی به‌تایبه‌تی له‌ ‌گه‌یاندنی کێشه‌كانی خه‌لکی کوردستان و ئامانجه‌ شاراوه‌کانی له‌شکرکێشی توکیا بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌رای گشتی وولاتانی عه‌ره‌بی. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌لكه‌ عمرۆ موسا وه‌ك سكتێری كۆمكاری وولاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر سنور به‌زاندنی توركیا به‌سوكی و له‌ژێر لێوه‌و نیگه‌رانی خۆی ده‌ربری . له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆ هه‌لوێستی لایه‌نه‌ عراقیه‌کان به‌راستی شه‌رماوه‌ر بوو، ئه‌وانه‌ی رۆژ تا ئێواره‌ سوێند به‌ یه‌کپارچه‌یی و  سه‌روه‌ری خاکی عێراق ده‌خۆن كه‌چی له‌سه‌ر ئه‌م روداوه‌ جگه‌له‌ پرته‌و بۆله‌یه‌کی بێمانا هیچ هه‌لوستێکی سیاسی جدیان نیشان نه‌دا .  پارتی و یه‌كێتی چه‌ندین جار رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان ئۆپۆزسیۆن نین و به‌شێكن له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی ، كه‌چی حكومه‌ته‌كه‌ی مالكی هه‌لوێستی له‌ هه‌لوێستی عمر موسا خراپتر بوو! به‌هه‌رحال به‌له‌به‌رچاو گرتنی ماهیه‌تی سیاسی ئه‌م هێزانه‌ هه‌ركه‌سێك چاوه‌رێی هه‌لوێستێكی له‌ وه‌ زیاتر بوبێت حه‌تمه‌ن  خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌له‌ی بۆ روداوه‌كان  هه‌بووه‌، ئاخر ئه‌وان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگیان له‌ دارا دۆزیبێته‌وه‌ خوا خوای ئه‌وه‌یانه‌ هێزێك ، ده‌وله‌تێك گوشار بۆ پارتی و یه‌كێتی بهێنیت و ئه‌وانیش  به‌ پشتیوانی ئه‌و گوشارانه‌ خه‌ریكی ساتو سه‌ودای سیاسی خۆیان بن له‌گه‌لیانداو بتوانن له‌ بردنی سه‌همی زیاتر بۆ خۆیان كه‌شو هه‌واكه‌ به‌قازانجی خۆیان بشكێننه‌وه.      

راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ عێراقی تازه‌دا هاوپه‌یمانه‌كانی پارتی و یه‌كێتی هیچكات بروایان به‌ هاولاتی بونی خه‌لكی كوردستان نه‌بووه و نیه‌‌، له‌و كاتانه‌دا كه‌ خاكی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر په‌لاماری ده‌وله‌تانی دراوسێ ئه‌وان بیریان ده‌چێت یان راستیه‌كه‌ی بیری خۆیانی ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستدرێژیه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری عێراق وه‌ك ده‌وله‌تێك له‌ روی سیاسی و یاساییه‌وه‌ ده‌بێت و ئه‌ركیانه‌ وه‌ده‌نگ  بێن. ئه‌م روداوانه‌ رۆمانی گێله‌ پیاوی نوسه‌ری به‌ناوبانگی تورك عه‌زیز نه‌سینی نم بیر ده‌خاته‌وه‌، له‌ گێله‌ پیاودا كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ی عه‌زیز نه‌سین بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی بابی وه‌ك كه‌سێكی یاسایی زیندووه و خاوه‌ن قه‌رزه‌كان به‌رۆكی ده‌گرن راكێشی ده‌كه‌نه‌ به‌رده‌م دادگا . كه‌چی  بۆ وه‌گرتنی میرات ئه‌و له‌ باری قانونیه‌وه‌ كه‌سێكی مردووه‌!  ‌ ئاخر ئه‌گه‌ر قه‌ندیل و باقی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر هێرشی درندانه‌ی سوپایی توركیا خاكی ( عێراقه‌) ئه‌وا كارو كرده‌وه‌كانی سوپایی توركیا پێشێل كردنێكی ئاشكرایی سنوری نێو ده‌وله‌تیه‌ و ئاسایی ترین كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌تی ، بۆ ئه‌مه‌یكاش وه‌ك ده‌وله‌تی داگیركه‌ری عێراق كه‌ به‌پێیی یاسا نێو ده‌وله‌تیه‌كان ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆیه‌تی و ده‌بێت ده‌ست به‌جێ وه‌لام بداته‌وه‌. ئه‌م روداوانه‌ به‌رۆشنی نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ هێشتا وزعی خه‌لكی كوردستان و ماف و ئازادیه‌كانیان له‌ عێراقی تازه‌دا به‌ نارۆشنی ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و قسانه‌ش له‌سه‌ر رێكه‌وتن و هاوپه‌یمانێتی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ل هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تردا جگه‌ له‌ وه‌هم و خۆشخه‌یالی ناتوانێت شتێكی تر بێت.هێرشی درندانه‌ی سوپایی توركیا له‌ حاله‌تی درێژه‌كێشانیدا  ریزبه‌ندیه‌كی سیاسی نوێ هێزه‌كان له‌ عێراقدا  ده‌خولقێنێت كه‌ به‌ توندی دژی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لكی كوردستانه‌ و هاوسه‌نگی هێز به‌ قازانجی دوژمنانی ده‌گۆرێت. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت به‌ توند ترین شێوه‌ وه‌لام بدرێته‌وه‌، هه‌رجۆره‌ كه‌م ته‌رخه‌می و خه‌مساردیه‌ك له‌لایه‌ن خه‌لكی كوردستان و هێزه‌ سیاسیه‌كانیه‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی كاره‌ساتی گه‌وره‌ و رێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ له‌ده‌ست دانی هه‌رچی زیاتری ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌لكی كوردستان كه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانی خوێناوی چه‌ندین به‌ده‌ست هاتوون.                      
26.2.2008

Previous
Next

Leave a Reply