Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

لێوی مەراق ەكەی چنوور نامیق

Be First!
by January 24, 2009 ئەدەب

 "لێوی مەراق" ەكەی چنوور نامیق
 كاتێك شیعر ناخ دەدوێنێ
 جومعە جەباری


 زەمەنێكە چنوور نامیق لەنزیكەوە دەناسم، ئەوەندەی ناسیبێتم: ئافرەتێكی رووخۆش و قسەنەرم و رووسوورو خاوەن بەڵێنە، وەك شاعیریش، هەست ناسك و بەویژدان و بەهێزو جۆش و شەرمە. لەم رۆژانەدا دیوانێكی دیكەی بەناونیشانی (لێوی مەراق) كەوتە بەر دیدی خوێنەران، ئەم دیوانە لە 287 لاپەڕەی قەبارە گەورە و بەرگێكی قەشەنگدا چاپ كراوە و (21)ەمین كتێبە لەزنجیرە كتێبەكانی دەزگای شەفەق.
   لەپێشەكی دیوانەكەی " مەركانە شكاوەكانی جەنگ – هەولێر 1999" شوكور مستەفا گوزارشت لە چنوور دەكات:" مێیانە بیر دەكاتەوە، هەموو شتێ لەچاویدا رەنگە وەك ژان گرتن بەدەنگ بێ.. حەزم لەو راستەوخۆ هەڵخستنەیە..". سەرنجی منیش بۆ چنوور ئەوەیە: ئەو لەهەموو شیعرەكانیدا راستەخۆ ژانە رەشەكانی دەروونی خۆی و مرۆڤ بەڕاشكاوی دەخاتە سەر رووپەڕە سپییەكان، وشەكانی چنوور، تینووی ژیانێكی بێ گرفت و بەهەشتێكی بێ گوناهن، بێدەرەتانن و بەدوای تاراوگەیەكی ونبوودا دەگەڕێن، بەشوێن پێی مرۆڤە جوانەكاندا دەڕۆن، مەراقی ئێوارە خەفەكانی دوور لەوڵاتی دەسەڵاتن، بەڵام ئەفسووس ناگاتە ئەو ئاواتەی و مەرگ وەك گەردەلوول دەیپێچێت و دەیچنێتەوە: " ئا هاوڕێ گیان/ تا ئەگەمە پارچەیەكی دوور لە وڵاتی دەسەڵات/ لەوێش مەرگ بەختەوەریم دەچنێتەوە… ل 85".
 شاعیر لە شیعرەكانیدا هەوڵیداوە لەچوارچێوەی ستراكتۆرێكی هونەرییەوە واتاكانی بگەیەنێتە وەرگر، واتا، هەماهەنگییەك لەنێوان شێوازی ئەدەبی و ئاكاری فۆرمەكانیدا بەدی دەكرێت، بێجگە لەوەی گوزارشتی ژانەكان بڕگە بە بڕگە و، چامە بە چامە بەئاشكرا هەڵخراون.. خەونی بیابان وەك مەملەكەتێكی ئەودیوی مەملەكەتی بەشەر، گەورەترین مەراقی دییەكانی چنوور نامیقە، ئەم فۆرمەش لەلای هەندێك لە ئەدیبان بۆتە هێمایەك بۆ جیهانی بەدیل و دووركەوتنەوە لە ژانەكانی ئەم جیهانە. ئەوەتا رۆماننووسی لیبی یبراهیم كەونی لە دیمانەیەكیدا بەم شێوەیە گوزارشت لە بیابانەكەی خۆی دەكات:
 "بیابانی من وەك واتایەكی وەرگیراو تەنها هاومانای جیهان نییە، بەڵكو بۆ هەموو وجوودە، چونكە وجوود بریتییە لە بیابان ئەگەر دووری بخەینەوە لە راستییەكەی…جیهان یەك بیابانێكی نەمرە، جەوهەرێكی داپۆشیوە، بەڵام ئەم بیابانەی جیهان لەرواڵەتەكەیدا تەنها یەك بیابان نییە، بەڵكو چەند دەمامكێكی پۆشیوە، ئەو بیابانە ناسنامەی جیهانە ونبووەكەیە، ناسنامەی رۆحی جیهانە، ئەو جادووەیە ، كە دەبێت جیهان هانای بۆ بەرێت ئەگەر بیەوێت لەكۆڵ لەعنەتی نامۆبوونی خۆی ببێتەوە".
 چنووریش هاوار بۆ بیابانەكەی خۆی دەكات و دەلێت:" لەمابەینی بیرەوەری گەڵایەك و خەمە ساردەكانی نیگات/ وڵاتێك دێ/ لەمەیلی تۆرانمان دەچێ/ بێ سێبەر/ دوور لە پیاوانی جەنگ/ وەلێ بەلیمۆبوونت دەمكوژێ/ نزیك خەیاڵاتی شەوێك/ كوانێ داڵدە/ لەپاڵ داڵغە بێتامەكانی ژیان و گوناهە جوانەكانی تۆ… ل 107" حەزی بیبانیش وەك جیهانێكی دی، جودا لە جیهانە رەشەكەی واقیع و "پیاوانی جەنگ" وا دەكات مرۆڤ تووشی غوربەت و غەریبی بێت لەناو وڵاتەكەی خۆیدا، بۆیە تاراوگەیەكی خەیاڵی لە هزری خۆیدا دروست دەكات .. رۆستەم باجەڵان لەدیوانێكیدا بەناوی (غەریب) كە لەساڵی 2001 لەهەولێر چاپ كراوە، لەچامەیەكیدا دەلێت:" تۆ غەریبی، هەڵەش لەناو دەروونی تاقیكردنەوە دەدۆزییەوە/ راستی لەناو دەروونی تاقیكردنەوە هەڵدەگرییەوە/ هەڵەو راستی دوو كرداری دێرینە زەمانی دژ بەیەكن… ل23". هەمان بابەت لە چامەیەكی (چنوور نامیق) دا، كە ئاكامی بە بیابان بوونی وڵاتەكەیەتی، دەلێت:" بۆ جارێكیش دەستنوێژ بە غەریبیم بگرەو/ لێوەكانت لە سوورمەكانی خەیاڵم بسڕەوە/ تا چیدی حەرفە شیعرێكم بەلێوتەوە جێ نەمێنێ- ل 117" هاوكات گریان بۆ رۆژەكانی قەتیسماوی ناو یادەوەرییەكانی هانی گریانی دەدات:" تا لە پاڵ جاری جارانا/ تاوێك نەگریم/ نایەمەوە – ل 162"
 هەموو دەزانین حەوا هۆكاری یەكەم گوناە بوو، بەو هۆیەوە، بەهۆی خۆشەویستییەكی كوێرانەیەوە بۆ حەوا، بەقسەی كردو، تاهەتایە لەبەهەشت دەركراو كەوتە سەر زەوی تاوان و ئەشكەنجە. بەڵام چنوور دەیەوێت لەڕێی شیعرەكانییەوە پێمان بلێت كە گونهەكان هەمووی خەتای ئادەمن، حەوا بەهۆی ئادەمەوە تووش بووە:" وەرە هاوڕێ/ بالەژێر وەرینی گوڵێك/ تەفسیری هەڵاتنی ئادەم بكەین/ وەرە تامی نمە سزایەكی حەوا بكە… منیش ونبووی دەستی خەیاڵ/ بێستانێك بووم پڕ لە خەتای ئادەمەكان… ل212" بەڵام جوانترین گوزارشتی چنوور بۆ عیشق و وەفایی لەلای من ئەم بڕگەیەیە:" ئەوبەری ماڵمان زستانە/ لەناو بیناییتا دەنووم/ سوێند بێ بە هەوری چاوانم/ تا نەیەیتەوە/ دانەكەم… ل 98"
 

Previous
Next

Leave a Reply