Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

لێگەڕێ با (با)بیانبا … حەیدەر غەفور

Be First!
by July 12, 2012 ئەدەب

 

 

 

وەختێ تاریکیی بێڕەحمی تۆ

پێش ڕۆژگاری من، دەکەوتە سەر ئەم درەختانە

من بێگوناح وەک شوێنپێی پاکی چۆلەکە

لەسەر تەنکە بەفری تازە باریوی بەیانیان

چاوەڕێم کردی

وەک چاوەڕوانیی گەورەی خودا

بۆ سوژدەیەکی بچوکی ئێمە

چاوەڕێم کردی

لە مانگەشەوی جەنگەڵێکاوەک چاوەڕوانیی بێچوە سمۆرەیەک 

هەربە تەنیا تەماشای شەڕی دو پڵنگ دەکا

لەسەر لاشەی خوێناویی ئاسکێک

وەک سێبەری خۆم

چاوەڕێم کردی

سێبەری من، لە تەنیشت ئەم بەردە

بەسەر قۆنداغەی تفەنگێکەوە، نازانم بەرگری لە چی دەکەم

لەبیرمە پێم وتی

ئەی درۆزنترین ناوبژیوان

ئەی زەلیلترین، بێئیشترین هەناسەیەک

لەنێوان مان و نەمان دا

بڕۆ با دوژمن لە درزی بێدەنگیی تۆوە

گوێ نەگرێ لە بێمانایی هاواری ناو سەنگەری من

بڕۆ بادوژمن بە بیانوی بێڕەنگیی منەوە

گولەیەک نەنێ بەڕەنگی تۆوە 

دوژمن دەزانێ لەیەک ئەچین

ئەو دەزانێ هەر زوڵمەتە سپێدەی ترسنۆکیی تۆ

وەک شەوگاری ویژدانی من

ئەو دەزانێ

فەرقیان نیە گەردنی بەستەزمانی تۆو

شمشێری بێ ئیمانی من

ئێوارەیەکی درەنگ بو

خۆر تەنیا بستێک لە شانی بێ شکۆ و شەرەفی من بەرزتر بو

تیری ڕاوچیەک پێکابوی

ئەو دواین دڵۆپە گەرمەکانی خوێنی خۆی

دەڕشتە ناو دەریاچەکە

لە تەنیشت شەپۆلێکی سورباوەوە

تەماشای تەنیایی تۆم دەکرد لەو ئاسمانە

چاوەڕێم کردی

دڵێکم ئەیوت

هەر ئێستا دێیت و…ژڵمان پڕ ئەکەی

لە تروسکایی چرای ئاواییە دورەکان

لە نیوە شەوی ڕێبوارێکا، بەرەو نادیار

دڵێکم ئەیوت

تۆ نایەیت و خوا ناچار ئەکەی

لە پەڕەی گوڵ قەڵغانمان بۆ دروستبکا

بۆ ئەوەی کافرەکان بمانپێکن

دڵێکم ئەیوت

سەرێکم حەقیقەتی دورریی تۆ بردی

سەرێکم خەیاڵی چاوەڕوانی

چاوێکم لەگەڵ ئاوێنەیەکا ڕۆیی

چاوەکەی ترم لەخۆڵەمێشی وێرانەیەکا

پڕە لە سیحری ئاوەدانی

باڵێکم لەکاتی فڕیندا

لەناو هەورێکدا بەجێما

باڵێکم لە میوانخانەیەکا

لەژێرسەری سۆزانیەکا

بوبە بالیفی بێئیمانیی

من بەدەم چاوەڕوانیی تۆوە

هەر لە لیتەی کەنارەکە

مرۆڤم دروست ئەکرد مرۆڤ

پیاوی گرگن و بچکۆلە

بەرلەوەی ڕۆحیان بەبەرداکەم

هەر بە بەرچاوی خۆمەوە، دەستیان دەبرد بۆ لمی لاشەکانی تر

ژنی سێگۆشە

بچکۆلە وەک سێبەری خۆم

سکیان پڕو سەریان خاڵی

سەریان پڕو دڵیان خاڵی

هێشتا دڵیانم نەخستبوە ناو سنگیانەوە

هێشتا لە مشتی مندابوون

بەڕوتی لەبەر ئەم هەتاوە کزە

وەک مۆمی ناو ژوری نوستن

لەشەرما گڕیان گرتبو

دەتوانەوە

بڕوانە لە چاوەڕوانیی تۆدا

من چ ئاشوبێکم نایەوە

مناڵم دروستکرد

مناڵی بچوکی بابردەڵە

کەلەپچەیەک بەس بو بۆ مەچەکی هەمویان

تۆراو لە من و لە هەمو دنیا

میزیان دەکرد بەسەر خۆمدا

بەسەر بەهانەی چاوەڕوانیمدا

بەسەر منارەی مزگەوتەکاندا

بەسەر زەنگی کلێساکاندا

بەسەر تاجی پاشاکاندا

بەسەر پوچیی و بەسەر یەقین و بەسەر گوماندا

بەسەر یەکڕەنگیی و بێڕەنگیی ژیاندا

بەسەر هەموو کتێبەکاندا

دڵێکم دەیوت

خوایە بارانێک ببارێ و

ئابڕومان وەک داوێنی تۆ، پاککاتەوە

خوایە بارانێک ببارێ

گوناحی من و ئەم مناڵانە بشواتەوە

دڵێکم ئەیوت

لێگەڕێ با (با) بیانبا

بامن بەتەنیا چاوەڕێی تۆ بکەم

زەلیل وەک کۆیلەیەک بە زنجیری خۆمەوە

دوعای شەڕ بکەم لە چارەنوسی ڕەقیبەکانت

وەک فریشتەیەک، بەبێ پرسیار

ببم بە قافڵەباشیی کاروانی دوژمنەکانت

هەتا بەردەرگاکەی دۆزەخ

هەر لەبەر ئەوەی ناتوانم بفڕم

لێگەڕی با (با) بیانبا

با من ئیوارەیەکی تر، لەژێر ئاسمانێکی تردا

دیسان لە چاوەڕوانیی تۆدا

وەک کەوتنەخوارەوەی هیلکەی باڵندە

لەدرەختێکەوە

بەچاوی خۆم، کەوتنەخوارەوەیان ببینم

مردنیان ببینم

خوێنیان ببینم بەپەنجەی تۆوە لەسەر زامی خۆم

هەر لەبەر ئەوەی ناتوانم بفڕم

دڵێکم ئەیوت

بێدڵی باشترە لە دوو دڵ

تاریک لە چاوەڕوانیی تۆدا

لەسەر لمەکە

دەستم خستبوە ناو خوێن و خەیاڵی خۆم

بۆ بێتاقەتی دانە دانە

حەرفە بێنرخەکانی ناوی سیانیی خۆم دەگرتە مراویەکان

کە دەمێک بو لەوێ نەمابون.

 

حەیدەر غەفور 

نیسانی ٢٠١٢ بریتانیا

 

 

Previous
Next

Leave a Reply