Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

لوکس فێمێنیزم (رازاوە) هەمیشە دایکی منیان پشتگوێ خست

Be First!
by January 31, 2013 ژنان

 

 

 

 

بۆ: دایکم، هێدی باران و شایەن، کە لەبەر حەزی ئەوانی تریش کە دەیخوێننەوە،

 

خاتوو لیدیا پرایزۆڤیج (Lidija Praizovic  ) نووسەر و فێمێنیست لە ١٩٨٥ لە دایکبووە. ” ، خاوەن رۆمانێکە بە ناوی “Spegelboken کۆشیعرێک بەناوی “Porr för Valda ” و دوا بەرهەمیشی، ئەنتۆلۆگییەکی شیعرییە بەناوی “Blå blixt”. کتێب و نووسینەکانی بوونەتە مایەی ورووژاندنی ئەو فێمێنسیتانەی کە سەر بەچینی ناوەندن و نووسەرانێکێش کە حەز بە بوونی بێگانە لە سوێددا ناکەن. لیدیا کە خۆی یەکێک بووە لەو دەستەیە، لەم نووسینەیدا، کە دوای ئەوەی لە پشوی حەفتە لە ٢٠١٣.١.٢٠ دا  دەستەیەک لە فێمێنیستە هونەرمەندەکان بە بەشداری چەندین نووسەر و فێمێنیستی ناسراوی سوێدیی کۆبوونەتەوە. دەستپێکی کۆبوونەوەکەیان بە گۆرانییەکی ناسراوی فێمێنیستەکانی حەفتایەکان دەستپێکردووە کە کۆپلەیەکی ئەوهایە: “هۆ کچەکان هۆۆۆۆۆ کچەکان\دەبێ دەنگمان بەرز بکەینەوە تاکوو\ ببیسرێین…” لە ئاکامی ئەمەشدا، بنەمایەکیان بۆ بەرهەمگەلێکی فرەوانتری هاوبەش پێکهێنا.  لێدیا رەخنە لەو تەرزە فێمێنیستە دەگرێ کە سەر بە چینی ناوەندن. چونکە بە ڕای وی دەبێ خەباتی ژنان  هەموو ژنان بە خۆیەوە بگرێت نەک تەنیا ئەو ژنە فێمنیستانەی کە لە ژیانێکی رازاوەدا دەژین. 

 

لێدیا لەم نووسینەیدا باسی ئەو هەستی بەختەوەریی و گریانی خۆشییەی خۆی دەکا کە توانییەتی لە کۆبوونەوەی ئەو دەستە هونەرمەندەدا بەشدار بێ. لە هەمان کاتیشدا باس لە ئازارێک دەکا بە هۆی ئەوەی کە هەموو ژنەکانی تر بواری ئەوەیان نەبووە لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بن.  بەڵام وەک لیدیا دەڵێ: “گریانی زۆری من بریتی بوو لەوەی چونکە من بیر لە دایکم دەکەمەوە، کە ئەو وەک هەمیشە لە ماڵەوە دابنیشێ و وەک هەمیشەش نەساغە و  بە دەست ئازاری خەستەیەوە دەتلێتەوە…” لێرەدا مەبەستی لیدیا رەنگە هەر تەنیا دایکی راستی خۆی نەبێ، بەڵکە مەبەستی کۆی ئەو ژنانە بێ کە چ لە سوێد و چ لە بەشەکانی تری جیهاندا بە هۆکردی نەداریی و رێگریی لە ئازادییان لە لە کۆمەڵگەی بابسالاریدا کە بواریان نییە وەک فێمێنیستەکان لوکس، خۆرازاوەکراوەکان  بەشداری ئەو جۆرە کۆبوونەوە خۆشانە و بزاڤی ژن بن و رەنگە هەر ناوی “گرووپی ٨”یشیان نەبیسبێ. گرووپی ٨ ناوی بزاڤێکی کارا و ناسراوی فێمێنیستەکان سوێدە کە لە حەفتایەکانی سەدەی رابردوو دروست بوو. 

بۆیە لێدیا  لە غەمی دایکیی و کۆی ئەو ژنە پەراوێزخراوانەوە دەڵێ: ” من قەت لە فێمێنیستە سوێدییەکان نابوورم. ئەوە ئێوە بوون دایکی منتان لە دەرەوەی ئەو بزاڤەی ژنانەوە بەجێهیشت…” چونکە وەک لیدیا دەڵێ، دایکی  لە منداڵییەوە بە گۆرانیی و هاودەمبوونیی لەگەڵییدا، هەموو کۆمەکییەکی کردووە تا لەو کۆبوونەوەدا ئامادە بێت، کەچی دایکی پێڵاوی وەرزشیی و جوانترین جل و  خواردنیشی بۆ خۆی نەدەکڕی.

لە درێژەی نووسینەکەیدا باس لە رۆژانی کوبوونەوە دەکا، گفتوگۆی رۆژی دووەمی کۆبوونەوەی ئەو گرووپە ژنە فێمینیستە بریتبی بووە لە: “بۆ تۆ “فێمێنیزم مانای چییە؟” وەڵامی لیدیا بۆ ئەم پرسیارە  ئەوهایە: ” من هەموو جار دووبارەی دەکەمەوە کە من هەست بە رق دەکەم لە بەرانبەر هاوبەشایەتی فێمێنیستییدا.   هەست بە داڕزانێکی ناچاریی دەکەم لە بەرانبە فێمێنیزمدا … من ناتوانم هاوبەشایەتی ئەو فێمێنیستییە بم کە ناتوانێ هەموو دیوەکانی من وەربگری. دەبێ دایکم لەگەڵ  ئەو فێمینیستییە بێت…”

دوای ئەوە لە درێژەی کۆبوونەوەکەیاندا، یەکێک لە ژنە فێمینیستەکان، ماریە سڤێلاند باس لە سێ ژنە فێمێنیستی بە رەگەز بیانی دەکا کە وەک دژە فێمێنیزم ناودێریان دەکا. (وەک لە کۆمێنتەکان خوێنەرانێک ئاماژەی بۆ دەکەن، کە یەکێک لەو ژنە بیانییە رەنگە دڵشا دمیربەگ بێت، کە کوردێکی باکوورە و وەک فێمێنیستیێکی سەر بە کۆنپارێزەکان پێناسە دەکرێ). لیدیا بە تاوانبارکردنی ئەو سێ ژنە بیانییە بە دژە فێمێنیزم و بێدەنگبوونی ئامادەبووان  لە بەرنبەر ئەو دەربڕینەدا تووڕە دەبێ،  خۆشی لەویدا لەوە بێدەنگ دەبی، بەڵام لە نووسینەکەیدا رووبەڕووی دەبێتەوە و لە سڤێلاند دەپرسێ: ” لە بری ئەوەی ئەوها دڵڕەقانە رەخنە لەو سێ ژنە بیانییە بگرێ دەبوو لە خۆی بپرسێ، بۆچی ژنانی تر حەز ناکەن  جەخت لە  لوکس فێمێنیستی سپی سوێدیی بکەنەوە؟ دەبوو فێمێنسیتەکەی خۆی بخاتە ژێر پرسیار کە ناتوانێ ئەو ژنانە بە خۆیەوە بگرێت…”

بەمجۆرە وەک خاتوو لیدیا باسی دەکا، کۆبوونەوەکە  بە مارشی سەمای لێزبییەکان  کۆتایی هاتووە.

ئەو چەند کۆپلەیەی سەرەوە بەشێکن لە کۆی نووسینەکەی. ئەو نووسەرە دوای ئەزموونی خۆی لە گەل ئەو دەستە نووسەرە فێمێنیستە دەخوازێ بڵێ کە ئەو تەرزە فێمێنیستە کە سەر بە چینی ناوەندی سوێدییە و وەک وێنەیەک لە فێمێنیستی خاوەن دەسەلات، کە هاوشانە لەگەڵ مۆدەی سیستەمی لیبرالیزمی بالادەستی سوێدیدا، تەنیا نوێنەری خۆیان دەکەن. ئەو جۆرە فێمێنیستانەش خۆیان لە ژیانێکی لوکس، خۆش و رازاوەدا دەژین  و دوورن لە ئازار و غەمی ئەو ژنانەی وەک دایکی نووسەر و ئەو ژنە لە مێرد جیاوبووانەی کە لە سوێد بلاوە و بە هۆی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و کاری رۆژانە بوارییان نییە بێنە دەرەوە و وەک ئەو ژنە لوکس فێمێنیستانە بەشدار بن لە خەباتی ژن و خۆش  بژین وەک ئەوان… ئەڵبەت بەشێکی ئەو نووسینە پەیوەندی بە هەڵاواردن و بە کەمگرتنی ژنی بێگانەوە هەیە،  بۆیە لیدیا بە فێمێنیستی رەنگ سپی سوێدی ناودیریان دەکا. ئەوانەش ژنە فێمێنیستە بیانییەکان بە کیشەدار و بابسالار و بەشێک لە غەیرە رۆئاوایی سەیر دەکەن. بۆیە لیدیا پێی وایە خودی ئەو دەستە فێمێنیستە چین ناوەندەی سوێدیش جۆرێکە لە بابسالاریی، چونکە ژنانی تر قبووڵ ناکەن و بەس خۆیان بە نوێنەری توێژێک لە چین و رەگەزی سپی دەزانن…

دیار جێگەی ئاماژەیە کە ئەو جۆرە لوکس فێمێنیزمە بابسالارەی کە لیدیا باسی دەکا، بە جۆرێکی ترو لە ئاستێکی تردا، لە ناو ژنی کوردییشدا لە ئارادەیە. ئەو ژنگەلەی کە خۆیان کردۆتە دەمڕاستی ژنی کورد. ئەو ژنە خاوەن رێکخراو و دووکانانەی کە بەناوی “فێمێنیزم”ی کوردیی خۆیان دەناسێنن، کە راستییەکەی دەکرێ بە چاڵاکی ژنان ناودیر بکرێن نەک فێمێنیست. چونکە لە کوردستاندا بزوتنەوەیەکی خاوەن پێناسە، هزری کوردیی، مێتود و خەسڵەتی فێمێنزم نییە، بەڵکە ئەوەی هەیە حیزب دروستی کردوون و پاشانیش لە رۆژئاوا،  بۆ نموونە لە سوێد، دوای کوژرانی فاتیمە شەهینداڵ و پێلا، مێدیا و دەسەلاتی سوێدیی بابەتی شەرەفییان کرد بە گەورەترین کێشەی کۆمەڵگەی سوێد و بەمەش بودجەیەکی باشیان تەرخانکرد بۆ ژنی بیانیی، بە تایبەتیش چونکە  کیشەی شەرەف لە سوێد بوو بە هاومانای کورد، بۆیە ژنانێک کە زیاتر کۆمۆنیستی  سێکت، عەقیدەیی بوون و هاوکاتیش زانیارییەکی رووکەشی مارکسییان هەبوو لەسەر ئازادی ژن و بێکار بوون و خەباتی کرێکارییان کرد بە خەباتی لەناوبردنی “شەرەف”. بەمجۆرە ئەو فرسەتەیان قۆزتەوە و بوون بە هاوپەیمانی سیاسەتی لیبرالسیتی دەسەلات و ماسمێدیایەکانی سوێد و بە بوودجەی تەرخانکراوی سوێد بوون بە خاوەن رێکخراو یان بەناو شەڵتەری ژنان… کێشەی ئەوانە ئەوەیە، وادەزانن،  چەوسانەوەی ژن تەنیا کوشتنییەتی لەسەر شەرەف، ژنانی ئەنفالکراو، هەزاران ژنی نەخوێندەوار و هەزاران ژنی وەک دایکی من، وەک دایکی لیدیا، کە  تا مردن بێبەش بوو لە هەموو خۆشییەکی ژیان، بۆ ئەو ژنە خاوەن رێکخراو و بەناو چاڵاکی ژنان، غەمێک نییە. هەروەک دیاردەی کچگەلێکی ئازا و ئازاد کە لە چیایەکاندا لە پێناو ئازادی ژن و بندەستی کورد خەبات دەکەن، جێگەی سەرنجێکی ئەرێنی، شکۆمەندی ژنی کورد نییە.  دیارە وێڕای کێشەکانی ئەو جۆرە خەباتەش، لێ بوونی ئەو هەموو کچە لە چیایەکاندا، بووەتە مایەی ویست و هاندەری ماعنەوەی بۆ زرۆێک لە کچ و ژنی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. جێگەی ئاماژەیە بە داننانی زۆرێک لە ناوەندە سایسیی و فێمێنیستییەکانیش، ئامادەبوونی کارا و ئازایانەی ژنی کوردانی باکوور لە سیاسەت و چاڵاکی سەر شەقام و رووبەڕووبوونەوەدا، ئاکامی ئەو خەباتەی کچانە لە چیایەکان.

بەڵام ئەو پێڕە لە خاوەن رێکخراوە بەناو فێمێنیستەی کورد لە دەرەوە و ناوەوە، چاوەڕوانن کچێک لەسەر شەرەف بکوژرێ تا  بۆ حەفتەیەک دەست بکەن بە ستوونو و قسەنووسینی سواو و دروشمی رووکەش. دوای ئەوە ئیتر بوودجەکە قەڵەو دەکەن و دروشم و واژوو کۆکردنەوە کۆتایی دێت…  هەنووکەش دوای مردنی ئەحلام مەنسوور خەریکن خۆیان بکەن بە میراتگری ئەحلام مەنسوور، کەچی ئاشکرایە ئەگەر ئەحلام تشتێکی هاوبەشی لەگەل ئەوانەدا هەبووایە، ئەوە کە لە ژیاندا بوو دەبوو بە ناوێک لە رێکخراوەکانیان و رۆژانە کۆڕ و داوەتیان کرد. لەوەش زیاتر، رێز لە وەسییەتی خودی ئەحلام ناگرن، کە دژی یادکردنەوەی بووی دوای مردنی، چونکە تا لە ژیاندا بوو، هیچێک لە ناوەندی نووسەران و رێکخراوەکانی ژنان رێزی بەرهەم و ئازایەتییەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەی باوی کوردستاندا نەگرت…

دیارە هاودژیی ئەو خۆ بە کۆمۆنیست زانانە ئەوەیە بە پیچەوانەی ژنە فێمێنیستە چەپەکانی سوید، باشترین لایەنگری ژنە فێمێنیست و دەستەڵاتی لیبرالیستی سوێدن… لەوەش زیاتر، کیشەی ئەو ژنە فێمێنیستە بەناو چەپ و بە کار هەڵپەرستە ئەوەیە کە ئەوانە بێجگە لە ئەزبەرکردنی چەند گوتە  و قسەی مارکسیی و حیزبە کۆمۆنیستەکان، نەک کۆنتێکستی ئەو گوتە و قسانە،  زانیاری قووڵیان لەسەر خودی ئەدەبیاتی مارکسیی و خودیی مارکسیش نییە. هەروەک ئەو ئەو ژنانەی تریش کە گوایە لیبرالیست یان نەتەوەیین یان سەر بە پارتیی و یەکێتی و ئەوانیترن، ئاگایان لە مێژوو و کۆنتێکستی بزاڤی فێمێنیزمی لیبرالیی و بگرە مێژووی کورد و ژنی کوردیش نییە، بۆیە ئەوانیش هەمان کێشەی ژنە چەپەکانیان هەیە. لە ئیسلامییەکانیش بگەڕێ، کە وەک یەکگرتوو و کۆمەلی ئیسلامی لاسایی ژنانی عەرەب و تورکە ئیخوانییەکان دەکەنەوە.  ئەڵبەت  ئەوە بەو مانایە نییە من هەموو لایەنە باشەکانیان نەبینم. بەهەمە حاڵ،  ئەو باسە  توولانییە.. لێرە تەنیا مەبەستم لەو جۆرە فێمێنیزمەیە کە وەک حیزبە دەستەڵاتدارەکان، هەڵگری گرفتی هەمان گرفتی رووکەشیی و گەندەڵیین.. 

هەروا لە کوردستانیش بە هەمان شێوەیە، راستە  ئەو رێکخراوانە هەندێ کاری چاکەیان لەوێ و لێرە  بۆ ژن کردووە، بەڵام کیشەکە ئەوەیە هەموو کار، کە زیاتر قسەکردنە لەسەر ئەو کیژانەی کە بە ئاشکرا لە دوو شاری هەولێر و سلێمانی دەکوژرێن، قسەیان هەیە. ئەگەرنا هەر یەک لەو بەناو رێکخراوە و پێڕە بۆ خۆی خەریکی کۆبوونەوە و بەزم و سەفەر و سەیرانن. بەشێکیش لەوانە بوونە بە مایەی سەقەتکردنی کیژانی کورد. راستییەکەی ئەوەیە کێشەی هەر سەختی ژنی کورد لە کوردستاندا لە دێهات و شارۆچکەکان و ئەو دەڤەرانەیە کە کوشتەی برینی ئەنفالن.  لەوەش غەمگینر، وێنەی تەنیایی و گۆشەگیرکردنی ئەحلام مەنسوورە لەم دۆخە فێمێنستیییە بابسالارەی کوردییدا. هەموو دەزانن، رێکخراوێک یان ژنگەلێک لە نێوان ئەو هەموو رێکخراو و گرووپانەی کە لە کوردستان و دەرەوە دا هەن، کە رەنگە نزیک ٥٠٠ رێکخراوی ژن هەبن، کەچی رۆژێک هەستییان نەجوولا کۆڕێک، داووەتێک، سەردان، بابەتێک، سڵاوێک … هتد  بۆ ئەحلام مەنسوور بکەن! بۆیە گەرەکە ئەو رێکخراوگەل و ژنانەی کە خۆیان بە چاڵاکیی ژن دەناسێنن، لە بری گرژبوون، بە خۆیان دابچنەوە کە ئەوانیش بەشێکن لەو کوێخاسالاریی و بابسالارییەی کە کۆمەڵگەی کوردستان دەڕەتێنێ؟ کێشە ئەوەیە، تۆ وەک پیاو بۆت نییە رەخنە بگری، چونکە وەک کۆی حیزبەکان، تۆمەتی خۆشداکەنەت بەسەردا دەسەپێنن، بەمجۆرە تۆ یان بە دواکەوتوو یان ناسیۆنالیزت، یان نێرسالار و …هتد تاوانبار دەکەن و خۆشیان بێعەبن، کەچی نازانن ئەو داخراوییە، بەشێکە لە ئاوەزی بابسالاریی و خێڵسالاریی کە گوایە ئەوان دژیینە…

من چۆن بڕوا بەو فێمێنیستە خاوەن رێکخراوە بێنم، کە ویڕای هاوڕێیەتیمان، رۆژێک هەستی بەوە نەکرد نەک هەر سەردانی دایکم بکا، بەڵکە بە تەلەفۆنێک هەواڵی بپرسێت. دواجار کە دایکم پارساڵ ماڵئاواییکرد، دوای مانگێک نامەیەکی نارد کە لە سەفەر بوو و کاری زۆر بووە بۆیە نەیتوانییوە نامەم بۆ بنووسێت، کەچی ئەو هاورێی فێمێنسیتەم، کاتێ کارێکی تایبەتیی یان نووسێنێکی پێویست بووایە، خێرا خێرا بێنامەی نەدەکردم، کەچی لەبەر کاری زۆر و سەردان و کۆبوونەوە، کاتی نەبوو ئاگای لە مردنی دایکشم بێ، کە ژنێکە بە هۆی تەنیایی و نەبوونی خزمەتگوزاری مردن…

کەواتە ئەو دۆخەی لە کوردستاندا هەیە، کە لەوێدا توێژگەلێک لە کۆمەڵگە بوونەتە قوربانی ئەو سیستەمە نادادپەر وگەندەڵسالارەدا. لەو دۆخەدا بەشێکی زۆر لە ژن کراون بە کاڵایەکی هەرزان و بەشێکیشی لەمدیوی چوار دیواری ماڵەوەدا، هیچ مافێکی نییە و بێبەشە لە هەموو خۆشییەکی ژیان، کەچی ئەو ژنانەی  کە خۆیان کردۆتە دەمڕاستییان، خەریکی گەشتوگوزار و وەعزدانی ئەمدیوی شاشەکانن. بۆیە وەک چۆن لیدیا دەلێ کە فێمێنزمی سویدیی دەبێ هەموو ژنەکان بە خۆیەوە بگرێ، کە کێشەی ژنی سوێد لەگەل بێبەختی ژنی کورد بەراورد ناکرێت، بەهەما شێوەش ژنی کورد پێویسیتی بە بزاڤێکی بەرفرەی رۆشنگەریی و  بەڕاستی ژندۆست و دژە بابسالاریی هەیە، هاوکاتیش ئەو بزاڤە ببسترێتەوە بە کۆی بزاڤە رۆشنبیریی و مەدەنییەکان.

 

٢٠١٣.١٢٨\ ستۆکهۆلم

 

نووسینی: لیدیا پرایزۆڤیج

ئامادەکردن و شرۆڤە: هەندرێن

 

لینکی بابەتەکەی لیدیا، لێرەدا بخوێنەوە:

 

http://www.dn.se/kultur-noje/debatt-essa/lyxfeminismen-har-alltid-struntat-i-min-mamma

 

 

Previous
Next

Leave a Reply