Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

لێواو لێو… ماچ

Comments
by April 30, 2008 ئەدەب

 سەرهەنگ خامۆش   ……

 پێڵوەكانت
 ئاوێتەى یەكترین
 دڵم نایێ وەئاگایان بێنم
 نەوەكو لاشەى خەمەكانم
 لەگوَڕِستانى چاوەكانى تۆ بنێژم
 
 حەزم دەكرد
 بەبێ دەنگى ماچێكت كەم
 كام قەتارەش
 شیرینترە لە لایلایەكانى دایكم
 لەنێو بێشكەى ئەم نیوە شەوەدا
 بۆ ئەستێرەكانى ئاسمانى بهۆنمەوە
 لەچاوەكانى سەحەریش
 لەزەتى شەرابێك بنۆشم
 گوێم بۆ چرپە هێمنەكانى شەو شل كەم
 تا لەباوەشى بێدەگنترین ماچ
 دەخەوم…
 
 چ سەرمەستیەكە بەم نیوە شەوە
 پێكى حەزەكان
 بەرۆكى خەمم بەر نادەن
 چ زامێكە
 شیعر لەتاو ئازارەكانى دەناڵێنىَ
 دارەكان گەڵاكانیان
 بە هەنگاوە بێ بەزەیى یەكانى (با)دەسپێرن
 ئاسمانیش هەور
 بۆ باران دەكاتە دیارى
 بارانیش لە بەرۆكى
 گوڵە نێرگزێكى دەدا
 
 كە ئێوارە
 سەر بە سەرینی شەو دەكا
 ئا لێرەدا میلى كاتژمێرى ژوان
 ئاوازی چاوەڕوانی دەژەنىَ
 كەچى زەمەن
 پەنجەكانى لە قژی تەمەنم ئاڵاندووە
 گەنجێتیشم چۆتە نێو
 چوارچێوەى تارماییەكى سپى…
 
 تابلۆكان
 ڕەنگەكانیان وون كردووە
 خۆزگەكانیش
 بوون بە باكگڕاوندێكى زەردو سیس
 نە خەرمانەى ڕازەكانم سەوز دەبن
 نە بارانیش كێڵگەی ئەوینم ئاو دەدا
 
 من تێناگەم
 نەتۆ بخەمە نیو چوارچێوەی
 هەگبەی تەنیاییم
 نە لە نێو پێڵوى
 چاوەكانی ماچێك دا فەنا بم..
 
 چ شەكەتیەكە
 عیشق لە دەرگا شكاوەكانى ژوان دەدا
 ماچەكانیش
 بە لێوی وشكى ئازارەكانم پێ دەكەنن
 دەنكە هەنارە سوورەكانیش
 دەپرژێنە نێو مەڵاشوی خۆزگەكانم
 تا ئەو ساتەی
 بە بۆنی سێوی سینەت مەست دەبم
 
 لەبیرتە ئەو ساتانەى
 لەژێر سیبەری ڕەشی
 كارونسەرای ئەوینى شەو
 دەحەساینەوە
 كەچى ئێستا سپى ترە لەجەستەى بەفرو
 زەردتریش لەچاوەكانى خەزان
 
 ئا ا ا ا خ خ خ…پیرى
 كەسێ نی یە
 گۆچانە لارەكەی عیشقم لىَ وەرگرىَ
 لە كەناری تارماییەكانى قەدەر
 كە پڕە لە ستایشەكانى جوانی
 پڕ لە عیشق
 لێواو لێو لە ماچ..!!!

 Xamosh_s@hotmail.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply