Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
لیر شا ….دیار عومه‌ر

لیر شا ….دیار عومه‌ر

Closed
by January 10, 2012 شانۆ

 شا(لیر) شایەکى ناو داستانەکۆنەکانى بەریتانیایە”،ناوەکەى لە ناوى خوای ئاوى سلتی وەرگیراوە .چیرۆکی شانۆگەریەکەى لە پەرتوکە مێژوویەکەى (رۆفائیل هۆلەنشید 1577 )وەرگرتووە ،کە سەرچاوەى هەندێ لە نوسینەکانى تری شکسپیرە وەک،ماکبێس و سیمبلین.
 لە چنینى دووەم سودی لە داستانێکى شعری وەرگرتوە بە ناوى (ملکە جان) ،کە چیرۆکى گلۆستەرو کورەکانیەتى
 لیرشا لەساڵى 1605 نوسراوە ،یەکەم جاریش لە سالى 1606 نمایش کراوە .
 
سەیری مەرگەساتەکانى شکسپیر لەوە دایە، کە لایەنى باشە لەکۆتای دەبێتە قوربانى کە مرۆڤەکانن .ناکرێ مرۆڤەکان بێ بەش بونیان هەبوبێ لە خراپە و خراپە کاری….مرۆڤە پاکەکان بەئاسانى دەکەونە تەونى شەڕ خوازان و فێلبازان و پیاو کوژان…(دێزدەموناو دەنکان و کۆردیلیاو یۆلیۆس قەیسەرو رۆمیۆ جولێت………..)
 لیرشا کە هەڵسورێنەری مەرگەساتەکەیە خۆى ناکەوێتە دەرئەنجامى بریارە هەڵەکانى و کۆردیلیا دەبێتە قوربانی ……چى وا لە لیر دەکات مەملەکەتەکەی دابەشبکا ؟ ئایا دارشتنى چارەنوسێکى شومە بە دەستى خۆى ؟ یان نەگبەتیەکە عەقڵ پێی ئەکا ؟
 ناکرێ لیر وەک پاشایەکى گەڕۆک مانگانە لەلاى کچێک لە کچەکانى بە خۆى و سەد سوارەوە بێت . بە دەرکەوتنى لیر کە گەڕۆکە و دەربەدەر دەبێت هەر لە سەرەتای چیرۆکەکەیە، کە ئەبێ بزانێ بەم شێوەیە ژیان بەسەر دەبات تا ئەجەلی دێت و ئەمرێ. پیرێکى هەشتا ساڵەى تێر دونیاو خواردن و پڕ شەر و بەجەرگ، کە لە گەنجێتیدا قارمان و سەرکەوتووى سەدان شەڕ بوو، بوو بە دۆڕاوى عەقڵە پیرەکەى خۆی . پیرێک کە ڕێگا بە ڕاوێژکارەکانى نادات تەنانەت کێنتی بە وەفاش بۆی نییە قسە بکات. هیچ کەسێک لە کەرنەڤاڵى دابەشکردنى ووڵات بۆی نەبوو قسە لە قسەى شایەکى هەشتا ساڵى بکات، کە خۆی کۆتایی بە دەسەڵات و مەملەکەتەکەى خۆی هێنا. خۆ ناکرێ کورسیەکەى لەسەر پشتى ئەسپەکانى بێ و لە دادگایەکى درۆزنانەى پڕلە گاڵتەى بەهلوول و توڕەیی ڕەشەبا پاشایەتى خۆى بسەلمێنێ . وەزیرێکى ڕاستیش لە هەڕەشەکانى لیر ناترسێ و درێژە بە ئامۆژگارییەکانى دەدات بۆ پاشایەکى بێ عەقلڕ و بێ مەملەکەت.
 
لیر : کەوانەکان پڕن لە تیر تەنیا چاوتروکانێک تیرەکان ئەگەنە شوێنى دیاریکراو ….. ئاگادار بە تۆ نەبی … خۆت لادە .
 کینت: گەر بە تیرى تۆ گیانم وشک بێ، با بمکوژن.
لیر: لاچۆ گەمژە، پێویستیم بە ئامۆژگارییەکانت نییە.
 
وەزیرێکى بەوەفا ئاسان نییە لە وێران بوونى مەملەکەتێک و هەڵەى شایەکەى بێدەنگ بێت، کێنت ئەزانێ لیر گوێ بە قسەکانى نادات بەڵام نەزانی کێنت و کۆردیلیا بوو چاڵەکەیان قولڕ تر کرد بۆ لیر… نەزانینی ڕەفتار کردن لەگەلڕ گەمژەیەکى هەشتا ساڵان، لیر شێت دەکات.
 
کێنت : (بە توڕەییەوە ) خۆت ئەخەیتە چاڵێکى تاریک… بە ئاگاییەوە بڕیار بدە، بیری لێبکەرەوە ئەوەی تۆ ئەیکەى کارێکى مەزن نییە، بەڵکو چاڵێکى تاریک و کۆتاییەکى تاڵ و ناخۆش و ترسناکیشە.
 
لیرێک لە هەموو ژیانى بە سەروەرییەکانى جەنگ ناسرا بوو زۆر لەلاى ئاسایی بوو مەملەکەتەکەى پارچە پارچە بکات ، دەرکردنى وەزیرێکیش لە پاککردنەوەى پرتەقاڵێک ئاسانترە ، نەک تەنیا دەرکردنى بەڵکو بینینى لە وڵات کوشتنى بەدواوەیە.. کێنت کە بەوەفا و ڕاستگۆ بوو هێشتا هێور و لەسەرخۆیە کە دووبارە بە لیر دەڵێتەوە .
 
کێنت: من بە دڵپاکیەوە ئامۆژگاریم کردى دەیسەلمێنم .
 
کێنت یەکەم کەس بوو لیری لە هەڵەکان ئاگادار کردەوە تەنانەت پێش( بەهلوول)یش کەوت ..
 
(ماڵئاوایی کۆردیلیا)
 دیارە هەڵە کەرەکان یان غەدر لێکراوەکان ئارەزووى شووکردنیان بۆ یەک هەیە . ئەوەتا میرێکى لاوى فەڕەنسى زۆر گرنگى بە موڵک و بەشە میراتى کۆردیلیا نادات و داواى ڕەزامەندی هاوسەرگیری لێدەکات… شای فەڕنسى لە سەرسوڕمانى بە پاکى و ڕاستگۆیی کۆردیلیاوە بووە هۆی هەڵبژاردنى ، بە تایبەت لە گەورەترین ئان و ساتى دابەشکردنى مەملەکەت .
 
کۆردیلیا : هیچ ….
 لیر : هیچ لە هیچەوە دێت …
 
لە چیرۆکى لیرشادا وشەى هیچ (nothing) چل و نۆ جار دووبارە دەبێتەوە ئەم هیچییەش بوو لیری بەرەو شێتى برد. لە کاتى ماڵئاوایی کردنى کۆردیلیا بە چاوى پڕ گریانەوە بە دوو خوشکە فێڵبازەکەى دەڵێ

کۆردیلیا : توخوا ئاگاداری بن پیرە…
 
زیرەکى گۆنڕێل و ڕێگان لە وەڵامە خێرا و گونجاوەکانیاندایە،(پێویستیمان بە ئامۆژگاری تۆ نییە، خۆ هیچ شتێکت لە ئێمە زیاتر بەرنەکەوتووە، بگرە هیچ، لەویش کەمتر، دەربەدەر بووى) .
 دوایین دایەڵۆگى لیر بۆ کۆردیلیا بە ناڕاستەوخۆیی بە شای فەڕەنسی ووت

لیر : بڕۆ بۆ کوێی دەبەى بیبە، نامەوێ چارەى ببینمەوە.
 
کۆردیلیا دۆڕاوى هەق و زوڵم لێکراویش بوو…..پیرێک بە دەرکردنى کەسە بە وەفاکانى ئارامى دەبێت و زۆر لەسەر خۆ ژیانى ئاسایى خۆی بە ئارامى لە کۆشکى گۆنرێل بەسەر دەبات، تا دەگاتە ئەو ئاستە تێگەیشتنەى کە هەست بکات قسە رازاوەکانى کچەکانى لە کاتى دابەش کردنى مەملەکەتەکەی هەمووى درۆ بوو ..ئەمیش لە چۆنیەتى قسەکردن لەگەڵى ،واى نیشاندەدەن کەوا بێ دەسەڵاتەو مایەی بێزار کردنى ئەوانە لیر لێرە ئامۆژگاریەکانى کێنتى بیر دەکەوێتەوە کە نە ئەبوایە مەملەکەتەکەى دابەش کردبایە. لیر هەست بە گۆرانکارى دەکات ، بەڵام قەت خۆى بە بێ هێزى نیشان نادا و خۆى لێ گێل دەکات .
 لیرخۆى دەخزێنێتە یاریەکى قورسەوە لە نێوان (شا)یەتى خۆیی و هێزى خۆى، دەر ئەنجام بەدۆراندنى عەقڵى یاریەکە تەواو دەبێت.
 گۆنرێل هەر لەسەرەتادا بێزاری بەرامبەر بە باوکى دەر بڕی ،کە گوایە باوکى کابرایەکى بێزارەکەرە و سوارەکانیشی بێ ئەدەبن. ئامیۆژگاریەکانى گۆنرێل بۆ خزمەت کارەکەى بەتەواوەتى ناخى گۆرنرێل دەردەخات .ئەمە یەکەم دەرکەوتنى لایەنى خراپەى گۆنرێل بوو ،لەلایەکیتریش کردنەوەى دەرگاى دووەمى مەرگەساتەکەیە.

گۆنرێڵ: گەر بانگى کردى وەڵامى مەدەوە ، گەر فەرمانێکى پێ راسپاردى مەى کە.
 
هەر لەوێوە لیر گاڵتەجارى خۆى دێتە بەر چاو کە چۆن مەمڵەکەتەکەى کرد بە دوو بەشەوە.دەکرێ خۆشی بە دوو بەش بزانێت، لە لایەک خۆى وەک پاشا دەنوێنێ و نایەوی کەسایەتى خۆى لە دەست بدات، لە لایەکى ترەوە خزمەت کارەکانى کۆشکی کچەکەى پشت گوێی دەخەن و بەگوێی ناکەن. تێکچوونى لیر لەم بەریەککەوتنانە دروست دەبێت، کەخۆ هەڵخەڵەتاندنە.
 بەوەفایى کێنت و سەلماندنى قسەکانى
 کێنتى دەرکراو لەلایەن پیرى گەمژە، چۆنیەتى سەلماندنى وەفاى وەزیرێکى راست گۆ
 کە دەرکراوى ئامۆژگارەیە باشەکانیەتى، ئاسان بتوانێت مەملەکەتێکى دابەش کراوى وێران جێ بهێڵێت. پیرە توڕەو سەرلێشێواوەکەش بڕیارى داوە گەر لە مەملەکەتەکە بمێنێت ئەوا لەسێدارەى دەدات. سەلماندنى قسەکانى خۆى وابە ئاسانى ناکرێ، دووبارە کێنت تاوانبارە لە نەزانینی رفتارکردن لەگەڵ لیر، چونکە ئەزانێت لیر سەرەرۆ و گێلە، ئەگینا هیچ شایەک نیە وەزیرێکى خۆى نەناسێتەوە بە گۆرینى جل و بەرگى، دەکرێ بە خاڵێکى سادەى لیریش ناوزەنی بکەین. خۆ گۆرینى کێنت و رۆیشتنى و چاودێری کردنى لیر لە نزیکەوە لووتکەى وەفاى کێنتە. کە لیر هیچ پێویستیەکى بەو نەبوو، خۆى بە دەرکراویی وبە سەد سواریشەوە، بێگانەیەکیش .ئەبنە میوانى کچی دووەمى. پێشوازى کردنى کچی دووەمى لە لیر بە فەلاقە کردنى کێنت دەبێت. لە لەلاى گۆنرێل، کە خزمەت کارەکە وەڵامى لیر ناداتەوە یەکەم کەس کێنتە خۆى بۆ ناگیرێت و پەلامارى دەدات لیر لەوێوە ئەو خزمەت کارەنوێیەى(کێنت) بە کەسێکى بەوەفا زانى، نازانێت کۆنە وەزیرەکەیەتى پێى دەڵێت فەرموو بۆ مێزى خواردنى من .
بەهلوول

هاوڕێکانى لیر، دواى لەدەست دانى مەمڵەکەتەکەى لەکەمى دا، تەنیا وەزیرە بە وەفاکەى نەبێت لەگەڵ بەهلوولەکەى مانەوە .لیر جار بە جار بە قسە خۆش ناوى دەبات، جار بەجاریش بە شێت. بەهلوول هەوڵدەدا لە خەمەکانى لیر کەم کاتەوە، کەچی بەدەوامیش شتە ناخۆشەکانى بیر دەهێنێتەوە، لە زۆربەى دیمەنەکان پێش خەون و بۆچوونەکانى لیر دەکەوێ، ئەوەى جێ سەرەنجە لە لیرشا، کە لیر بۆتە گاڵتەجارى بەهلوولەکەى. کە ئەمە نەگونجانێکى تۆزێ پێکەنیناوى ناو ترژیدیایەکى مەزنە. بەهلوول هەولێ دەدا لیر وەک کەڕێکى گوێگران گوێ بیستى شتەکان نەبێت، دەیویست تۆزێ لەخەمەکانى سووک بکات، بەهلوول هەر زووهەستی بە ئامادەکاریەکانى گۆنڕێل کردبوو بۆ دەرکردنى لیر، ئاگادار بووکە گۆنڕێل لە هەولێ لەناو بردنى باوکى دایە. هەستى بە فێر کردنى خزمەت کارەکانى دەکرد لە لایەن گۆنرێلەوە فێر کرابن، کە هەموو شتەکانى لیر پشت گوێ بخەن. بەڵام ناکرێ واز لەگاڵتە مانە ئامێزەکانی بهێنێ و ناکرێ شایەکى گەمژە هەڵەکانى بیر نەهێنرێتـەوە، چۆن هەر لە سەرەتا دا بە لیر دەڵێت( ئەو کچە پیسە)، کە مەبەستى گۆنرێڵە. ئەبوایە داڵدە و دڵنەوایی باوکێکى پیرى برکردبایە .هێشتا لیر دەرنەکرابوو بەهلوول ئەمەى وتبوو.
 
گۆنرێل: بێزار بوو لەژیانم لەگەڵ تۆ. سەربازەکانت زۆرن ،با باوکیان رسقیان بدات .
 بەهلوول نایەوێت راستەوخۆ شتەکان بە لیر بڵێت بۆ ئەوەى نەبێتە هۆی دڵتوندى لیر، لیر لە وەڵامى گۆنرێڵ دەڵێت :
 ئەوانەى لەگەڵ منن بێدەنگن و مرۆڤى بەرێزن، رێگا بەتۆ نادەم بەم شێوە درۆزنانە باسی پیاوەکانم بکەیت. خوا دڵى گەورەیە کچێکى ترى داومەتێ .
 
لیرێک دوواى هەنگاوى یەکمیشی کە هەڵەکانى خۆى بۆ روون بۆوە، هێشتا ناوى کۆردیلیا ناهێنێ و دەڵێ کچێکى ترم هەیە ناڵێت دووان .لیرى دڵڕەق و سەرگەرم تەنیا بەرەشەبا و باران سارد دەبێتەوە .
 لیر: کچەکەى ترم رێزم دەگرێت دڵنیام بە شێوازێکى باش پێشوازیم لێ دەکات دەشزانێت کە ئەرکم لەسەریەتى، کە تۆ پێت ئەوت پیس و بەدفەرە .
 هەر لەپێش گۆنرێڵ دوعاى لێدەکات و دەڵێت:

لیر : خوا تۆڵەى منت لێ بکاتەوە، بتکاتە پەندو بەهیچ شێوەیەک منداڵت نەبێت وەهیچ مرۆڤێکە خێر و رەحمت پێ نەکات لەخەمان، لەشەرمان ،لەشەرەنگێزى خۆت، بمری.
 
بەهلوول هەموو ئەو بریار و دووعایەی لیر بەگاڵتەجارێکى تازە دەزانێت
 
بەهلوول: بۆمن بێت مامە دوو گاڵتەجار، یەکێکیانیت دەدەمێ بۆ ئەوەى لە چاوى خۆمەوە گاڵتەجارە ڕاستەقینەکە بدۆزمەوە،،، کە گومانم لە تۆ یە دەرچیت..
 لیر : ئەی چی لەگاڵتەجارەکەى تر دەکەیت لەکوێیە؟
بەهلوول : ئەوەتا مامە ( ئاماژە بۆ لیر دەکات) .
 
لیر ئەبێ چاوەرێى چى بکات لە رێگانى کچى دووەمى؟
 
بەهلوول:پێوست ناکات چاوەرێى شتى باش بکەى ،لەئێستاوە دوو دڵۆپە فرمێسک بۆ هەڵەکانت هەڵڕژە، پاشان تامیان بکە، یەک تامن، لەتۆوە بوون، بەڵام تۆ نەبوى لە کۆشکى خۆت هەردووکیانت دڵدابوو؟ئەى دوو تاجت لەسەر نەنان؟!ئەى مەملەکەتەت بەسەر دوو گورگ دابەش نەکرد؟ ئەمرۆ توشی پارچە یەکەم بوویت لە دووان، بێ بەش دەبیت ..لەماڵێک بۆ ماڵێکى تر دەرۆیت، کە بەشت لەوێش نیە ..دوو زۆڵت هەبوو مامە نەک کچ .
 لیر: راست دەکەى شێتى عاقڵ. بەڵام کاتى پەشیمانى بەسەر چوو،تازە ناتوانین هیچ بەرامبەر بە رابردوو بکەین ..کچی ترم هەیە، ئەو وانییە دڵنیام دەرگاکانم بۆ واڵا دەکات، ڕۆژگاریش راستى قسەکانم دەسەلمێنن .
 لیر دەیەوێت ماوەى ژیانى لەلاى رێگانى کچی دووەمى بەڕێ بکات ،نێردراوى خۆى کەوەزیرە شاراوەکەیە ،کێنت بە نامەیەکەوە رەوانەى لاى رێگان دەکات، تا پێى بڵێت پاش ماوەیەکى کەم لیر دەگاتە لاتان و پێشوازى لێ بکەن . بەڵام نێردراوى گۆنرێڵ ،کە خزمەت کارەکەیەتى لە هەمان کات دەگاتە کۆشکى رێگان، هیچ لەبەردەم کێنت نامێنێ بۆ رێگانى باس بکات، یان باسی کێشەى دەرکردنى لیر بکات لەلایان گۆنرێلەوە، یان بڵێت من نێردراوى باوکتم.. دەر ئەنجام فەلاقە چاوەرێیەتى .
 
کێنت: خۆسەگى بەردەمى دەرگاى ماڵی باوکت بوومایە هەر ئەو رەفتارەتان لەگەڵ دەکردم .
 
ناکرێ ئەم دوو خوشکە پێشتر هیچ قسەیەکیان لەبارەى ئەم لێکچوونانەیان نەکردبێ ،کە لە دەقەکە هیچ باسێکى لێوە ناکرێ ،چونکە تەنیا نامەیەک بەس نیە بۆئەوەى نێردراوى باوکى فەلاقە بکات، بەڵکو پلانى چەندین شەوی بەیەکەوە نووستن و داخ باس کردنیان لە لای یەک بوون. ئەم دوو خوشکە بە پلان کاریان بۆ ئەم ڕۆژە کرد، ئەگینا بەرێکەوت نەبوو.ئەگینا خزمەتکارى خوشکى و نێدراوى باوکى، هیچ جیاوازیەکى بۆ رێگان نیە.
 هەر پاش ماوەیەکى کەم لەفەلاقە کردنى کێنت ،لیر دەگات و زۆر توڕە دەبێت. وەڵامى رێگان چی یە؟

 ڕێگان: وابزانم خوشکەکەم لەسەر هەق بوو.. ئەى باوکى پیر تۆزێ هێور و لەسەرخۆبە ، گۆنڕێڵ سەر و هۆشی لە دەست و پێوەندەکانت نەمابوو.
 
هەشتا ساڵییەکى وەک لیر تا ئێرە بڕوا بە گەمژەیى خۆی ناکات و دەڵێت

 لیر : ئەوەى چاو دەی بینێت دەبێت راست بێ ؟!

 لیر ناتوانێت بڕوا بەم قسانە بکات کە لە کچی دووەمى گوێی لێدەبێت ، وا دەزانێت لە خەو ئەژی، بروا بە راستى بوونى رووداوەکان ناکات .
 گۆنرێل نەک تەنیا خراپ بوو، بەڵکو بێ بەزەیی بوو بەرامبەر بە باوکێکى هەشتا ساڵانە، تەنانەت رقیشی لێبوو، ئەوەتا لە نامەیەک بۆ (رێگان) رێگاى نیشان دەدات، یان پێش نیارى ئەوە دەکات، کەئەو پێ ی وتووە ئەبێت پەنجا سوار چاکت هەبێت، بەڵاَم تۆبڵی 25 زۆرە.(رێگان) یش دەڵێت پێنج بەسە، گەر نەت بێت باشترە، چونکە خزمەتکارەکانى من هەتاهەتایە لەخزمەت تۆ دا دەبن .
 لێرەوە لیر بۆى دەردەکەوێت دووەمین کچی زۆر چاکتر نیە لە یەکەمین،، تا ئێرەش لیر نکۆڵی لە بوونى کچی سێیەمى دەکات .

لێر : وەرن بابڕۆین نێردراو بەهلوولەکەم . جارێکى تر من نابینەوە .
 
بۆکوێ ؟! (لیر)ێک بستە خاکێکى لەژێر دەستى خۆی نەهێشت، بەتەمای چ کۆشکێک دەروات؟پێچەوانەى کەشتەیەکانى دوونیا رووە و باو باران ،بەروە ڕەشەبایەکى ڕوومەت بڕ

 ڕەشەباوشێتیەتى لیر
 
شەوێکى ساردو باراناوى، کچەکانى لیر باوکیان دایە دەست رەشەباو هیچ بەزەییەک لە گونرێل ورێگان نەبینرا،(لیریش) چاوەرێی بەزەیى ناکات……..
 لەناو رەشەباکە لیر وانەیەکى تر فێردەبێ کە تەنیا دوو دڵسۆزەکەى لەگەڵ دەمێنێ کە کێنت و (بەهلوول)ن …دەست و پێوەندەکانی لەگەڵ ڕەشەباکە وون دەبن ، ئیدى لیر ناتوانێ خۆی بەخێو بکات چۆن ژیانى ئەوان دابین بکات؟
 توڕەیی رەشەباکە لە توڕەیی خواوەند دەچوو،لوورەو هاژەى رەشەباکە لە شێوەی نێردراوێکى دۆزەخی بوو، کە بۆ دڵڕەقى کچەکانى لیر هاتبێ،بەڵام ئەوان لە کۆشک و تەلاری خۆیانن ..تەنیا لیرە، کە دەتوانێ بەرەو رووی ڕەشەباکە ببێتەوە ،ئەوەتا دەڵێ:
 
لیر:دایکوتە، با روومەتەکانم شەقار شەقار بێ………………..
 
لیر هێشتا رەشەباکەى پێ دڵنەرمترە لە کچەکانى
 
لیر:هاوارکە ئەى رەشەبا توڕەو تووندەکە ،تۆی بێزارکەری مەملەکەتەکان، ئەرزەکەی بکە بەدوو بەشەوە، لەت لەتی کە ،دارەکانى لە ڕەگ و ڕیشە هەڵکێشە ،خۆڵە بێ سودەکەى لێ فرێدە، کە بە کەڵکى هیچ نایە، دوایی دایکە باران بۆ بەشە بەسودەکەی ..
 
توڕەیى رەشەباکە زۆر زۆر ترە لە توڕەیی لیر،،گرمە گرمى بروسکەو تروسکەى تووڕە چاویان کوێر دەکرد،توڕەیی ئاسمانە لە زەووی ،،توورەیی زەووى لە مرۆڤەکان
 
لیر:توڕەبە،ماڵی کچەکانم خاپوور کە .ئاخ لیر دوو بەچکە گورگت پەروەردە کرد،،بیبارێنە، ئەو دۆزەخەى من دامرکێنە ..
 
لە توڕەترین ساتەکانى لیر، یادگاریە تاڵەکانى بیر دەکەوێتەوە و گوێی لە قسە هەڵخەلەتێنراوەکانى کچەکانیەتى ،کە لە کاتى دابەش کردنى مەملەکەتەکەی..لیر بەراوردى خۆى دەکات لەگەڵ ئەوان..
 
لیر:هەڵخەڵەتام…زەینم هەڵى خەڵەتاندم ،قسەی کچەکانم هەڵیانخەلەتاندم ،،بەرامبەر خۆشەویستیان لە خشتیان بردم ..جا تۆ بۆ تورە نابی ؟؟..دەهەڵیکە ئەى رەشەبا، تووڕە تر تا شاخە بەرزەکان ژێرخاک دەکەیتەوە …..
 
ئەو شێتیەى لیر و بەهلوول ، خۆگۆرین وخۆشێت کردنى کێنت وئەدگارد،جیاوازە. جیاوازى هەر یەکەیان لەگەڵ ئەوى تر، پەیوەستە بە گۆڕان لەباری کەسایەتیەکان ،تەنیا بەهلوول نەبێ سروشتى کەسیەتیە کەى وایە ،هەچەندە ئەویش هەندێ کاریگەری بەسەرەوە هەیە بەتایبەت لە دووای دەرکردنى کۆردیلیا…
 
لیر:کوا بەهلوولەکەم نایبینم؟
 دەستوپێوەند:لەوەتەى کۆردیلیات وەدەرنا،بەهلوول دوونیای لێ تاریک بووە
 
بەڵام تەواوى سێ یەکەى تر، بە مەبەست خۆیان بەشێت نیشاندەدەن .ئەدگارد لەترسى کوشتنی و لە ترسی پلانەکانى ئەدمۆند ،پێوستى بە خۆگۆرین هەبوو.کێنت بۆسەلماندنى وەفاداى ئەبوایە خۆی بگۆڕێ ،وەفای بۆ لیرو بۆ مەملەکەتەکەی…بەڵام لیر بەهۆی لەدەستدانى پێگەى خۆى و بۆ باجدانى هەلەَکانى وای بەسەر هات .ڕەنگە سروشتى رەشەباکە کە هاوشێوەى شێتیەتی لیر بێ،پێویستە شێت دیار بێ….ناتوانین لیر بەشێتێکى تەواوەتى ناوى ببەین.چونکە هۆشیارەو ئاگاداری گشت شتەکانە ،لەوانەیە لەسەرەتادا شێت بووبێ …..
 لیر لە کەشێکى ئاوا توڕە شەوى بەسەربرد،دڵ پڕلەئازاروو خەم. ئەبێ کێ دیسان رێنمایی بکات و دڵی بداتەوە، بۆ ئەوەی ساتێک خۆی لەبیر بکات وئارامى بێتەوە..کێنت بەخۆگۆرینى خۆی وەفای بۆ لیر لە ڕەشەبا نیشاندەداتەوە،(بەهلوول)یش سەرباری هەموو گاڵتەکانى، ئەوەتا لە ناو ڕەشەبا دەستى لیر دەگرێ ودەڵى

 بەهلوول:مامە.. مامە.. وەرە ناو ئەم کۆخە لەدار دروستکراوە.

(بەهلوول)یش دەیەوێ لیر لە شێتى خۆیى و تورەیى رەشەبا بپارێزێت، بۆ ساتێکیش بێت بۆ لیر پێویستە لەبەر تورەیى رەشەبا بێ، چونکە دوعاکانى خۆى بە رەشەبا ئەسپێرێ، بۆ تۆڵە لە کچەکانى.
 ئازارى پرسیارەکانى لیر لە خودى خۆى،زۆر لە ئازارى رەشەباکە زیاترە.تا ئەو ساتەش لیر بەسەرى خۆى دادەکێشێ، بروا بە دەرکردنى خۆى ناکات.
 
لیر: لە شەوێکى ئاوادا کچەکانم دەرم دەکەن ؟ لە شەوێکى ئاوا دەرگاى ماڵەکانیان لەسەرم دادەخەن؟ منێک بێبەشم نەکردن لە مولک و سامانم، کەچى رەشەباتان لە دڵم هەڵکرد.
پاشاییەکى بێ مەملەکەت تازە بەتازە دەیەوێ ڕقى هەبێت،، بۆ ئەوەى قەدەرى خۆى قوڵتر بکات.لیر هەر خۆى ویستوویەتى ئەم یارییە بە چارەنووسى خۆى بکات. پێ دەچێت لیر لەم جۆرە کەسانە بووبێت کە تام لە ئازاردانى خۆى وەربگرێ(سادیزم).
 
لیر: بەڕووناکى تاریکیم کڕى، بە زانیاریم جەهلم کڕى، بە مەدح کردنم مەملەکەتم پارچە پارچە کرد.
 
ئەم دایلۆگانە پێشوەختیش لەلایەن بە(هلوول)ەوە پێ ى دەوترێ.
 
لیر: بەلێ دوور لە ئاگاییم رەفتارم کرد، نزیک لە خراپە بووم. گەر بەم شێوەى ئێستا تێبگەیشبام قەت قەت وا نەئەگریام.
 بەهلوول: من نزیکترین کەسم لە تۆ، وەک پشتێنى تۆم. گەر تۆ رێگات دابووایە ئەوا من مەملەکەتەکەم بە شێوەیەکى عادیلانە دابەش دەکرد.
 
ئەدگارد یان تۆمى هەژار یان شەیتانى جەنگەڵ
 ئەدگاردێکى هەڵاتوو لە دەست چارەنووسە رەشەکەى، کە بەدەستى حەرام زادەیەکەوەیە ،ئەبێ بە شێوەیەکى تر خۆى نیشان بدات. ئایا لیر ئەو پەناگە ئارامەى خۆ گۆڕانە؟چی کێنت و ئەدگارد کۆدەکاتەوە لەگەڵ لیر؟ ئایا موڵک و سامانەکەیەتى یان زیرەکیەکەیەتى؟
دەکرێ لیر و ئەدگارد هاوشێوەى یەکتر بن، لە نەزانى و هەلخەڵەتاندنیان، خۆش باوەڕى لیر بە کچەکانى، هەمان خۆشباوەڕى ئەدگاردە بە برا حەرام زادەکەى، هەردووکیان هەڵاتووى نەزانى خۆیانن، قەدەریش ڕەقتر لەکەسە نزیکەکانیان دەیانخاتە بەر رەشەباو باران.
 بەڵام کێنت خۆى ئەم قەدەرەى بۆ خۆى دیارى دەکات و بە دوایى لیر دەکەوێ، وەک وەفایەک.
 لەوانەیە دەرکەوتنى ئەدگارد بە شێوەى تۆمى هەژار، کەمێک بار سوکى بخاتە سەرشانى بەهلوول. یان بە مانایەکى تر بەهاى بەهلوول کەم بکاتەوە، چونکە لیرێک تەنیا ئەتوانێ شێتێکى هەبێت. بەهلوول لەرەشەباکە سەرئەکا بەکۆخەکە و بەراکردن دێتەدەر و دەڵێ
 
بەهلوول: ئاگاداربن هاوڕێیان، لەم کۆخەدا شەیتانێکم بینی، زۆر کەللەڕەقە و دەڵێ: ناوم تۆمە نازناوی خۆشی ناوە هەژار و گوناه، لەشێت دەچێ، ئەوەى من بۆى دەچم، ئەمە شەیتانى جەنگەل بێ.
 
بەڵام، کە ئەو شەیتانە هەژارە لەکۆخەکە دەرکەوت، رەنگ و رووخسارى شێواو و جل و بەرگێکی دڕاو و شڕ و شپڕى لەبەردابوو، هەڵگرى دونیا خەمێک،(لیر)یش بانگی دەکات

 لیر: چیتە ئەى کورە هەژارەکە؟ کچەکانت دەریان کردووى؟ لەپاش دابەشکردنی موڵکەکانت تۆش دەربەدەر بووى؟

لیر تا ئێرەش هەست بەئازارى کەسانی تر ناکات، تائێرە گوناه و گوناه کەر لیکَ جیا ناکاتەوە، هەموو نەهامەتیەکان لەکچەکانى خۆى دەبینێتەوە، ئەى کچە باشەکەى؟ کە لیر خۆى دەربەدەرى کرد؟ کۆردیلیا چی بەسەرهات؟
هاتنەوەى (گۆلستەر)یش تەنیا نواندنى وەفادارییە،کە دەستی لیر و هاوڕێکانى دەگرێ و دووبارە دەیانباتەوە کەلاوەیەکی نزیک کۆشک، کاتێکیش کێنت لێی دەپرسێ بۆچی هاتووى بەم شەوە؟

گلۆستەر: گەڕانم بەدواى لیر زۆرى کێشا، بۆ ئەوەى داوەتى ماڵێکی نزیک کۆشکی خۆمی بکەم. ئەوەى من خەمی پێدەخۆم ئەو شێتی و نەهامەتیەیە.
 کێنت: پیرەکەمان نزیکترین کەسە لەشێتایەتى. گلۆستەر: نیوەى ئەوەى بەسەرى هاتووە بەدەستەوەدانى عەقلییەتى بە(شێتی).
 دواى چوونیان بۆ ماڵەکەى نزیک کۆشک، گلۆستەر بەجێیان دەهێڵێ ،لیر لەگەڵ هاوڕێیەکانى دادەنیشێ، بۆئەوەى بۆ ساتێکیش بێ ئارامی بێتەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە دەچێتە ئەو پەڕی شێتیەتی و دەست دەکات بەدامەزراندنى دادگایەکی درۆزنانە و دەیەوێ حەقی خۆى لەکچەکانى وەرگرێتەوە ،هەر خۆشی دەبێتە شاهید لەسەریان.
 گلۆستەر کێیە؟
 ئەو ڕاوێژکارە ڕاستگۆیەى لیر بوو، کە هەر دەم هەوڵیدا ئاگادارى لیر بێ و هاریکارى بکات، بەو حاڵەى لیر زۆر دڵتەنگ بوو، لەوەفادارى بەرامبەر بەلیر لەدواى کێنت و کۆردیلیا دێت.
گلۆستەر دوو کوڕی هەبوو، ئەدگارد و ئەدمۆند. یەکەمیان وێنەى وەفادارى و راستگۆیی بوو. بەڵام ئەوەى دووەمیان حەرامزادەیە. هاتنە دونیاى ئەو تەنیا لەشەوێکی لاوییەتى گلۆستەر بوو کە ئەچێتە لاى ژنێک و ئەدمۆند لەدایک دەبێ. دایکی ئەدمۆند شوو دەکات و منداڵە زۆڵەکەشی دەبێ بەهی گلۆستەر، گلۆستەر هەموو زەوى و زارەکەى خۆى بۆ کورە حەلال زادەکەى تەرخان دەکات،زۆڵەکەشی لێ بێبەش دەکات.
ئەدمۆند دەیەوێت بگاتە پلە و پایەو موڵکدارى، بەڵام بەشێوەیەکی خراپ دەست بەهەنگاونان دەکات. ئەدمۆند هەڵدەستێت بەداڕشتنی پلانێک بۆ لەناو بردنى براکەى، دەڵێتە باوکی، کەوا ئەدگارد پلانى کوشتنی بۆ باوکی داڕشتووە. حەزى بەموڵک و سامانى باوکێیەتى، ئەویش لەرێگەى نامەیەک دەبێت کە ئەدمۆند واى نیشان دەدات کە لەڕێی ئەدگاردەوە پێی گەیشتووە، (ئەدگارد)یش بەبێ ئاگا تەنیا ئەوەندە هەست دەکات، کە باوکی بەدواوەیەتى بۆ ئەوەى بیکوژێت. لەو رۆژەوە ئەدگارد بەشێوەى شێت یان شێتێکی هەژار دەردەکەوێت، کەناوى خۆى نابوو تۆمی هەژار، کە بەهلوول بەشەیتانى جەنگەڵ ناوى دەبات. …
 (گلۆستەر)یش هەر زوو وەک لیر کەوتە داوى رۆلە بێ وەفاکەی ،دەکرا گڵۆستەر وا بە ئاسانى بڕوا بەم نامەیە نەکات کە زیاتر لە بیست ساڵ ئەدگاردی کوری بەخێو کرد بەبێ دایک ،ئەم رەفتارە لە کوورە حەڵال زادەکەی نەدەهات …..دووبارە هەڵە سادەکانى لیر دووبارە دەکاتەوە ،هەمان هەڵەى سادەى کەسایەتیەکانى لیر دووبارە دەبێتەوە ،وەک نامەکەی گۆنڕیل بۆ رێگان یان نامەی ئەدگارد بۆ ئەدمۆند یان نامەکەی کۆتای کە دەگەرێندرێتەوە بۆ ئەلبانى ….لە ڕاستیدا نامەی دووەمیان ئەدمۆن بۆئەدمۆنە ،ناکرێ ڕاوێژکارێکى بەتەمەنى شایەک ،وا بەئاسانی هەڵخەڵەتێ …بەڵام لەوە دەچێ مەملەکەتەکەی لیر دوو جۆرە کەسى لەخۆ گرتبێ،کەسانى سادەو خۆشباوەر ،کەسانى زۆڵ و پلاندانەر ..تاکە تاکەش دەبنە قوربانى، وەک کێنت و ئەدگارد و کۆردیلیا ….
 ئەدمۆند حەزى زۆری بۆ دەسەڵات هەبوو جا چ بەشێوەى درۆو چ بەشێوەى فرت و فێلەکانى، ئەیوست بگاتە دەسەڵات ،ئەوەى بیرى لێنەَدەکردەوە مڕۆڤایەتى بوو. زۆر بەئاسانى توانى براکەى لە کۆشکى باوکى بەدەرنێ،،پاش دەرکردنى ئەدگارد، حەزى ئەدمۆند تێر نابێ و دەیەوێ دەسەڵاتى مەملەکەتیش بگرێتە دەست ،ئەویش بە نیشاندانى چەند لایەنێکى خراپی خۆی، وەک کوشتن و چاو دەرهێنانى باوکى کە دەبێتە جێی سەرنجى رێگان و گۆنریل، بەشێوەیەکى ناڕاستەو خۆ مەملەکەتەکەى دەخەنە ژێردەست، بەناوى پاراستنى مەملەکەت ،پاشانیش کەوتە دانانى پلانى هەرە گەورەى خۆی ،ئەویش پەیوەندى بەستن لەگەڵ هەردوو خوشکەکە بوو،پڕکردنى سنگى گۆنریل لە ڕێگان ،بەپێچەوانەشەوە ….ئەو هەموو باوەرەشى لەبەدەستدانى باوکى بۆکچەکانى لیر پەیداکرد ،کە ووتى باوکم سیخوری بۆ لیر دەکات ….
 ئەدمۆند جگە لەوەى حەزى لەدەسەڵاتداری و مولک دارى بوو، ئەوەندەش خەمى بە زۆڵى خۆی دەخوارد،هەر لە یەکەم دەرکەوتنى گڵۆستەر بەزۆڵ بە کێنتى دەناسێنێ…
 
ئەدمۆند:بۆ پێم دەڵێن بیژوو یان سوک و خوێرو ؟خۆ گشت ئەندامەکانى لەشم کۆک و لەبارن …..
 
گڵوستەر کەزانی کچەکانى لیر زانیویانە کە باوکیان لەنزیک کۆشکى گڵوستەرە، بەپەلە خۆى گەیاندەوە لای لیر و داوای لێکرد کە رووەو دۆڤەر بروات ،بروات بۆلای کچە پاکەکەى کە کۆردیلیایە ….راستە گڵۆستەر لەکاتی دابەش کردنى مەملەکەتەک بێ دەنگ بوو ،بەڵام لێرە ڕێگای رٍاست بەلیر نیشان دەدات ….لیر لەقسەکانى گڵۆستەر نەدەگەیشت، بەڵام کێنت زانى ناهەمواریەکى تر چاوەرێی لیر دەکات،زیرەکى کێنت لە خێرا تێگەیشتنى بوو،بەپەلە خۆیان کۆکردەوە، پێش ئەوەى کات بەسەر بچێ لیر دەروات…هێنانەوەى لیر لە رەشەبا بۆ خانووێکی نزیک کۆشکى گڵۆستەر، تەنیا پێویستى چنینی(حبکە) دووەم بوو،کە چیرۆکى گڵۆستەرو کورەکانى بوون ،ئەگینا چۆن ئەدمۆند بیسەلماندبایە کە باوکى سیخوری لیرە؟
 گەڕانەوەى گڵۆستەر بۆ کۆشک، بە پەل بەستنى دەبێت لەلایەن ڕێگان وگۆنرێل ومێردەکەی، کە ئەدمۆند زانیاری پێدابوون ،کە باوکی لیری هەشتا ساڵەى حەواندۆتە …دەستەکانیان شکاندوو قژوو ریشیان دەرهێنا ،دواتریش لەلایەن مێردەکەی ڕێگانەوە چاوەکانى دەرهێنراو بێبەزەیى فرێدرایە دەرەوەى کۆشک…..
 گڵوستەر بەهەنگاوە وردەکانى خۆی دەگەیەنێتە لیر
 
لیر: چیت لێ بەسەر هاتووە؟
 گڵۆستەر : لاچۆ با نەگبەتى من تۆ نەگرێتەوە ..
 لیر: بڵى چى بووە؟ ،تازە من تۆ جێناهێلم ، مادامەکی رووناکى دوونیایان ڵێسەندیتەوە ..
 گڵۆستەر : لە ڕێگا هیچم نە ئەبینى و هەستم بەهیچ نەدەکرد تەنیا هەڵەکانى تۆنەبێ،،،چاوەکانم لەهەڵەکانت دانەئەخران ،لیر خۆم بیر چووبوو کە کوێرم……
 
ناسینەوەى تۆمى هەژار مەحاڵ بوو، گەر لەرێگاى دەمى خۆیەوە نەبووایە ،لەیەکەم بەیەک گەیشتنى گڵۆستەرو ئەدگارد، دووای خۆ گۆرینى،ئەدگارد دان بەخۆى دا ئەگرێ بۆ ئەوەى نەناسرێ کە خۆی گۆریوە …گڵۆستەر داوا لە میرێکى پیر دەکات کە رادەستى ئەو شێتە هەژارەی بکات

 میر: چۆن بتوانم ئەمانەتى دەستى شێتێکت بکەم؟؟
 گڵۆستەر :بۆتە یەکێک لەوانەى کە بە عاقلمان دەزانین ،،فێڵبازەکان لەڕۆژێکى رووناک دەستی خۆیان وەشاند….لە دیدى منیشەوە ئەو شێتە عاقلترو بە ویژدانترە …هەندێ جلى بۆ پەیدا بکەن باسەرمای نەبێ
 میر:چ جل وبەرگێکم هەبێ بۆی دائەنێم.
 
گڵۆستەر لەسەر داوای خۆی درایەوە دەستى ئەدگارد، بێ ئەوەى بیناسێ..ئەم بەیەک گەیشتنەوەیە هاو شێوەى بەیەک گەیشتنەوەى لیر و کۆردیلیا دەبێت. کە لەپاشان بەیەک دەگەنەوە ..
 دوای باجدانى لیر و گڵۆستەر، تەنیا دوو رۆلە بەوەفاکانیانن باوەشیان بۆ دەکەنەوە، ئەدگارد وەک رێ نیشاندەرێ دەستى باوکى گرتوە ،کۆردیلیاش خێوەت بۆ لیر هەڵدەدات.
 دەربازبوون لە ئاکامى کردەوەکان ،شتێکى مەحاڵە لەلای شکسپیر،هەر هەموو کەسایەتیەکان لەکۆتایی دەبێ بەپێی ئاکامى چاکەوخراپەى خۆیان پاداشت وەرگرن..
 
گڵۆستەر :رێگای دۆڤەر شارەزاى؟
 ئەدگارد: هەموو شوێنە شاراوەکانى شارەزام ..هەموو چاکەو خراپەکانى ئەناسم.
 گڵۆستەر: بمبە تا دەگەمە لوتکەیەکى بەرز ،کەبەسەر دەریاوە بروانێ تا لەوێ کۆتایی بەهەموو زام و ئازارەکانم بهێنم..ئەم بڕە پارەیەش با بۆخۆت بێ، وەک پاداشتێک..
 
تۆمى هەژار، هەژارتر لەدەربرینیا تەنانەت نەتوانێ دڵۆپە فرمێسکێ بەدەنگ هەڵرێژێ، نەبادە بناسرێتەوە ،باوکى ئەباتە لاى بەردێکى نزم بۆ ئەوەى لەوێوە خۆی هەڵدا..
 
ئەدگارد:لەم لوتکە بەرزتر نادۆزمەوە. تەنانەت کەشتیە گەورەکانیش لە مشکێک بچوکتر دێنەبەرچاو،هیچ ماسى گرێکیش نابینرێت،،ئەمە لوتکەیە، خۆت هەڵدە .
 
گڵۆستەر دەیەوێ باجى چى بداتەوە؟؟یان دەیەوێ لەئازار رزگاری بێت
تاکە هەڵەى گڵۆستەر خۆشباوەڕى بوو بە فێلەکانى ئەدمۆند،باجەکەشی تەنیا بۆ لێخۆش بوونى ئەدگاردی کوری بوو، کە دەربەدەری کردبوو ..
 دوای خۆهەڵدانى گڵۆستەر لەشوێنە نزمەکە، ئەدگارد بەدەنگێکى تر دێتە پێشەوە.
 
ئەدگارد: گەورەم چۆن توانیت لەم بەرزایە خۆت هەڵدەی و پشتت نەشکێ؟؟
 گڵۆستەر : بەرزایەکە چەند بوو کە خۆم لێ هەڵدا؟
 ئەدگارد :نازانى بەرزایی هەورەکان تا قوڵایى دۆڵەکان چەندە؟ چاوم لێبوو لە بەرزى لوتکەکەوە بونەوەرێکى سەرنج راکێشت لەگەڵدابوو ،چاوەکانى لە دوو مانگى گەورە دەچوون ،بەسەدان شێوە دەهاتە بەر چاو ،لە شەیتانێکى دۆزەخى ئەچوو ،بەڵام خواوەند رەحمى پێکردى لەو شەیتانە نەجاتت بوو ،وادیارە خواوەندت لەپشتەو ئاگادارتە..

هەموو ئەم قسانەى ئەدگارد تەنیا بۆ رازى کردنى باوکیەتی، کەباوەرى پێ بهێنێ کە هیچ گوناهەکى نەکردووە و خواوەند لە پشتییەتى ..
 گڵۆستەر لە زەویەکى کشتوکاڵى توشى لیر دەبێتەوە .
 
گڵۆستەر: ئەوەى من دەیبینم تۆش دەیبینى؟پێموایە ئەم دەنگە دەنگی لیرە..
 
لیر بەخۆی و تاجە گۆڵینەکەى لە شێتێکى ئارام دەچێ، بروا بونى بەلەدەستدانى دەسەڵات و مەملەکەتەکەى قبوڵ کراوە، دەبێ وەک شێتێکى ئاسایی بژی .
 
لیر : هەموو ئەندامەکانى لەشم و تاڵە مووەکانم دەڵێن من لیرم.
 
دوواى ئارام بوونەوەى رەشەباکە( لیر)یش ئارامى دەبێتەوە، کەس چاوەرێی گۆرانکارى تازەى نەدەکرد، کێ ئەیزانى کێنتى بەوەفا هەموو رووداوەکانى لە کۆردیلیا گەیاندووە ،کۆردیلیاش بەخۆیی و لەشکرێکى گەورە بەرێگاوەن بۆ ئەوەى لیر لە دەستی زوڵمى هەردوو کچەکەى رزگارکەن…
 (لیر)ێک کە تا دووا ساتەکانى ژیانى کۆردیلیای لە زهنى خۆی بەدەر نابوو، کەچى کۆردیلیاى بێ بەش و دەرکراو، بێ بەش لە سۆزى باوکایەتى، دووا داڵدەی لیر دەبێ..ناکرێ شکسپیر هەموو رۆلەکان بێوەفا نیشان بدات.
 کۆردیلیا کۆمەڵێ لە پیاوانى خۆی ئەنێرێت بە دووای لیری سەر بە تاجە گۆڵینە ،لیر و گڵۆستەر و ئەدگارد دەبینەوەو لیر دەستگیر دەکەن و ئەیبەنە لای کۆردیلیا،لەوێ پزیشکى تایبەت و خواردن و پێخەف چاوەرێى دەکات، بەڵام لیر بێ هۆش لەسەر پێخەف کەووتوە و بەتەواوەتى تێکچوە ..
 
پزیشک: خانمەکەم دەمێکە لەهۆش خۆی چووە ،بەدەنگى مۆسیقا خەبەرى کەینەوە؟
 
لیر لە خەوێکى ئارام هاوشێوەى گۆرەکەى خەوتوە.
 
لیر: ئێوە غەدر لەمن دەکەن، کە لەگۆڕەکەم دەرمدێنن ،مردن باشترین پشوى منە کە لە نەهامەتیەکانى دوونیا رزگارم دەکا.
 
دەبویە ئێرە کۆتایی لیر بوایەو لیر لە خەوەکەى هەڵنەستابووایەوە ،چونکە باجى هەڵەکانى خۆی دایەوەو گەیشتە دوا ئاکامى خۆی،بەڵام مەرگەساتێکى ئاوا گەورە پێویستى بە قوربانى تر هەیە …
 هەڵسە لیر لورەى ڕەشەبانیە دەنگی مۆسیقایە ،کەلاوە کۆخەکەى بیابان نیە، خێوەتى کۆردیلیای کچتە ،کەنابێتە گۆرەکەت.
 
کۆردیلیا: بۆ چاک بونەوەى هەموو هەوڵى خۆت بخە گەر تا بەهۆش خۆی دێتەوە ..ئەى خوایە کەى ئەم دەم و چاوە ریش سپیە بەرگەى رەشەبا دەگرێ. باوکەگیان حەیف چۆن لەکۆخێکدا لەگەڵ شێت و چەتەکان خەوتى ؟خۆ تۆ خاوەنى مەملەکەت بووى .چۆنیت گەورەم؟؟
 لیر: تۆ فریشتەی ئاسمانى؟؟بۆچى هاتووى ؟؟ چیت ئەوێ؟؟
 کۆردیلیا : دەمناسیتەوە ؟؟
 لیر: بەڵێ تۆی رەنگ سپی لە مردوو دەچیت،کەی زیندوو بویتەوە؟؟
 
شێتی و لەدەستدانى عەقلى لیر، بە گۆڕانى لە پلەو پایەو جێگاکانیەتى،هەر دووکیان بە هاوتەریبى دەڕۆن ،سەرەتا لە کۆشکەو پاشایە ،دووایی لاى گۆنرێلەو میوانێکى بێزارکەرە و خەوى لە خاوەن ماڵ تاڵ کردووە ،لەلاى رێگانیش پێشوازى لێ ناکرێ ،لە(رەشەبا)ش، لەگەڵ شێت و چەتە و لە دوواتریش بەرەلاى دەشت و تاجە گوڵینەی بەسەرەوەیە ،ئێستاش لە خێوەتێکى گەرمى شاهانە و جل و بەرگێکى گەرمى لەبەردایە ،ئەبێ لیر چۆن بێ؟؟
ئاسان نیە بروا بەشوێنى خۆی بکات یان بزانێ لەکوێیە ..ئەوکچەى کەلیر باسى نەدەکرد زیندو بۆتەوەو هاتۆتە هانای ،بەڵام ناکرێ لیر لەم دیمەنە سەد لە سەد بێ ئاگا بێت ،چونکە دەڵێ : تۆ مردبووی چى تۆی هێنایەوە؟
 بەڵام بۆ ئەوەى شتەکان لەناکاو نەگۆڕێن و مێشکى لیر قبوڵیان بکات ،پێویستى بەخۆ خەلفاندنێک هەیە ..لەوانەشە لیر هەمان خۆگۆڕینی ئەدگارد و کێنت دووبارە بکاتەوە ،وادیارە کە شتێکى باوى ئەم سەردەم بووە.
 
لیر : من نازانم نوستوم یان بەئاگام.ئەم جلانە چین لەبەرمدا ؟ ئێرە کوێیە ؟ کەی ئەو وەڵامانەم دەست کەوت، ئەوسا بیر لەتۆ ئەکەمەوە تۆ کێی…من نازانم دووێنى لە کوێ بووم .بەڵام لەوە دەچێ تۆ کۆردیلیا بیت.فرمێسک مەڕژە، تامى فرمێسکەکانت زۆر سوێرن ،پڕن لە خەم و خەفەت،،دەزانم تۆش ئێستا رقت لێمە ،،چۆن رقت لە خوشکەکانت بوو ئاواش لە من ..
 کۆردیلیا : خۆت مەدەرە دەست خەمەکانت ،لەخۆشی زیاتر هیچى تر نابینى .
 لیر تا ئێرەش دان بەهەڵەی خۆی نانێ بەرامبەر بە کۆردیلیا،هەست بەو زوڵمە ناکات کەلێی کردووە، بۆ پاش مردنى هەڵى دەگرێ…
 لیر هەر لەسەرەتاوە خۆى بێ هیوا کرد بە نەهێشتنەوەى بستە خاکێک بۆخۆی ،گوێ نەدان بەکێنت و دەرکردنى ،هەڵخەڵتانى بە قسەی کچەکانى و بێبەش کردنى کۆردیلیاش ،هەمووى نەهامەتی بوو، ناشکرێ لەپڕێکا بەخت یاوەری بێو لەشەرێکى قورس بەسەر ئەدمۆندوو دوو کچەکەى تری زاڵبێ ،شەرێک لەسەر پیرێکى عەقڵ لەدەست چووى نێوان سێ خوشک، دیسان بەخت یاوەری لیر نابێ. تالیر چیتر خەم نەخوات و ئارامى بێت .ئەوەى کە چاوەڕوان دەکرا لەم شەڕە، بە پێچەوانەوە بوو ،کۆردیلیا بەدیل گیراو لەشکرەکەشى تێکشکا…
 بۆ ئەبێ لایەنى خراپە سێ قۆڵیەکەى رێگان و گۆنرێل و ئەدمۆند سەرکەوێ؟
 سەرسورمانى ئەدمۆند لە دوواى سەرکەوتنەکەى بەرامبەر بە بەرەی زوڵم لێکراوان ،زیاتر هانیدا کە هەست بکات خواوەندى لەگەڵە و لە پاشایەتى نزیک بۆتەوە ،چونکە ڕێخۆشکەر زۆربوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجە وەک،موڵکداری ،ئازایەتی و خۆشەویستى بۆ هەردوو کچەکەى لیر ،هەمویان پاڵنەر بوون بۆ ئەدمۆند ،تەنیا کەسێک کە ئەدمۆند ترسى لێ هەبوو ئەلبانى بوو …ئەلبانى لە هیچ شوێنێک لەگەڵ خراپەکاری دا نەبووە، هەردەم ویستویەتى لەگەڵ لیر و کۆردیلیا دڵ نەرم بێ ،تەنانەت لە کاتى بە دیل گرتنى کۆردیلیاش ،ئەلبانی دەیەوێ ئازادى بکات..ئەلبانی هەست بە دەست تێکەڵاو کردنى ئەدمۆندو دوکچەکەى لیر دەکات و دەشزانێ پشتى دەگرن
 
ڕێگان : ئەدمۆند شایەنى هەموو شتێکى باشە .
 ئەلبانى : جا هەر ئەوە ماوە شوى پێبکەى.
 ڕێگان : دەشێ ئەو پێش بینیە ببێ بەراست..
 
رقی ئەلبانى تەنیا لەسەر خێزانەکەى نەبوو، بەڵکو ئەدمۆندى بە خوێن رێژ دەزانى و دەشیزانى کە بە خیانەت گەیشتۆتە ئەو پلەوپایەی،لەوانەشە چیرۆکى نامەکەی ئەدگارد کەبەر لەو دیمەنە بەدەستى گەیشتبوو کاری گەری هەبووبێ .بۆیە لەدوای سەرکەتنى لە شەری کۆردیلیا ڕاستەوخۆ دەیەوێ یەکلا ببێتەوە لەگەڵ ئەدمۆند..
 
ئەلبانى : باجاڕی شەر لێدرێتەوە، بۆ ئەوەى ڕێگان نەتوانێ شوو بەو خیانەتکارە بکات ..ڕێگان گەردەتەوێ شو بکەى بەمن من ئامادەم ،چونکە گۆنرێلى خێزانم دڵى بەخیانەت کارێکەوەیە ..
 
ئەو وشانەى ئەلبانى بە توانج بوو بۆ هەردوو کچەکەى لیر. بەڵام ئەلبانی خۆى شەرەکە ناکات، هاتنى ئەدگارد لەوانەیە کۆتایى بەهەموو شتتەکان بهێنێ…
 
ئەدگارد : دەی سەر لەشکری بەرێز شمشێرەکەت هەڵکێشە، دووا یادگاریەکانى ژیانت بنووسەوە ،تۆڵەى شەرەف و شەرمەزاریەکانت بکە ئەی زۆڵ. ئەبێ نوقمى پیسی ببی بە خۆشوشتنیش ڕانەگەی . کوشتنى تۆ هیچ دڵم توند ناکات، بگرە جێگاى شەرەف و دڵخۆشیە.
 
ئەدمۆند گەیشتە ئاستی رووبەروو بوونەوە، بۆیە ئێستا دەبێت بەهێزەوە کۆتایی پێ بهێنێت، ئیتر باوى فرت و فێڵ و درۆ نەما ،باوەڕکردنی کەسانى دەوروبەرى ئاسان نیە، چونکە شەڕخوازان و فێڵبازان کەوتوونەتە قڕکردنی یەکترەوە، رێگان و گۆنرێل سەرقاڵی پلان دانانن دژ بەیەکتر لەرێگاى فێڵەکانى ئەدمۆندەوە، دەبێ کێ مابێ گوێی بۆ رابگرێت.
 لەزۆرانبازیدا ئەدمۆند خەڵتانى خوێن دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا دوو کچەکەى لیر یەکترى دەرمانخوارد دەکەن.
لەدوا ساتەکانى ژیانى ئەدمۆند دەڵێ
 
ئەدمۆند: بەپەلە خۆتان بگەیەننە لیر و کۆردیلیا، چونکە لەزیندان لەسێدارە دەدرێن بەفەرمانى من و گۆنرێل. تۆ خۆت و خوات، تۆ کێی کە توانیت من بکوژیت.
 ئەدگارد: من کوڕی باوکتم، ئەو باوکەى کە پەروەردەى کردی و چاوەکانت کوێر کرد، مرد و رووناکی دنیاى لێ دزرابوو.
 زەماوەندى ئەدمۆند و رێگان و گۆنرێل
 ئەم زەماوەندە بەمردنیان کۆتایی دێت، خێرایی نێردراوان بۆ رزگارکردنى لیر و کۆردیلیا بێ سود بوو، ئەوەتا لیر، کۆردیلیاى بەسەر دەستەوەیە و دێتەوە. ئەو کچە بەوەفایەى بۆ رزگارکردنى هاتبوو، خۆى تێداچوو.
 
لیر: بگرین ئەى داروبەردى دونیا، بگرین ئەى بەنی ئادەمی دڵ بەردین، چیتان کرد؟
 ئەلبانى: (رووەو ئاسمان) دەى داتەپە و هەموو شتێک برووخێنە

ئەلبانى هەر لەسەرەتاوە ئاگادارى زۆربەى هەرە زۆرى پلانەکان بوو، بۆ چی لەم کۆتاییەدا نەیتوانى چیتر زوڵم و فێڵەکانى ئەدمۆند قەبوڵ بکات؟ دەکرێ لەترسی لەدەست چوونى موڵکەکانى و خێزانەکەى بێت.
 ئەدگارد و کێنت و ئەلبانى ویستیان لەئازارەکانى لیر کەم بکەنەوە، بەڵام لیر تازە تێدەگات لەمردنى کۆردیلیا، لیر تازە مردوو و زیندووان لێک جیادەکاتەوە

لیر: مرد… ژیان چ بەهایەکی هەیە لەدواى ئەو، کچە بەستەزمان و بەهلوولەکەمیان خنکاند.
وادەردەکەوێت کەوا بەهلوولیش خنکێندرابێت لەگەڵ کۆردیلیا.

 
    دیار عومه‌ر
odiyar@yahoo.se

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.