Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لێرە دابنیشە تا چەپكىَ باران و ئێوارەیەك ماچ و پەرداخێك پێكەنینت بۆ دێنم

لێرە دابنیشە تا چەپكىَ باران و ئێوارەیەك ماچ و پەرداخێك پێكەنینت بۆ دێنم

Closed
by February 18, 2008 ئەدەب

 دیار محەمەد(باران(….

 ئیتر
 بەكۆشێ گۆرانییەوە
 لەخۆما وون دەبم..
 بەشوێن پێكانى (با) دا دەڕۆم
 دەستى ملپێچە ئاوییەكەت دەگرم و 
 تا گەیشتن بە دوا دێڕى مەنفات بۆت دەگەڕێم ..
 دەگەڕێم و ونم لەخۆم
 تا ئەودەمەى پڕ ئینجانەیەك
 سرەوتم دەڕژێتە كونجى بێ دەنگیمەوە …
 تا ئەودەمەى پێكێك گوناه  هەڵدەدەم ،
 لەسارایەكى بێ هەناردا…
 تا دۆزینەوەت .. وێڵم بەدواى بێئاگاییمدا
 تا گەڕان, لەكەلێنى تاریكیەكانى خۆمەوە
 تا گەیشتن بەكاڵیى بەیانییەك,
 تەفسیرى ئێوارەى حوزنێك
 لێرەوە تا گەیشتن بەكوچەكانى مەنفا.. .
 بۆ پیداچوونەوەى دەقێكى تۆزاوى..
 لێرەوە تا گەیشتن بە نائومێدی .. گلەیى .
 لێرەوە بەرەو دواهەمین وانەى نەووتراوى مامۆستایەكى سەرەتاییم …عاشق بوون
 عاشق بوون لەم سەهۆڵبەندانى مەحشەرەدا ؟
 لێرەوە تا دواهەمین مەنزڵگە ..
 تا بەر لەگەیشتنم بەتۆ .. ترس
 لێرەوە بەرەو بیرەوەرییەكانى پیرى و
 بەیانییەكى كاڵ
 بەرەو خەونێك لەدوا ترۆپكى تەنهایدا
 لێرەوە بەرەو سپیترین جەمسەرى ماڵئاوایى
 بەرەو سێبەرى قژ دانەهاتووم
 لەبەردەم جۆگەیەكى مەنگدا,
 گەڕان .. بە دواى یەكەمین وێستگەدا
 كەتۆى تیاى ..
 عاشقبوونە وەك بەیانییەكانى باوكم
 لەبەردەم پەنجەرەیەكى تەنیادا
 بۆ بەركەوتنى قومێك تەڕی ..
 لێرەوە شەفاعەت لەبەرزاییەكانى چیا دەخوازم..
 بۆ ..؟  بۆ دەبێ تا لەخەونتا دەمرم
 لەئاوێنەى منداڵی بڕوانم ؟
 ئاخر نازانم ئەم گۆرانییە خەماوییانە چین
 تۆش هەڵم لە شیعر و
 لەخودا و
 هەڵم لە شوێن پێكانت هەڵدەستێت!
 تۆ هەڵم لە پایزو لەڕوتیت و
 لە بەیانییەكانت هەڵدەستێت!
 نازانم .. ئەم بەیانییە بێسەلیقانە چین؟
 كەباریكترن لەلێزمەى خۆم و
 لەدەنكە بارانى كچێنى هەور دەچن ، بەڕوتى
 ئاى خودا
 بۆ دەبێ بەیانییەكانم لەڕەنگى پیریى باوكم بچن ..؟ بۆ ؟
 بۆ دەبێ هەر نەفەس لەخەفەتى تەنهایی بدەم و
 دەم بەكوپى بێزارییەوە بنێم… ؟ بۆ ؟
 ئاى خودا… دایكم واڕاهاتووە
 بەرلەخەو هەستانم ،
 هەناسەیەك پڕ لەگلەیی و
 پەرداخێك بێتاقەتیتم بۆ گەرمدەكاتەوە ..
 هەرلە منداڵیمەوە … خووم بەڕووتیى پایزەوە گرتووە ..
 تا خۆر ڕوخسەتى تاریكیى لەبەیانییەك وەردەگرێت
 خوو بەگریانەوە دەگرم ..
 وەك دەستنوێژێك كە عاقیبەتى بووبێ بەدوو لەتەوە
 كەچى وەك شێت بەبۆنى گوڵى حەوشەكەمان تووڕەم ..
 بەوەرینى گەڵا شەرمنەكان
 بە لێزمەى كچێنى بەهار
 كەچى باران لە درزى هەورەوە چاودەگێڕێ و
 خەون بەو ڕۆژانەوە دەبینێ ،
 كەتۆ لە مەمكى ئاسمان و خوڕڕەى پێكەنینت دەڕوانى
 من بووم لەبیركردنەوەدا كەوتمە باوەشێك مەكرەوە ؟ یا …. ؟
 ئێستا وەرەو
 بەر لەوەى سپێدە گزنگىَ ئینشا بكا .. تۆ دەركەوە!
 پێش ئەوەى خۆر نەفەس لەڕووناكى بدات
 پێش ئەوەى لەسێبەرى خۆى بڕوانىَ
  دەمەوێت بەدزیى خواوە ..
 بەدزیی شیعرەوە ..
 بەدەنگێكى پڕ لەتوڕەیی بقیژێنى .. خۆشم دەوێیت
 نا ! ناوێرم ئەم عاشقبوونەى دایكم دووبارە كەمەوە
 نا ! ناوێرم ئەو سەرەتاتكێیانەى باوكم زیندووكەمەوە
 دەزانم تۆ لەخەونیشدا ئاگات لە (سێوە حەڵاڵەكانى قوباد) ەو
 ئاگات لەبێزاركردنى خۆمە لەتۆ
 تا ئەودەمەى گوڵە گەنمىَ  دەوەرىَ ..
 بەمشت ئەشك بۆ دووریت دەبەخشمەوە
 تا پیاسەیەكى درەنگ وەخت
 بەنێو باخچەیەكى لێو پەمەییدا .. گەڕان
 وێڵبوون بەدواى شەونمى بەیانییەك ..
 لەم  (مەزادخانەى عیشقەدا)
 قسەیەك نامێنىَ بۆ ووتن ..
 پیاسەیەك كە ئاخیرەتى بچێتە كۆشى بارانەوە
 عاقیبەتى هەر لێزمەیە …لێزمە!
 ئیدى بیرەوەرییەكانم هەڵدەچنم
 بۆ دووبارە چڕینەوەى ئاوازێك
 بۆ پێداچوونەوەى داڵغەیەكى باراناوییم
 وەك ئەوەى بەلەمێك بم
 لەوێستگە دوورەكانى باكوورەوە هاتبم ..
 ئەى تۆ .. كە من بارگەیەكم لەخەم
 دەبێت ژیان پێبزانێت ؟
 مەحاڵە .. مەحاڵە تۆ لەبیر بكەم
 دەم بنێم  بەشەرابى عەترەوەو مەلەى تیا بكەم
 خۆم لەهەناسەیدا بشۆم ..
 تەنها هێندەى ناسینى تۆ و نارنجێكى تەڕ..ئاشنابوون
 ئاشنابوون بە گەڵایەكى ئەرخەوانى و پیرێكى موغان
 تا ناسینى وێنەگرێك كاتێك كامێراكەى توڕە دەكات
 تائاشنابوون بەسۆفییەك دەرزى كوفرمان پێبدات ..
 تا ناسینى كچێكى عازەب كەفێرى دزیمان بكات
 بۆ كڕینى قومێك پیاوەتى
 تا ئەودەم هەر .. (خۆشم دەوێیت)
 هێندەى درەختە ئاشوبییەكان ..
 تا لەگەڕانەوەدا دەبمە فنجانێك هەڵم
 تا دەبمە هەناسەى بغوردى ماڵێكى ئیماندار
 تا .. گیرفانێك پێكەنینى ئێوارانت بۆ دەڕفێنم
 هەر (خۆشم دەوێیت) ..
 ئەى ژن
 چۆن دەگەمەوە بەدووریى ئەو پاسارییە ؟
 چۆن بڕوا بە پیربوونم دەكەیت؟
 بە كۆشێك ڕیوایەتەوە
 كە تۆ لەم زاكیرە خاڵییەمدا نەبیت
 چۆن (با) ئاوازى عیشقمان بۆ دەژەنێت
 كە من هێندەى خۆم پڕم لەچیرۆكى شەرمەزاریى
 لەگەڵ ئەو شەوانەى پیاوەتیم تیا قاتبوو ..
 ئیدى بۆ دەمخەیتە خەیاڵى پڕ لەوەسوەسەى عیشقت
 هێندەى منداڵیى قەرەجێك پڕم لەگریان
 هێندەى ملوانكەیەكى پچڕاو بێبەشم لەگەردەنى خۆم
 هێندەى نەورەسێك بێبەشم لەتەنهاییت
 هێندەى ئێوارەیەك پڕم لەسپێتیت
 پڕم لەشەقامە تاریكەكانى منداڵیم
 تكا دەكەم … دەستم بگرە
 دەستم بگرە بۆ مەملەكەتى هیواكان
 تا لەتۆ دەڕژێم و دەبمە تنۆكێك بارانى تێكشكاو
 دەڵێم: خودا.. شیعر چەندە بێمانایە
 عیشق چەندە بێمانایە
 خۆمان چەندە بێماناین
 ئێمە چەندە نامۆین بەگەورەیى
 كە تۆ بە (پەیمانە)كەت خوێناویت كردم و
 جادەكانى قیامەتت هێنایە گۆ
 كە تۆ بە (پەیمانە)كەت گەڵاكانمت فڕێدایە
 دەم ڕێگەى جەهەنم و
 منداڵە چەتوونەكانت لەنێو ئەو ئافاتەدا خنكاند
 ئیدى لەحزەیەك مۆڵەتم بدە
 با دڵم وەك (میناكانى سەبرى غەمبار نەشكێت)
 گەرچى بەعیشوەوە خەیاڵەكانت دامدەچڵەكێنن
 دەڵێم: عیشق تەنها نەفەسى قومێك جگەرەى بىَ سووتوە ..
  كەچى  وەنەوزیشم وەك بەیانییە تەڕەكانى تۆیە
 لەباخى ئێوارەكانم دەڕژێى
 تا لەپیاسەیەكى دەمەو ئێوارانم ووندەبم
 خەو بە ئاوێنە شكاوەكەى مناڵیمەوە دەبینم..لێرە دابنیشە
 لێرە دابنیشە تا چەپكىَ باران و
 ئێوارەیەك ماچ و
 پەرداخێك پێكەنینت بۆ دەڕازێنمەوە
 بۆ ئەم خووگرتنەم بە توَوە ..
 تاخەوبینینم بەبابخچەكانى دەریا وەو
 قەدكردنى هەناسەیەكى چاوەڕوانى
 گریان بەخۆمدا دەدەم و
 دەچمە ناو بخچەى ئاوەوە تاخنكان
 كەچى لێزمەى تۆ فێرى پیاسەیەكى دەنگ وەختم دەكات
 هەر بەدەم پیاسەكانى تۆوە گۆرانى كچەترێ
 لە جۆگەى (ئۆستاكی) مدا دروست دەبێت.
 
 2008-02-17
 baran
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.