Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

لەتێكم نور و ئەوەى تر بەرائەت

Be First!
by December 2, 2008 ئەدەب

 لەتێكم نور و ئەوەى تر بەرائەت
 نورى بێخاڵى

 لە خەونى مناڵیما ئەو موژدانەم دەژنەوتن
 دایكت لە خێڵى لۆكەیە
 باوكیشت لە نەسلى نور
 بیرمە دەیانگووت
 ئەو ئافرەتە بە كەوشەوە دەچێتە بەهەشت
 ئەو پیاوە
 بىَ پرس و ترس دەرگاكانى فیردەوسى بۆ دەكرێنەوە
 دەیانگوت
 ئەو ئافرەتە لەتێكى لە خواوەندە و ئەوەى ترى لە فریشتە
 ئەو پیاوەش نورێكە لە رۆشنایى خۆر و
 تریفەى مانگ
 من ئێستاش دیمەنێكى توڕەیى باوكمم نایەتە بەرچاو
 نەمبینى رۆژێك نێوچەوانى لۆچ بیگرىَ و
 قوڕگى ماندووى قیژە بێت
 ئەو، كە تا ئەو رۆژەى مردیش
 خەیاڵى وێنەى دایك و باوكى نەكرد
 كەچى بۆ هەمیشە وێنەى خۆى لە یادەوەریماندا جێهێشت
 دەڵێن
 ئەو پیاوە، هەر ئەو مناڵە ساوایە بوو
  كە هێشتا بۆنى بە مەمكى دایكییەوە نەكردبوو
 باوكیان لە سەفەرێكى رەوەندیدا كوشت و
 تازەش پێڕەوكە دەبوو
 كە سەرى نایە سەر نەعشى دایكى
 چیڕۆكى ئەو لەگەڵ مامەكانى
 نزیكترە لە چیڕۆكى یوسف لەگەڵ براكانى
 ئەگەر كرم گیانى یونسى دەدزى
 تەنیایى و بێكەسى
 جەستە و خەیاڵى ئەوى هەلا هەلا كردبوو
 دەڵێن
 كە باوكیان بە ناهەق كوشت
  بكوژان هەر لەوىَ بوونە بەرد و
 دواتر بە دوعایەكى باپیرە گەورەم خوێن لە دەمارەكانیان گوزەرى كردەوە و
 باوكى باوكیشم لە دوا ترۆپكى روحداندا
 بە خواى سپاردن
 ئەو مناڵەى دواجار سێبەرى هەناسەى نەنكى بۆ بووە دەوارو
 باپیرەیشى ئامێزى دڵنەوایى
 بۆ هەمیشە بووە سێبەرى سۆز بەسەرماندا
 
                   ********
 ئێستاش دیمەنى ئەو چركانە لە چاوى (هێلین) دەخوێنمەوە
 كە نیوەڕۆیانێك مشتىَ نوقڵى دەخستە دەست و
 ئێوارانێك گیرفانىَ گوێزى بۆ دەهێنا
 ئەو لەبرى هەموومان هۆزەبانەى (هێلین)ى بەشییەوە و
 هەر بەو چڵكى ناو رەحمى دایكییەوە بۆنى پێوە كرد و دەیگووت
 كچ لە تێكى لە خواوەندە
 لەتێكیشى لە نورى ئەو
 پڕى كە لە سۆز
 كاسى كە لە عەشق
 تژى كە لە ئومێد
 ئاخر لە وڵاتى كۆسەبەباندا هەر راوى چۆلەكەى مىَ دەكرىَ
 بەر لە ماڵئاواییش
 نیوەڕۆیەكى گەرم هات و شێتانە بۆنى پێوە كرد و
 ماچ بارانى كردو
 وەك ئەوەى لە ژوانى سەفەرێكى درێژدا چاوەڕوان بێت
 وەسیەتى دەبەشیەوە و
 ئەمانەتى (هێلین)ى خستە ئەستۆمان
 
 ئێستاش (هێلین) گوێزى ئەو رۆژەى هەڵگرتووە
 كە بە دڵەڕاوكێوە خستییە ناو لەپى
 ئێستاش ئەوى
 لە من و دایكى و هەمووان خۆشتر دەوىَ و
 بەرئیانە و بىَ پەروا
 چاوەڕێى گەڕانەوەیەتى لە سەفەر
 چیڕۆكەكانى ئەومان بۆ دەگێڕێتەوە و
 پرسیارى روخسارى ئەومان لێدەكات
 حیكایەتى ماچەكانى ئەومان دەدا بە گوێدا
 روخسارى پیرى مناڵانەى ئەومان بۆ دەكێشىَ
 
 

Previous
Next

Leave a Reply