Skip to Content

Saturday, September 26th, 2020

لویس دی بیرنیریس ئینگلیزێکی که‌مالیست

Be First!

دیدار مه‌سیفی…..

دوای ده‌نگ دانه‌وه‌ی رۆمانی یه‌که‌می که‌ پتر له‌ دوو ملیۆن و نیو دانه‌ی لێفرۆشرا، لویس دی بیرنیریس پاش ده‌ ساڵ بێده‌نگی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دا به‌ کۆمه‌ڵێک‌ رۆمانی تازه‌ هاته‌وه‌ نێو باس و خواسه‌کانی دونیای نوسین. رۆمانی {باڵنده‌کانی بێ باڵ} رۆمانێک قه‌واره‌ گه‌وره‌ی ئه‌م نوسه‌ره‌یه‌ که‌ به‌یه‌کێک له‌ رۆمانه‌‌ پر فرۆشه‌کانی چه‌ند ساڵی پێشوو داده‌نرێت.  


{باڵنده‌کانی بێ باڵ} رۆمانێکی شه‌ڕ و ئاشتی یه‌ که‌ باس له‌ دوا ساڵه‌کانی که‌وتنی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌کات. ئه‌و رۆمانه‌ پڕه‌ له‌ حیکایه‌تی جوان و سه‌رنج ڕاکێش که‌ هه‌ستی خوێنه‌ر له‌ قوڵاییه‌وه‌ ده‌بزوێنن و ده‌یبه‌ن بۆ دونیایه‌ک که‌ خه‌ون ئامێز و سیحراوییه‌. به‌ر له‌ ده‌ست پێکردنی شه‌ڕ له‌ گوندێکی بچووک به‌ ناوی {ئه‌سکی باخچه‌} که‌ ده‌که‌وێته‌ ناوچه‌ی ئه‌نادۆل و تێیدا تورک و یۆنانی سه‌ره‌رای جیاوازی که‌لتوری و ئاینیان ژیانێکی زۆر ئارام پێکه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له‌ وورده‌کاریه‌کانی ژیانی رۆژانه‌یان هاوده‌رد و هاو  خه‌می یه‌کترن.  به‌ڵام مخابن له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو جوانی و حیکایه‌ته‌ وه‌سف ئامێزه‌ی دی بیرنیریس که‌ هه‌وڵ ده‌دات تۆلستۆی ئاسا سه‌رده‌می شه‌ڕ و ئاشتی له‌ رۆمانێکی قه‌باره‌ گه‌وره‌دا بگێڕێته‌وه‌، خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر که‌سێکی کورد بێت ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئازارێک بکات و گومانی له‌‌ ناواخنی هه‌موو ئه‌و رستانه هه‌بێت‌ که‌ تیایاندا ناوی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ زه‌ق و ره‌قی هاتووه‌.   
له‌ ناوه‌ڕاستی رۆمانی{باڵنده‌کانی بێ باڵ} دا کاتێک شه‌ڕ خه‌ریکه‌ ده‌ستی بۆ هه‌موو کۆن و قوژبنه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ به‌رینه‌ی سه‌ر گۆڕی مه‌رگ درێژ ده‌کات، {ئه‌سکی باخچه‌} ی ئارام و شوێنی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌ شڵۆقی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و له‌ پڕ گشت پێکهاته‌کانی ده‌بن به‌ دوژمنی یه‌کتر. له‌و نێوانه‌دا نوسه‌ر کۆمه‌ڵه‌ که‌سێکی عه‌شایر که‌ به‌ کورد ناویان ده‌بات، ده‌کات به‌ کژ خێزانێکی ئه‌رمه‌نی دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تک و تاڵانیان بکه‌ن. له‌م کاته‌‌دا رۆسته‌م به‌ی که‌ یه‌کێکه‌ له‌ پاڵه‌وانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی رۆمانه‌که‌ ده‌چێت به‌ هانای ئه‌و خێزانه‌ ئه‌رمه‌نیه‌ و له‌ ژێر چه‌پۆکی پیاوه‌کان رزگاریان ده‌کات. له‌ شوێنێکی دیکه‌وه‌ هه‌ر هه‌مان رۆسته‌م به‌ی که‌ خۆی پۆشته‌ و په‌رداخ کردووه‌ و به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌چێته‌ ئه‌سته‌مبۆل بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌رێکی تازه‌ په‌یدا بکات، نوسه‌ر لێره‌ش دا بۆ تێکدانی میزاجی رۆسته‌م به‌ی که‌سێکی پیس و پۆخه‌ڵ ده‌خاته‌ پاڵ ئه‌و پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده و ئه‌ویش دووباره‌ به‌ کورد ناو ده‌بات. له‌ جێگای دیکه‌ی رۆمانه‌که‌ش‌ نموونه‌ی زبر تر به‌دی ده‌کرێت که‌ له‌ به‌رامبه‌ر کورد دا به‌کار هاتووه‌. له‌ کۆ دا ئه‌وه‌ به‌ده‌رده‌که‌وێت که‌ یان ئه‌وه‌تا شێوازی‌ دی بیرنیریسه‌‌ ئه‌ونده‌ پاریزگار‌ و سه‌ره‌ڕۆیه‌ و‌ جێگای ده‌رد و نه‌هامه‌تیه‌کانی کوردانی تێدانابێته‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا له‌ دیدی نوسه‌ر دا کورد خۆی که‌م ته‌رخه‌م بووه‌ له‌ هه‌بوونی شوێن پێیه‌کی یه‌کگرتوو و توکمه‌ له‌ ‌سه‌رده‌مێکدا که‌‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزی خوریک بوو کوتاییان به‌ پیرترین ووڵاتی ناوچه‌که دا‌ ده‌هێنا.                                                                                                                          
هه‌روه‌ها له‌ ناواخنی رۆمانه‌که‌ و له‌ نێو توێژ و پێکهاته‌ جیاکانی خه‌ڵکی {ئه‌سکی باخچه‌} کاره‌کته‌رێکی نامۆ به‌ده‌رده‌که‌وێت که‌ نوسه‌ر ناوی سه‌گێ لێناوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌کته‌ره به‌ خوێنه‌ر نابه‌خشێت‌ که‌ له‌به‌رچی ئه‌و که‌سه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ رۆژێک که‌ شوێنی ژیانی‌ گۆرستانی{ئه‌سکی باخچه‌} بێت و له‌ ناو خه‌ڵکیش دا‌ به‌ دزێوترین و نه‌خوازراوترین بنیاده‌م بناسرێت‌. لێره‌شدا نوسه‌ر سوک و سانا ئه‌ویشی به‌ کوردێکی یه‌زیدی ناوه‌زه‌د کردووه‌ و کردوویه‌تی به‌ سه‌ر ئێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ش بۆ خۆجه‌ عه‌بدولحه‌مید و باوه‌ کریستۆفه‌ر که رۆمانه‌که‌دا دوو رێبه‌ری ئاینی {ئه‌سکی باخچه‌}ن. کاره‌کته‌ری به‌ ناوی سه‌گ هه‌ر کاتێک ئه‌م دووانه‌ له‌ رێ و بانان ده‌بێنێت جوێن بارانیان ده‌کات وده‌یان ووشه‌ی کفر به‌ گوێی هه‌ردووکانیاندا ده‌گرمێنێت.                                                                                             
لویس دی بیرنیریس له‌ رۆمانی {باڵنده‌کانی بێ باڵ} زۆر به‌ ووردی باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان موسلمان و مه‌سیحیه‌کانی ده‌وله‌تی عوسمانی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و چه‌نده‌ ووده‌کاری بۆ گێرانه‌وه‌ی چیرۆکه‌ جیاکانی ناو رۆمانه‌که‌ی نیشان داوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دا ئه‌وه‌نده‌ به‌ زه‌قی و خۆ هیلاک نه‌کردن مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ پێکهاته‌یه‌کی گرنگی سه‌ر ئه‌و خاکه‌ کردووه‌ و لێره‌دا ده‌ڵێیت ئه‌و برایێکی پشتی ئه‌نوه‌ر پاشای دڵڕه‌قه‌، نه‌وه‌ک رۆمانوسێکی ئینگلیزی مۆدێرن. چونکه‌ به‌ خولقاندنی کاره‌کته‌رێکی سواڵکه‌ر به‌ ناوی سه‌گ، نوسه‌ر هیچ نه‌چووه‌ له‌ بنج و بناوانی ئه‌وه‌ بکۆڵێته‌وه‌ که‌ ئایا ئه‌و که‌سه‌ بۆ گه‌یشتووه‌ به‌ رۆژه‌ی که‌ گۆرستان ماڵی بێت. ئه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی کردبایه‌ رۆمانه‌که‌ی  به‌ شێوه‌یه‌کی جوان و دروست تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ گێرانه‌وه‌ی سه‌رده‌مێکدا ده‌کرد که‌ بۆ هه‌موومان بووه‌ به‌ مێژوو. بۆیه‌ ده‌ڵێیت‌ ترسی ره‌خنه‌یه که‌ وای له‌‌ دی بیرنیریس کردووه‌ له‌ ئاخاوتنێکیدا بۆ ئۆبزیرڤه‌ر بڵێت "من یه‌کێکم له‌و نوسه‌رانه‌ی که‌ هه‌رده‌م ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر شه‌ڕ و ئاشتی بنوسم، که‌چی به‌ داخه‌وه زۆر‌ سه‌رکه‌وتوو نیم به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م"                                                            
له‌ {باڵنده‌کنی بێ باڵ} جگه‌ له‌ باسکردنی خۆشی و ناخۆشیه‌کانی خه‌ڵکی {ئه‌سکی باخچه‌} دی بیرنیریس له‌ په‌نا دا ئه‌و رۆمانه‌ی ته‌رخان کردووه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی مسته‌فا که‌مال. هه‌ر له‌به‌ر خاتری ئه‌ویش کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌ی قه‌ره‌تاوق* ڕه‌وانه‌که‌ی مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕێک ده‌کات که‌ ئه‌و رابه‌رایه‌تی ده‌کات. ‌                                      
 غالیپۆلی * ناوی ئه‌و شه‌ره‌که‌یه‌ که‌ له‌ راستی دا باپیری دی بیرنیسشی تێیدا به‌شدار بووه‌ و به سه‌ختی بریندار بووه‌‌. بۆیه‌ ئه‌و وه‌ک نوسه‌ر پاش تێپه‌رینی ماوه‌یه‌کی درێژ به‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ دا له‌ چاوی باپیریه‌وه رووداوه‌کان وه‌ک پانۆرامایه‌کی هه‌نووکه‌یی ده‌گێڕێته‌وه‌ و شاره‌زه‌یانه‌ وه‌سفی وورده‌کارییه‌کانی شه‌ڕ ده‌کات. ئه‌و‌ خوێنه‌ر ده‌باته‌ نێو مۆڵگه‌ و مه‌ته‌رێزه‌کانی زه‌مینی شه‌ڕ، که‌ پڕن له‌ ته‌رمی له‌شکری تورکان و فرانکه‌کان*.                                                      
قه‌ره‌تاوق پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی رۆمانه‌که‌ کوری که‌سێکه‌ به‌ ناوی ئه‌سکه‌نده‌ری حه‌مباڵ که‌ کاری سه‌ره‌کی دروستکردنی ده‌فر و شه‌ربه‌ و گۆزه‌یه‌. ئه‌و له‌ {ئه‌سکی باخچه‌} که‌سێکی زۆر مێشک کراوه‌ و خۆشه‌ویسته‌ له‌ لای خه‌ڵک. رۆژێکیان ‌ دوو فیکه‌ی له‌ قوڕ بۆ کوڕه‌که‌ی و هاوڕی یۆنانیه‌ مه‌سیحیه‌که‌ی دروست ده‌کات که‌ دواتر ئاوێته‌ بوونی ئاوازی فیکه فیکی‌ ئه‌و دوو مێر منداڵه‌ ده‌بێته‌ ره‌مزێک بۆ ته‌بایی و برایه‌تی و پێکه‌وه‌ ژیان. ئه‌سکه‌نه‌ری حه‌مباڵ کوڕه‌که‌ی و هاوڕیکه‌ی وه‌ک دوو بولبولی {ئه‌سکی باخچه‌} سه‌یرده‌کات، بۆ هه‌ریه‌کێکیشیان ناوێک هه‌ڵده‌بژێرێت. به‌ کوڕه‌که‌ی ده‌ڵێت قه‌ره‌تاوق و به‌ هاورێ مه‌سیحیه‌که‌شی ده‌ڵێت مه‌مه‌دچیک*. ئه‌و دوو منداڵه‌ له‌ به‌یانیه‌وه‌ تا ئێواره‌ ئاوازی فیکه‌ قوڕینه‌کانیان ده‌دا به‌ گوێی کۆڵان و باخچه‌ و لێژی و به‌رزییه‌کانی گونده‌ دڵگیره‌که‌یان. به‌ڵام کاتێک گه‌وره‌ ده‌بن ده‌نگی تۆپه‌کانی شه‌ڕ و هێزه‌ خراپه‌کاره‌کانی ناخی مرۆڤ هه‌ریه‌ک له‌و دوو هاوڕێیه‌ی سه‌رده‌می منداڵی ڕه‌وانه‌ی مه‌یدانێک ده‌کات. قه‌ره‌تاوق به‌ره‌و غالیپۆلی ده‌چێت و ده‌بێته‌ نیشانچێێکی کارامه‌ و جێی باوه‌ڕی مسته‌فا که‌مال، هه‌رچی مه‌مه‌دچیکه‌ ده‌بێته‌ سه‌رکرده‌ی شۆرشگێره‌ یۆنانیه‌کان که‌ له‌ چیاکانی ده‌وروپشتی {ئه‌سکی باخچه‌} شه‌ری پارتیزانی له‌گه‌ڵ تورکان ده‌که‌ن.                   
که‌ شه‌ڕ ته‌واو ده‌بێت هه‌ریه‌ک له‌و دوو هاوڕێیه‌ به‌ جۆرێک ده‌گه‌ڕێته‌وه گوندی سه‌رده‌می منداڵی.‌ قه‌ره‌تاوق به‌ ئاشکرا پیاسه‌ به‌ کۆڵانه‌کانی {ئه‌سکی باخچه‌} ده‌کات و وه‌ڵامی ئه‌و سڵاوانه‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ پڕن له‌ شانازی کردن به‌ ڕۆڵی ئه‌و. هه‌رچی مه‌مه‌دچیکه پاش سه‌رنه‌که‌وتنی فرانکه‌کان له‌ شه‌ڕی غالیپۆلی له‌ چیاکانه‌وه‌ دێته‌ ‌خوارێ و به‌ رێکه‌وت چاوی ده‌که‌وێته‌وه‌ به‌ قه‌ره‌تاوقی هاورێ منداڵی کاتێک له‌ چوارلاوه‌ گه‌مارۆدراوه‌. قه‌ره‌تاوق باش گفتوگۆێێکی درێژ له‌گه‌ڵ کۆنه‌ هاوڕێکه‌ی بڕیار ده‌دات که‌ له‌ قسه‌ی سه‌رانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی ده‌ربچێت و مه‌مه‌دچیکی هاوڕێی له‌ کوشتن ‌رزگار بکات.       له‌م رۆمانه‌ دا سه‌ره‌ڕای ئاماده‌یی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و سێبه‌ری زه‌قی مسته‌فا که‌مال به‌سه‌ر رووداوه‌کاندا، دیوێکی دیکه‌ی‌ پڕه‌ له‌ وورده‌کاری هه‌ست بزوێن و دڵ هه‌ژێن. نوسه‌ر به‌ درێژی باسی ئه‌وینێک ده‌کات له‌ نێوان کچێکی هه‌رزه‌کاری زۆر جوانی یۆنانی به‌ ناوی فیلۆتی و کوڕێکی شوانکاره‌ی تورک به‌ ناوی ئیبراهیم. بوونی ئه‌و ئه‌وینه‌ تا کاتی هاتنی شه‌ڕ یه‌کێک بووه‌ له‌و که‌ره‌ستانه‌ی که‌ نوسه‌ر به‌ هۆیه‌وه سه‌رده‌می ئاشتی و پێکه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵکی له‌ {ئه‌سکی باخچه‌} جوانتر‌ جوانتر نیشان داوه‌. ئیبراهیم وه‌ک شوانکاره‌یه‌کی ئه‌ونیدار و دلساف دوایی‌ شه‌ڕ به‌ جۆرێکی زۆر جیا له‌ قه‌ره‌تاوق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و که‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ ته‌واوی عه‌قلی له‌ ده‌ست داوه‌ و فیلۆتی جوان به‌ ته‌و‌اوی ناناسێته‌وه‌ و دواتریش رووبه‌رووی تاڵترین پێشهاتی ده‌کاته‌وه‌ کاتێک له‌سه‌ر که‌پکه‌ شاخێک خۆی فڕێ ده‌دات و خۆی ده‌کوژێت.                     
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌وینه‌ی ئیبراهیم و فیلۆتی  و برایه‌تی قه‌ره‌تاوق و مه‌مه‌دچیک نوسه‌ر ده‌یان چیرۆکی دیکه‌ی تێکه‌ڵ کردووه‌ که‌ دیوه‌ ناشیرینه‌که‌ی ژیانی ئه‌و گونده‌ی نیشان ده‌دا. بۆ نموونه‌ کاتێک خه‌ڵک له‌یلا خانمی هاوسه‌ری رۆسته‌م به‌ی له‌ مه‌یدانێک دا به‌رد باران ده‌که‌ن کاتێک بۆیان ئاشکرا ده‌بێت که‌ تورک نیه‌ و خیانه‌تی له‌ ئاغاکه‌یان کردووه‌. یان ئه‌و دیمه‌نه‌ دڵه‌ته‌زێنه‌ی کاتێک کوڕێک له‌سه‌ر داوای باوکی پاڵی پێوه‌ده‌نرێت تا خوشکه‌ زگپڕه‌که‌ی خۆی بکوژێت.              
ئه‌م رۆمانه‌ پڕه‌ له‌ ده‌یان چیرۆکی دیکه‌ که‌ خۆشی و خه‌مه‌ وورد و درشته‌کانی خه‌ڵک نیشان ده‌دات له‌ هه‌ردوو زه‌مه‌نی ئاشتی و شه‌ڕد دا. نوسه‌ر ده‌ڵێیت‌ خۆی له‌ راستی دا له‌ نێو رووداوه‌کان ژیاوه‌ بۆیه‌ وا به‌ ووردی و شاره‌زایانه‌ ئه‌و کتێبه‌ی داڕشتووه‌.                                                                                                                                              
لویس دی بیرنیریس سه‌ره‌ڕای ناوه‌ شێوه‌ یۆنایه‌که‌ی نوسه‌رێکی به‌ره‌چه‌ڵه‌ک ئینگلیزه‌ و شاره‌زاییکی ته‌واوی هه‌یه‌ له‌ مێژووی بیزه‌نتی و عوسمانی و میلله‌تانی به‌لقان، به‌ڵام له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ و کورته‌یه‌ک له‌ ناواخنی رۆمانه‌کانی دیکه‌ بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌که‌وێت که‌ نوسه‌ر له‌وانه‌یه‌ که‌متر زانیاری له‌سه‌ر میزۆپۆتامیا و خاکی کوردان هه‌بووبێت‌. بۆیه‌ ناچار ده‌بێت رۆمانه‌که‌ی دی بیرنیریس وه‌ک تایتله‌که‌ چه‌شنی باڵنده‌یه‌کی بێ باڵ ببینێت، باڵنده‌یه‌ک که‌ هه‌رگیز نه‌توانێت خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئاسمانێک بدات که‌ به‌سه‌ر برینێک دا کراوه‌یه‌ که‌ سه‌دان ساڵه‌ خوێنی لێ ده‌چۆڕێت.                             
                             
   
dmasifi289@yahoo.ca

    * غالیپۆلی: ناوی شه‌ڕێکه بۆ گرتن و به‌رگری کردن له‌ ئه‌سته‌مبۆل کاتێک له‌ ساڵی 1915 281000 سه‌ربازی لایه‌نگره‌کان له‌گه‌ڵ 250000   سه‌ربازی توک به‌ شه‌ڕ چوون. له‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ سه‌ربازی هه‌ردوولا نیوه‌یان به‌ ته‌واوی کوژران. ئه‌و شه‌ڕه‌ لای
 تورکان به‌ شه‌ڕی چانقلی به‌ناوبانگه‌.                                                                                                               
*  فرانکه‌کان: زاراوه‌یه‌کی سیاسیه‌ له‌ سه‌رده‌ی عوسمانی به‌کارهاتووه‌ بۆ ناوبردنی‌ نه‌یارانی تورک له‌ شه‌ڕی یه‌که‌می جیهان.             
*   قه‌ره‌تاوق و مه‌مه‌دچیک: ناوی دوو جۆره‌ بولبولن به‌ زمانی تورکی.                                                                              

Previous
Next

Leave a Reply