Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

لۆژیكی به‌خائین كردنی ئه‌وانیتر زاده‌ی خه‌یاڵدانێكی فاشله‌

Be First!
by September 5, 2009 گشتی

        

 

بوونی دیدی جودا بۆ ده‌ركه‌وته‌. سیاسی، ئیداری، كولتوری‌و ئاینی‌و.تاد. له‌ چێوه‌ی هه‌ركۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا. به‌ره‌نجامی سروشتی بونیادی كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌. دواتر به‌ ئازادی گوزارشتكردن له‌و بونی به‌ جیا هه‌ڵكه‌وتووییه‌. چ وه‌ك تاك‌و یان چین‌و كۆمه‌ڵه‌‌و .هتد. زاده‌ی سه‌رده‌می عه‌قڵانیه‌ته‌. له‌مپه‌ر دروستكردن له‌ به‌رده‌م ئه‌وانه‌ی، كه‌ وه‌ك تۆ بیرناكه‌نه‌وه‌، دابه‌شكردنی دونیا به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری راست‌و هه‌ڵه‌، شۆڕشگێڕ‌وخائین، ئه‌م كرده‌ له‌ ئاگاییه‌وه‌ بێ‌ یان بێ‌ ئاگا كارپێكردنی عه‌قڵه‌ له‌ ئیتاری  ره‌ش‌و سپی، ئه‌م كرده‌ش له‌ كورترین راڤه‌دا ده‌رچونه‌ له‌ ئه‌قڵانیه‌ت.. گومان له‌وه‌دانییه‌ كۆی نه‌هامه‌تی‌و شه‌ڕو كوشتارگه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، له‌ زۆر كۆن‌و به‌ ئێستاشه‌وه‌ كه‌ زۆر له‌ وڵاتان كێشه‌ی ناوخۆییان هه‌یه‌. جگه‌ له‌ مرۆڤ خۆی هیچ پاڵنه‌رو ده‌ست‌و هێزێك نییه‌ له‌ پشتی ئه‌م كرده‌ی مرۆڤ كوژییه‌وه‌بێت. جا لێپرسراوانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ‌و درێژپێدان‌و بریاره‌كانی كۆمه‌ڵكوژی‌و داگیركاری‌و له‌ به‌رامبه‌ر دا لایه‌نی به‌رگری له‌ خۆكه‌ر كێن‌و كه‌مینه‌ن یان زۆرینه‌، كێ‌ زیاتر گوناهی له‌ ئه‌ستۆیه‌و كام لاكه‌متر ئه‌مه‌ بابه‌تێكی تره‌. ئه‌وه‌ی قسه‌ی منه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هۆكاری ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ مرۆڤ خۆیه‌تی‌و زیان‌و له‌ ناوچونیش دیسان بۆ مرۆڤ‌و ده‌ستكه‌وت‌و پێدراوه‌كانیه‌تی.. به‌كورتی جه‌نگ‌و ململانێ‌ دوڕدۆنگی‌و په‌رچه‌كردارنواند له‌ ئاست ده‌ركه‌وتنی جیاوازییه‌كان‌و نه‌فی كردنی ئه‌وانیتر  به‌ پاساوی نا نیشتمانی‌و داتاشینی دوژمنی وه‌همی‌و ده‌ستی ده‌ره‌كی‌و.هتد. زاده‌ی خه‌یاڵدانێكی فاشله‌، جیهانی عه‌ره‌بی نمونه‌ی پاشكۆیه‌تی ئه‌م لۆژیكه‌ن‌و له‌ به‌رامبه‌ردا خۆرئاوا به‌ ڕێژه‌یه‌كی باش نمونه‌ی خۆشنوده‌ییه‌ له‌ سایه‌ی دیالۆگ كردنی جیاوازییه‌كان‌و كولتوری لێبورده‌یی‌و.تاد. عه‌ره‌ب خاوه‌نی شارستانیه‌تێكی مه‌زنی ئیسلامی‌و سه‌رزه‌مینێكی به‌رین‌و سامانێكی زۆری مادی‌ومرۆیی‌و .هتد. به‌ڵام چونكه‌ خاوه‌نی روانینی كراوه‌نین بۆ خۆیان‌و ده‌ره‌وه‌. ده‌بینین چۆن جیهانی عه‌ره‌بی له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می فتوحات‌و دواتر ئیمپراتۆره‌ كانیان. كه‌ له‌ ساته‌وه‌ختێكی مێژووییدا ده‌سه‌ڵاتیان ده‌گه‌یشته‌ به‌شێكی ئه‌وروپاو به‌شێكی زۆری ئاسیاو ئه‌فریقیا. به‌ڵام كه‌ داخران‌و هه‌ڵوه‌دابونی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌ستكه‌وتی تایبه‌ت‌و به‌ سێنته‌ر كردنی بنه‌ماڵه‌و دواتر ناوچه‌و حزب كرا به‌ ئامانج. ده‌ره‌نجام هه‌ر دونیا بینی‌و ته‌رحێك، كه‌ له‌ خزمه‌تی  ئێلیتی سیاسی‌و بازنه‌ی فه‌رمان ڕه‌وا نه‌بێ‌. ده‌چێته‌ خانه‌ی حه‌رام‌و نا نیشتمانی. هه‌روه‌ك چۆن  له‌ كۆندا ره‌وتی " موعته‌زیله‌ و  دیدی ئبین روشد و ئیبن سینا‌و زۆری تر كه‌ ته‌رحی نوێیان بۆ تێگه‌یشتن له‌ دین هه‌بو. حه‌رام كران. به‌ هه‌مان ناوه‌ڕۆك به‌ڵام به‌ ڕواڵه‌تی جودا ده‌بینی ئێستاش زۆرترین ئۆپۆزسیۆنه‌كانی نیشتمانی عه‌ره‌بی. له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌ر زه‌مینی خۆیان دروست ده‌بن. له‌ ئاستی كه‌سیش  ئه‌وانه‌ی بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و میتۆدی نوێیان بۆ تێكست‌و كولتوری داخراو پێیه‌ گوێیان لێناگیرێ‌، یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیشتمانی خۆیان ده‌رفه‌تی قسه‌كردنیان هه‌یه‌. به‌گشتی تا هه‌نوكه‌ جیهانی عه‌ره‌بی. سه‌رزه‌مینی دوو به‌ره‌یه‌. به‌ره‌ی بژارده‌یه‌كی ده‌سه‌ڵات‌و زۆرینه‌ی بێده‌نگ كراو. به‌ره‌ی نیشتمان په‌روه‌رو خائین، به‌رگری كار له‌ حه‌قیقه‌تی ئیسلام‌و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌. ئه‌م ڕوانین‌و لۆژیكه‌ی سه‌رانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌. ده‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ی كورد كه‌ له‌ ژێر باری داگیركاری سیاسی‌و كولتورهایه‌كی داخراوین. گومان له‌وه‌دانییه‌ كه‌ كاریگه‌ری ئه‌م دونیا بیینه‌ به‌سه‌ر جۆری بیركردنه‌وه‌ی ئێمه‌ش بینراوه‌. بۆ ئه‌مه‌ش  شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌كان نمونه‌ی زیندو به‌ڵگه‌نه‌ویستن. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ ئێستادا پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم به‌دیاری كراوی دوای 2003 پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێ‌وه‌. 25/7/2009 ش هه‌نگاوێكیتره‌ و ده‌كرێ‌ به‌ قۆناغێكی نوێ‌ له‌ مێژووی كاری سیاسی له‌ كوردستان ئه‌ژمار بكرێ‌. له‌م قۆناغه‌دا ئه‌گه‌ر هێزه‌سیاسییه‌كانی گۆڕه‌پانی كوردستان به‌ ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن‌و گه‌وره‌و بچوك. چاو له‌ ئه‌زمون‌و مۆدێلی له‌ كیشوه‌ری ئاسیا. ئیسرائیل‌و توركیا‌و هندستان. بكه‌ن ئه‌وه‌ بێگومان. ئه‌م قۆناغ‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌بێته‌ خاڵی به‌هێزی پڕۆسه‌ی پێشخستن‌و چه‌سپاندنی پێگه‌ی كورد له‌ كوردستان‌و ئێراق‌و ناوچه‌كه‌. ئێمه‌ زۆر گرنگه‌ سود له‌ ئه‌زمونی ئیسرائیل وه‌ربگرێن.  به‌ بڕوای زۆركه‌س نهێنی سه‌ركه‌وتنی جوله‌كه‌. له‌ یه‌كگرتویی خۆیاندایه‌. دیاره‌ یه‌كگرتوه‌یی به‌ ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌. یه‌كێتی له‌ چێوه‌ی رێزگرتن له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان‌و سود وه‌رگرتن له‌ دیده‌ جیاوازكان. "كوردیش ده‌ڵێ‌ دو عه‌قڵ له‌ عه‌قڵێك باشتره‌" ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ راستبێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد له‌ نێوه‌ندی رۆژهه‌ڵات‌و له‌ سایه‌ی واقیعێكی سه‌پاودا وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت له‌ سایه‌ی ئه‌م دیفاكتۆیه‌ی هه‌رێمی كوردستان. پێویسته‌ له‌ ناوخۆدا رێز له‌ دیده‌ جیاوازه‌كان بگرین‌و به‌دوای باشترین میكانیزمدا بگه‌ڕین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ناوكۆیی هێزو حزب‌و رێكخراوه‌كان‌و دواجار ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێكه‌وه‌ ببه‌ستێ‌‌و له‌ توانای دابێت متمانه‌ له‌ نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵات دروست بكات. بۆ ئه‌م ئامانجه‌. به‌بڕوای من پێویسته‌ . له‌ جیگای دوڕدۆنگی دیالۆگ‌و له‌ جێگای سه‌نگه‌ر لێگرتن پێكه‌وه‌ سه‌نگه‌ر گرتن‌و له‌ جێگای به‌ خائین كردنی ئه‌وانی تر قه‌بوڵكردنی جیاوازییه‌كان. دورشمی كارمان بێت. حزبێك یان ئه‌و دوو حزبه‌ی كه‌ تادوێنی خۆیان به‌ تاكه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك ئه‌ژمار ده‌كرد. ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانن ئێستا هێزی تریش نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك ده‌كه‌ن به‌ڕێژه‌ی جیاواز. به‌مه‌ش چه‌مكی راستی‌و نیشتمانی‌و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك‌و.هتد. دابه‌ش بوه‌. هه‌نوكه‌ ئه‌وان به‌ته‌نها خاوه‌ن هه‌مو راستییه‌كانین. ئه‌گه‌ر دان به‌م دابه‌ش بوونه‌دانه‌نێن‌و نكۆڵی له‌ هه‌ر ده‌ركه‌وتێك بكه‌ن. ئه‌وا بێگومان ئه‌م كاره‌. شه‌ن كردنه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی شه‌ماڵ.. هاوكات ئه‌م قسه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن‌و هێزه‌ نوێیه‌كانیش دروسته‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌ره‌تای راستی‌و هێڵی نیشتمانی‌و سه‌نگه‌ری عه‌قڵانیه‌ت له‌و رۆژه‌وه‌ بنوسنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانی تێدا ده‌ركه‌وتن ئه‌مه‌ش به‌قه‌د دیدی تاك ره‌وی ده‌سه‌ڵات ترسناكه‌. بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موان دان به‌وه‌دابنێین كه‌ راستییه‌كان دابه‌شده‌بن‌و كار به‌ پره‌نسیپی رێژه‌گه‌رایی له‌ ئاست كۆی. دید و روانین‌و ته‌رحێك بكه‌ین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كتر نه‌خوێنیه‌وه‌ په‌رت بون ئه‌نجامه‌.. به‌مه‌ش زیانی مه‌ترسیدار تاحه‌دی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر مۆته‌كه‌یه‌. چونكه‌ ئێمه‌ نه‌خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سنوردیاریكراوی خۆمانین‌و نه‌ له‌ چێوه‌ی وڵاتێكی دیموكراتیشدا ژیان ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ تا هه‌نوكه‌ به‌نده‌ به‌ بڵانسی هێز له‌ نێوان ئێمه‌ ناوه‌ند. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پرسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، كه‌ گێڕانه‌وه‌یان" 100% " په‌یوه‌سته‌ به‌ هاوسه‌نگی هێز له‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا. دواجار ده‌ڵێم  لۆژیكی به‌ خائین كردنی به‌رامبه‌ر كاڵایه‌كی به‌كار هاتوی دراوسێكانمانه‌و ئه‌وان خێریان لێی نه‌دیوه‌. بۆیه‌ گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ ئه‌زمونێكی فه‌شه‌ل ئه‌زمون بیكه‌ین.

 fakrradin@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply