Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

لەبرى فیدرالیەت پێویستە بیر لە ئەلتەرناتیڤێكى تر بكەینەوە !!

Be First!
by September 4, 2008 گشتی

 لەبرى فیدرالیەت پێویستە بیر لە ئەلتەرناتیڤێكى تر بكەینەوە !!
   بەهرەوەر مەرزانى


 عێراقى فیدرال كە مێژوویەكى خوێناوى هەیەو هەر لەسەرەتاى بەزۆر دروستكردنیەوە تا بەئەمڕۆ دەگات حكومەتە یەك لەدواى یەكەكانى بەزەبرى ئاگرو ئاسن خۆیان بەسەر نەتەوەو پێكهاتەكانى داسەپاندووەو لەپێناو مانەوەى دەسەڵاتى شۆڤێنیانەى خۆیان بەدڕندانەترین شێوە كەوتوونەتە وێزەى خەڵكى ئەو وڵاتە بەزۆر داتاشراوە كە گەلى كورد زۆرترین پشكى لەكوشتن و بڕین و سەركوت كردن بەركەوتووەو بەدرێژایى ئەو مێژووە خوێناوییەش لەخەبات و تێكۆشان لەپێناو رزگارى و سەربەخۆیى خاكەكەى نەوەستاوەو هەزاران قوربانیشى لەو رێگەیەدا بەخشیوە.
 دواى شەڕى ئازادى عێراق و لادانى یەكێك لەگەورەترین دكتاتۆرەكانى جیهان لەسەر دەسەڵات كە بەدرێژایى زیاتر لە سىَ دەیەى دەسەڵاتى گەلانى عێراقى بەرەو مەرگى شەڕو كاولكارى بردوو, قڕكردن و سڕینەوەى ناسنامەى نەتەوەیى گەلەكەمان بەبەرنامەیەكى نەخشە بۆ داڕێژراوو پیلانێكى شۆڤێنیانە لەسەروى كارە دژ بە مرۆڤایەتیەكانى بوو, ئەنفال و كیمیاباران و روخاندنى دەیان لەگوندو شارۆچكەكانى كوردستان دیارى ئەو رژێمە بوون بۆ گەلەكەمان كە دەبوایە لەدواى روخانى ئەو رژێمەو هەڵوەشانەوەى دام و دەزگا سەركوتكەرەكانى سەركردایەتى سیاسى كوردستان هێندەى تر هەوڵى داڕمان و لەبار یەك هەڵوەشانەوەى ئەو دام و دەزگایانەیان بدایە لەكاتێكدا زیاتر لە دە ساڵ بوو خاوەن پەرلەمان و حكومەتى خۆمان بووین كەچى بەپێچەوانەوە بوون بەپێشەنگ و دەمڕاستێكى دڵسۆزى بنیادنانەوەى عێراقى عروبەو دام و دەزگا سەركوتكەرەكانى.
 كۆمارى عێراقى فیدرال ئەو وڵاتەى كە تەنها ئێمەى كورد بانگەشەى فیدرالیەت و پێكەوە ژیانى بۆ دەكەین كە بەهۆى پێكهاتە ناسروشتییەكەیەوە تائێستا فیدرالیەتى تیادا نەچەسپاوەو لەمەو دواش نەك هەر فیدرالیەتى تیادا ناچەسپىَ بەڵكو رۆژ لەدواى رۆژیش قەیرانەكان گەورەترو ئاڵۆزتر دەبن و ئەو نیشتمانە بەزۆر بەیەكەوە لكێنراوەش هەرگیز نابێتە وڵاتى هەمووان, چونكە هەموو ئەو وڵاتانەى لەدوو نەتەوە یان زیاتر پێك هاتوون نەیانتوانیوە بەئاشتى و دیموكراسیانە لەوڵاتێكى فیدرالدا پێكەوە بژین, ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بەدرێژایى زیاتر لەهەشتا ساڵى تەمەنى عێراق كورد بووەتە قوربانى حەزو نیازە گڵاوەكانى دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە, بۆیە پێموایە لە فیدرالیەتێكى نەخۆشى لاوازو سەقەت لەچوار چێوەى عێراقدا هەرگیز ناتوانرىَ مافەكانى گەلەكەمان دەستەبەر بكرێت چونكە نە عەقلیەتى عەرەبى رێگەدەدات كورد لەنەتەوەیەكى ژێر دەست و چەوساوەوە ببێتە شەریكى كە بەدرێژایى مێژووى دروست بوونى وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ گەلەكەماندا كردووەو لەسادەترین مافەكانى ژیان بێبەشیبان كردووە, ئەمڕۆ نەك هەر بەبرایەتى و شەراكەتى ئێمە رازى نابن بەڵكو بەردەوامیش هەوڵى پێشێلكردنى مافەكانى گەلەكەمان دەدەن و لەبەرامبەریشدا گەلى كوردستان دواى ئەو هەموو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانەى لەپێناو ئازادى و سەربەخۆییدا چیتر  رازى نابێت عەرەب برا گەورەو ئێمەش رێنجبەر بین.
 سەركردایەتى سیاسى عەرەب لەعێراق ئەمرۆ لەجاران زیاترو شۆڤێنیانەتر بیر دەكەنەوەو عەرەب چێتى و شیعە گەراییان پىَ لەبەرژەوەندییە باڵاكانى وڵات گەورەترە, ئەوەتانىَ ئەوانەى تادوێنىَ كوردستانیان كردبووە پەناگەیەك بۆ حەوانەوەو لەژێر سێبەرى پەرلەمان و حكومەتى كوردستان بەوپەڕى ئازادییەوە تەڕاتێنیان لەكوردستاندا دەكرد, ئەمڕۆ دواى دروستكردنەوەى سوپاو دام و دەزگا سەركوتكەرەكانیان لەبرى ئاوەدانكردنەوەو یارمەتیدانى حكومەتى كوردستان هێز دەنێرنە قەرەتەپەو جەلەولاو خانەقین و كەركوك و ناوچەكانى ترى كوردستان كەئەمەش ئاماژەیەكى روونە بۆ چەسپاندنى مادەى 24 و لەباربردنى مادەى 140 ى دەستوورى هەمیشەیى و هەوڵى سەركردایەتى سیاسى كورد لەبەدیهێنانى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانى گەلەكەمان, ئەمە جگەلەوەى مالكى و حكومەتەكەى بەئاشكراو نهێنى دژایەتى خەڵكى كوردستان و دەسكەوتەكانى دەكەن لەكاتێكدا رێككەوتنى سترتیژى نێوان عێراق و ئەمریكا هێشتا نەچۆتە بوارى واژو كردنەوە نورى مالكى سەرۆك وەزیرانى عێراق دانانى بنكەى سەربازى لەو وڵاتە بەهەڕەشە بۆسەر كۆمارى ئیسلامى ئێران دەزانێت و دانانى بنكەیەكیش لەكوردستان بەتوندى رەتدەكاتەوە.
 بۆیە پێویستە سەركردایەتى سیاسى كور بیر لەئەلتەر ناتیڤێكى تر بكاتەوەو هەوڵى خۆشكردنى زەمینەیەكى سیاسى و یاسایى بدات لەپێناو روو بەروو بوونەوەى قەیرانەكانداو بەدیهێنانى مافە نیشتمانى و نەتەوەییەكانمان, ئەمەش بە بەستنى پەیوەندى و هاوپەیمانێتى لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكانى جیهان و بەتایبەتیش ئەمەریكا دەبێت كە باڵا دەستى بەسەر ناوچەكەوە هەیە, بۆ ئەوەى چیتر نەبینە سوتەمەنى لەوڵاتێك كە ئەمڕۆ دواى ئەو هەموو كوشتن و بڕین و خوێنەى مێژووى ئەو وڵاتەى پىَ سوور بووە لەنێوان بەرداشى بەرژەوەندیەكانى شیعەو سونەدا سەرمان وردو خاش بێت, كە تا بەئەمڕۆ دەگات بەچاوى دووژمنكارى و وەك رژێمە داگیركەرەكانى پێشوو تەماشاى كوردو نیشتمانەكەى دەكەن.
 
 Bahrawar_s@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply