Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

له شه‌یدایی‌دا…..فوئاد قاموسی

Be First!
by February 26, 2008 ئەدەب

له ناكاو ره‌ش هه‌ڵه‌گه‌ڕێ و له‌شی مینا شه‌ق شه‌قه ده‌له‌رزێ،چاوه شینه‌كانی ده‌بنه گۆمی له‌شێكی ره‌شتاڵه‌ی ناسكی شوشه‌یی به نێوی فرمێسك. ته‌نیا له په‌نای ئه‌و فرمێسكه‌كانی بێ شه‌رم و بێ ترس خانووه‌كه‌یان جێ دێڵن و هه‌ر وه‌ك كچێكی دڵ پڕ له ماڵ هه‌ڵا ئه‌كه‌ن،ئاخر ئه‌و خۆی فرمێسكه‌،فرمێسكه و خودای ناز،فرمێسكه و شای جوانی له وڵاتی له ته‌م داپۆشراو. ژیانی له په‌نا فریشته‌وه پێ خۆشه،له په‌نای فریشته یان له‌په‌نای هه‌ر گوڵێك كه بۆن و به‌رامی ئه‌و بدات، هه‌ر گوڵێك كه فرمێسك بێ،وه‌ك خۆی نازدار،چاو مه‌ست،نه‌شمیل و ره‌زاشیرین.راسته له ئامێز گرتنی ژیان مه‌رجێكی گرینگی هه‌یه،ئه‌ویش باوه‌ڕكردنی ئه‌و رووداوانه‌ی وا هه‌ر رۆژ به‌دی دێن و دێنه كایه‌وه،به‌ڵام ئه‌مه چ رووداوێك و چ راستیه‌كه كه گیانت لێ بستێنن و تۆ به دڵێكی ئاواڵه‌وه قه‌بئڵی بكه‌ی،ئاخۆ ده‌كرێ گیانت لێ بستێنن و تۆ قه‌بئڵی بكه‌ی و هه‌ر ئه‌و كاتیش هه‌وه‌ڵ چركه‌ی ژیانت بێ؟!له ئاست هه‌موو ئه‌مانه گه‌ر نه‌ته‌وێ ئه‌و ژیانه گه‌ماره قه‌بوڵ بكه‌ی چی؟؟ناته‌وێ راستیه‌كان باوه‌ڕ بكه‌ی و ده‌ته‌وێ له گێژه‌ڵووكه‌ی خه‌یاڵ و ئاوات نوقم بی و به خنكان هه‌ست به زیندوو بوون بكه‌ی!سه‌‌یره پتر له ساڵان خۆشی ئه‌وێ،كه ده‌نگی ئه‌بیسێ زبانی راده‌وه‌ستێ و هیچ هێزێك ناتوانێ جوڵه‌ی پێ بدا. ده‌ڵێن ئه‌وین و قین له‌په‌نای یه‌كن و گه‌ر له یه‌كیان بترازی ده‌كه‌ویته ئامێز ئه‌وی تریان،به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا نه‌دیتنی راستیه‌كانه و گه‌وره‌ كردنه‌وه‌ی بچووكه‌كانه به قه‌ت ئه‌و باڵایه‌ی كه هه‌رگیز نه‌بوون،به‌ڵام كاتێك ئه‌و جۆره‌ی كه هه‌یه خۆشت بوێ و خودای لێ درووست نه‌كه‌ی،سنورێك له نێوان ئه‌وین و قین هه‌یه به پانی سنوری دڵی شه‌یدا و دڵی فرمێسك كه چاوه‌ڕێیه! هه‌‌رچه‌ن ئه‌وین یانی درووست كردنی خودا،ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی وا هه‌ر خوایان نیه،دیسان سه‌ر لێ شێواوی به‌ڵام ته‌نیا بۆ ئه‌وانه‌ی وا وڕ و كاس نین.به ده‌نگێكی نه‌رم و نیان،شه‌كه‌ت لێو هه‌ڵێنێ و هێدی هێدی ده‌ڵێ:– هه‌ر ئیشێكت هه‌بێ به دڵ و گیانه‌وه له خزمه‌ت دام.به شێوه‌یه‌ك كه ده‌ڵێی دڵی پڕه،به ده‌نگێك كه چریكه‌ی چۆله‌كه‌ی دارستانی سووتاوت بیر دێنێته‌وه، به چاوێكی مه‌سته‌وه ده‌ڵێ:– ته‌نیا ئه‌و به‌ڵێنیه‌م پێ بده كه هیچ به‌سه‌ر خۆتا نه‌هێنی.– نه پیاوی خۆ كوشتنم نه كوڕی شه‌ڕ،من چۆله‌كه‌ی مه‌ستی دارستانی عه‌شق و ماچم،جیهانم خۆش ئه‌وێ هه‌رچه‌ن جیهانم نه‌بێت،هه‌رچه‌ن پیاوی ژیانیش نیم بۆ ژیان هه‌ندێ چت پێویستن كه من ئه‌و چتانه‌م نیه بۆ ژیان به‌دی نه‌هاتووم،من له‌ هه‌نگوینی ئه‌ویندا گیرساوم.– ده‌زانم،به‌ڵام جیهانی تۆ من بووم.چاك له بیریه‌تی كه چی بیستوه و چاكتر ده‌زانێ كه هێژا له چاڵه قوڵه‌ رووناكه‌كانی دڵی شه‌یدادا هه‌ر ئه‌م چریكه دێته گوێ: تۆ جیهانی منی،بوون و نه‌بوونمی.ده‌ڵێی مۆدێڕن تاكینگ* له له‌شیایه‌تی و سه‌رخۆشانه هاوار ده‌كا: ببه به خانمی دڵی من.          هه‌سته و پیاو به، بۆ شتێك له ده‌س چوو گریانی چی و شتی چی؟          دڵم هه‌ر له زیندانه نووتكه‌كه‌ی جه‌سته‌مایه بۆ هیچ شوێنێ نه‌ڕۆیشتوه،باشه مه‌گه‌ر پیاو فرمێسك و هه‌ستی نیه؟          هاوڕێم،ئه‌م رێیه كه هه‌ڵتبژاروه رێی ئه‌وینه و ئاكامی ئه‌وین هه‌ر ئه‌مه‌یه!ماوێك له‌مه‌و پێش كچێكی دڵ شكاو وێنه‌یه‌كی بۆ كێشا بوو،پڕاوپڕ بوو له مرۆڤ،مرۆڤی سه‌رخۆش و كوێر، هه‌ر هه‌موویان به پشت سه‌ریه‌كه‌وه ده‌ڕۆیشتن و تاجێ گوڵ به ده‌س هه‌ركامێكیانه‌وه بوو،هیچیان چاویان له یه‌ك نه‌ده‌كرد و ته‌نیا به‌ره‌وه‌یان به‌لاوه گرینگ بوو!سه‌یره ئه‌م خۆی به‌م‌لاولادا ده‌خا و كچێك كه به پاره‌ی ماچی دوێنێی سوراوسپیاوی كردوه له به‌ر ویترینی دووكانێكدا چاو له چلی جوان ده‌كا و هه‌ناسه هه‌ڵده‌كێشێ.نێو دووكانه‌كه‌یش دوو په‌یكه‌ر،یه‌كیان بلووری و یه‌كیان ئاماڵ بۆر له‌یه‌ك ئاڵاون و بۆنی مه‌رگ هه‌ر هه‌موو شه‌قامی گرتوه‌ و تاقه هه‌تاوێك بۆ ژوورێكی نوتك راكێش ده‌كرێ و له ‌شوێنێكی به‌رز دوو مرۆ نازانم كچن یان كوڕ به‌ڵام به‌ده‌ستێكی ته‌زاو باوه‌ڕه‌كانیان له ئامێز گرتوه و هه‌ر جار له‌ناكاو ره‌شی شه‌وه زه‌نگ ده‌شكێنن!یه‌كیان له‌په‌نای به‌ردێكی سپیه‌وه كه وه‌خته له داخ و زووخاوا بێته قسه،پێنووس و په‌رتووكه‌كه‌ی به‌یه‌كه‌وه ئاشتی ئه‌داته‌وه‌ و ده‌نووسێ: ژیانی مرۆڤ باوه‌ڕه‌كانیه‌تی!            من له‌وه په‌شێوم كه دیل كرام و بوومه بووكه‌شوشه‌ڵێك له ژوورێك كه بووكه‌شوشه‌ڵه‌ ده‌س و پا شكاوه‌كانی دیكه به‌ر په‌نجێره‌كه‌یشیان ته‌نیبوو،بوومه ئه‌و گیان له‌به‌رانه‌ی كه هه‌موو ته‌مه‌نم به گژیانا ده‌چووم.          هه‌ندێ جار ئه‌زموونه‌كان ده‌بنه چرایێك بۆ بازێك كه خه‌مڵاوی به‌فر و ره‌شیه.          راسته، به‌ڵام بۆ من؟          ئاخر تۆ شه‌یدا بووی،ئه‌وه‌ی وا ده‌تزانی،ته‌نیا ده‌تزانی و هیچ كات هیچ ئیشێكت به پێی ئه‌و زانستانه به‌ڕێوه نه‌برد.          ئه‌رێ من زانسته‌كانم ته‌نیا ژیانمیان ناخۆش كرد و هیچی تر.ئه‌و دیل كرا و پاشان بووه كۆیله، به‌ڵام هه‌ندێ جار بۆ هه‌ندێ گیان له‌به‌ر دیل بوون زۆر چاكتر له ئازادیه،هه‌ندێ گیان له‌به‌ر چوارچێوه‌یان ده‌وێ.          من؟!من ته‌نیا گیان له‌به‌رم؟!          ئه‌رێ، تۆ ته‌نیا گیان له‌به‌ری،گه‌ر به قه‌ت هه‌موو جیهان بزانی دیسان هه‌ر مرۆڤی و حه‌زه‌كانی مرۆڤت هه‌یه،تا نه‌بیه مرۆڤێكی نوێ و سه‌رتر چوارچێوه‌ت ده‌وێ.له نه‌بوونی چوارچێوه‌دا بۆ مرۆڤی ئاسایی،هه‌ندێ ته‌وژم یه‌ك شه‌وه مێشكی ونجڕ ونجڕ ده‌كه‌ن. زانسته‌كانی به‌كار ناهێنێ و ناحه‌ز كه‌ڵكیان لێ وه‌ر ده‌گرێ. هه‌ر له پیاوێكی رووناكبیر ده‌چێ كه به ته‌سبێح زیكر ده‌كا و باسی ئه‌هورامه‌زدا ده‌كا و له رۆژێكی ساردی پاییز له ته‌یاییدا ده‌ستی ده‌سگیرانه ته‌مه‌ن پانزده ساڵه‌كه‌ی ده‌گوشێ و ده‌ڵێ: نایێڵم كچایه‌تیه‌كه‌ت له ده‌س بده‌ی!          گوتت مرۆڤی نوێ و سه‌رتر،باشه چۆن شتی وا ده‌بێ؟یان داخۆ پێویسته كه ببم به مرۆڤێكی نوێ؟          رێ و شوێن زۆرن،یه‌كێ ده‌ڵێ سه‌ر به خۆڵا بساوه،یه‌كێ ده‌ڵێ شه‌وانه له مه‌كۆی ‌پاره‌كانت بنوو،یه‌كێ ده‌ڵێ خۆش به و یه‌كێ … .          ده‌ی من چ بكه‌م؟          تۆ مه‌گه‌ر نازانی چ بكه‌ی؟ تۆ نه‌زانی چ بكه‌ی ئیتر ئه‌و گیان له‌به‌رانه‌ی تر چی؟          من هه‌موو شتێكم لێ شێواوه،من شه‌یدا بووم و له‌هیچ ناگه‌م!          من پێم وایه به شوێن مرۆڤایه‌تی كه‌وی له هه‌مووی چاكتره.          ده‌ی خۆ ئه‌مه هه‌ر بووه قسه‌ی مامۆستاكانم،هه‌موویان وایان ده‌گوت،چ ئه‌وه‌ی كه پاره‌ی هه‌بوو،چ ئه‌وه‌ی وا په‌رتوكی له‌ت بووی هه‌بوو.          هه‌موویان راس ده‌كه‌ن،هه‌ر كه‌سێ بۆ خۆی شوێنێك هه‌ڵه‌بژێرێ،جه‌بێ خۆت هه‌ڵیبژێری.ره‌نگه هه‌ر هه‌موویان درووست بن به قه‌ولی دانێ خوا لێ خۆش بوو هیچ چتێك له جیهان دا موتڵه‌ق و ته‌واو نیه،هه‌ر وه‌ك مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت قسه‌‌كه‌ی خۆی.          من ته‌مه‌نم چه‌نده كه بێم یه‌ك به یه‌ك تاقیان كه‌مه‌وه و رێ هه‌ڵبژێرم؟!          ده‌ی هه‌ر بۆیه ده‌ڵێن ژیان پڕ و پووچه و هیچ رێی هه‌ڵاتنێك نیه،به‌ڵام ده‌توانی وڕ و گێژ بی و زۆر راحه‌ت بی یان ده‌توانی وه‌دووی مه‌ته‌رێزێك كه‌وی و ئه‌و مه‌ته‌رێزه قایمتر كه‌ی و به هه‌ر چه‌شنێك كه بووه بیپارێزی،هه‌ر وه‌ك هه‌موو یاساكانی جیهان.رێ و شوێن زۆرن به‌ڵام بازی رووناك و پڕاوپڕ له شانازی بازێكی سووره كه هه‌موو گیان له‌به‌ره‌كان تێیدا ئازاد و به‌رابه‌رن، هه‌ر خۆیانن بێ ئه‌وه‌ی گۆڕابێتن.مرۆڤه‌كان هه‌ندێ به‌شن،به‌شێكیان ته‌نیا زگ و ژێر زگیان ده‌وێ،به‌شێ تر به هیوای روباری شه‌رابین و به‌شێ تر ته‌مه‌نیان له نێوان په‌رتووكه‌كانا جێ دێڵن.به‌ڵام گرینگ و پێویست بوون به مرۆڤێكی‌تره، مرۆڤێكی راسته‌قینه،مرۆڤێكی نوێ و سه‌رتر. بیری بێتهۆوێن ده‌كه‌ومه‌وه ئه‌ویش ده‌ڵێ: پێویسته پێویست! به‌ڵام شه‌یدا و فرمێسك،فرمێسك یان ده‌بێ ماچ و زیندان هه‌ڵبژێرێ وه‌ك دایكی و هه‌موو ژنانی دیكه- ئاخر تا ئێستا و له‌م كاته‌دا ماچ زیندان و چه‌وسانه‌وه‌ی پێوه‌یه هه‌رچه‌ن ماچ پێویسته و بوونی هه‌موو شتێ به هۆی پێویستیه‌كه‌یه‌تی ره‌نگه له چاخێكدا نه‌مێنێ- یان ئازادی و خه‌فه‌تی هه‌ست نه‌كردنی گه‌رمی له‌ش. شه‌یدا چێژی زۆری چێشتوه، له راموسینی لێوی ده‌سگیرانه‌كه‌ی له په‌نای داره‌كانی قۆپی بگره تا ئازادی ته‌واو له چیایه‌كی له به‌فر داپۆشراو. هه‌رچه‌ن ره‌نگه فرمێسكیش چێشتبێتی به‌ڵام جیاوازی شه‌یدا و فرمێسك هه‌ر له‌وه‌دایه،شه‌یدا باوه‌ڕی به ماچه‌كه‌ی هه‌یه و باسی لێ ده‌كا به‌ڵام فرمێسك باوه‌ڕی پێ نیه و نایدركێنێ.– چۆن ده‌توانم خوو به نه‌بوونی فرمێسك بگرم؟ چۆن ده‌كرێ شاد بم و فرمێسكم نه‌بێ! ئاخۆ ده‌بێ له ئامێز چاو جوانێكدا بنووم؟ نازانم ئه‌مه چ گۆرانیێكه« كه‌س بێ یار نیه و كه‌س له ده‌ردی كه‌س خه‌به‌ردار نیه…» ئه‌ی بۆ من بێ یارم؟؟!!هێرۆ كه دوێنێ شه‌و پرچه‌ كاڵه‌كانی له‌سه‌ر سینگی پیاوه‌كه‌ی بوو و ئێستا ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر چرایه‌كی زه‌رد ویشكیان كاته‌وه سه‌ر هه‌ڵدێنێ و ده‌ڵێ: تۆ ده‌بێ بڕۆی وه‌ك شه‌ماڵكارزان كه به ده‌س شه‌یدا به وه‌ڕه‌س هاتوه، ده‌ڵێ: بۆ كوێ بڕوات؟ ئه‌م ده‌بێ هه‌ر لێره بێ.– من له ئه‌بێ و نه‌بێ نه‌فره‌تم هه‌یه و ئێوه‌یش هه‌ر ئه‌بێ و نه‌بێ ده‌كه‌ن،به‌سیكه‌ن.ده‌بێ پێویسته،هه‌ندێ جار مرۆڤ گه‌ر به‌یه‌كجاری خۆی له هه‌موو چت بچڕێنێ وه‌ك پووشێكی لێ دێ له ئامێز سروه‌دا كه خۆیشی نازانێ چی به‌سه‌را دێ،ره‌نگه بكه‌وێته به‌ر پێی كیژێكی نازدار كه نه‌فره‌تی لێ هه‌یه.هه‌رچه‌ن شه‌یدا ته‌نیا له دوو كه‌س كه بوونه هۆی فرمێسكه‌كه‌ی نه‌فره‌تی هه‌یه.شه‌یدا ده‌بێ بڕوا و له ئامێز مه‌ته‌رێز ئۆقره بگرێ، هه‌ر مرۆڤێك ده‌بێ به جۆرێك بۆ ژیانی خۆی مانا په‌یدا بكا.– ده‌ڕۆم و شه‌ره‌ف له ئامێز ده‌گرم، ئاخر من خۆم چه‌وساوه‌ و دیلم،ده‌زانم كاتێك یه‌كێ هاوار ده‌كا: "دایه ماڵ ئاوا له ره‌نج و تێكۆشان"  چ ده‌ڵێ، من ده‌ڕۆم به‌ڵام دڵم چێ دێڵم له لای فرمێسك.به‌فرانباری 2707  

  

  

Previous
Next

Leave a Reply